ئەورووپا خورمژی دەوێ

26-04-2024
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
 
وڵاتانی ئەورووپا لەسەر شەڕی غەززە وەکو ئەو کابرایەیان لێهاتووە کە لەنێوان مێووژ و خوورمادا ناتوانێت یەکێکیان هەڵبژێرێت. بۆیە داوای خورمژ دەکات. ئەم هەفتەیە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا رەخنەی تووندی لە ئەورووپییەکان گرتووە، بەتایبەتیش لەسەر ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوەی. راپۆرتەکە زۆر تووندە. لە ناخۆشترین دۆخی پاش 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا، ئەڵمانیا و فەرەنسا فریای کوردستان کەوتن؛ بۆیە رەنگە بۆ ئێوە ئەو دووڕووییەی سەبارەت بە ئەورووپا باسی دەکەین جێی بڕوا نەبێت. ئەمجارە روونیدەکەمەوە، بۆچی ئەورووپا وادەکات.
 
یەکێک لە باشیەکانی رووماڵەکانم لە پایتەختە ئەورووپییەکان ئەوە بووە، کە پەیوەندیی فراوانم لەگەڵ بڕیارسازانی ئەو وڵاتانەدا دروستکردووە. ئەم هەفتەیەش پاش بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی ئەمنستی، قسەم لەگەڵ هەندێکیان کرد. یەکێکیان پەرلەمانتارێکی فیدراڵیی ئەڵمانیا بوو، کە لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیە. گفتوگۆی زۆرمان کرد؛ ئەویش یەکێک بوو لەوانەی پێیوابوو چیدیکە ناکرێت ئەورووپا و ئەڵمانیا لە شەڕی غەززە و لەویش فراوانتر لەگەڵ ئێران خورمژیان بوێت، بەڵام بۆیشی روونکردمەوە کە بۆچی ئەورووپا وادەکات.
 
ترسی هەرە گەورەی ئەورووپییەکان لەوەیە، پریشکی ئاگری شەڕ لە غەززەوە بپەڕێتەوە ناوچەکانی دیکە و لەگەڵ ئێران شەڕی گەورەتر دروست ببێت؛ بۆیە هێشتاش وەکو ئەمریکایان نەکردووە، کە یەکسەر بە هەموو شێوەیەک کەوتە پشتیوانی لە ئیسرائیل. ئەورووپییەکان مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەیە. زۆریش پێویستیان بەوەیە، بەهۆی جەنگەوە لەگەڵ ئێران نرخی نەوت بەرز نەبێتەوە. بۆیە زۆر هەوڵدەدەن دۆخەکە نەگەیێندرێتە "مریشکەڕەشە."
 
کێشەیەکی دیکەی وڵاتانی ئەورووپا ئەوەیە، ئێران کارتێکی بەهێزی دۆزیوەتەوە بۆ گوشار خستنە سەریان؛ ئەویش بەوەی ماوەماوە هاووڵاتییەکی ئەورووپی دەستگیر دەکات، دواتر بە رێککەوتنی سیاسی و بەرامبەر دەستکەوتی دیپلۆماسی و دارایی گەورە ئازادیان دەکات. ئێستا لە زیندانەکانی ئێراندا ئەو هاووڵاتییانە هەن. حکومەتە ئەورووپییەکان لەترسی گوشارەکانی شەقامی خۆیان، ناچارن رێککەوتن بکەن بۆ ئازادکردنیان؛ ئەمەش وادەکات هەڵوێستیان بەرامبەر ئێران و لە غەززەش لاواز ببێت.
 
هەرچەندە حاشا لەوە ناکرێت کە لۆبیی ئیسرائیل لە ئەورووپا زۆر بەهێزە، بەڵام زۆرجار وڵاتانی ئەورووپای رۆژهەڵات ناکۆکی دروستدەکەن؛ وادەکەن ئەورووپییەکان یەکدەنگ نەبن لەسەر شەڕی غەززە، یان بەرامبەر ئیسرائیل و ئێران. ئەمەش وادەکات لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بە لاواز و دووڕوو دەربکەون.
 
جگە لەوانە، لە زۆر وڵاتی ئەورووپا جڤاکێکی گەورەی موسڵمان و هەندێکجار دژە ئیسرائیل هەیە، کە ئەویش دەتوانێت گوشار لە حکومەتە ئەورووپییەکان بکات. بەردەوامیش گلەیی ئەوەی هەیە کە ئەو حکومەتانە زۆر پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن و پشتیان لە خەڵکی غەززە کردووە.
 
بۆ منی کورد کە لە ژیانمدا زۆرجار بێ کەسی و بێ پشتیوانیی گەلەکەمم بینیوە، تێدەگەم بۆ کەسێکی سڤیل لە غەززە و هەر شوێنێکی دیکەی جیهان چەندە سەختە کە ئەورووپییەکان پشتیوانییان ناکەن و رێگە لە لەنێوبردنیان ناگرن. هەموو ئەو شتانەمان بە چاوی خۆمان بینیوە. وەکو لە گۆشەکانی جارانی رابردووشدا نووسیومە، کەسێکم دژی شەڕم و پێموایە هیچ جەنگێک خێری بۆ مرۆڤایەتی تێدا نییە. بۆیەش ئەوە جەنگەکانن کە وادەکەن بەهۆی سیاسەتی خورمژەوە گەلە هەڕەشەلێکراوەکان ببنە پاروویەکی چەور و بە قوڕگی نادادپەروەریدا بچنە نێو مێژووەوە. ئەوەی ئەو گەلە هەڕەشەلێکراوانە و گەلەکەی منیش دەپارێزێت هەوڵدانە بۆ بەهێزبوون و خۆخستنە سەر نەخشەی بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکان. هەرچەندە بەداخەوە پێناچێت ئەم تێگەیشتنە لە کوردستان هەبێت، چونکە ئەوەی دەیبینین و دەیکەن، لەجیاتی ئەوەی بەرەو خۆبەهێزکردنمان ببات، لە نغرۆبوونی کەشتییەکەمان نزیکترمان دەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.