چارەنووسی کۆبانێ؛ مەتەڵێک بۆ تورکیا و دووڕێیانێکیش بۆ هەسەدە!

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
دوای نزیکەی 10 ساڵ، جارێکی دیکە کۆبانێ بووەتە خاڵێکی وەرچەرخانی سیاسی و سەربازی؛ ساڵی 2014 ئەمریکا، هێزی پێشمەرگە و تەنانەت تورکیاش هاوکاری یەپەگە بوون بۆ ئەوەی شارەکە نەکەوێتە دەستی داعش. ئێستاش لەم رۆژانەی کۆتایی 2024ـدا، کێشمەکێشێکی گەورە لەنێوان هەسەدە و تورکیا و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی لایەنگری ئەنکەرە لەسەر رووبەرە 7 کیلۆمەتر دووجاییەکەی ئەو شارە لە ئارادایە، کە پێدەچێ کاریگەرییەکەی، پانتایی سنوورەکانی تێپەڕێنێ. لەوانەیە ئەوەش ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ داهاتووی سووریا، پرسی کورد، سیاسەتی تورکیا و گەلێک دەوڵەتی کاریگەر لە مەیدانی نوێی سیاسەت لە شام. ئێستا نادڵنیاییەکی سیاسی و سەربازی لەئارادایە و دیمەنێکی دژیەک سەبارەت بە دۆخی مەیدانیی پێکدادانەکان لە ئارادایە. لەلایەک هەڵوێستی پراگماتیکی گرنگ لە هەردوولاوە بەدی دەکرێت و لەلایەکی دیکەشەوە، هەردوولا چەندینجار ئەو ئاگربەستە لەرزۆکانەیان پێشێل کرد، کە بە گوشاری ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی راگەیێندرابوو. دۆخی کۆبانێ بۆ تورکیا وەک مەتەڵێكی سیاسی لێهاتووە، بەڵام هەسەدەشی هێناوەتە سەر دووڕێیانێکی مێژوویی. لەوانەیە ئەم ناڕوونییەش تاوەکو دەستبەکاربوونی ترەمپ و جێگیربوونی گریمانەیی بنەماکانی دەسەڵاتی جۆلانی لە دیمەشق بەردەوام بێت.
 
تورکیا و مەتەڵی کۆبانی
 
لەدوای رووخانی ئەسەد، کشانەوەی هەسەدە لە تەلرەفعەت و منبج و گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، ئەو هیوایەی لای تورکیا دروست کرد کە لەوانەیە بتوانێت بە هەڕەشە یان شەڕێکی سنووردار، هەسەدە بکاتە دەرەوەی کۆبانێ و تەنانەت هەڵیبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەوە سەرینەگرت و ئێستاش گرتنی کۆبانێ بە شەڕێکی گەورە، بۆ ئەنکەرە وەکو شمشێرێکی دووسەری لێهاتووە. هەر لەبنەڕەتدا ناڕوونییەک لە خواستی راستەقینەی تورکیا لەبارەی هەسەدە و داهاتووی ئیدارەی خۆسەر لەئارادایە. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی 8ـی دیسەمبەر لە دەوحەوە لە وەڵامی رۆژنامەڤانێکی رووداودا گوتبووی ئەگەر هەسەدە خۆی نەگۆڕێ، جێی نابێتەوە و بەوجۆرەش دەرگایەکی بۆ هەسەدە بە کراوەیی هێشتبووەوە. لە رۆژانی دواتریشدا داوای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و دەرکردنی سەرکردەکانی ئەو دامەزراوەیەی لە سووریا کردبوو. بەڵام دواتر کەمتر ناوی هەسەدەی بەکارهێنا و زیاتر باسی پەکەکە و یەپەگەی کرد و پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەشی بە جۆرێک حەواڵەی جۆلانی کرد. ئەمەش لەچاو گوتارەکانی رابردوویدا، نەرمییەک لە هەڵوێستی تورکیا دەردەخات، کە پێدەچیت ئاوەڵە هێشتنەوەی دەرگایەک بۆ دانوستاندنێکی گریمانەییش بێت. چونکە هەسەدە لە کاتی ئەسەدیشدا دەیویست ببێتە بەشێک لە سوپای سووریا هەڵبەت بە هێشتنەوەی دۆخی تایبەتی خۆی. ئەمە بێجگە لەوەی رێکخراوەکانی نەریتیی یەپەگە و پەکەکە ئەزموونێکی زۆریان لە گۆڕینی ناودا هەیە. بە ئەگەری زۆرەوە تورکیا دواجار رازی دەبێت بە قبوڵکردنی هەسەدە ئەگەر بە کردەوە لە قەندیل داببڕێ و چەکی قورسی لە دەستدا نەبێت. ئەمەش واتای ئەوەیە رەنگە تورکیا بیرۆکەی گۆڕانی هەسەدە بۆ هێزێکی محەلی یان وەک بەشێک لە سوپای سووریا بەتەواوی رەتنەکاتەوە.
 
بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ماوەی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووی تورکیا لە هێڵی جەرابلووس- باب، عەفرین و سەرێ کانی، کە یەکیان نزیکەی دوو مانگ، یەکی دیکە هەشت رۆژ و ئەوی دیکەیان نزیکەی 7 مانگی خایاندووە، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێستا سێ لای کۆبانێ گیراوە و پانتاییەکەشی سنووردارە، دەتوانین بڵێین ئەگەر تورکیا بیەوێت، دەتوانێت لەماوەیەکی کەمدا شارەکە بگرێت. لەوانەیە بەهۆی ئامادەکاریی بەرگریی هەسەدە وەکو توونێل و رێکارەکانی دیکەی بەرگری و بەکارهێنانی درۆن، کاری تورکیا ئاسان نەبێت، بەڵام دواجار دەتوانێت، بیگرێت بەڵام وادیارە نایەوێ ئەوە بکات، چونکە:
 
1. پێش هەموو شتێک، هێزە ئەورووپییەکانی وەکو ئەڵمانیا و فەرەنسا دژی ئەوەن و ئەمریکاش شەڕی ناوێ. تورکیا بۆ لەسەرپێهێشتنەوەی حکومەتی دیمەشق، چەندە پێویستی بە پارەی کەنداو بێت، ئەوەندەش پێویستی بە ئەمریکا و ئەورووپایە. رووسیا وەکو یەکێک لە گەرەنتیکارانی ئاگربەستی تورکیا – هەسەدە، لە رۆژانی رابردوودا لە بنکەی ئاسمانیی قامیشلۆش کشایەوە بەوەش، ئێستا ئەمریکا وەک کلیلی سەرەکیی داهاتووی رووداوەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریای لێهاتووە. بەئەگەری زۆرەوە، ئەمریکاش هەتاوەکو دڵنیانەبێت لەوەی ئیدارەی جۆلانی لە سووریا بە چ لەونێک دەبێ، هەتاوەکو دڵنیا نەبێت کە ئایا شەڕێکی نێوخۆیی لە 2025ـدا روودەدات یان نا، نایەوێ هەسەدە هەڵبووەشێتەوە. لانیکەم وادیارە دەیەوێ ئەگەر ئەوەش رووبدات، بە رێککەوتن بێت و کاتیش بخایەنێت. ئەمە بێجگە لەوەی دەیەوێ سەبارەت بە کاریگەریی دۆخی سووریا لەسەر پرسەکانی شەڕی داعش و بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی ئیسرائیل و ئوردن دڵنیابێت. هەڕەشەی ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس بۆ سزدانی تورکیا لەئەگەری هێرش بۆ کۆبانێ، هەروەها راگەیاندنەکەی پێنتاگۆن لەبارەی زیادبوونی ژمارەی سەربازەکانی لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە 900ـەوە بۆ زیاتر لە 2000 سەرباز و رۆیشتنی ژمارەیەک لە سەربازەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ کۆبانێ، گوشارێکی سیاسییە بۆ تورکیا. وادیارە تورکیا نەیتوانیوە ئیدارەی بایدن بە هێرشی کۆبانی و پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە قایل بکات. بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە چاوەڕوانە بزانێ ئایا دەتوانێ هاوشێوەی 2019، لە ساڵی داهاتوودا ترەمپ بۆ کشانەوە لە سووریا قایل بکات یان نا، بەڵام لەو ماوەیەشدا هەوڵدەدات تاوەکو بۆی بکرێت واقیعی دۆخی مەیدانی بە قازانجی خۆی بگۆڕێت.
 
2. وەک وەزیری دەرەی ئەڵمانیاش باسی کردووە؛ کۆبانی ناوێکی رەمزییە لە بابەتی شەڕی دژی داعش دا. هێرشێکی گریمانەیی تورکیا بۆ سەر کۆبانی، کە چاوەڕوان دەکرێت خەڵکێكی زۆر ئاوارە بکات و قوربانیی زۆریشی لێ بکەوێتەوە، دەتوانێت کاردانەوەی رای گشتی دونیای لێبکەوێتەوە. لەدوای لێدوانەکانی مەزڵووم عەبدیش بۆ رەچاوکردنی نیگەرانییەکانی تورکیا و پێشنیازەکانی بۆ دروستکردنی ناوچەی ناسەربازی، رۆیشتنی شەڕڤانە بیانییەکانی نێو هەسەدە، دەکرێ وەک پەکەکە تەرجەمە بکرێتەوە، هەروەها هەوڵەکانی بۆ رێککەوتن لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی دیکە (ئەنەکەسە) شەڕی کۆبانی دەتوانێت لە رووی رەواییەوە بە زیانی تورکیا بشکێتەوە. لەوانەیە ئەمە لە رای گشتیی نێوخۆی تورکیاشدا گرژیی لێبکەوێتەوە، وەک ئەوەی 10 ساڵ بەرلە ئێستاش روویدا.
 
3. بەردەوامیی شەڕ، دەتوانێت بەشێوەیەکی پاردۆکسیکاڵ سەرنجی ئیسرائیل و سەرنجی ئێران و میسر و وڵاتی دیکەش بۆ پرسی کورد لە سووریا رابکێشێت، کە سەرکەوتنی پرۆژەی تورکیا بە قازانجیان نییە. ئیسرائیل بەهۆی حەماسەوە گرفتی لەگەڵ تورکیا هەیە و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش تەنیا لەم مانگەدا دووجارە باسی پەیوەندی لەگەڵ کوردانی سووریا دەکات. عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانیش دووجارە بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێ، رەخنە لە تورکیا دەگرێ و باسی دەرکەوتنی شۆڕشی گەنجانی سووری دژی ئەوان دەکات، کە خۆی بە "پیلانگێڕان" ناوی بردوون. هێشتا دیار نییە کە چی روودەدات، بەڵام لە ئەگەری دەرکەوتنی شەڕێکی فراواندا، زەوینەیەکی گونجاو هەیە بۆ هەسەدە بۆ وەرگرتنی یارمەتیی دەرەکی بۆ درێژەدان بە شەڕێکی پارتیزانی، تەنانەت ئەگەر ئیدارە خۆسەرییەکەیشی لەدەستبدات. تورکیا ئاگای لە کاریگەریی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر پرسی کورد هەیە، بۆیە هەرزوو، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کرانەوە بەناوبانگەکەی بەڕووی ئۆجەلاندا کرد و گوتی 'با بێت لە پەرلەمان قسە بکات.' بێشک عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە تەمەنی 76 ساڵە و ئەگەر لە زینداندا کۆچی دوایی بکات، ئەوسا تەگەرەیەکی ئەمنیی نوێ بۆ تورکیا دروست دەبێت، دەوڵەتیش نایەوێ ئۆجەلان جارێکی دیکە ببێتە پرسێکی ئەمنی. ئەمە بێجگە لەوەی حیسابی دیکەی پەیوەست بە سیاسەتی نێوخۆ لە پشت کرانەوەکەی باخچەلیدا هەبوون، بەڵام هۆکارە سەرەکییەکە، ئەو نیگەرانییانەیە کە تورکیا لە ئەگەری پێدانی یارمەتیی بە پەکەکە لەلایەن هێزە رکابەرەکانی خۆیەوە هەیەتی. شەڕێکی درێژخایەنیش لە سووریا، دەتوانێت ئەو نیگەرانییەی تورکیا زیاتر بکات.
 
دووڕێیانی هەسەدە لە دۆخی نوێی سووریا
 
لەراستیدا بنەماکانی دامەزراندنی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان تەنیا گرێدراوی داینامیکی نێوخۆیی کوردی نەبوو، بەڵکوو دوو رووداوی گرنگ لەوەدا کاریگەربوون؛ رێککەوتنی ئەسەد - پەکەکە لە دوای رووداوەکانی بەهاری عەرەبی و کشانەوەی سوپای سووریا لە ناوچە کوردییەکان، ئەوی دیکەشیان شەڕی دژی داعش بوو. ئەسەد بۆ رێگرتن لە تەشەنەکردنی خۆپێشاندانەکان لە سەرتاسەری وڵات، هەروەها بۆ رێگرتن لە تورکیا کە پاڵپشتییەکی بەهێزی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووری دەکرد، سەرەتا داوای لە حیزبە کوردییەکان کرد بچنە شام و لەگەڵی دا رێکبکەون، بەڵام ئەو کات هەوا بە جۆرێک بوو کە وادەزانرا ئەسەد لە شەش مانگدا دەڕووخێ، بۆیە داواکەیان رەتکردەوە. لەو نێوانەدا پەکەکە بەهۆی پەیوەندییە مێژووییەکەی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی ئەسەد، ئەوەی بە دەرفەت زانی بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی و بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ شام، کە دوای دەرکردنی ئۆجەلان لە 1999 گرفتی تێکەوتبوو. شەڕی دژی داعشیش دەرفەتێکی گەورەتری بۆ هەسەدە دروستکرد تاوەکو بە هاوکاریی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پێگەی خۆی بەهێزبکات و بەشێوەیەکی پراگماتیکانە لە یەک کاتدا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەسەد، ئێران، رووسیا و ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی درێژە پێبدات. 
 
لە دوای رووخانی ئەسەد، ئەو دوو بنەمایەش بەرەو گۆڕان دەڕۆن، بۆیە بەشێوەی سرووشتی بارودۆخی هەسەدەش وەک قۆناخی پێش 27ـی نۆڤەمبەر نامێنێتەوە؛ بەر لە هەمووشتێک مانەوەی پەکەکە لە شێوەی جاران لە سووریا کارێکی ئەستەم دەبێت. مادام دەوڵەتانی وەکو ئێران و سووریا، ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەک حیزبوڵلا و گرووپە چەکدارەکانی عێراق نەیانتوانی خۆیان لە سووریای دوای ئەسەددا بگرن، بەبێ ریککەوتن لەگەڵ تورکیا، مانەوەی پەکەکەش لەوێ کارێکی ئاسان نابێت مەگەر ئەوەی شەڕێکی فراوانی درێژخایەن رووبدات. تاوەکو چەند رۆژ بەر لە ئێستاش بەرپرسانی پەکەکە نکۆڵییان لە ئامادەیی شەڕڤانەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان دەکرد، بەڵام دواجار مەزڵووم عەبدی بۆ خۆی دانی بەوە دانا شەڕڤانی بیانی لەوێ هەن و ئەگەر ئاگربەستێکی پایەدار بکرێت، شەڕڤانە بیانییەکان سووریا جێدەهێڵن. پشتپەردەی ئەم لێدوانەی عەبدی، درکێک بوو بەو مەترسییەی لە سەر ئیدارەی خۆسەر و هەسەدەدا پەیدا بووە. هەروەها دەشێ جوڵەیەکی پراگماتیکانە بێت بۆ قورتارکردنی ئەوەی لە دەستیدا ماوەتەوە. بێجگە لەوەش ئەنجامی گوشارێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمریکایە بۆ نزیککردنەوەی کۆبانێ و تورکیا لە یەکتر. بەگوێرەی سێ سەرچاوەی ئاگادار، لە رۆژانی رابردوودا ئەمریکییەکان زۆر "بەتووندی" قسەیان کردووە و گوشاریان لە هەسەدە کردووە تاوەکو نەرمییەک بۆ رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بنوێنێت. 
 
دۆخی نوێی سووریا پێویستی ئەمریکای بە هەسەدە کەمتر کردووە، بەڵام هێشتا لەنێوی نەبردووە. رەنگە هەر ئەوەش هۆکاری گوشارەکانی واشنتن لەسەر هەسەدە بێت. بەگوتەی چەند سیناتۆرێکی ئەمریکی بێت، تورکیا پێشنیازی ناوچەیەکی ناسەربازی بەدرێژایی سنوور رەتکردووەتەوە و داواکاریی دیکەی هەیە. مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدەش پێشنیازی کردبوو شارەکەی خۆی بکرێتە ناوچەیەکی ناسەربازی. لەمەشەوە دیاربوو لەلایەکەوە روانگەی ئەمریکییەکان و هەسەدە لەسەر پانتایی ناوچە ناسەربازییەکە و لەلایەکی دیکەش لەنێوان هەسەدە - ئەمریکا و تورکیا لەسەر کۆی پرۆسەکە، جیاوازی هەبووە و بەپێی زانیارییەکان ئەمریکاش گوشارێکی زۆری کردووە تاوەکو هەسەدە، لە هەردوو خاڵە سەرەکییەکەی ناسەربازیکردنی ناوچەکانی سنوور بەدرێژایی 30 کم کە سەرۆککوماری تورکیا لە 2019ـەوە داوای دەکات، هەروەها نەمانی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان ئامادەیی هەنگاوی کردەنی پێشانبدات. مەزڵووم عەبدی بۆ ئاگربەستێکی پایەدار پێشنیازی ناسەربازیکردنی کۆبانێی کردبوو، بەڵام سیناتۆرە ئەمریکییەکان زیاتر لە کۆبانێ، باسی ناسەربازیکردنی هەموو سنوورەکە دەکەن. ئەمە بێجگە لەوەی ئەمریکا بەردەوام باسی لەوە؛ کردووە تورکیا نیگەرانیی ئەمنی هەیە، کە دەشێ وەک ناڕەزایی ئەوانیش لە هەبوونی پەکەکە تەرجەمە بکرێتەوە.
 
خاڵێکی دیکە ئەوەیە بەهۆی دۆخی نوێی سووریا، ئەمریکا زیاتر لە جاران پێویستی بە تورکیا دەبێت، بەتایبەتی بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، ئەویش لەکاتێکدا دیمەشق چاوەڕێی سەقامگیربوونی دەوڵەتێکی ئیسلامی - سوننی دەکات لە لێواری سنوورەکانی ئیسرائیل. بێجگە لەوە، ئێستا ئەمریکا کاندیدی دیکەی هەیە بۆ ئەوەی بۆ لەسەر ئەرز شەڕی داعشی بۆ بکات؛ تورکیا و هەتەشە! کە بنەمایێکی سەرەکی بوو بۆ هاوکاری نێوان هەسەدە و ئەمریکا. بیرۆکەی شەڕی داعش بە کۆنە جیهادییەکانی سووریا، بابەتێک نییە بۆ ئەمریکا سەرنجڕاکێش نەبێت. لەماوەی 15 رۆژی رابردوودا ئەمریکا لەگەڵ هێزە عەرەبەکانی نێو هەسەدە لانیکەم دوو هێرشی کردە سەر داعش لە دێرەزوور و رەنگە ئەمەش نموونەیەکی دەگمەنی هاوکاریی راستەوخۆی ئەمریکا و گرووپە عەرەبەکانی نێو هەسەدە بێت، کە لەماوەی رابردوودا هەندێکیشیان جیابوونەتەوە و خۆیان داوەتە پاڵ حکومەتی نوێ لە دیمەشق.
 
خاڵێکی دیکەی گرنگ کە هەسەدەی هێناوەتە دووڕێیانێکی تازە، هەوڵەکانی ئەمریکا و فەرەنسایە بۆ نزیککردنەوەی هەسەدە و باڵە سیاسییەکەی لەگەڵ ئەنەکەسە. ئەمە چەندە لە درێژمەدادا یارمەتیی ئەمریکا، فەرەنسا و رۆژائاوا بەگشتی بدات، کە فاکتەرێکی باڵانسی هێزیان لە دیمەشق هەبێت، ئەوەندەش بۆ لایەنەکانی دیکە گرنگە. بۆ هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر ئەمە هەوڵدانێکە بۆ جێکردنەوەی خۆیان لە سیستمی نوێی سووریا، چونکە ئەنەکەسە رەواییەکی زیاتری لای دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق هەیە. چانسێکیشە بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕ. رەنگە بۆ ئەنەکەسەش واتای ئەوە بێت، بتوانێ بە دەستێکی پڕەوە لە دیمەشق دانوستاندن بکات، چونکە ئەوەی هێزی لەسەر عەرز نەبێت لە دانوستاندنیشدا نایباتەوە. دواجار لەوانەیە تورکیا ئەگەر بەناچاریش بێت، زیادبوونی رۆڵی ئەنەکەسەی بەدڵ بێت، چونکە دواجار بە کەمکردنەوەی رۆڵی پەکەکە لە رۆژئاوا تەرجەمە دەبێتەوە.  
 
چی روودەدات؟
 
لە گریمانەیەکدا، جۆلانی هەتا بەهاری ساڵی داهاتوو هەموو سووریا کۆنترۆڵ دەکات، گرووپە چەکدارەکان لە سایەی وەزارەتی بەرگری رێکدەخات و وڵاتەکەی بەرەو هەڵبژاردن دەبات و دەستوورێکی نوێ ئامادە دەکات، کە مافی کەمینەکانی وەکو کوردی تێدا پارێزرابێت، شەڕڤانانی بیانیش لە سووریا دەردەچن و ئەو وڵاتە دەکەوێتەوە سەر رێڕەوی خۆی! بەڵام لە راستیدا ئەوە خەیاڵێکە بە ئاسانی نایەتەدی. راستە ئێستا بە چەپ و ڕاست دەسەڵاتی دیفاکتۆی جۆلانییان قبوڵ کردووە، بەڵام کەس دڵنیا نییە لەوەی ئیدارەی نوێی سووریا بە چ لەونێک دەبێت. بێجەگە لەوە لە بەهاری 2025ـوە کە رژێمی نوێ وردە وردە بنەماکانی دەسەڵاتی خۆی تۆکمە دەکات، ئەوسا ناکۆکییەکان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتیش زیاتر دەبن. بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە شەڕێکی نێوخۆیی تەنانەت ئەگەر ماوەکەیشی کەم بێت لە چاوەڕوانی ئەو وڵاتەدایە. لە ئەفغانستانەوە بگرە هەتاوەکو عێراق و لیبیا، لەماوەی زیاتر لە دوو دەیەی رابردوودا هەموو گۆڕانەکانی رژێم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، شەڕێکی نێوخۆییان بەدواداهاتووە و پێناچێت سووریاش لەوە بەدەربێت. بێجگە لە فاکتەرەکانی داینامیکی نێوخۆیی، گەلێک وڵاتی دیکەی ناوچەکەش هەن بە دۆخی نوێی سووریا رازی نین، ئەوەش دەتوانێت پڵیتەی گرژییە نێوخۆییەکانی سووریای ئەلشەرع  دابگیرسێنێت.
 
هەسەدە و ئیدارەی خۆسەریش دوو رێگەیان لەبەردەمدایە؛ یەکەمیان ئەوەیە خۆیان لەگەڵ دۆخی نوێی سووریا بگونجێنن و بە یارمەتیی ئەنەکەسە- هەولێر لەگەڵ جۆلانی دانوستاندن بکەن، هەروەها بەیارمەتیی ئەمریکا، فەرەنسا، هەولێر و رەنگە ئۆجەلانیش، دەرگایەک لەگەڵ تورکیا بکەنەوە. ئەوەش پێویستی بە لانیکەم دابڕانێکی نەرمی هەسەدە لە "شەڕڤانە بیانییەکان"ـییەتی. دووەمیشیان ئەوەیە هەروا بەردەوام بێت و چاوەڕێی دەرکەوتنی شەڕێک بێت کە درەنگ یان زوو فراونتر ببێت. لەم حاڵەتەشدا، بە ئەگەری زۆرەوە ئیدارە و دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنی خۆی لە ماوەی 6 مانگدا لەدەستدەدات، بەڵام  لەوانەیە پاڵپشتیی دەرەکی بۆ شەڕێکی پارتیزانیی درێژخایەن مسۆگەر بکات.
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەبوبەکر عەلی

چەند رۆژێکی یەکلاییکەرەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان

لەلایەکی دیکەوە، تورکیا جیاوازە لە ئێران و رووسیا، ئەگەر هەندێک حکومەتەکەشی لای هەندێ ناوەند نەخوازراو بێت، وەك دەوڵەت ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ئەمریکایە، پەیوەندیی دیپلۆماسی و بازرگانی و سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل دا هەیە و دەتوانێت زۆر شتی بۆ بکات کە بە هێزی دیکە ناکرێت. زۆرینەی سوننەی عەرەبی سووریا بە رزگارکەری خۆیانی دەزانن، لانیکەم لەم قۆناخەدا. ‎هەر بۆیە بانگەوازەکەی ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە بۆ جیهان بۆ ئەوەی هاوشێوەی جاران واتە بەرگریکردن لە کۆبانێ دژ بە داعش، بەرامبەر سوپای ئازاد و تورکیاش پشتیوانیان بکەن، زۆر گوێگری نابێت.