بۆ هاوڕێ کوردەکانم؛ تایوان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە

لەماوەی ساڵی رابردوودا، لەوەتەی گەیشتوومه‌ته‌ هەرێمی کوردستانی عێراق، سەردانی زۆر شوێنم کردووە و لەگەڵ زۆر کەس لەسەر بابەته‌كانی جێی بایەخی هاوبەش قسەم کردووە. بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، بۆم دەردەکەوێت کە بەشێک لە هاوڕێیانی کورد، زۆر لەسەر پرسی تایوان نازانن، کە بۆ چین گرنگییەکی زۆری هەیە. سەرسام بووم به‌وه‌ی هەندێکیان ته‌نانه‌ت بۆچوونی هەڵەیان لەسەر ئەم بابەتە دا هه‌یه‌. پێویسته‌ جەخت لەوە بکەمەوە؛ بنەمای یەک چین لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەشێوەیەکی گشتگیر دانپێدانراوە، ناوه‌ڕۆكی بنەمای یەک چین ئەوەیە؛ تایوان دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە له‌ خاكی چین. لێرەدا دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و هۆکارەکان بەم شێوەیەی خوارەوە روون بکەمەوە:
 
وردەکاریی مێژوویی پرسی تایوان
 
گەلی چین، لە هەردوولا دیوی گەرووی تایوان هەمان رەگ و ریشەیان هەیە، بە هەمان زمان قسە دەکەن. بە هەمان خوێن و هەمان باووباپیر بەیەکەوە گرێدراون. کۆمەڵێک تۆماری مێژوویی هەن، کە پەرەسەندنی تایوان لەلایەن گەلی چینەوە لە قۆناخە مێژووییە سەرەتاییەکاندا بەڵگەدار دەکەن. سەرەتاییترین ئاماژە بەم کاریگەرییە، لە رێبه‌رێكی جوگرافیی كه‌ناره‌كان دایه،‌ كه‌ لە ساڵی 230 لەلایەن شێن ینگ لە ویلایەتی وو لە سەردەمی سێ شانشینیدا کۆکراوەتەوە. شاهانەی شانشینی سوی لە سێ بۆنەدا سەربازی رەوانەی تایوان کردبوو، کە لەو کاتەدا ناوی لیو تشیو بوو. لە بنەماڵەی سۆنگ و یوانەوە دەستپێدەکات، حکومەتە ناوەندییە ئیمپراتۆرییەکانی چین، دامەزراوەیه‌كی کارگێڕییان دامەزراند بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری بەسەر تایوان و دوورگە بچووکەکانی دیکەدا بەکاربهێنن. لە ساڵی 1624ـدا، داگیركه‌ره‌ هۆڵەندییەکان هێرشیان کردە سەر تایوان و بەشی باشووری دوورگەکەیان داگیرکرد. لە ساڵی 1662ـدا، ژەنەراڵ ژێنگ چێنگگۆنگ، یەکێک لە پاڵەوانە نەتەوەییەکانمان، سەرکردایەتیی سوپایەکی کرد بۆ رزگارکردنی دوورگەکە لە دەستی گه‌لی هۆڵەندا. دواتر حکومەتی ئیمپراتۆری چینگ لە ساڵی 1684ـدا، تایوانی وەک قه‌زایه‌ك لە ژێر ئیدارەی پارێزگای فوجیان دەستنیشان کرد. لە ساڵی 1885ـدا، قه‌زای تایوان بەرزکرایەوە و بوو بە بیستەمین پارێزگای چین.
 
ئه‌و راستییە یاساییانه‌ی دەیسەلمێنن تایوان بەشێکە لە چین:
 
لە مانگی تەممووزی ساڵی 1894 ژاپۆن هێرشی بۆ سەر چین دەستپێکرد. لە نیسانی ساڵی 1895 حکومەتی دۆڕاوی چینگ ناچار بوو تایوان و دوورگەکانی پێنگو بداتە دەستی ژاپۆن. له‌ جاڕنامەی قاهیرە، کە لە 1ـی کانوونی یه‌كه‌می 1943ـدا، لەلایەن چین، ئەمریکا و به‌ریتانیاوە واژۆکراوە، تێیدا هاتووە هەموو ئەو خاکانەی له‌لایه‌ن ژاپۆنه‌وه‌ لە چین دەستیان بەسەردا گیراون، لەوانەش باکووری رۆژهەڵاتی چین، تایوان و دوورگەکانی پێنگو، دەبێت بگەڕێنرێنەوە بۆ چین. جاڕنامەی پۆتسدام کە لە 26ـی تەمموزی 1945 لەلایەن چین، ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی سۆڤیەت واژۆکراوه‌، دووپاتی کردووەته‌وه‌ ‌''دەبێت بڕگەکانی جاڕنامەی قاهیرە جێبەجێ بکرێن.'' لە مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵدا، ژاپۆن بەڵگەنامەی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی واژۆکرد، کە تێیدا بەڵێنی دا بەدڵسۆزیەوە ئەو ئەرکانە جێبەجێ بكات، کە لە جاڕنامەی پۆتسدامدا هاتوون. لە 25ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 1945، حکومەتی چین رایگەیاند، دەستیان کردووەتەوە بە جێبه‌جێكردنی سەروەری بەسەر تایواندا و مەراسیمی قبوڵکردنی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ژاپۆن لە تایوان لە تایپە بەڕێوەچوو. لەو کاتەوە چین لە رێگەی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی یاسایی نێودەوڵەتییەوە، بەشێوەیەکی یاسایی و واقیعی تایوانی وەرگرتەوە. لە 1ـی تشرینی یەکەمی 1949 کۆماری میللی چین دامەزرا، كه‌ شوێنی کۆماری چینی (1912-1949) گرتەوە، حکومەتی میللیی ناوەندی بووە تاکە حکومەتی شەرعی کە نوێنەرایەتیی تەواوی چین دەکات. بۆیە گۆڕینی رژێمی چین بابەتی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناگۆڕێت و ده‌بێت سەروەری و خاکی سرووشتیی چین وەکو خۆی بمێنێتەوە، پێویستە حکومەتی ناوەندی کۆماری میللیی چین سەروەریی بەسەر هەموو خاکی چیندا بە تایوانیشەوە جێبه‌جێ بکات. له‌ کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 26ـەمین دانیشتنی خۆیدا لە تشرینی یه‌كه‌می 1971، بڕیارنامەی 2758ـی پەسند کرد، کە تێیدا ''هەموو مافەکانی دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆماری میللیی چین و دانپێنان بە نوێنەرانی حکومەتەکەی، وەک تاکە نوێنەری شەرعیی چین له‌ نەتەوە یەکگرتووەکاندا، دەستبەجێ نوێنەرانی چیانگ کای شێک لەو شوێنانه‌ ده‌ربكرێن، کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە هەموو رێکخراوەکانی پەیوەست بەوەوە داگیریان کردووە.'' ئەم بڕیارە دواجار کێشە سیاسی و یاسایی و رێکارەکانی پەیوەست بە نوێنەرایەتی چینی لە نەتەوە یەکگرتووەکان یەکلایی کردەوە. هەروەها روونیکردەوە، چین یەک کورسیی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە، هەر بۆیە هیچ پرسێکی وەک "دوو چین" یان "یەک چین، یەک تایوان" نییە. لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تایوان بە "تایوان، پارێزگایەکی چین" ناودەبرێت.
 
پرسی تایوان میراتی شەڕی ناوخۆی چینە و تەنها کاروباری ناوخۆی چینە. دوای ماوەیەکی کەم لە سەرکەوتنی شەڕی بەرخودانیی چین لەدژی هێرشكردنی ژاپۆن، شەڕی ناوخۆ دەستیپێکرد. بە سەرکردایەتیی پارتی کۆمیونیستی چین، گەلی چین حکومەتی کۆماریی چینیان رووخاند. دوابەدوای ئەو شکستە، کوومینتانگ بۆ تایوان هەڵات و بە پاڵپشتیی هێزە دەرەکییەکان بووە بەڕێوەبەری واقیعیی تایوان. لە ئەنجامدا دۆخێکی بەردەوامی دابڕانی سیاسی لە سەرانسەری گەرووی تایواندا روویدا و پرسی تایوان سه‌ریهه‌ڵدا. لە ساڵی 1949ـوە هەرچەندە هێشتا هەردوو دیوی گەرووی تایوان بەتەواوی یەکگرتوو نەبوون‌، بەڵام سەروەری و خاکی چین هەرگیز دابەش نەبووە و هەرگیزیش دابەش نابێت، پێگەی تایوان وەک بەشێک لە خاکی چین هەرگیز نەگۆڕاوە و رێگەی پێنادرێت، بگۆڕێت. 
 
بنەمای یەک چین، بووەتە کۆدەنگییەکی گشتگیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. زیاتر لە نیو سەدە دوای پەسندکردنی بڕیارنامەی 2758 لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان به‌تووندی پابەند بووە بە بنەمای یەک چین و به‌شێوه‌یه‌كی بەردەوام بڕیارنامەی 2758ـی پەیڕەو کردووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی پەیوەست بە تایوانەوە. ئێستا 183 وڵات لەسەر زەوی هەن، کە پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ چین دامەزراندووە لەژێر بنەمای یەک چین، كه‌ زیاتر لە 93%ـی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێتەوە. ئەم راستیانە بە تەواوی دەیسەلمێنن، بنه‌مای یەک چین ئەوەیە، زۆربەی خەڵکی جیهان ئاواتەخوازن، ئه‌وه‌ رەوتی گشتیی سەردەم و مێژووە و لە مێژە بووەتە رێسایەکی دانپێدانراو، کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەبات.
 
لەنێوان چین و عێراق، بنه‌مای یەک چین بناخەیەکی تۆکمە بۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان پێکدەهێنێت، کە لەم ساڵانەی دواییدا بەخێرایی و به‌شێوه‌یه‌كی بەهێز گەشە دەکات. بڕوامان وایە ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای رێزگرتن له‌ یه‌كتر و یەکسانیی دامەزراوە، سوودی زۆر بۆ گەلانی هەردوو وڵات بەدیدەهێنێت.