بارزانی و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ تاكی كورد

دوو ساڵ بەسەر یەكێك لە گەورەترین رووداوە مێژووییەكانی گەلی كورد تێپەڕی، كە گشتپرسیی سەربەخۆیی كوردستانە لە باشووری کوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بێئەوەی بەهۆی ئەم كارەوە پەنجەی كەس خوێنی لێبێت، جەنابی سەرۆك بارزانی داكۆكیكار و ئاڵاهەڵگری ئەم پرسە چارەنووسسازە بوو بە پاڵپشتی هەندێك لایەنی كوردستانی و خەڵكی سەربەخۆخواز و نیشتمانپەروەر.
 
دوو ساڵ بەر لە ئێستا تاوەکو كاتی گشتپرسی فشارەكان زیاتر دەبوون لە ناوخۆ و دەرەوە، بۆ دواخستن و ئەنجامنەدانی، بەڵام سەرۆك بارزانی لە دواینجاردا رایگەیاند "ئەم بابەتە لەدەست من و حیزبەكانیشدا نەماوە و خەڵکی كوردستان دەیانەوێت ئەم بڕیارە بدەن و چارەنووسی خۆیان دیاریبكەن".
 
وڵاتانی دەرەوە و ئەو لایەنانەی دەهاتن و داوای دواخستنیان دەكرد و هەندێك لایەنی ناوخۆ سەرسامی بەڵێنەكانی ئەوان بوون و پێیانوابوو ئەو بەڵێنانە بۆ كورد بەرهەمداردەبن، كەچی ئێستا گشتپرسی كراوە و ئەوانەی بە ئێمەیان دەگوت دوایبخەن هەندێكیان هەر بە یەك توویت لە توویتەر لە كارەكانییان دوورخرانەوە، بەڵام ئێمە ئیرادەمان نەشكا و بە هەموو دونیامان گوت ئاڵا و خاك و نیشتمانی خۆمانمان هەیە و نامانەوێت لەسایەی كەس بژین.
 
سەرۆك بارزانی بە ئەنجامدانی گشتپرسی كەسایەتی تاكی كوردی لەو شكان و بەكەمزانینە دوورخستەوە كە چەندین ساڵ بوو دووژمنانی كورد بە پلان و بەرنامەی ورد بۆمانیان دروستکردبوو، لە هەر چوار پارچەی كوردستان، متمانە بەخۆبوونی بۆ ئێمە گەڕاندەوە و بە هەموو دونیای گوت چەكی ئیرادە كاریگەر و بەهێزە و ناشكێت.
 
لە پرسی گشتپرسیی سەربەخۆیی بەشێكی زۆری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی بانگەشەكاری دیموكراسی و مافی مرۆڤ بێویژدانانە پشتیان لە هەموو ئەو بەهایانە كرد كە هەمیشە شانازی پێوە دەكەن و گەواهیدەری پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و هەوڵی قڕكردنی ئێمەبوون.
 
ئێمە بە ئەنجامدانی گشتپرسی شكستمان نەخوارد، نەشكاین، تەنها خیانەتێكی ناوخۆیی كەمێك هێواشیكردینەوە و ئێستاش لە سایەی هەوڵ و كاریگەری سیاسی بارزانی گەڕانەوەی سەربەرزانەمان بۆ ئەوناوچانە نزیكە.
 
لەم كاتەدا كە دوو ساڵ بەسەر ئەم رۆژە مێژووییە تێپەڕیووە، حكومەتی عێراق و سیاسەتڤانانی بەغدا دەبێت گەشتبنە ئەو باوەڕە و بزانن لەگەڵ كورد جگە لە رێكکەوتن و خوێندنەوە و حسابكردن بۆ گەلی ئێمە، هیچی دیكە سوودی نابێت بۆ هیچ لایەك، چونكە ئەوان لە عێراقی نوێدا لە مووچە بڕین و فشار و گەمارۆی نێودەوڵەتی و تەنانەت شەڕیشدا ئەوەیان دەستنەكەوت كە خۆیان دەیانویست، ئێستاش كە ئێمە و ئەوان لە قۆناخێكی جیاوازداین و خوازیاری ئەوەنین بگەینە بنبەست و جیا لە رابروو بەعەقڵیەتێكی تازە بەو پەڕی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن و لەسەر ئەو ناكۆكییانەی هەن چارەسەری دوولایەنە بدۆزینەوە.