شەڕی موسڵ و ئایندەی باشووری كوردستان
پێدەچێت قەدەری شاری مووسڵ وابێت كە لە وێستگە مێژووییە جیاوازەكاندا چارەنووسی باشووری كوردستان دیاری بكات.
لە دوا رۆژەكانی جەنگی یەكەمی جیهانیدا، هێزەكانی بەریتانیا مەبەستیان بوو هەرچی زووترە پێش راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی، خۆیان بگەیەننە شاری مووسڵ، بۆئەوەی باشووری كوردستان كە لەچوارچێوەی ویلایەتی مووسڵدا بوو، بخەنە ژێر كۆنترۆڵی خۆیان. بەوهۆیەوە ویلایەتی مووسڵ بۆ چەند ساڵێك كێشەیەكی ئاڵۆزی نێوان بەریتانییەكان و دەسەڵاتدارانی توركیای نوێی دوای دەوڵەتی عوسمانی بوو. تا لە كۆتاییدا بەهۆی فشاری بەریتانییەكانەوە كە ئەو رۆژگارە گەورەترین زلهێزی نێودەوڵەتی بوون، توانییان یەكلایی بكەنەوە لە بەرژەوەندیی خۆیان و ویلایەتەكەیان لكاند بەو دەوڵەتە نوێیەوە كە ناویان لێنا عێراق، بەمەرجێك تایبەتمەندییەك هەبێ بۆ ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانەكەی كوردن، بەداخەوە دەسەڵاتدارانی عێراقی ئەو مەرجەشیان پشتگوێ خست. ئیتر لەوكاتەوە دانیشتووانی ئەم بەشەی كوردستان تا ئەم چركەساتەش لە شۆڕش و ڕاپەڕین و قوربانیدان بەردەوامن.
ئەوەتا جارێكی تر ئەم شارە بەشێوەیەك لەشێوەكان مێژوو دووبارە دەكاتەوە و بووەتە هۆكارێكی كاریگەر لەسەر چارەنووسی باشووری كوردستان. دوو ساڵ پێش ئێستا كاتێك داعش كۆنترۆڵی ئەم شارەیان كرد، وێڕای چەندین كارەساتی مرۆیی گەورە كە رووی كردە ناوچەكە، بەتایبەتی دژ بە هاووڵاتیانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری، دەرفەت رەخسا بۆئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بكەن، هاوكات بایەخپێدانێكی چاوەڕواننەكراو رووی كردە هەرێمی كوردستان بەهۆی شەڕی داعش و پێویستیی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ سوود وەرگرتن لە هێزەكانی پێشمەرگە دژ بە دەوڵەتی داعش.
ئێستا كە شەڕی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە داعش دەستیپێكردووە، ئاشكرایە كە تەنها شەڕێكی عێراقی و كوردستانی نییە، بەڵكو شەڕێكی گەورەی نێودەوڵەتیە كە هێزە نێودەوڵەتیەكان و ئیقلیمیەكانیش بەشێوازی جیاواز تیایدا بەشدارن و چەندین مەترسی و كارەساتی مرۆیی لێ چاوەڕوان دەكرێ، وەك شەپۆلێكی تری سەدان هەزار ئاوارە و شەڕی ناوخۆ و تائیفی و شەڕی ئیقلیمی، بەشێوەیەكی راستەوخۆ یان بە وەكالەت، لەلایەن هێز و لایەنە كوردی و عێراقییە جیاوازەكانەوە.
لەو میانەدا دیارە چەندین پرۆژە و سیناریۆی جیاجیا بۆ رەسمكردنی ئایندەی پارێزگای مووسڵ و نەخشەی سیاسی تێكڕای ناوچەكە لەئارادایە. سیناریۆكانی وەك گەڕانەوەی سیستمی مەركەزی كە هەندێ لایەنی شیعەی دەسەڵاتدار ئارەزووی بۆ دەخوازن، یان بەفیدراڵیكردن و حوكمی لامەركەزی كە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا بڕیاری لەسەر دراوە، یاخود سیناریۆی دابەشكردنی عێراق بۆ سێ هەرێمی كۆنفیدراڵی شیعە و سوننە و كوردی. تەنانەت باس لە سیناریۆی گۆڕینی نەخشەی سایكس بیكۆش لەئارادایە لەنێوان عێراق و سووریا. هەركام لەو پرۆژە و سیناریۆیانە دەوڵەتانی ئیقلیمی وەك توركیا و ئێران و سعودیەیان لەپشتەوەیە. بێگومان ئەمریكا و رووسیا و وڵاتانی رۆژئاواش پرۆژە و بەرژەوەندیی خۆیان هەیە لە ناوچەكەدا كە زیاتر خۆی لە شەڕی دژە تیرۆر و ئیحتیواكردنی گرووپە توندڕەوەكان و كۆنترۆڵكردنی سەرچاوەكانی نەوت و غاز و پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەبینێت.
لێرەدا جێگای خۆیەتی ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین كە ئایا ئێمە وەك كورد یان وەك هەرێمی كوردستان، پرۆژە و سیناریۆی تایبەت بەخۆمان هەیە؟ ئەگەر هەبێ ئایا لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوەی پێویستی لەبارەوە كراوە؟ ئایا لەلایەن دەزگا شەرعییەكانەوە بەتایبەتی پەرلەمان بڕیاری لەبارەوە دراوە؟ بەداخەوە دەتوانین راشكاوانە دان بەو راستییە تاڵەدا بنێین كە پرۆژە و سیناریۆی گەڵاڵەكراو و بڕیار لەسەردراومان نییە و گوتارێكی سیاسی هاوبەش و یەكگرتوومان لەوبارەیەوە نییە.
راستە لەڕووی سۆز و ئارەزووی نەتەوەییەوە هەمووان خوازیاری سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانین، لەو بوارەدا هەمووان بە جەماوەر و نوخبەی سیاسی و رۆشنبیرییەوە دید و بۆچوونەكانمان لەیەكەوە نزیكە. هەرئەوەشە بووەتە داینەمۆی ئەو بەرگری و بەرخۆدانە قارەمانانەیەی كە هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕدا گوزارشتی لێدەكەن و هەموو جیهانیان سەرسام كردووە. بەڵام مەخابن بەهۆی قەیرانە سیاسیەكەوە نەمانتوانیوە خاوەنی پرۆژە و ستراتیژی بڕیارلەسەردراو و یەكگرتوو بین. ئەو قەیرانە سیاسیەی كە هێزە سیاسیەكان و بەرپرسە باڵاكانی گەلەكەمان دەستەوسان و بێ ئیرادەن بۆ دەستبەرداربوون لە دید و بەرژەوەندییە تایبەت و حیزبیەكانیان و ناتوانن كاری جیددی بكەن بۆ رەخساندنی كەشوهەوای لەبار بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و چارەسەركردنی دەرهاویشتە ترسناكەكانی و رووبەڕووبوونەوەی تەحەدیات و لەدەستنەدانی ئەو دەرفەتانەی كە شەڕی داعش و چارەنووسی مووسڵ لەم قۆناغە مێژووییە هەستیارەدا بۆ كوردیان هێناوەتە كایەوە.
ئەم هەلومەرجە هەستیار و ناسكە ئەوە دەخوازێت كە هەرچی زووترە لایەنە سیاسییەكان، هەركام بەپێی بەرپرسیارێتی خۆی، لەئاست داخوازییەكانی ئەم چركەساتە مێژووییەدا بن و ئەولەویەت بدەن بە چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكە و زەمینەسازكردن بۆئەوەی بەیەك پرۆژە و بە یەك گوتاری سیاسییەوە رووبەڕووی تەحەدیاتەكە ببنەوە و سوود لە دەرفەتەكان وەربگرن. شەڕی مووسڵ و چارەنووسی پارێزگاكەش كاریگەری گەورەی دەبێ لەسەر سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە بەگشتی و ئایندەی باشووری كوردستان بەتایبەتی.