رادەستكردنی نەوت؛ بووژانەوە یان پووكانەوەی هەرێمی كوردستان؟
سەرەڕای ئەو تێبینیانەی هەمانە لەسەر پیشەسازیی نەوت و فرۆشتنی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام پیشەسازیی نەوت رۆڵێكی یەكجار گەورەی بینیوە لە بووژانەوەی سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسی ئەم چەند ساڵەی هەرێمی كوردستاندا. وەبەرهێنان لە پیشەسازیی نەوت و دواتریش فرۆشتنی، لەڕووی سیاسیەوە هەرێمی كوردستانی خستە سەر نەخشەی وزەی جیهان، بە جۆرێك كە لە هاوكێشە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكاندا حساباتی تایبەتی بۆ بكرێت. تا ساڵی 2013 هەرێمی كوردستان توانی 60 گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكانی بواری نەوتدا واژۆ بكات.
بۆیە زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێم بەشێكی زۆری ئەو كرانەوە دیبلۆماسیەی لە 2008 تا 2014، لە هەرێمی كوردستان روویدا پێوەندی بە فاكتەری وزە بە تایبەتیش وەبەرهێنانی نەوتەوە هەبوو.
كاركردنی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی وەك ئێكسن مۆبیل و شیڤرۆن و گەنەڵ ئینێرجی و دی ئێن ئۆ.. تاد، جگە لە حساباتی ئابووری، ئیلتیزاماتی سیاسی و سەربازی و ئەمنیشی بەسەر ئەو وڵاتە بەرهەمهێنانەدا فەرز كردووە لە سیاسەت و هەڵوێستیان بەرامبەر هەرێمی كوردستان. ئەو چەند ساڵەی دوای 2003 سەردەمێكی زێڕین بوو بۆ گەشەكردن و پەرەپێدانی توانا ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان، هەرچەندە جگە لە سێكتەری نەوت لە سێكتەرەكانی تردا نەیتوانی وەبەرهێنان بكات.
بەڵام نابێت ئەوەش نادیدە بگرین كە وەبەرهێنان لە سێكتەری نەوت و وزە بووە سەرەتایەكی نوێ بۆ پیشەسازیی نەوت لە هەرێمی كوردستان. كاریگەریی سێكتەری نەوت لەسەر پێگەی سیاسی هەرێمی كوردستان بە ئاشكرا دیارە. لە چركەساتی هاتنی داعش بۆ عێراق و نزیكبوونەوەیان لە هەولێر، گوشاری كۆمپانیا نەوتییەكان لەسەر وڵاتەكانیان بوو كە دواجار واشنتن و چەند وڵاتێكی تری هێنایە سەر خەت تاوەكو بەخێرایی داعش بوەستێنن. راستە پرسی ئاسایش و مرۆیی پاڵنەری سەرەكی بوون بۆ وەستاندنی داعش و راگرتنیان، بەڵام پرسەكانی وزە و ئایندەی پشكی كۆمپانیا جیهانییەكانیش لە هەرێم رۆڵی هەبوو لەو بڕیارە گەورەیەدا . ئێستا كە هەرێمی كوردستان كەوتووەتە دۆخێكی ناهەموار بەهۆی پشتبەستنی لە رادەبەدەری بە نەوت، پاشەكشەیەكی زۆری كردووە لەو هەنگاوە سەرەتاییانەی پیشەسازیی نەوت.
ئێمە نابێت ئەوە لەبیر بكەین كە وەبەرهێنان لە بواری نەوت یەكێك بووە لە گەورەترین هەنگاوە سیاسی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە دوای 2003. وزە كارتێكی گەورەی دەستی هەرێم بوو لە ململانێی لەگەڵ بەغدا، بەڵام بە رادەستكردنی فرۆشتن و داهاتی بە بەغدا ئیتر ئەو كارتەش خەریكە لەدەست دەچێت. ئەمەش لەڕاستیدا پێوەندی بە خراپ بەكارهێنانی سەرچاوە مرۆییەكان و ئیدارەدانیان هەیە لە كوردستان كە بەداخەوە نەكرا وەك خۆی سوودی لێ ببینن، نەك لەبەر ئەوەی كە هەنگاوی وەبەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی كارێكی هەڵە بێت، چونكە هەرێمی كوردستان وەك ئەكتەرێكی نادەوڵەتی دۆخی جیاوازە لە كارەكتەرێكی دەوڵەتی، كوردستان لە یەك كاتدا پێویستی بە پەرەپێدان بە توانا سیاسییەكان و توانا ئابوورییەكانیش هەیە، ئەم توانایانە بە تایبەتیش پەرەپێدانی توانای سیاسی و دیبلۆماسی لە سێبەری عێراقدا زیاتر بەرەو پووكانەوە دەچن نەك بەرەو بووژانەوە، چونكە دۆخی سیاسی و دەستووری رێگرە لە هەڵكشانی سیاسی و دیبلۆماسی پێگەی هەرێمی كوردستان.
رادەستكردنی نەوت بە بەغدا دەبێتە هۆی پووكانەوەی كەرتی وەبەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان كە دواجار لەدەستدانی كڕیارەكان و بازاڕەكانی ساغكردنەوەی نەوتیشە. بۆیە وا باشە تەنیا داهاتی فرۆشتنی نەوت رادەستی بەغدا بكات نەك پرۆسەی فرۆشتنەكەی. خۆی مامەڵە بە فرۆشتنی نەوت بكات و پارەی 250 هەزار بەرمیل بداتە بەغدا بۆئەوەی لە بازاڕی فرۆشتنی وزە دانەبڕێت. هەڵبەتە گفتوگاكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر پێوەندیە سیاسییەكانی هەولێر و بەغدا. بەڵام هەڵەیە گەر پێمان وابێت كێشەی نێوان هەردوولا بە رادەستكردنی چەند هەزار بەرمیلێك نەوت چارەسەر دەبێت، چونكە چەندین پرسی تری تایبەت بە دیاریكردنی رێژەی بودجە و كێشەی ناوچەكانی ماددەی 140 و پشكی هەرێم لە قەرزەكانی عێراق و بە پێچەوانەوەش بەرپرسیارێتی بەغدا لە دانەوەی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان خەریكە دەبنە كێشەی درێژ خایەن.
بە تێپەڕبوونی كات، كێشەی پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا قووڵتر دەبێت، چونكە پرسی بەستنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بە ژمارەی دانیشتووان سەرچاوەی زۆر لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت لە ئایندەدا. واتا لەگەڵ بەردەوامیی بەرزبوونەوەی رێژەی لەدایكبوون لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق و نزمبوونەوەی لە هەرێمی كوردستان، جیاوازیی ڕێژەی كورد و عەرەب تا دێت فراوانتر دەبێت. ئەوە لە كاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان راهاتووە هەمیشە بە رێژەی 17٪ مامەڵەی لەگەڵ بكرێت لە دابەشكردنی داهاتدا، بەڵام بە پشتبەستن بە ئاماری زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ماوەی 10 ساڵی تردا، كورد لەوانەیە تەنیا 10 - 12٪ی دانیشتووانی عێراق پێكبێنێ.
دوای 10 ساڵی تر ژمارەی دانیشتووانی عێراق دەگاتە نزیكەی 50 ملیۆن كەس، ئەوكات بە دڵنیاییەوە زۆرینەی شیعەكان داوای دوو لە هەر سێ پۆستە سیادییەكەی عێراق دەكەن، واتا سەرۆكایەتی حكومەت و سەرۆكایەتی كۆمار، بەتایبەت لەگەڵ جیاوازیی دەركەوتنی ئاراستە و لیستە سیاسییە پۆپۆلیستە عێراقییەكان كە لە رێگای دژایەتی هەرێمی كوردستانەوە كار لەسەر هەڵكشانی كێرڤی سیاسیی خۆیان دەكان. ئەوكات پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا كورد ڕازی دەبێت پۆستەكانی لە حكوومەتی عێراق بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی كەم بكرێتەوە، كە بێگومان كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانیشی بەدوادا دێت؟
عێراق بە گەشەكردنێكی خێرای دانیشتوواندا تێدەپەڕێت. 40٪ی دانیشتووانی ئێستای عێراق لە دوای 2003 لەدایك بوون، ئەمانە لە ماوەی چەند ساڵێكی تردا دەچنە ناو هێزی كار. بەشی زۆری دانیشتووانی عێراق لەدوای جەنگی كوێت لەدایك بوون، واتا لە دوای ساڵی 1991. تا ساڵی 2030 ژمارەی دانیشتووانی عێراق دەبێتە 50 ملیۆن كەس، واتا دوو ئەوەندەی ژمارەی دانیشتووان لە كاتی رووخانی رژێمی سەدام لە 2003. ئەم جۆرە ئاماژانە پێماندەڵێن كە هەرێمی كوردستان تا زووە دەبێت سەرچاوەی زیاتر بۆ دارایی خۆی بدۆزێتەوە، چونكە داهاتی كورد لە عێراق تادێت كەم دەكات، تا دێت ئەو دەنگانەش زۆر دەبن كە داوای كەمكردنەوەی بەشی داهاتی هەرێم دەكەن لە عێراق. نوخبەی سیاسی شیعەكان باش دەزانن ئەوەی هەرێمی كوردستانی بە بەغداوە بەستووەتەوە ئەو چوارچێوە سیاسیە نێودەوڵەتیەیە كە ئێستا رێگا بە جیابوونەوەی دەوڵەتێكی تر نادات لە عێراق. لەگەڵ ئەو بەشە بودجەیەی كە هەرێم لە بەغدای دەستدەكەوێت، ئەگینا هەولێر و بەغدا تا دێت لای یەكتر رەزاقورستر دەبن.
پرسی رادەستكردنی نەوت پێدەچێت سەرئێشەی زۆر بۆ ستافی حكومەتی تازە دروستبكات، چونكە لەژێر گوشارێكی زۆری چاكسازی و پاكسازیدان و ئومێدیان لای خەڵك دروستكردووە، ئەم هەنگاوەش بەبێ رادەستكردنی داهاتی نەوت بە بەغدا و دابینكردنی مووچەی مانگانە كارێكی سەخت دەبێت.
رادەستكردنی نەوت كۆتایی قۆناغی باڵادەستیی هەرێمە لە بواری پێوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەكاندا و سەرەتای قۆناغی لاوازبوونی هەرێمی كوردستانە بەرامبەر بەغدا، بەجۆرێك كە ئەستەمە هەرێمی كوردستان ئەو پێگەیەی جارانی بمێنێ، بە تایبەتی پێوەندییەكانی لەگەڵ دراوسێ نزیكەكانی وەك ئێران و توركیا دەچنە قۆناغێكی ترەوە.