کاریگەریی بازاڕی دراوی سلێمانی لەسەر ئێران

 
لە بازاڕی فیردەوسی، بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەکان لە تاران، نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بەر لەوەی نرخەکانی رۆژ دابنێن، تەماشای رێژەی ئاڵوگۆڕی دۆلار و تمەن لە دوو بازاڕی وڵاتی دراوسێ دەکەن، ئەواونیش عێراق و ئەفغانستانن. لەم نێوەندەدا بازاڕی دراوی سلێمانی بەهۆی پەیوەندیی بەهێزی ئابووری ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان گەورەترین کاریگەری لەسەر بازاڕی ناوخۆی دراوی ئێران دروست دەکات.
 
پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و ئێران کە ساڵانە لەنێوان 10 تاوەکو 12 ملیار دۆلارە، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی سلێمانی ببێتە ناوەندێکی دارایی گرنگ. تەنانەت بەر لە 2003 و لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق دا، بەهۆی چالاکی و ئەزموونی بازرگانانی سلێمانی، بازاڕی دراوی سلێمانی نە تەنیا بووەتە ناوەندێکی گەورەی دارایی لە نێوان دوو وڵات دا، بەڵکو بووەتە ناوەندێکی گەورەی دارایی ناوچەیی.
 
تووندکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، بەتایبەتی لە دوای پاشەکشەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2018 دا، رۆڵی بازاڕی دراوی سلێمانی لە سەقامگیرکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و ئێران زیاتر بووە. نرخی دۆلار و تمەن لە سلێمانی وایلێهاتووە کە بە نرخی دۆلار و تمەن لە هەموو عێراق دادەنرێت.
 
لە سەرەتای ساڵی 2023 ەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ریوشوێنی نوێی گرتەبەر بۆ سنووردارکردنی چوونی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران و، بەردەوام گوشارەکانی بۆ سەر بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ئەو مەبەستە زیادکردووە، بەڵام نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی لە رێگەی سیستمێکەوە کار دەکەن کە بەهۆیەوە خۆیان لەو بەربەستانە پاراستووە. ئەوان رەتیدەکەنەوە کە هیچ بڕە دۆلارێکی کاش لە سلێمانییەوە بچێتە ئێران لە رێگەی قاچاخ یان لە رێگەی دیکەوە.
 
هەناردەی مانگانەی ئێران بۆ عێراق بایی 900 ملیۆن دۆلارە 
 
ئێران مانگانە نزیکەی 900 ملیۆن دۆلار کاڵا و بەرهەم هەناردەی عێراق دەکات. نزیکەی 50٪ـی ئەو بڕە پەیوەستە بە هەناردەی کارەبا و گازی ئێران بۆ عێراق. حکومەتی عێراقیش بەهای ئەو خزمەتگوزارییانە بە دینار لە بانکی بازرگانی عێراق دادەنێت. بە رەزامەندی حکومەتی ئەمریکا، حکومەتی ئێران ئەو پارەیەی کە لە بانکی بازرگانی عێراق هەیەتی و گەیشتووەتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار، دەتوانێت بۆ کڕینی ئەو کاڵایانە بەکاربهێنێت کە ئامانج لە کڕینیان مرۆڤدۆستانەن، وەک دەرمان و خۆراک. لە ساڵی رابردوودا، لەو رێگەیەوە بازرگانانی عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیار دۆلار کاڵایان لەجیاتی ئێران و لە رێگەی بەکارهێنانی سەرچاوە داراییەکانی ئێران لە بانکی بازرگانی عێراق، لە بازاڕە جیهانییەکان کڕیوە و هەناردەی ئێرانیان کردوون.
 
بەڵام 50٪ـی دیکەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەر لە ماددەی خۆراکییەوە بگرە تاوەکو کەرەستەی بیناسازی و پیشەسازی کە مانگانە نزیکەی 450 ملیۆن دۆلار تاوەکو 500 ملیۆن دۆلارە، لە رێگەی کەرتی تایبەتی ئێرانەوە دەکرێت. لەم نێوەندەدا نووسینگەکانی ئاڵۆگۆڕی دراو لە سلێمانی کار بە سیستمێکی سەرنجڕاکێش دەکەن کە نە تەنیا توانیویانە ئاسانکاری بکەن بۆ سەقامگیرکردنی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران، بەڵكو بە گوتەی خۆیان بە چەشنێک کاریان کردووە کە گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێرانیش پێشێل ناکات. رۆژانە بە تێکڕایی نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار لەلایەن کەرتی تایبەتی ئێرانەوە، کاڵا و شتومەک هەناردەی عێراق دەکرێت.
 
سیستمی ئاڵوگۆڕی ڤێرچوواڵ لەنێوان ئێران و سلێمانی
 
کارگە و کۆمپانیاکانی ئێران چۆن پارەی ئەو کاڵایە وەردەگرن کە هەناردەی دەکەن؟
 
گەمارۆکانی سەر ئێران رێگە بە گواستنەوە یان حەواڵەکردنی هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن بانکێکی بیانییەوە بۆ بانکێکی ئێرانی نادەن و، بەهۆیەشەوە رۆژانە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلاری کۆمپانیا ئێرانییەکان لە رێگەی سیستمێکی سەرنجڕاکێش و کاراوە لەلایەن نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و بەتایبەتی لەلایەن نووسینگەکانی سلێمانییەوە چارەسەر دەکرێت.
 
بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەکی کاش بۆ ئێران بگوازرێتەوە یان حەواڵە بکرێت، ئەو سیستمە نموونەیەکە لە داهێنانی سەرنجڕاکێش کە تاڕادەیەکی زۆر کارا و سەرکەتوو بووە. بۆ نموونە، کاتێک کۆمپانیایەکی ئێرانی بایی 600 ملیۆن تمەن، (نزیکەی 10 هەزار دۆلار) ماددەیەکی خۆراکی هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات. بازرگانە کڕیارە عێراقییەکە لە نووسینگەی دراو لە سلێمانی بە دۆلار 10 هەزار دۆلار دادەنێت و حیسابی خۆی لەگەڵ فرۆشیاری ئێرانی پاکتاو دەکات. نووسینگەی دراویش لە سلێمانی هاوبەش یان نوێنەری لە ناوخۆی ئێران دا هەیە و هاوبەشەکەی لە ناوخۆی ئێران بڕی 600 ملیۆن تمەن دەخاتەسەر هەژماری کۆمپانیا ئێرانییەکە.
 
ئەوەی کە دەمێنێتەوە پاکتاوکردنی هەژمار و حیساباتی نووسینگەی دراوە لە سلێمانی لەگەڵ نوێنەر و هاوبەشەکەی لە ناوخۆی ئێران. ئەمە تەنیا روویەکی ئەو پرۆسەیە. کاتێک کارگەیەکی ئێران بۆ هاوردەکردنی کەرستەیەکی خاوی سەرەتایی کارگەکەی، پێویستی بەوەیە کە لە تورکیا، چین، ئیمارات یان وڵاتێکی دیکە ئەو کاڵایە هاوردە بکات، ناچارە دۆلار حەواڵە بکاتە ئەو وڵاتانە. ئاشکرایە ئەو کارە ناتوانیت لە رێگەی بانک و نووسینگەکانی ناخۆی ئێران بکات. لەجیاتی ئەوە، نووسینگەکانی دراو لە سلێمانی ئەو کارە دەکەن.
 
ئەم جارە هاوبەشی نووسینگەکەی دراوی سلێمانی لە ئێران، نووسینگەکەی سلێمانی رادەسپێرێت 10 هەزار دۆلار پارە حەواڵە بکات بۆ تورکیا، ئیمارات یان چین لەجیاتی داواکاری کۆمپانیا یان کارگە ئێرانییەکە و، بەوجۆرەش حیسابەکەی خۆی لەگەڵ نووسینگەکەی سلێمانی پاکتاو دەکات. دیارە ئەمە تەنیا یەک مامەڵەیە، بەڵام سەدان و بگرە هەزاران مامەڵەی بەوشێوەیە لە رۆژێکدا دەکرێن و لە کۆتاییدا سیستمێکی (ڤێرچوواڵ)ی لێکەوتووەتەوە کە بەبێ ئەوەی پێویست بە گواستنەوەی پارەی فیزیکی بکات، بووەتە هۆکار بۆ ئاسانکاری تەواوی کاری بازرگانی لەنێوان عێراق و ئێران دا و تەنانەت زۆر جار ئەو رێگەیە بۆ بازرگانی نێوان بازرگانانی ئێران و بازرگانانی ئیمارات، تورکیا و چین بەکاردێت.
 
نووسینگەکانی دراو لە سلێمانی نەک تەنیا بوونەتە پردی پەیوەندی نێوان بازرگانانی ئێران و عێراق، هاوکات زۆرجار خاڵی بەیەکگەیشتن و پاکتاوکردنی حیساباتی نێوان بازرگانانی ئێرانن لەگەڵ بازرگانانی تورکیا، بازرگانانی ئیمارات و بازرگانانی چین. ئەگەر حیساب و کیتابێک لەنێوان نووسینگەکانی سلێمانی بۆ نموونە و هاوبەشەکانیان لە ئێران مابێتەوە، ئەوا مانگانە و هەفتانە لە زۆر کات دا لە وڵاتانی وەک ئیمارات و تورکیا پاکتاو دەکرێنەوە. بەوپێیەش مانگانە نزیکەی نیو ملیار دۆلار لەلایەن نووسینگەکانی دراوەوە لە عێراق و بەتایبەتی سلێمانی چارەسەر دەکرێت، بەبێ ئەوەی پارەیەکی فیزیکی بگوازرێتەوە و هەموو مامەڵەکان لە راستیدا ژمارەن کە لە ناوی کەسێکەوە یان لە هەژماری بانکی کەسێکەوە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی کەس و کۆمپانیایەکی دیکە.
 
کاریگەریی بازاڕی دراوی سلێمانی لەسەر نرخی تمەن
 
قەبارەی خستنەڕوو و خواست بۆ تمەن رۆژانە لە بازاڕی سلێمانی دەگۆڕێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن لە بازاڕی سلێمانی دا دەکات. خواست و خستنەڕوو بۆ تمەن لە بازاڕی سلێمانی پەیوەستە بەوەی کە لەو رۆژەدا بەبڕی چەند داواکاری هەیە بۆ کڕینی تمەن لەلایەن بازرگانێکی عێراق بۆ ئەوەی حەواڵەی بازرگان و کۆمپانیایەکی ئێرانی بکات، یان بەپێجەوانەوە، بڕی داواکاریی بازرگان و کۆمپانیای ئێرانی بە دۆلار کە پێویستی پێیە بۆ ئەوەی لەجیاتی  ئەو لەلایەن نووسینگەکانی دراوی سلێمانییەوە حەواڵەی وڵاتی سێیەم بکرێت.
 
لەبەرئەوەیە نرخی دۆلاری سلێمانی کاریگەری لەسەر بازاڕی دراوی ناوخۆی ئێران دادەنێت. ئەمە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بەزۆری نرخی دۆلار و تمەن لە بازاڕی سلێمانی، نرخی دۆلار لە ناوخۆی ئێران دەستنیشان بکات. گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار و تمەن لە بازاڕی سلێمانی بەجۆرێک ئاماژەیە بۆ جووڵەی بازرگانیی دەرەکی ئێران لەگەڵ وڵاتانی بیانی و بەتایبەتی دراوسێیەکانی. ئەگەر قەبارەی هەناردەکاری ئێران بۆ وڵاتان، بەتایبەتی هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی وەک چین، ئیمارات، عێراق و تورکیا زیاد بکات، لە بازاڕی دراوی سلێمانی و عێراق خواست بۆ کڕینی تمەن زیاد دەبێت و ئەوەش نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار لە بازاڕی سلێمانی بەرزدەکاتەوە، بەپێچەوانەوە نرخی تمەن دادەبەزێنێت. لە کۆتاییدا جگە لە هۆکاری خواست و خستنەڕوو، کەوشوهەوای دەروونی بازاڕ و ژینگەی جیۆسیاسی کاریگەری لەسەر نرخی دۆلار و تمەن لە بازاڕی سلێمانی و ناوخۆی ئێران دادەنێت. ئاشکرایە کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ نموونە لەسەر بابەتی ئەتۆمی ئەو وڵاتە زیاتر تێکدەچێت، بەهۆی ئەوەوە خواست بۆ کڕینی تمەن و حەواڵەکردنی تمەن لە بازاڕی سلێمانی دا کەم دەبێتەوە و ئەوەش دابەزینی نرخی تمەنی لێدەکەوێتەوە.