لۆزان؛ گەڕانەوە بۆ گوناهی یەکەم

27-05-2023
عادل باخەوان
A+ A-
مانگی تشرینی دووەمی 1922، شاندێکی باڵای تورکیا بەسەرۆکایەتیی عیسمەت پاشا دەگاتە لۆزان. لە هەمان مانگدا شاندێکی دیکەی باڵای بەریتانی بەسەرۆکایەتیی لۆرد کورزن دەگاتە هەمان شار لە سویسرا. لێرە کۆنفرانسی لۆزان لەسەر رێکخستنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەم کۆنفرانسە لە 21ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1922 دەستپێدەکات و لە 24ـی تەممووزی 1923 کۆتاییپێدێت. ئەوەی بۆ ئێمەی کورد گرنگە، دەقی ئەو گفتوگۆیەی نێوان عیسمەت پاشا و لۆرد کورزنە لەسەر پرسی سەروەریی تورکیا بەسەر ویلایەتی موسڵەوە.
 
من، دەقی ئەو دۆکیومێنتەم لەبەردەستدایە کە بە فەرەنسی نووسراوە و بایەخێکی مێژوویی یەکجار گرنگی هەیە بۆ ئێمەی کورد، لەم بابەتەدا بە کورتی دەگەڕێمەوە سەر ئەو ئارگیومۆنتانەی هەریەک لە عیسمەت پاشا و لۆرد کورزن بەکاریدەهێنن بۆ ئاراستەکردنی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
 
هەردوو شاند، بەرامبەری یەکدی دانیشتوون؛ عیسمەت پاشا بەرامبەر لۆرد کورزنە، تورکیای نوێ بەرامبەر بەریتانیای عوزما. سەرەتا عیسمەت پاشا دەستپێدەکات و دەڵێت "عەرەبی ویلایەتی موسڵ تەنها کەمینەیەکن و زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتووانی ئەم ویلایەتە لە کورد و تورکمان پێکدێت، لێرەوە هیچ بەهانەیەکی بابەتی بۆ لکاندنیان بە عێراقێکی عەرەبییەوە لە ئارادا نییە". 
 
ئەم ئارگیومێنتەی عیسمەت پاشا، هەرچەندە بۆ مەبەستێکی دیکە بەکارهێنراوە، بەڵام خۆی لە خۆیدا گرنگە، چونکە یەکێک لە ئەکتەرە هەرە باڵاکانی تورکیای نوێیە، کە دان بەوەدا دەنێت، زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتووانی ویلایەتیی موسڵ، بە کەرکووکیشەوە، کوردن، پاشان تورکمان و دواتر عەرەبی ئەم ویلایەتە تەنها کەمینەیەکی بچووکن.
 
لە وەڵامی عیسمەت پاشادا، لۆرد کورزن دەڵێت "تەواوی دانیشتووانی ویلایەتی موسڵ، بە دانیشتووانی سلێمانیشەوە، دەنگیان بۆ یەکگرتن لەگەڵ هەردوو ویلایەتی بەسرە و بەغدا داوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا". لەڕاستیدا ئەم وەڵامەی لۆرد کورزن لەسەر درۆیەکی ئاشکرا بیناکراوە، چونکە لەو ریفراندۆمەدا کە خودی بەریتانییەکان کردبوویان، رێژەی 82٪ـی دانیشتووانی سلێمانی دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دابوو، نەک لکاندن بە عێراقەوە.
 
پاش ئەم وەڵامدانەوەیەی نوێنەری خاوەنشکۆی بەریتانی، دیسانەوە عیسمەت پاشا کە نوێنەرایەتیی کەمال ئەتاتورکی دەکرد، ئارگیومێنتی دووەمی دەخاتە بەردەم ئامادەبووان و دەڵێت: گۆڕینەوەی بازرگانی و ژێرخانی ئابووریی ویلایەتی موسڵ، لەگەڵ تورکیادایە نەک لەگەڵ عێراق و، بەبێ تورکیا، ئەم ویلایەتە ناتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە گەرەنتی ژیانی خۆی بکات. لێرەوە مانەوەی ویلایەتی موسڵ لەگەڵ تورکیادا، تەواو لەبەرژەوەندیی دانیشتووانەکەیدایە و سەروەریی تورکیا بەسەر ئەم ویلایەتەوە مانای دابینکردنی ژیانێکی باشترە بۆیان.
 
لۆرد کورزن، لە وەڵامی ئەم ئارگیومێنتەی عیسمەت پاشادا، بە سەرسوڕمانەوە تەماشای ئامادەبووان دەکات و دەڵێت: بەڕاستی زۆر ئەستەمە پێمانوابێت وڵاتێکی وەک عێراق، کە دوو رووباری گەورەی پێدا تێدەپەڕێت، دیجلە و فورات، نەتوانێت سەربەخۆیی ئابووری بۆ خۆی دابینبکات!
 
عیسمەت پاشا راستەوخۆ وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێت: لە هەموو دۆخەکاندا، داگیرکردنی ویلایەتی موسڵ لەلایەن بەریتانیاوە، پێچەوانەی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی مودرۆسە کە لە ساڵی 1918ـدا، هەموولایەکمان واژۆمان لەسەر کردووە. لۆرد کورزن راستەوخۆ تێهەڵدەچێتەوە و پێی دەڵێت: قوربان، لەبیرتان چووە کە عوسبەتی ئومەم، عێراقی خستووەتە ژێر ئینتیدابی بەریتانیای گەورەوە؟
 
لەکۆتاییدا عیسمەت پاشا دەڵێت: ئەگەر ئەمەش راست بێت، نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە هەر گەلێک مافی چارەیخۆنووسینی هەیە و، دانیشتووانی ویلایەتی موسڵ مافی خۆیانە لە ریفراندۆمێکی ئازادانەدا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، لەنێوان تورکیا و عێراقدا. لۆرد کورزن، وەک ئەوەی نوێنەری کورد بێت، لە وەڵامی عیسەمەت پاشادا دەڵێت: لە هەموو دۆخەکاندا، کورد بەهیچ شێوەیەک نایانەوێت بخرێنە سەر تورکیا، بەپێچەوانەوە کورد داوادەکەن بەریتانیای گەورە بیانپارێزێت.
 
بەم شێوەیە، 100 ساڵ لەمەوپێش لە لۆزان، دوو وڵاتی گەورە، چەندین رۆژیان تەرخانکرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی نەتەوەیەک، بەبێ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک رێگەبدەن شاندێکی کوردی بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا بکات و قسە لەسەر بڕیار و خواستی نەتەوەکەی خۆی بکات.
 
بێگومان ئەم مێژووە پڕە لە وانەی گەورە بۆ کورد، بەڵام لە هەموویان گەورەتر و گرنگتر ئەوەیە؛ کورد هەڵەیەکی یەکجار ستراتیژی دەکەن ئەگەربێت و لەڕوانگەی ئەخلاقەوە خۆیان بە جیهان بناسێنن و بیانەوێت بەناوی ئەخلاقەوە پێگەی خۆیان لەنێو مێژوودا دەستنیشان بکەن. راستە پرەنسیپە ئەخلاقییەکان بایەخی تایبەتیی خۆیان هەیە، بەڵام ئەوەش راستە تەنها پێگەی تۆ لەنێو پەیوەندییەکانی هێزدا ئاراستەکان دەستنیشان دەکات. ئێستا ئەگەر کورد بەدرێژایی رۆژ و شەو باسی مافەکانی خۆی لەسەر بەغدا بکات، نەک هەر وەریان ناگرێت، بەڵکو زۆر بەلاوازیشەوە دەخرێتە سەر ئەژنۆ. لەبەرامبەردا بەغدا یان هەر پایتەختێکی دیکە، پێگەی تۆی کورد لەنێو پەیوەندییەکانی هێز، دەستنیشانی سنوور و رووبەری مافەکانت دەکات.
 
سەدەیەک لەمەوپێش، لەبەرئەوەی کورد لە پەراوێزی مێژوودا بوو، لۆرد کورزنی بەریتانی و عیسمەت پاشای تورک، دەستنیشانی بوونیان لەنێو مێژوودا کرد. ئەمڕۆش، سەد ساڵ دواتر، لەبەرئەوەی کورد بەدەستی خۆی پێگەی خۆی لەنێو پەیوەندییەکانی هێزدا لاوازکردووە، هیچ دوورنییە کە نوێنەرێکی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی حیزبوڵڵا، لە بەغدا، سەرلەنوێ دەستنشانی بوونی لەنێو مێژوودا بکەنەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فەرمان ساڵح

پۆدکاستەکانی رووداو ملیۆنین

ئەو ژمارە زۆرەی گو‌ێگر و بینەری پۆدکاستەکانی رووداو ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە وەرگرەکانی تۆڕی میدیایی رووداو شایەنی ئەوەن باشترین بەرهەمیان پێشکیش بکرێت و لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکاندا بە زمانی کوردی و لە داهاتووشدا بە زمانەکانی دیکە ئاشنا بکرێن بە تازەترین پێشکەوتنەکان، رووداو هەمیشە بە یەکەمی دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی وەک میدیایەکی نیشتمانی هەموو زانیارییەکی نوێ لەگەڵ ئێوە بەش بکات.