ئەورووپا و سوڵحێکی پایەدار لە فەلەستین و کوردستان

سێ وڵاتی ئەورووپی بەڵێنیان داوە لە 28ـی ئەم مانگەدا، دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەلەستین بنێن و ئەگەر ئەوەش رووبدات، ژمارەی ئەو دەوڵەتە ئەورووپییانەی دەوڵەتی فەلەستینیان قبووڵە، دەبێتە 10. راستییەکەی وڵاتی دیکە زۆرن ئەوەیان کردبێت، بەڵام ئەمەی ئەورووپاییەکان گرنگە، چونکە بەشێکی زۆری ئەو کێشە ئیتنییانەی لە ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە زیندووی ماونەتەوە، جا لە فەلەستین بن یان لە کوردستان، زادەی دەستووەردانی کۆڵۆنیالیستەکانی ئەورووپایە. لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ئیدی بابەتی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین شتێک نییە کە پشتگوێ بخرێت، چونکە بۆ دونیا دەرکەوت، نە سیاسەتی دابەشکردنی بزاڤی فەلەستینی بۆ ماوەی درێژخایەن سەردەکەوێت، نە بەهێزبوونیش، ئیتر بەسە بۆ ئەوەی کە ئیسرائیل پارێزراو بێت، چونکە سەردەمی "بەهێزیی لاوازەکان"ـیش گەیشتووە! ئەمە بێجگە لەوەی زۆربەی زلهێزەکانی دنیاش جەخت لە چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ئەو پرسە دەکەنەوە، بەڵام پرسیاری سەرەکیی ئەم بابەتە ئەوەیە؛ ئەم گۆڕانەی سیاسەتی وڵاتانی ئەورووپایی سەبارەت بە دەوڵەتی فەلەستین دەتوانێت چ کاریگەرییەک لە سەر پرسی کورد دابنێت؟
 
لە ماوەی زیاتر لە حەوت دەیەی رابردوودا، هەمیشە کێشەی فەلەستین زیاتر لە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە رۆژەڤی دونیادا بووە، ئەوەش لە کاتێکدایە پرسی کورد چ لە رووی ژمارەوە بێت، یان لەڕووی کاریگەرییەوە، لەو گەورەتر بووە. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکم لەسەر داتای پێکدادانە سەربازییەکانی (UCDP) لە ماوەی نێوان ساڵانی 1946 بۆ 2022، لەسەر خاکی فەلەستین 66 پێکدادان روویانداوە، واتا 66 ساڵ شەڕ بووە، بەڵام هەر لەو ماوەیەدا ژمارەی گرنگترین پێکدادانە سەربازییەکانی پەیوەست بە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست 100 ساڵ بووە، ئەویش بە هۆی زۆربوونی بەشەکانی کوردستانەوە. لەڕووی ئاستی تووندوتیژی و قوربانییەکانیشەوە، پرسی کورد خوێناویترین پرسی ئەتنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. بەپێی پێوەرەکانی وابەستەیی شەڕ، هەر پێکدادانێکی سەربازی کە لەماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 1000 قوربانیی لێ بکەوێتەوە، بە شەڕ دادەنرێت و، ئەوەشی ژمارەی قوربانییەکانی لە نێوان 25 بۆ 999 کەس بێت لە ساڵێکدا، بە پێکدادانی بچووک هەژمار دەکرێن. بە گوێرەی ئەوەش لە کۆی 66 پێکدادانەکەی فەلەستین، تەنیا دووانیان بە شەڕ هەژمارکراون، لە کاتێکدا 22 پێکدادانی کوردی بە شەڕ دادەنرێت، ئەوەش بەرزیی ژمارەی قوربانییەکانی کورد دەخاتە پێشچاو.
 
هەروەها بە گوێرەی داتای پاڵشتیی پێکدادانەکانیش، لە ماوەی نێوان 1975 بۆ ساڵی 2017، 10 رێکخراوی فەلەستینی لە 203 پێکداداندا، 178 جار یارمەتیی دەرەکییان وەرگرتووە، لەکاتێکدا هەر لەوماوەیدا رێکخراوە کوردییەکان لە 188 پێکدادان 95 جار یارمەتیی دەرەکییان وەرگرتووە. هەڵبەت یارمەتییەکان بۆ لایەنە کوردییەکان زیاتر رێگەدان بووە بە بەکارهێنانی خاک لە کاتێکدا یارمەتیی راستەوخۆ، پێدانی چەک و راهێنان بۆ بزاڤەکانی فەلەستین زیاتر بووە. لە ساڵی 1988ـەوە 139 وڵاتی جیهان دانی بە سەربەخۆیی فەلەستیندا ناوە و، لە ساڵی 2012ـدا وەک چاودێر لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگیراوە. 
 
دەستەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 2006ـەوە 95 بڕیارنامە و، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە گشتی 296 بڕیار، هەروەها کۆبوونەوەی گشتیی ئەو رێکخراوەش تائێستا، 899 بڕیارنامەی لەبارەی فەلەستین دەرکردووە، ئەوانەش دەریدەخەن چۆنی پرسی فەلەستین لە ماوەی حەوت دەیەی رابردوودا بەشێوەیەکی چالاک لە رۆژەڤی جیهاندا بووە. لەبەرامبەردا گرنگترین بڕیار کە تایبەت بە پرسی کورد درابێت، بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکرتووەکان بووە. هیچ گومانێک لەوەدا نییە بەپێی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی، فەلەستین مافی خۆیەتی ببێتە دەوڵەت و گەلێک کەسیش دان بەوەدا دەنێن، بەڵام کاتێک دەگاتە سەر پرسی کورد، چیرۆکەکە دەگۆڕێت. 
 
هەڵبەت هەندێکجاریش کاریگەریی پرسی فەلەستین لەسەر پرسی کورد جیاوازتر بووە، بەتایبەت لە قۆناخی 1960ـەکاندا، ئەو کاتەی جەمال عەبدولناسر پێشوازی لە بارزانی دەکرد و داوای لە عێراق دەکرد کە مافی ئۆتۆنۆمی بە کورد بدات. ئەو کاتە عەرەب کێشەی لەگەڵ ئیسرائیل هەبوو، بۆیە بەشێکیان پێیانوابوو نابێ بە پرسی کوردەوە سەرقاڵ بن. نازانم ئایا رۆژێک دێت، زانیارییەکی نهێنیمان پێبگات سەبارەت بەوەی ئایا هیچ پەیوەندییەک لەنێوان بڕیاری 3236ـی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەربەخۆیی فەلەستین لە ساڵی 1974 و نسکۆی شۆڕشی کورد لە ساڵی 1975 یان نا، بەڵام لە کۆتاییەکانی 1974ـدا بڕیاری سەربەخۆیی فەلستین درا و تەنیا چوار مانگ دواتر، ئەمریکا و ئێران پشتیان کردە کورد و شۆڕشەکەی هەرەسی هێنا. ئیدی لەوە بەدواوە، نە فەلەستین بووە دەوڵەت نە شۆڕشی کورد سەرکەوت!
 
لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە، کێشەی فەلەستین جارێکی دیکە بەشێوەی ئەکتیڤ رۆژەڤی دنیای گرتووەتەوە و پرسی کوردیش کە تا چەند ساڵێکی کەم لەمەوبەر، وەک قارەمانی شەڕی دژی تیرۆر دەردەکەوتن، لە پاشەکشەدایە. هەڵبەت دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین رێگە بۆ دەرکەوتنەوەیەکی گەورەتری پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکاتەوە، بۆیە چەندە ئیسرائیل بەدوای رێکنەکەوتنەوە بێت، ئەوەندەش وڵاتانێکی دیکەی ناوچەکە هەن، کە لە راستیدا نایانەوێت پرسی فەلەستین چارەسەر بێت، بەهۆی ئەو کاریگەرییە گریمانەییەی دەتوانێت لەسەر پرسی کورد دایبنێت. ئەزموونی شەڕی ئیسرائیل - فەلەستین چەند وانەیەکی بۆ پرسی کورد تێدایە کە دەشێ پەندی لێوەربگیرێت:
 
یەکەم: ئەو پرسە چارەسەرێکی سەربازییانەی نییە. لە ماوەی 76 ساڵی رابردوودا فەلەستینییەکان 66 ساڵ شەڕیان کرد و بەوەش، نەیانتوانی دەوڵەتێک دابمەزرێنن. ئیسرائیلیش نەیتوانیوە بە شەڕ بیباتەوە و مافی فەلەستینییەکان بە تەواوی زەوت بکات. ئەمە بۆ پرسی کوردیش وایە. بە کۆی بزاڤەکانی کوردەوە لەو ماوەیەدا، 100 ساڵ شەڕ و پێکدادان کراوە و تەنیا لە نموونەی 1970ـدائە کە کورد توانیویەتی بە شەڕ، مافێکی سیاسیی گەورە بەدەست بهێنێت. ئەوەی دیکە پاڵنەری سیاسی و جیۆپۆڵەتیکی دیکەی لەگەڵ بووە. هەڵبەت هیچ دەوڵەتێکیش نەیتوانیوە کورد لەنێوبەرێت، جا چ لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردوو بێت، کە ناسنامەی کورد لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هەموویەوە لە دەوری چوار ملیۆن کەسێکدا بووە، یان ئێستا کە مەزەندە دەکریت ئەو ژمارەیە لەنێوان 30 بۆ 45 ملیۆن کەسێکدا بێت.
 
دووەم: تەنیا بەهێزبوون و زۆرداری بەس نییە بۆ ئەوەی هیچ دەوڵەتێک پارێزراو بێت. ئیسرائیل بە پاڵپشتیی گەورەترین دەوڵەتی دنیا و پێشکەوتووترین چەکی سەردەمەوە دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت. بێشک ئەو دەتوانێت زۆر شت بکات بەڵام ئەستەمە لە ماوەی درێژخایەندا سەرکەوتوو بێت. تەنانەت ئەگەر حەماسیش لەنێوببات وەک ئەوەی کە باسی دەکات، رێ دەکاتەوە بۆ ئەوەی رێکخراوی رادیکاڵتر لە داهاتوودا دەرکەون. ئەمە دەقاودەق بۆ پرسی کوردیش وایە. ئێستا دەوڵەتانی ناوچەکە دەتوانن بە پشتبەستن بە دۆخی ناوخۆیی ئێستای کورد، لەڕێی بەکارهێنانی گوشاری ئابووری، سەربازی و رێککەوتنی دوولایەنە و چەندلایەنەی سیاسی و سەربازی، پرسی کورد کپ بکەنەوە وەک ئەوەی ئێستا خەریکین. تەنانەت دەتوانن زۆربەی ئەو ئامانجانەش کە دایانناوە بە دەستبخەن، چونکە هاوشێوەی ساڵانی 1920، 1975، 1990 و 2017 رۆژائاوا پشتی کوردی بەرداوە یان لانیکەم وەک جاران نییە بۆی، بەڵام هیچ گومانێکی تێدا نییە؛ ئەو پرسە گرنگە ناسنامەییەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئێستاش کپ بکرێتەوە، دەکرێ ساڵانی دیکە دەربکەوێتەوە. لە کۆتایی سییەکانی سەدەی رابردوو، هەریەک لە عێراق و تورکیا و لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیش ئێران، بزاڤە کوردییەکانیان سەرکوت کرد، بەڵام لە عێراق لە شەستەکانەوە، لە تورکیاش لە کۆتایی حەفتاکان و لە ئێران لە هەشتاکان جارێکی دیکە ئەو پرسە بە تووندییەکی زیاتر لە جاران سەری هەڵدایەوە کە تائێستاش بەردەوامن. 
 
سێیەم: سیاسەتی - ئیسرائیل بۆ دابەشکردنی بزاڤە سیاسی سەربازییەکانی فەلەستین لە نێوان فەتح و حەماس سەری نەگرت، وەک چۆن سیاسەتی دابەشکردنی کوردانیش بەتایبەتی لەنێوان پارتی و یەکێتی بۆ هەمیشە سەرکەوتوو نابێت. هەوڵەکانی چارەسەرکردنی پرسی فەلەستینیش سەرەڕای نابەدڵییەکانی ئیسرائیل، دواجار دەتوانێت یارمەتیی ئاشتی و سەقامگیری زیاتر بدات وەک چۆن هەوڵەکانی چارەسەرکردنی پرسی کوردیش هەمان کاریگەریی دەبێت. ئەگەر دەوڵەتانی ئەم ناوچەیەش داوای سەقامگیری و ئاشتی دەکەن، هیچ رێگەیەک نییە جگە لە رێککەوتن لەگەڵ کورد و دەکرێ عێراقی فیدراڵی وەک ئەوەی دەستوور باسی کردووە، نموونەیەکی باش بێت ئەگەر بەرەو خراپیی نەبەن.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا کە بڕیارە رۆژی سێشەممە لەگەڵ ئیرلەندا و نەرویج دان بە سەربەخۆیی فەلەستیندا بنێت، گوتوویەتی لەبەر ئاشتی، دادپەروەری و سەقامگیری بڕیارێکی وا دەدەن. هێشتا دیار نییە کە دواجار ئەم هەنگاوە رێگا دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئەورووپا وەک یەکێتییەک کار بۆ سەربەخۆیی فەلەستین بکات یان نا، چونکە هێزە سەرەکییەکانی یەکێتی ئەورووپا واتا ئەڵمانیا و فەرەنسا، هەر جەخت لە چارەسەری دوو دەوڵەت بەڕێی دیالۆگ دەکەنەوە، ئەوەش ناڕاستەوخۆ واتای مەرجی رازیبوونی ئیسرائیل دەدات، بەڵام ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا قسەیەکی تازەی کردووە و گوتوویەتی، لە فەرەنسا قسەکردن لەسەر دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین بە بێ گفتوگۆش ئیدی شتێکی تابۆ نییە. ئەمە گۆڕانکارییەکە بە ئاراستەی دروست، ئەویش لە پاش ئەو بەرپرسیارییە مێژووییەی هەریەک لە فەرەنسا و بەریتانیا لە بەرامبەر پرسی فەلەستین و کوردستاندا هەیانە، کە بێجگە لە ئەنجامە سیاسییەکان، دەیان کارەساتی مرۆییان لێ کەوتووەتەوە و هەقی ئەوەی هەیە بە فەرمی داوای لێبوردنیان لێ بکرێت. ئەورووپای ئێستا کە خۆی بە سەرقافڵەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەزانێت، لە قازانجیدایە بۆ رێگرتن لە تیرۆر، پەنابەری و ناسەقامگیری کە دووکەڵەکەی دەچێتە چاوی، پشتیوانی لە چارەسەری پرسی کورد و فەلەستینییەکان بکات، ئەمە بێجگە لەوەی وەک میراتگری سیاسەتی کۆلۆنیالیستی بەریتانیا - فەرەنسا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لەوڕووەوە بەرپرسیارییەکی سیاسی و ئەخلاقیی لەسەر شانە و، ناتوانێت بە پاساوی حەماس یان گرفتەکانی کەمیی دیموکراسی لە سیاسەتی کوردیدا، خۆی لەو بەرپرسیارە بدزێتەوە، چونکە دیارە کە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، چۆن لەگەڵ نادیموکراتیترین رژێمە سیاسییەکانی جیهاندا هەڵ دەکات.
 
هەوڵەکانی پاڵپشتی ئەورووپا لە دۆزی فەلەستین شتێکی زۆرباشە، بەڵام لە راستیدا ئاشتی، دادپەروەری و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە بێ چارەسەرکردنی پرسی کورد قاچێکی بە شەلی دەمێنێتەوە. دەیڤید فرۆمکین لە سەرەتای کتێبەکەیدا گوتەی ئەفسەرێکی ئینگلیز دێنێتەوە کە دەڵێ، "دوای شەڕێک کە کۆتایی بە هەموو شەڕەکان هێنابوو، سوڵحێکیان کرد کە هەموو ئاشتییەکی لەنێوبرد." زیاتر لە 100 ساڵ بەسەر ئەو 'سوڵحە ناسوڵحە'ـدا تێپەڕی و کێشەکان هێشتا بەردەوامن، بۆیە ئەمجارەیان' سوڵحێک' پێویستە کە بەڕاستی 'سوڵح' بێت!