یەک لیستی کوردی لە کەرکووک زامنی کورسیی زیاتر نییە

26-12-2023
جەبار ئەمین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
A+ A-
 
پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دوایین ژماردنی دەنگەکان، هەندێک سیاسەتمەدار و نووسەر و دەسەڵاتبەدەست بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن گوایە هێنانی تەنیا حەوت کورسی لەلایەن حیزب و لایەنە کوردستانییەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ژمارەی لیستە کوردییەکان زۆر بوون و بەو هۆیەوە دەنگی دەنگدەری کورد پەرتەوازە بووە بەسەر لایەنە کوردییەکاندا و دواجار فەوتاوە.
 
دەگوترێت گوایە ئەگەر گشت حیزب و لایەنە کوردییەکان بە یەک لیستی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنیان بکردبا، ژمارەی کورسییەکانی کورد زیادی دەکرد، بۆ هەشت یان نۆ کورسی.
 
بۆ زانینی راست و دروستی ئەو بۆچوونانە دەنگی گشت حیزب و لایەنە کوردییەکانمان کۆکردەوە و بەپێی سیستمی پیادەکراو، کورسییەکانی ئەنجوومەنی کەرکوکمان دابەش کرد. وەك دەزانرێت بۆ دابەشکردنی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی دیکەی عێراق سیستمی (سانت لیگۆ)ـی هەموارکراو پیادە دەکرێت.
 
بۆ وەرگرتنی کورسی یەکەم: سەرەتا ژمارەی دەنگەکانی هەر لیستێك دابەش بەسەر 1.7 دەکرێت. ئەو لیستەی گەورەترین ئەنجامی دابەشکراو بەدەست بهێنێت کورسی یەکەم دەبات.
 
بۆ وەرگرتنی کورسی دووەم: ئەو لیستەی کورسی یەکەمی وەرگرتووە ژمارەی دەنگەکانی لە کاتی دابەشکردنی کورسی دووەم بەسەر سێ دابەش دەکرێت، بەڵام بۆ ئەو لیستانەی کورسییان هێشتا وەرنەگرتووە ژمارەی دەنگەکانیان بەردەوام بەسەر 1.7 دابەش دەکرێت. ئەوەی لەم قۆناخەدا بەرزترین ئەنجامی دابەشکراو بەدەست بهێنێت کورسی دووەم دەبات.
 
بۆ وەرگرتنی کورسی سێیەم و کورسییەکانی پاشتر: بۆ ئەو لیستەی پێشتر کورسی وەرگرتووە لە قۆناخی پاشتر ژمارەی دەنگەکانی بەسەر ژمارەیەکی تاکی بەرزتردا دابەش دەکرێت وەك لەوەی پێشتر دابەش کرابوو. بۆ نموونە 3، 5، 7، 9، 11، 13 و هتد. بەڵام بۆ ئەو لیستانەی هێشتا کورسییان وەرنەگرتووە هەروەك پێشتر بەسەر 1.7 دابەش دەکرێت. لە هەموو قۆناخەکان، ئەوەی ئەنجامی دابەشکراوی زیاتری هەبێت کورسی ئەو قۆناخە دەبات.
 
لەوە دەچێت هۆی هێنانی سیستمی سانت لیگۆ بۆ عێراق و پیادەکردنی لەلایەن حوکمڕانانی عێراق ئەوە بووبێت کە ئیرادەیەكی سیاسی هەبووبێت بۆ رێگرتن لە حیزبی بچووک تاوەکو نوێنەرایەتی لەناو ئەنجوومەنی پارێزگا هەبێت.
 
لە هەندێك وڵات، کە لە رووی دیموکراتییەوە نوێنەرایەتی حیزبی بچووکیشیان پێ گرنگە، بۆ نموونە لە دانیمارک دابەشکراوی 1 و لە سوێد 1.2، 1.3، 1.4 یان 1.7 هەڵبژێردراوە، چونکە کاتێك ژمارەی دەنگەکانی حیزبێکی بچووك بەسەر 1.7 دابەش دەکرێت، ژمارەیەکی نزمتر دەردەچێت وەك لەوەی ئەگەر بەسەر بۆ نموونە 1.2 دابەش بکرێت، هەر لەبەر ئەمەیە کە ئەو لایەنە کورسی بەرناکەوێت.
 
سەبارەت بە دەنگی حیزب و لایەنە کوردییەکان لە کەرکووک، ژمارەی هەموویان پێکەوە 239,730 دەنگ بوو. ئەگەر گشت حیزب و لایەنە کوردییەکان تەنیا بە یەک لیستی هاوبەشیش بەشدارییان بکردایە، بەپێی سیستمی سانت لیگۆی پیادەکراو تەنیا حەوت کورسییان بەردەکەوێت و هیچی تر.
 
تەنیا رێکار بۆ دابینکردنی ژمارەیەک کورسی زیاتر، بەشداریکردنی رێژەیەکی زیاتری دەنگدەرانی کوردی کەرکووک دەبوو. دەنگدانی رێژەیەکی وا کەمی کوردانی کەرکووکیش وەك ئەوەی لەم هەڵبژاردنەی 2023 روویدا پەیوەندی بە سیاسەتی هەڵە و پراکتیزەکردنی خراپی حیزبە کوردییەکانەوە لەو پارێزگایە هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.