ئەشکەوتی کونە کەمتیار و کودەتا بەسەر مەرگدا

حیکایەتەکانی ئەنفال، ئەو چیرۆکە راستەقینانەی بەبێدەنگی و بە تەنیایی بیابانەکان تەی دەکەن. بنچک بە بنچکی گوڵە کێویلەکانی گەرمیان بە فرمێسکی چاوی ئەو دایکانەی کە رۆڵەکانیان، مێردەکانیان، براکانیان، خوشکەکانیان سەفەری ئەبەدییان کرد و نەگەڕانەوە، ئاودراون. کێ دەڵێت گەردیلە و دڵۆپە ئاورنگییەکانی بەرەبەیانی گەرمیان، فرمێسکی ئەو باوکانە نین کە بەدیار چاوی خۆیانەوە کچەکانیان، بووکەکانیان، ژنەکانیان و دایکەکانیان رەوانەی بەردەمی بەعسییە دڕندەکان دەکران. دەمێکە زاکیرەی ئێمەی کورد هاککراوە و کۆدەکانی لەدەست خۆماندا نەماون، دەنا چۆن دەبێت تەنیا ساڵێ جارێک لە 14ی چواردا قوربانییەکانی ئەنفالمان بەبیر بێنەوە؟ 
 
ئەوەی دەمەوێت لە چوارچێوەی ئەم چەند دێڕەدا جێگەیان بۆ بکەمەوە، بەسەرهاتێکە، زیاتر لە چوارچێوەی فیلمێکدا جێگەی دەبێتەوە، تەنیا سیناریستێکی بەتوانا دەتوانێت لەنێو فانتازیای خۆیدا بیئافرێنێت، بەڵام ئەم فیلمە راستییە، بەسەرهاتی باوکێک و منداڵەکانییەتی کە نایەنەوێت بکەونە بەردەستی بەعسییەکان، دەیانەوێت سەربەرزانە لەنێو ئەشکەوتێکدا بژین، نەک بکەونە بەردەستی دووژمن، خۆ ئەگەر دووژمنیش پێیزانین، پێشوەختە بڕیاری ئەوە دەدەن، بەخۆیان خۆیان کۆکوژ بکەن تاوەکو نەکەونە بەردەستی جەلادەکانی بەعس.
 
کات مانگی ئاداری 1988ـە، لەلایەک گەرمیان بەهەموو جوانییەکی خۆیەوە، خۆی بۆ نەورۆز ئامادە دەکات، لەلایەکی دیکەوە بەعسییەکان گڕ و تینیان داوە بە پرۆسە بەدناوەکەی "ئەنفال". رێگە سەرەکییەکان بە سووپای داگیرکەری عێراق و گەرمیانی وتەنی گەلەجاش تەنراون. بەناچاری پۆل پۆل خەڵکی ناوچەکانی گەرمیان خۆیان رادەستی دووژمن دەکەنەوە، بەڵام نازانن چ چارەنووسێک چاوەڕێیان دەکات. 
 
کاکە حەمە پیاوێکی تەمەن مامناوەندییە، کوڕ و کچەکانی و هەندێک لە خزمەکانی بەدەوریەوەن، مێشکی بەتەواوی جەنجاڵە، ئاخر چۆن بتوانێت لەنێوان مەرگ و مەرگدا هەڵبژێرێت، مەرگێکی حەتمی!  یەکێک لە جاشەکان کە خزمی دەبێت، ئاگادارییەکی بۆ دەنێرێت و پێیدەڵێت: خۆبەدەستەوەدانتان، مانای ئەوەیە هەر کە گەیشتییە سەر جادەی قیر، ئیدی نەک خاوەنی منداڵەکانت، بەڵکو خاوەنی خۆشتان نابن، بۆیە بەچاکی بیری لێبکەوە. بەدیوەکەی دیکەدا، تاوەکو دەهات گەرمیان چۆڵتر و چۆڵتر دەبوو، پێشمەرگەکان بەناچاری پاشەکشەیان دەکرد، هەر رۆژەی هەواڵی شەهیدبوونی پۆلێک پێشمەرگە دەگەیشتە ئاواییەکان، ئەوانەی کە دەمانەوەش شاڵاوی رەشی ئەنفال وەک گەردەلوولی بیابان تێکەڵی مەرگی دەکردن، گەردەلوولی ئەنفال بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد وەک بەرداشێک هەموو شتێکی دەهاڕی، تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتێنێت، دۆستەکانی ئەوسای سەددام چاوی خۆیان دەنوقێنن، سەیرە ئێستا ئارەقەی شەرم دایانناگرێت.
 
کاکە حەمە لەنێوان مەرگێکی سەرشۆڕانە و مەرگێک بە نەمرییەوە، ئەوەی دووەمیان هەڵدەبژێرێت. وەک مامە خەمە ئەندامانی خێزانەکەی و هەندێک لە خزمانی کۆدەکاتەوە، پلانەکەی خۆی ئاشکرا دەکات و پێیان دەڵێت: دەبێت کودەتایەک لە مەرگ بکەین! 
 
یەکێک لە براژنەکەی، بە هەر هۆیەکەوەبێ تێکەڵاوی رەوی پێچەوانە دەبێت، بەرەو چەمچەماڵ، بۆ دواجار ماڵئاوایی لە یەکتری دەکەن، گەردنی یەکتری ئازاد دەکەن، نەوەک ئەوە دوادیداریان بێت، بەڵێ هەرواش بوو، ماڵئاوایی یەکجارەکی بوو، هەروا دووریش کەوتنەوە. کاکە حەمە هەر چاوی لەو کاروانە بچکۆڵە بوو، منداڵەکان بەدوای یەکدا قەتارەیان بەستبوو، جار بەجار ئاوڕێکیان دەدایەوە، تاوەکو لە تەپەڵۆکەکە ئاودیبوون، هەرچەندە کاکە حەمە لەبەرخۆیەوە قسەی دەکرد و دەستی بەرەو ئاسمان بەرزکردەوە و گوتی: خوایە گیان دیدارئاخرمان نەکەیت. دووعاکانی تێکەڵی  نزا و پاڕەانەوەی هەزاران گەرمیانی بوو، برای ژنەکەی و منداڵەکانیشی تێکەڵی قەتارەی مەرگی ئەنفال بوون و هەرگیز نەگەڕانەوە.
 
پوورە وەهبییە کە ئێستاش فرمێسک بۆ برا، براژن و هەشت برازاکەی هەڵدەڕێژێت، هێشتا بەحەسرەتی دیداریانەوەیە! ئاشنایەتی کاکە حەمە و یەکێک لە ئەشکەوتەکانی ناوچەکە دەگەڕایەوە بۆ سەردەمی پێشمەرگایەتی لە شۆڕشی ئەیلوول دا، ئەشکەوتێک کە تەنیا ئاسمانی لێوە دیار بوو، بەڵام کوڕی تەنگانە بوو، بەوەفا بوو بۆ دۆستەکانی، تەنانەت جاشەکانیش شوێنەکانی پێنەدەزانی. دەبێت ئەم ئەشکەوتانەی کوردستان چەند جار خێزانی کوردیان پاراستبێت، یانیش چەند جار دوای ئاگرتێبەردانیان بوونەتە قەبرێکی بەکۆمەڵی ژن و منداڵەکانیان؟ دەیخۆ تورکەکان لە دێرسم لە ساڵی 1937– 1938سەدان ژن و منداڵیان بە زیندوویی لەو ئەشکەوتانەی دەڤەرەکەدا سووتاندن.  
 
کاکە حەمە و خانەوادەکەی ماوەی شەش مانگی رەبەق لە ئەشکەوتێکدا دەمێننەوە، ئەشکەوتی کونە کەمتیار! بەڵام پوورە فەهمییە بەدەم فرمێسکەکانییەوە دەیگوت جا توخوا ئەوە ژیان بوو هەمانبوو، قورعان بە هەقت کەمتیارەکانیش بەوشێوەیە لە ئەشکەوتەکەی خۆیاندا  نەژیاون! لە ماوەی شەش مانگدا رەنگە چوار جار خۆمان نەشۆردبێت، ئاخر ئەوان دەبوو بەشەو بە گوێدرێژ، بە ماتە ماتە و دڵەڕاواکێوە چەندین کیلۆمەتر بڕۆشتنایە تاوەکو بتوانن چەند جەوەندەیەک ئاو لە رووبارەکەی لای خوارووی ئەشکەوتەکەوە بێنن، ترس بەشێوەیەک باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو کە تانەنەت گوێدرێژەکانیش فێرببوون لە هەندێک شوێندا، خۆیان بچەمێننەوە تاوەکو سەرباز و گەلەجاش نەیانبینێت، پوورە وەهبییە وادەڵێت.
 
کاکە حەمە، ئەندامانی خێزانەکەی بە نێر و مێوە فێری بەکارهێنانی چەک دەکات، شەوانە لە هەندێک خاڵی ستراتیژییەوە بەنۆرە پاسەوانی ئەشکەوتەکە دەکەن. ئاخر ئەشکەوتی کونە کەمتیار کە بۆ کاکە حەمە و خێزانەکەی وەک کۆمارێکی لێهاتبوو، دەی خۆ دەبێت سووپایەکی تایبەت بەخۆیشی هەبێت، مەگەر کام کۆمار هەیە لە دنیادا سوپای تایبەت بە خۆی نەبێت!
 
دایە وەهبییە لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە تەنوورێکی بەقوڕی دروستکردبوو، بۆ ئەوەی نانی تێدا ببرژێنێت. هەندێک جار لەبەر نەبوون و کەمبوونەوەی خۆراک ناچار بوون تەنیا ژەمێک نان بخۆن، نان و چا، چاو و نان، زۆرجاریش هەردووکیان پێکەوە، بۆ ماوەیەک لە ژەمە بەتام و چێژەکانی ئەو خێزانانە دەبێت، بەڵام کەس ناتوانێت ئاستی خۆڕاگریان بپێوێت، مەگەر چیا سەرکەشەکان بیانتوانی بووایە رکەبەرایەتیان بکەن . ئەشکەوتەکە وەک کۆمارێکی سەربەخۆ وابوو بۆیان، جگە لەخۆیان نەیانویستووە کەس پێی بزانێت، هەموو رۆژێک کاکە حەمە پلانی تازە بۆ دانیشتووانی کۆمارەکەی ئەشکەوتی کونە کەمتیار دادەنێت، ئاخر وەک شایتحاڵەکان دەگێڕنەوە کاکە حەمە خۆی پیاوێکی سەربازی بووە، وردەکاری پلاندانی سەربازی بەباشی زانیوە، بەڵام گۆران گوتەنی خۆ کاکە حەمە، نەدەرسی مەکتبێکی خوێندووە و نە ژەنراڵێکیش پەلی گرتووە، بەڵکو پشتی بە ئەزموونی پێشمەرگایەتی لە نێو شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی دوای 1976بەستبوو.  
 
کاتێک مرۆڤ گوێ بۆ گێڕانەوەکانی دایە وەهبییە و کچەکانی شل دەکات، ئەوکاتە دەزانێت مرۆڤ چ بوونەوەرێکی پۆڵاینە، ژیان چەند خۆشە، سەرشۆڕی چەند نەنگییە! کورد رووبەڕووی چ دووژمنێک بووەتەوە، سەربازانی داگیرکەر چەند دڕندەن، دوای نوێژی هەموو بەیانییەک وەک رەوە کوللە بە ناو نزار و هەرد و دۆڵی گەرمیاندا وەردەبوون، راوی "برا و خوشکە" موسڵمانەکانیان دەکرد. پەشێو ناهەقی نییە دەڵێت: قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن تەوری برای داریش هەیە! 
 
رژێمی بەعس لە کۆتایی ساڵی 1988دا، دوا تیری ژەهراوی خۆی دەهاوێژێت، دڵنیایە لەوەی، گەرمیان وەک بیابانەکان ژیانی تێدا وەستاوە، بۆیە کۆتایی بەو گێمەی ئەنفال دەهێنێت. بێشەرمانە لێبووردنێک دەردەکات، وەک ئەوەی کورد خاک و ئاوی ئەوانیان تاڵانکردبێت و پێویست بێت داوای لێبووردن بکەن. کاکە حەمە لە رێگەی دوو لە خزمەکانییەوە ئەو هەواڵە دەبیستێت، سەرەتا دوودڵ دەبێت، بڕوا ناکات، بەڵام ژیانی سەختی ناو ئەشکەوتەکە و نەخۆشی تەنگیان پێهەڵدەچنێت، بۆیە خۆیان رادەستی چەند جاشێکی خزمی خۆیان دەکەن! ئیدی کۆماری ئەشکەوتی کەمتیارانیش دەبێتە بەشێک لە مێژووی کاکە حەمە و خێزانەکەی. 
 
بەسەرهاتی گەڕانەوەیان بۆ چەمچەماڵ خۆی لە خۆیدا کورتە فیلمێکە. لە چەمچەماڵیش ئەندامانی خێزانەکەی دوو دوو بەسەر ماڵی خزمەکانیاندا دابەش دەبن، ئەوە لە کاتێکدایە بەحیساب حیزبی بەعس لێبووردنی دەرکردووە، کەچی دەبوو هەموو ماڵێک ئاگاداری بنکەی پۆلیس و سەربازییەکانی بەعسیان بکردایە کە کێ میوانیانە، خەڵکی کوێن و کەی هاتوون و کەی دەڕۆنەوە! بۆیە لێرەوە ژیانێکی سەختر و بگرە ناخۆشتر لەوەی ناو ئەشکەوتەکە دەست پێدەکات.
 
بەسەرهاتی ئەم خانەوادەیە و حیکایەتەکانیان هاوتەریبن لەگەڵ خەمی بەنەتەوەبوونی ئەم گەلە، مخابن هەر دەڕۆن و بەیەک ناگەن! ناچارین بەسەرهاتی ئەم خانەوادەیە و خەمی هەزاران خانەوادەی دیکەی کورد لە دێرسم و سیواسەوە،تاوەکو دەگاتە کرماشان بگێڕینەوە و کۆڵ نەدەین لە باسکردنیان.
 
دایە وەهبییە دەیگوت کە راپەرین کرا و کەرکووک ئازادبوو، شاگەشکە بووین، هەموو خەمەکانمان لەبیرچووەوە، دەتگوت سەرلەنوێ هەموومان لەدایک بووینەتەوە، گرنگ ئەوەبوو کاکە حەمە بە چاوی خۆی راپەڕین و ئازادی کەرکووکی بینی، بەڵام زۆری نەخایاند بەدەم خەم و خەفەتی شەڕی براکوژییەوە لە ساڵی 1994بۆ دواجار چاوەکانی لێکدەنێت و رۆحی بەرزەفڕی بۆ هەتاهەتایە لە ئاسمانی گەرمیان و ئەشکەوتی کونە کەمتیار ئۆقرە دەگرێت.