ژن و مێردێکى کەللـەڕەق

ژن و پیاوێک سکاڵایان لەسەر یەکدى هەبوو، ژنەکە دەیگوت مێردەکەم ئەشکەنجەى داوم، پیاوەکەش دەیگوت ئەویش دەستى خۆى وەشاندووە و لێیداوە. ناکۆکیى نێوان ئەو ژن و پیاوە گەیشتبووە ئاستێک تەنانەت لێژنەى ئاشتەواییش نەیتوانى کۆتایی بە کێشەکەیان بهێنێ و بەدەستى بەتاڵ گەڕانەوە.

سەرەتا ئافرەتەکە سەردانى کردین و لەگەڵ خۆى راپۆرتێکى پزیشکیى هێنابوو، بەپێى راپۆرتەکە ژنەکە لێیدرابوو، ژنەکە دەیگوت مێردەکەى لێیداوە. کاتێک دۆسیەکەى رەوانەى بەردەم دادوەر کرا، دادوەر بڕیارى دا بەپێى ماددە حەوت لە یاساى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بانگى پیاوەکە بکرێ و قسەى لەگەڵ بکرێ. 

کاتێک پیاوەکە ئامادەبوو، ئەویش باسى ئەوەی کرد کە لەلایەن ژنەکەیەوە لێیدراوە، پیاوەکە باسى کێشەى نێوان خۆى و ژنەکەى کرد و گوتى: "هەموو کێشەى ئەو ژنە لەگەڵ من لەسەر ئەوەیە کە بڕوانامەکەى لەوەى من بەرزترە، وەزیفەیەکى باشى هەیە، خۆى لەمن بە گەورەتر دەزانێ، بۆیە بەردەوام شەڕم پێدەفرۆشێ. ئەو ژنە خزمى خۆمە، کاتێک چوومە خوازبێنى، رازى بوو شووم پێبکات، واتە بە زۆر هاوسەرگیرى نەکردووە، تەنانەت لەکاتى مارەکردندا داواى مارەییەکى زۆرى کرد، منیش رازى بووم. ئێستا بە هەموو جۆرێک دژایەتى ماڵى باوکم دەکات. ناهێڵى منداڵەکانم بچنە ماڵى باوکم، بەڵام زوو زوو دەیانبات بۆ ماڵى باوکی خۆی. کەسوکارەکەم لەبەر ژنەکەم هاتوچۆم ناکەن، ژنەکەم زۆر ئیستیفزازم دەکات. هەرچەندە دایکم و باوکم دەڵێن کوڕم خۆت بگونجێنە خەمى ئێمەت نەبێ، بەڵام من دەزانم ئەوان چەند منداڵەکانى منیان خۆشدەوێ، کەچى لەبەر ژنەکەم ناوێرم بیانبەم بۆ لایان".

ئەو پیاوە درێژە بە گێڕانەوەکەى دەدات و دەڵێت: "من ناتوانم تەڵاقى بدەم، چونکە دەبێ هەقە مارەییەکەى بدەم کە زۆر زۆرە. دوایینجار زۆر زۆر ئیستفزازى کردم، جنێوى پێدام، بوو بە شەڕمان، من لێم دا، بەڵام ئەویش لە منى دا".

دۆسیەکەیان بەدوو راپۆرتى پزیشکییەوە کە یەکێکیان هى پیاوەکە بوو، یەکێکیشیان هى ژنەکە، رەوانەى بەردەم دادوەرى لێکۆڵینەوە کرا، دادوەریش بڕیارى ئازادکردنى پیاوەکەى دا، چونکە ئەویش سکاڵاى تۆمار کردبوو. پاشان هەردووکیان رەوانەى لێژنەى ئاشتەوایى کرد، هەرچەندە لێژنەى ئاشتەوایى زۆر هەوڵى لەگەڵ دان و لایەنى یاسایى و کۆمەڵایەتى و خێزانى کێشەکەى بۆ روونکردنەوە، بەڵام بەهۆى کەللـەڕەقى و بەڕقداچوونى ژن و مێردەکە، هەوڵی ئاشتەوایی هیچى لێ سەوز نەبوو، بۆیە ژن و مێردەکە بەبێ چارەسەرکردنى کێشەکەیان گەڕانەوە ماڵەوە و دۆسیەکەیان رەوانەى دادگاى تایبەتمەند کرا.

بەپێى یاساى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى خێزانى، ژنەکە و پیاوەکە هەردووکیان تۆمەتبارن. ژنەکە بەهۆى ئەوەى پەیوەندى خزمایەتى بڕیوە، پیاوەکەش بەهۆى ئەوەى توندوتیژى بەرامبەر ژنەکەى بەکارهێناوە و لێیداوە. بەپێى ماددەى حەوت لە یاساى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى خێزانیش سزاکەیان بریتییە لە "هەر کەسێک توندوتیژییەکى خێزانى بکات، بۆ ماوەیەک بەند دەکرێ کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێ و لە سێ ساڵیش زیاتر نەبێ. هەروەها بە بڕە پارەیەک غەرامە دەکرێ کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێ و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێ، یان بە یەکێک لەو دوو سزایە".