ئەرکێکی گرنگ لەبەردەم نوێنەرانی کورد لە بەغدا

26-09-2018
ئازاد وەڵەدبەگی
نیشانەکردن کورد بەغدا
A+ A-


دەستووری عێراق لە بەندی (1) دا، ئەم وڵاتەی وەک وڵاتێکی فیدراڵی پێناسە کردووە، بەڵام ئەزموونی فیدراڵی لە عێراق و تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئەزموونێکی دەوڵەمەند نییە و مێژوویەکی درێژی نییە. هەربۆیە کولتووری تایبەت بەم سیستەمە، لەم وڵاتەدا وەک پێویست جێگیر و چەسپاو نییە. بەم هۆیەشە کە دەبینین، لە کاتی نووسینەوەی دەستووری عیراقدا، بەشێکی زۆر لەو دامەزراوە و دامودەزگایانەی کە دەتوانن فیدراڵیزم لە وڵاتدا بچەسپێنن، هەموویان دراونەتە دەست داهاتوویەکی نادیار و دەستوور دەڵێت کە بە یاسا ڕێکبخرێن، وەک ڕێکارە جێبەجێکارییەکانی دامەزراندنی هەرێمی نوێ، ئەنجوومەنی فیدراڵی، دادگای باڵای فیدراڵی، دەستەی گشتی بۆ چاودێریی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکان و دەستەی گشتی بۆ گەرەنتیکردنی مافی هەرێمەکان و پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە هەرێمدا. 

هەر کە باس لە دەسەڵاتی یاسادانان دەکەین، یەکسەر بیرمان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران دەچێ، لەکاتێکدا دەستووری عێراق پێکهاتەی دەسەڵاتی یاسادانانی بە دووانەیی داناوە و، لە بەندی (48)ی دەستووردا دەڵێت: "دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدراڵی پێکدێت". هەروا لە بەندی (65)ی دەستووردا هاتووە: "ئەنجوومەنێکی یاسادانان پێکدێت کە بە ئەنجوومەنی فیدراڵی (مجلس الاتحاد) ناو دەبرێت، نوێنەری هەرێم و پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لەناو هەرێم لەخۆ دەگرێت. پێکهێنان، مەرجەکانی ئەندامێتی و دەسەڵاتەکانی و هەرچی پەیوەندیدارە بەم بوارە، بە یاسا و بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕێکدەخرێت". 

ئەمەش شتێکی سەیر یا رێکەوت نییە، چونکە دەسەڵاتی یاسادانان لە زۆربەی وڵاتانی فیدراڵی جووت ئەنجوومەنییە. هەرچەند ئەم بیرۆکەیە، سەرەتا لە وڵاتانی سادەی وەک بەریتانیا سەریهەڵداوە، بەڵام پاشان گوازرایەوە بۆ وڵاتانی خاوەن سیستەمی فیدراڵی. ئەم ئەنجوومەنە، لە وڵاتانی فیدراڵی بە ناوی جۆراوجۆر ناودەبرێت وەک ئەنجوومەنی پیران، ئەنجوومەنی دووەم، ژووری دووەمی پەرلەمان، ئەنجوومەنی یاسادانانی دووەم و ئەنجوومەنی فیدراڵی. ئەگەرچی لەوانەیە جیاوازی لە ناودا هەبێت، بەڵام لەڕووی واتا و ئامانج و ناوەڕۆکەوە یەکن. ئامانج لە پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی لە وڵاتانی فیدراڵی، چەسپاندنی پرەنسیپەکانی بەشداریکردن و نوێنەرایەتی یەکسانی هەرێمەکانە لەناو دەسەڵاتە فیدراڵییەکاندا، ئەویش لە ڕێگەی پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمەکان لەناو دەسەڵاتی یاسادانانی وڵاتدا. هەروا ڕێگە دەگرێت لە سەرەڕۆیی و تاکڕەویی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دەرکردنی یاسا و بڕیاردا. 

لە هەموو سیستەمە فیدراڵییەکاندا جۆرێک لە ململانێی سروشتی لە نێوان دەسەڵاتی فیدراڵی و دەسەڵاتی هەرێمەکاندا هەیە. 
هەریەک لەو دوو ئاستەی دەسەڵات، هەوڵی بەهێزکردنی پێگە و دەسەڵاتەکانی خۆیان دەدەن. ئەنجوومەنی فیدراڵی، وەک بەشێکی گرنگ و کارای دەسەڵاتی یاسادانان، بەو پێیەی نوێنەرایەتی یەکسانی هەرێمەکانی تێدایە، دەتوانێ ڕۆڵی هاوسەنگکردن بگێڕێت و، وەک پارێزەری ماف و بەرژەوەندیی هەرێمەکان دەربکەوێت. سیستەمی جووت ئەنجوومەنی، بە یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی سیستەمی فیدراڵی دادەنرێت، ئەمەش وای کردووە هەندێ کەس بێنە سەر ئەو باوەڕە کە پێویستە هەموو سیستەمە فیدراڵییەکان، دەسەڵاتی یاسادانانی جووت ئەنجوومەنی پەیڕەو بکەن. بەپێی ئامارێک، لە ساڵی 2012 لە کۆی (25) دەوڵەتی فیدراڵی، (19) دەوڵەت خاوەن سیستەمی جووت ئەنجوومەنی بوون، کە دەکاتە (76%)ی دەوڵەتە فیدراڵییەکان.

هەروەک گوتمان بەپێی دەستووری عێراق، دەسەڵاتی یاسادانان جووت ئەنجوومەنییە، هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە دەسەڵاتی یاسادانانی ئەمڕۆی عێراق، دەسەڵاتێکی ناتەواوە و ئەمەش دەبێتە عەیبێکی ڕواڵەتی لە کاتی مومارەسەکردنی دەسەڵاتەکانیدا، چونکە بەپێی دەقی ڕاشکاوی دەستوور، دەبێ ئەنجوومەنی فیدراڵی لە پاڵ ئەنجوومەنی نوێنەراندا هەبێت و، هەردووکیان پێکەوە دەسەڵاتی یاسادانان تەواو دەکەن، ئەمەش وادەکات دەسەڵاتی یاسادانان لە عێراقدا، بچێتە ژێر نیشانەی پرسیارەوە. 

جگە لەمە، لە بەندی (137)ی دەستووردا هاتووە: "ئەحکامی تایبەت بە ئەنجوومەنی فیدراڵی لە هەر شوێنێکی ئەم دەستوورەدا هاتبێت دوادەخرێت، هەتا دەرچوونی بڕیار لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ، پاش خولی هەڵبژاردنی یەکەم کە لە پاش بەرکاربوونی ئەم دەستوورە گرێ دەدرێت".  

بەمجۆرە دەردەکەوێت کە یاسادانەری دەستووری عێراق، هەر لە سەرەتاوە گرنگی بە دامەزراندنی ئەم ئەنجوومەنە نەداوە، چونکە دەبوو هەروەک چۆن دامەزراندن، پێکهاتە و دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لە بەندەکانی (49- 64)ی دەستووردا ڕێکخستووە، ئاواش پێکهاتە، مەرجەکان و دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی فیدراڵیشی لەناو دەقی دەستووردا ڕێکبخستایە. هەربۆیە، بە جێهێشتنی پێکهێنانی ئەم ئەنجوومەنە بۆ یاسا و لە ڕێگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، بۆ خۆی جێی پرسیار و سەرسوڕمانە. چونکە وا گریمانە دەکرێت، کە ئەنجوومەنی فیدراڵی هاوشانی ئەنجوومەنی نوێنەرانە. ئایا گونجاوە دامەزراندنی ئەم ئەنجوومەنە بدرێتە دەست ئەنجوومەنی نوێنەران تاوەکو یاسا بۆ ئەنجوومەنێکی هاوشان و هاوبەش لە دەسەڵاتەکانی خۆی دابنێت. هەروا بەندی (137)ی دەستوور، کە باس لە دواخستنی ئەحکامەکانی تایبەت بە ئەنجوومەنی فیدراڵی دەکات، نیشانەی ئەوەیە کە هەر ئەوکاتیش مشتومڕ و ناکۆکیی زۆر لەسەر ئەم ئەنجوومەنە هەبووە، بۆیە بڕیار دراوە کە دروستکردنی ئەم ئەنجوومەنە دوابخرێت.

سەرەڕای ئەوەی کە پرۆژە یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی پێشتر خراوەتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام تاکوو ئێستا نەیتوانیوە ڕووناکی ببینێت. بەو پێیەی ئەم ئەنجوومەنە، دەتوانێ زامنی مافی هەرێمەکان بێت و بڕیار و یاساکانی ئەنجوومەنی نوێنەران هاوسەنگ بکاتەوە، هەربۆیە پێویستە، نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەوڵی پەسەندکردنی خێرای پرۆژە یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی بدەن و بیکەنە بابەتێکی لە پێشینە لە کار و ئەرکەکانی خۆیاندا و، لە فەرامۆشکردن و پشتگوێخستن ڕزگاری بکەن. بە جۆرێک کە ئەنجوومەنی فیدراڵی، ئەنجوومەنێکی هاوتا و هاوشانی ئەنجوومەنی نوێنەران بێت، نەک ببێتە پاشکۆی ئەنجوومەنی نوێنەران. پەسەندکردنی یاسایەکی لەو جۆرە، هەنگاوێکە لە هەنگاوەکانی چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا کە هەتا ئێستا بە ناتەواوی ماوەتەوە و، ئەمەش بووەتە سەرچاوەی بەشێک لە کێشەکانی ئەم وڵاتە.   

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە