عێراق؛ یەک تریلیۆن دۆلار داهاتی نەوت
بەرایی
لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، بە تەنیا داهاتی نەوتی هەناردەکراو، نەوەک بەرهەمهێنراو یەک تریلیۆن دۆلار زیاتربووە، واتە یەک لەسەر چواری کۆی داهاتی ئەڵمانیایە كە خاوەنی یەكێك لە گەورەترین ئابوورییەكانی جیهانە. لێرەدا هەڵوەستە لەسەر داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە دوو دەیەی رابردوودا بە بەراورد لەگەڵ گۆڕانکارییەکان لە کوالیتی ژیان و چاوەڕوانییەکانی داهاتووی ئابووریی عێراق دەکەین.
ئابووریی عێراق؛ داهاتێکی یەک تریلیۆنی و چاوەڕوانی داڕمانێکی گەورە
ئابووریی عێراق، ئابوورییەکی پشت بەستووە بە داهاتی نەوت، کە لە دوو دەیەی رابردوودا زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلاری بۆ ئەم دەوڵەتە فیدراڵییە بەدەستهێناوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرۆکی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی لە راپۆرتێکدا بۆ رۆژنامەی گاردیان دەڵێن "ئەگەر هاوکاریی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی وەک عێراق نەکرێت و، داهاتی نەوت بەهۆی گواستنەوە لە وزە باوەکانەوە بۆ وزە نوێیەکان كەم بكات، پێش ئەوەی بەسەرکەوتوویی ئابوورییەکانیان هەمەچەشن بكەن، ئەوا داهاتەکە لەدەستدەچێت و رێژەی هەژاریش زیاتر دەبێت. مەترسی سەختیی ئابووری و زیادبوونی بێکاری، نائارامییەکی فراوانتر و ناسەقامگیرتر بەرهەمدەهێنێت". لەلایەکی دیکەوە، بەپێی داتای بانکی جیهانی، لە عێراقدا نەوت نزیکەی 99%ـی کۆی هەناردەی عێراق، نزیکەی 85%ی کۆی بودجەی حکومەت و 42%ی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت.
بەپێی بڵاوکراوەکانی میس و پێنوێنی عێراقی برووکینگز، وەکو لە خشتەی 1دا هاتووە، لە ماوەی 2003 بۆ 2021دا داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق زیاتر لە 1 تریلیۆن دۆلارە، ئەمەش بە واتای یەک لەسەر چواری داهاتی ئەڵمانیایە، کە بەپێی داتای سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی IMF بە 4.2 تریلیۆن دۆلار، چوارەمین گەورەترین ئابووری جیهانە.
لەڕاستیدا دەرکەوتی جیاواز لەبارەی داڕمانی ئابووریی عێراق باسدەکرێن، وەک گەندەڵی، زۆری کارمەندانی کەرتی گشتی، بێکاری و زیادبوونی هەژاری، نەبوونی پیشەسازی و هاوردەکاری کاڵایەکی بیشوومار لەجیاتی ناردن، لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە فرەجۆرنەکردنی سەرچاوەکانی داهات و پشتبەستن بە تاک سەرچاوەیی. بۆ نموونە بەپێی بانکی جیهان رێژەی بێکاری نزیکەی 10% زیاتر بووە وەکو لەوەی پێش کۆرۆنا هەبوو، کە 12.7% بووە.
یەک تریلیۆن و گۆڕانکارییەکان
لەڕاستیدا داهاتی یەک تریلیۆن دۆلار کەم نییە و چاوەڕواندەکرا گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانی عێراقییەکان رووبدات، بەڵام ئەوەی روویداوە و روودەدات، بەپێی بڵاوکراوە نیوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەم شێوەیە:
لەرووی گەندەڵییەوە، بەپێی دوایین راپۆرتی شەفافیەتی نێودەوڵەتی 2021، عێراق دەیەم گەندەڵترین وڵاتی جیهانە، هەرچەندە لەڕووی پلەوە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو دوو پلە بەرزبووەتەوە . هەربۆیەش سەرۆککوماری عێراق لە ئایاری 2021دا رایگەیاند " سەتان ملیار دۆلار لە سەرمایەی عێراق دزراوە، لە 2003ەوە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار بە گەندەڵی بە فیڕۆ چووە"، لەڕاستیدا بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتی و ئامارە جیهانییەکان، ئەوەش زیاتر لە 400 ملیار دۆلارە!
لەڕووی هەژاری و کارکردنی منداڵانەوە، بەپێی دوایین لێدوانی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، نزیکەی 500 هەزار منداڵ لە عێراق کار دەکەن و، هەژاری لەنیو منداڵان بەرزبووەتەوە بۆ 38%، لەکاتێکدا بەگشتی رێژەی هەژاری گەیشتووەتە 25%، بەم پێیەش بێت لە 40 ملیۆن عێراقی، 10 ملیۆنیان هەژارن!
لەڕووی دابینکردنی کارەباوە کێشەی گەورەی هەیە، تاوەکو ئێستا حکومەت نەیتوانیوە کارەبای 24 کاژێری دابین بکات، لە وەرزە جیاوازەکانیشدا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بڕی کارەبای دابینکراو کەم دەکات، لەکاتێکدا بە تەنیا لە 2006 بۆ 2017 نزیکەی 29 ملیار دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا خەرجکراوە و كەرتی کارەبا بە یەکێک لە گەندەڵترین کەرتەکان دادەنرێت. هەربۆیەش بەپێی پێنوێنی عێراق نزیکەی 42%ی کارەبای بەرهەمهاتوو بەهۆی کۆنی و خراپی تۆڕەکانی دابەشکردنەوە بەفیڕۆ دەڕوات، هەروەها پشت بە وڵاتانی دراوسێ دەبەستێت بۆ سەرچاوە سرووشتییەکانی بەرهەمهێنانی کارەباش، لەکاتێکدا عێراق خاوەنی 10%ی نەوتی جیهان و 2% گازی سرووشتی هەموو جیهانە.
لەڕووی ئازادی ئابوورییەوە، بەپێی پێنوێنی ئازادی ئابووری ناوەندی هیرتەیج، لەرێزبەندی پۆلینکردنی ئازادی ئابووری لە وڵاتانی جیهان بۆ ساڵی 2021دا عێراق پۆلین نەکراوە، بەهۆی نەبوونی داتای متمانەپێکراو !، هەروەها بەپێی پێنوینی ئازادی ئابووری پەیمانگەی فرەیزە و پەیمانگەی کاتۆ، ئابووریی عێراق بە یەکێک لە کەمترین ئابوورییە ئازادەکان و زۆرترین ئابوورییە گەندەڵەکانی جیهان پۆلێن دەکرێت.
لە کۆتاییدا، لەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و، زیادبوونی مەترسییەکان بۆ سەر داهاتووی عێراق، کە بەهۆی دابین نەکردنی پارەی پێویست بۆ پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکان و وەبەرهێنان تێیدا، بەشێوەیەکە کە رێکخراوە جیهانییەکان و راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بە مەترسی گەورە بۆ سەر عێراق لەڕووی ژینگە و کەشوهەوا دەکەن. هەروەکو رێکخراوی یونیسیف دەڵێت "گەنجان و منداڵان مەترسی گەورەیان لەسەرە بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەتایبەتیش لەڕووی کەمبوونی ئاو، هەڕەشەی تەندروستی و پەروەردە و پاراستنیان لە نەخۆشی کوشندە" . ئەمە جگە لەوەی بەپێی راپۆرتێکی بانکی جیهانی لە تشرینی دووەمی 2021دا دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2050 گۆڕانکاری گەورە لە کەشوهەوای عێراقدا روودەدەن، بارانبارین بە رێژەی 9% کەمدەبێتەوە، 17%ی ئەو کەمبوونەوەیە لە مانگەکانی کانوونی یەکەم، کانوونی دووەم و شوبات روودەدەن. بانکی جیهانی پێشبینی دەکات بارانبارینی بەردەوام کە پێنج رۆژ بخایێنێت کەم بکات، هەروەها ماوەکانی نێوان بارانبارینەکانی درێژ دەبن. ئاوی بارانیش کە لەسەر زەوی کۆببێتەوە و بڕوات، بە رێژەی 22% کەم دەکات. هەروەها تاوەکو ساڵی 2050 پلەی گەرما لە عێراق دوو پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە، شەپۆلەکانی گەرماش زیاد دەکەن. کەوتنی زووقم کەمدەبێتەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونی باران، خۆڵبارینیش زیاد دەکات.هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە 92%ی خاکی عێراق لەبەردەم هەڕەشەی بەبیابانبووندایە.
ئەنجام
عێراق لە دوو دەیەی رابردوودا یەک تریلیۆن دۆلار زیاتر داهاتی هەبووە، کە دەکرا بنەمایەکی دەوڵەتی بەهێزبێت و خزمەتگوزارییەکان و کوالیتی ژیانی عێراقییەکان گوڕانکاری گەورەی بەسەردا بهاتبووایە، بەڵام نەکراوە و چاوەڕواندەکرێت بکرێت! هەربۆیەش، ئەگەر دوو دەیەی داهاتوو وەک دوو دەیەی رابردوو مامەڵە لەگەڵ داهاتی نەوت بکرێت، ئەوا کارەساتی گەورەتر روودەدات لەوەی خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، هەرچەندە جیهان بەرەو وزە نوێبووەکان و دوورکەوتنەوە لە وزە باوەکان (نەوت) هەنگاو دەنێت، کە ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە داهاتی نەوت یەک لەسەر دەی ئەوەش کۆنەکاتەوە کە لە رابردوودا بەدەستهاتووە.