لە (دەنگی من)دا چییان دەگوت؟

 
ئەم مانگە سەرقاڵم بە تۆمارکردنی بەرنامەی (دەنگی من). بەرنامەيەک کاتەکەی 12 خولەکە و لە رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەبێتە میوانی ماڵەکانتان، لە هەرچوار بازنەکەی هەڵبژاردن دەیان شار و شارۆچکەم کرد و لەگەڵ هەزاران دەنگدەر قسەم کرد، گەنج و پیر، ژن و کچ قسەیان لە بەرنامەکە کردووە و راوبۆچوونی خۆیان شەنوکەو کردووە.

بەرنامەی (دەنگی من) بەرنامەیەکی نوێیە، تیشکمان خستووەتە سەر چیرۆکە تایبەت و جیاوازەکانی دەنگدەران لە کوردستان. لەم بەرنامە 12 خولەکییەدا هەوڵمان داوە روانگەیەکی قووڵ و مرۆیی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن پێشکێش بکەین. لەهەر ئەڵقەیەکدا، دەنگدەرێک میوانی بەرنامەکەیە باس لە ژیانی خۆی، هەستی بۆ کوردستان، بیرەوەرییەکانی و بیروباوەڕەکانی دەکات. (دەنگی من) وێنەیەکی راستەقینە و کاریگەر لە دەنگدەران و بۆچوونەکانیان پێشکێش دەکات.
 
زۆربەی ئەو کەسانەی بوون بە میوانی بەرنامەکە، بەپەرۆش بوون بۆ دەنگدان و بەشێكیشیان دوودڵ و هەندێكێش بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن، هەندێ لەو میوانانەم لە دەنگدانی رابردوویان پەشیمان بوون، پێیانوابوو ئەو کەسەی دەنگیان پێدا خاوەن بەڵێنی خۆی نەبووە و تەنانەت دوای دەنگدان بە لای خەڵکەکەدا نەچووەتەوە و تا ئەو رادەیەی وەڵامی تەلەفۆنی خەڵکیشی نەداوەتەوە، زۆربەیان بۆ ئەم جارە دەڵێن دەبێت زیاتر بیر لە دەنگەکەمان بکەینەوە و نایەڵین وەکو خولەکانی پێشووی پەرلەمان بە رەچاوکردنی سۆزی حزبی و خزمایەتی دەنگ بدەین، بەڵکو دەبێت بەربژێرەکە خاوەن کارنامەیەکی تۆکمە بێت.
 
بە بەراورد بە خولەکانی پێشووی پەرلەمان، زۆرن ئەو دەنگدەرانەی بیر و رای سیاسی رەچاو ناکەن و کاریان بە بەربژێرێکی باشە، کە دەنگیان بگەیێنێت و ئەوانیش دەنگی پێبدەن، گلەیی و گازەندەی زۆریان لە بانگەشەکانی رابردوو هەبوو، بۆ ئەم جارەش گوتارەکانی پێش بانگەشە بە دڵی ئەوان نییە و لایان وایە لەبری خستنەڕووی کارنامەیەکی باش و راکێشانی سەرنجی دەنگدەر، شکاندنی یەکترە و هەڵدانەوەی پەڕەی مێژووی یەکترن بە خراپە، هیچ کەسم نەبینی لەگەڵ ئەم جۆرە بانگەشەیە بێت و هەموویان داواکار بوون بانگەشە لەم فۆڕمەی ئیستا بچێتە دەرەوە و بەربژێری لایەنە سیاسییەکان لە بری ریزکردنی قافلەی ئۆتۆمبێل و دروستکردنی ژاوە ژاو و شەڕە پەڕۆ، بتوانن دیبەیت بکەن و باسی کار و پڕۆژە و بەرنامەی چوار ساڵی داهاتوویان بکەن.
 
پێشنیازی جوانی دەنگدەر گەلێک زۆر بوون، زیاتر خوازیار بوون بەربژێر ئەو بەڵێنانە بدات، کە لەکاتی بوونی بە ئەندامی پەرلەمان بتوانێت جێبەجێیان بکات، نیوەی بەرنامەی (دەنگی من) میوانەکانم ئافرەتن، ئەوان بە گلەیی دیکە لە رەگەزی بەرامبەر، پێیان وابوو بەربژێران تاوەکو ئیستا خاوەن کارنامەیەکی پوخت و تۆکمە نین لە بواری ژناندا و کەمتر پڕژاونەتە سەر ئەو بابەتانەی بۆ ژن گرنگە، ئەوان دەخوازن لە چوار ساڵی ئایندەدا ژمارەیەک یاسا لە بەرژەوەندی ئەوان دەربکرێت و ژنی زیاتر بێتە نێو دەسەڵات.