جنۆكه چۆن له ناوی خوا ده‌سڵه‌مێته‌وه، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ده‌وروبه‌ری ئێمه‌ش به هه‌مان شێوه، له پێوه‌ندیی كورد و ئیسرائیل تۆقیون! خۆ ناهه‌قیشیان نییه؛ ئه‌و دێوه‌زمه‌یه‌ی ئه‌وان له ئیسرائیلیان دروست كردووه، هه‌ر بۆ ترس و تۆقین باشه. جا خۆشه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه له‌ناو عهرهبانیشدا، ڕوانگه‌یه‌كی مێژوویی هه‌یه كه ڕه‌چه‌ڵه‌كی كورد ده‌باته‌وه سه‌ر جنۆكه و دێوودرنج! شه‌ره‌فخانی بەتلیسی باسی هێندێك مێژوونووس ده‌گێڕێته‌وه كه كورد به به‌ری جووتبوونی به‌شه‌ر له‌گه‌ڵ دێوودرنج ده‌زانن! ئینجا وه‌ره دێوه‌زمه‌ی جوو لەگەڵ جنۆكه‌ی كوردی ده‌ست تێكه‌ڵ بكه‌ن –به‌ڕاستی نعوژ بالله!
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌و به‌یت و بالۆرانه گه‌ڕێین، مه‌سه‌له‌ی پێوه‌ندیی كورد و جوو، باسێكه ده‌هێنێ به‌پشوویه‌كی درێژتره‌وه لێی ڕابمێنین. ئه‌وه‌ی كێچی خستووەته ناو كه‌وڵی ئه‌و ده‌وڵه‌ته نه‌یارانه‌ی كورده‌وه، ته‌نیا ڕه‌هه‌ندی سیاسیی پێوه‌ندیی كورد و جووەکانە. به‌ڵام به تێفامینهوهی من، ئه‌و پێوه‌ندییه له‌سه‌ر ئاسته پاڕادایمییهكهی بایه‌خه‌كه‌ی یه‌كجار زۆرتره. به ده‌ربڕینێكی تر، به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئیسرائیل به چ مه‌رام و مه‌به‌ستێك خۆی له كوردستان هه‌ڵده‌سوێ و، خه‌ڵكی تر چ خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌یه ده‌كه‌ن، ئیسرائیل و چیرۆكی ده‌وڵه‌تسازی و ده‌وڵه‌تداریی جوو، هه‌نبانه‌ی وانه‌ی به‌نرخ و پڕ بایه‌خن بۆ كورد و كوردستانی ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ. من له‌م نووسینه‌دا ته‌نیا لوێچێك له‌و وانانه ده‌خه‌مه‌ڕوو.
خه‌ونێكی ناشاعیرانه
ئه‌وانه‌ی كتێبی ''ده‌وڵه‌تی جوو''ی تیۆدۆر هێرتزلیان خوێندبێته‌وه، ڕه‌نگه ئه‌و باوه‌ڕه‌یان هه‌رزوو لاچهسپیبێ كه پلان و به‌رنامه‌ی سیاسی و ئابووریی ستراتیژیك، بڕبڕه‌ی پشتی خه‌ونه گه‌وره‌كه‌ی هێرتزل-ی باوكی ناسیۆنالیسمی جوو بووه. كتێبی ''ده‌وڵه‌تی جوو'' ساڵی 1896 نووسرا و ده‌وڵه‌تی جووش ڕێك نیو سه‌ده دوای مه‌رگی ناوه‌ختی هێرتزل، دامه‌زرا. ئه‌و كتێبه له سه‌روه‌ختی نووسینیدا، ته‌نیا وه‌ك خه‌ون و خه‌یاڵ ده‌چوو (هێرتزل ده‌یگوت؛ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر عه‌ردی مهوعوودی خۆشمان نه‌كرا، ئه‌وا له ئارژانتین یان ئالاسكا، زهمینێكمان پێ بده‌ن، با ده‌وڵه‌تێكی بۆ خۆمان لهسهرچێ بكه‌ین!). به‌وه‌شه‌وه، له زۆر بڕگه‌دا مرۆڤ واهه‌ست ده‌كا، مێژووی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌می بیسته‌م، به قه‌ڵه‌می ئیراده و مشووری جووه‌كان نووسراوه، تا خه‌ونه‌كه‌ی هێرتزل، وه‌ك خۆی، بهێندرێته دی. ده‌وڵه‌تی جوو، به‌رهه‌می خه‌ونێك بوو، به‌ڵام نه‌ك ''خه‌ونی شاعیرانه''، به‌ڵكو خه‌ونێك كه هه‌یكه‌لی به پلان و به‌رنامه‌ی ستراتیژیكی ئابووری و سیاسی درێژخایه‌ن و شێلگیرانه، ڕاست كرایه‌وه.
هه‌مووشتێك بۆ یه‌ك شت: په‌ناگایه‌ك
ئه‌وه‌ی كه جووەکان، پشتبه‌ستوو به ده‌قی ته‌ورات، خۆیان پێ ''قه‌ومی هه‌ڵبژێردراوی خودا''یه، به‌دڵنیاییه‌وه كاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كۆنه‌ستی ئه‌و قه‌ومه ههلاههلاكراوهی مێژوو، بۆ پارێزگاری له ناسێنه‌ی هاوبه‌ش و، هه‌وڵی لێبڕاوانه‌یان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه ''باشترین و سه‌ركه‌وتووترین'' بن، هه‌بووه. هۆكاره‌كه‌ی هه‌رچی بێ، ناوی جوو و هه‌وڵی شێلگیرانه، دوانه‌یه‌كی مێژوویین. ئه‌م ئیرادهگهرییه له سه‌روه‌ختی جۆشخواردنی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆناڵیستیی جووه‌كان له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا گه‌یشته چڵه‌پۆپه‌ی خۆی. گرووپه زایۆنیسته‌كان گوته‌نی، پێویستیی پێكهێنانی ''په‌ناگایه‌ك'' یان ''ناوه‌ندێكی نه‌ته‌وه‌یی'' بۆ جوو، ئه‌و ئامانجه هاوبه‌شه بوو كه هه‌موو هێڵه زاڵه‌كانی جوو، له ناسیۆناڵ بورژواكانیانهوه بگره تا سه‌ندیكا كرێكارییهكانیان، له‌سه‌ری هاوڕابوون. ئه‌وه یه‌كێتیی ئامانج بوو، گه‌لێكی هه‌لاهه‌لای پێ كۆكرایه‌وه.
كاتێك له هه‌ڕه‌تی شه‌پۆلدانی جوونهیاری (ئانتی سیمیتیزم) له ئه‌وروپای ساڵانی سییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، ڕۆزڤێڵتی سه‌رۆككۆماری ئه‌وسای ئه‌مریكا، نه‌خشه‌ڕێگای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی خسته به‌رده‌م ناوه‌نده به‌هێزه‌كانی جووی ئه‌و وڵاته، جووه‌كان ده‌ستبه‌جێ ڕه‌تیانكرده‌وه. پێشنیاره‌كه‌ی ڕۆزڤێڵت، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێك له ئالاسكا، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی جووی ئەوروپا و پاراستنیان له‌و كاره‌ساتانه بوو كه پێشبینیی قه‌ومانیان ده‌كرا. كه‌چی ئه‌وان ته‌نانه‌ت هاڕۆڵد ئێكس-ی وه‌زیری ناوخۆی ئه‌وسای ئه‌مریكایان خسته ژێرگوشار تا ڕۆزڤێڵت وادار به پاشگه‌زبوونه‌وه له بیرۆكه‌ی نیشته‌جێكردنی جووه‌كان له ئالاسكا بكات. ویستی ڕێبه‌رانی جوو ته‌نیا یه‌ك شت بوو: ''په‌ناگای جووه‌كان ده‌بێ فه‌له‌ستین بێت، ته‌نیا فه‌له‌ستین''. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر ڕابه‌ڕانی زایۆنیستیی ئه‌و ڕۆژگاره ملیان بۆ ئه‌و پێشنیاره‌ی ڕۆزڤێڵت ڕاكێشایه، قڵتوبڕی جوو به‌ده‌ستی نازییه‌كان هه‌رگیز ڕووی نه‌دابا. نرخی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی جوو له ''سه‌رزه‌مینی به‌ڵێنپێدراودا''، گه‌لێك هه‌ڵكشا. به‌ڵام دواجار ئیراده‌ی جوو مۆركی خۆی به‌ناوچاوانی مێژووی دنیاوه چه‌سپاند.
پیشه‌سازیی به‌زه‌یی
ئه‌وەی كه ئایا ڕێبه‌رانی گه‌لێكی ڕزگاریخواز تا چه‌نده مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه ''نرخی ئازادی'' بۆ گه‌له‌كه‌یان به‌رزبكه‌نه‌وه، پرسیارێكی ئه‌خلاقییه كه ده‌كرێ زیاتر له وه‌ڵامێكی بۆ ببینینه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی لێرەدا جێی پرسیاره، ته‌نیا چۆنایه‌تیی كاره‌ساته‌كان نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌شه كه ئاخۆ ڕێبه‌رانی سیاسیی چه‌نده قه‌دری قوربانیی كاره‌ساته‌كان و خه‌ساره‌ت و قوربانیدانهكانیان له‌به‌رچاو ده‌مێنێ. ئه‌مه ئه‌و چیرۆكه مه‌زنه‌ی تره كه ده‌شێ له جووهكانەوە فێری ببین. هۆلۆكۆست و كۆمه‌ڵكوژیی جوو، به‌ڵگه‌ی گه‌وره‌ی مه‌شرووعیه‌تدان به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل نه‌بوو، به‌ڵكو كردیان به‌و به‌ڵگه‌یه! با لێرەدا لێزانی و شێلگیریی ڕێبه‌رانی سیاسی له‌به‌رچاو ون نه‌بێ! هه‌ڵبه‌ت هۆڵۆكۆست ته‌نیا به‌ردێك نه‌بوو بۆ بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی جوو، به‌ڵكوو هه‌تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی تێپه‌ڕینی نزیك سێ چاره‌كه سه‌ده به‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژیی جووهكانیشدا، هێشتا كانگای لهبڕاننههاتووی پیشه‌سازیی به‌رهه‌مهێنانی به‌زه‌ییه بۆ ده‌وڵه‌ت و گه‌لی جوو. بڕواننه ته‌باری ئه‌و فیلمه سینه‌مایی و دۆكیۆمێنتارییانهی ساڵانه له‌سه‌ر قوربانیبوونی جوو سازده‌كرێن. حه‌فتا ساڵ له‌سەر كاره‌ساتی هۆڵۆكۆست تێپه‌ڕیوه، كه‌چی هێشتاش ڕێژه‌ی سه‌ردانیكه‌رانی ئاوشڤیتز (كه‌مپی کوشتوبڕی جوو له پۆڵه‌ندا)، ساڵ له‌دوای ساڵ، ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆمار ده‌كات! سیاسه‌تی بهزهییسازی سه‌رچاوه‌یه‌كی ستراتیژیكی به‌رهه‌مهێنانی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی جووه.
سوپای شه‌پۆلی سێیه‌م
هه‌ڵبه‌ت ده‌وڵه‌تی جوو ته‌نیا به‌ته‌مای به‌زه‌یی دنیا، پشتێنی لێ نه‌كردووەته‌وه. پشتێنه‌ی ئاسایشی ده‌وڵه‌تی جوو، سوپایه‌كی بچووكی به‌هێزی مۆدێرنه كه له دوو شه‌ڕی ''شه‌ش ڕۆژه''ی ساڵی 1967 و، ''شه‌ڕی تشرین''ی ساڵی 1973-دا نه‌ك هه‌ر هێز و غرووری ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كانی تێك‌شكاند، به‌ڵكوو قووڵایی ستراتیژیكی ئیسرائیلیشی تا ناو جه‌رگه‌ی ''خاكی دوژمن'' شۆڕكرده‌وه. ئالڤین تۆفلێر له كتێبی ''شه‌ڕو دژه شه‌ڕ''دا، تاكتیكی زیره‌كانه‌ی جه‌نگیی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی ئیسرائیلی به نموونه‌ی نۆبه‌ره‌ی شه‌ڕی ''شه‌پۆلی سێیه‌م'' له‌قه‌ڵه‌م داوه. ئیسرائیل ئیتر له‌مێژه ڕوو له دوژمنه‌كانی، وه‌ك قه‌ڵایه‌كی پۆڵایینه، كه به سه‌دان كڵاوه‌ی ئه‌تۆمییه‌وه پارێزگاری له‌خۆی ده‌كا.
ڕووكاری پۆڵایین؛ ناوماڵی شووشه‌به‌ند
به‌ڵام ده‌وڵه‌تی جوو ئه‌گه‌ر له ڕووكاردا پۆڵایینه، لهناوكاردا په‌یكه‌رێكی شووشه‌به‌نده! ئیسرائیل هه‌موو كه‌لێن وكونی دنیا ده‌گه‌ڕێ بۆ دۆزینه‌وه‌ی گومانبارێك كه ده‌ستی له تاوانكاریی به‌رانبه‌ر جووه‌كاندا هه‌بووبێ. ده‌زگای سیخوڕیی ئیسرائیل، موساد، زۆرجار هه‌موو ڕێوشوێنه پهسەندكراوه نێونهتهوهییهكانیشی ژێڕپێ ناوه تا نه‌یارێكی ده‌وڵه‌تی جوو به سزا بگه‌یەنێ یان تۆڵه‌ی لێبكاته‌وه (ڕه‌نگه هیچ رێكخراوێكی تیرۆریستی ئه‌وه‌نده‌ی موساد، به زانایی و لێكدانه‌وه‌ی ده‌روونناسانه‌وه كه‌ڵكی له مێتۆده دزێوه‌كانی تێرۆر وه‌رنه‌گرتبێ!). كه‌چی هه‌مان حكومه‌ت، هه‌مان داموده‌زگای پۆڵایین، به‌ئاسانی مه‌زنترین ڕێبه‌رانی سیاسیی ئیسرائیل، له‌سه‌ر بچووكترین سه‌رپێچی له یاسا، گه‌نده‌ڵی یان خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات، ڕاپێچی به‌رده‌م دادگا و ته‌نانه‌ت كونجی زیندانیش ده‌كات! دێمۆكراسییه‌كی په‌ڕله‌مانیی كارا، له جه‌رگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتێكی ناوه‌ڕاستی دیكتاتۆریدا، سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلە.
ئابووریی درشت و كاڵای ورد
ده‌وڵه‌تی جوو، له هیچ بوارێكدا وه‌ك بواری ئابووری، ئه‌و وته به‌ناوبانگه‌ی بسمارك-ی نهبردووەته ژێر پرسیار كه ده‌ڵێ ''سیاسه‌ت هونه‌ری مومكیناته''. جووه‌كان به‌درێژایی مێژوو، به قه‌ومێكی زه‌نگین و ده‌ستڕه‌نگین به‌ناوبانگ بوون، به‌تایبه‌تی له‌بواری بازرگانیدا. تۆماس فریدمان-ی ڕۆژنامه‌نووسی ناودار، له كتێبی ''لیكسووس و داری زه‌یتووندا''، نموونه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشمان له بهمشووریی ده‌وڵه‌تی جوو، بۆ ده‌گێڕێته‌وه: هه‌رچه‌ندە ئیسرائیل لایه‌كی به‌ره‌و ده‌ریا ئازاده‌كان كراوه‌یه، كه‌چی ڕێبه‌رانی ئه‌و وڵاته هه‌رزوو گه‌یشتنه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی به‌و هه‌موو دوژمنه ڕهنگاوڕهنگهوهی ده‌وریان داون، ئه‌وان ده‌بێ مشوورێك بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ش بخۆن كه له‌وانه‌یه كۆسپ بێته ڕێی بازرگانیی هه‌نارده‌كردنی كاڵا له ڕێی ده‌ریاوه. ئه‌وه بوو هه‌ر له ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه كه‌وتنه په‌ره‌پێدانی ته‌كنه‌لۆژیای كۆمپیوته‌ری و ئه‌و شته‌ی نانۆتێكنۆلۆژیای پێده‌گوترێ. ئه‌م كاڵایانه سووك و قه‌واره وردن و ده‌كرێ بڕێكی زۆریان به ڕێی ئاسمانی‌دا، هه‌نارده بكرێن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی نرخی ئابوورییان به‌رزه و پێویستیان به پێشكه‌وتنێكی تێكنۆلۆژیایی زۆریشه. واته هه‌م خێر و بێری ئابوورییان به‌دواوه‌یه و هه‌م پێشكه‌وتنێكی زانستیی مه‌زن. ئابووریی ئێستای ئیسرائیل، تاڕاده‌یه‌كی زۆر، نه‌ك هه‌ر له سنووره خاكییهكان، به‌ڵكو له سنووره دهرییایهكانیش بێ منه‌ته. ئیسرائیلی ئێستا ئیتر، یه‌كێك له زلهێزه‌كانی نانۆتێكنۆلۆژیای دنیایه. هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه بڵێین؛ به‌گوێره‌ی قه‌باره‌ی وزه‌ی هه‌نارده‌كراو، ئێستا ئیسرائیل هه‌نارده‌كارێكی گه‌وره‌تره له عه‌ره‌بستانی سعوودیش! به‌و تێبینییه‌وه كه عه‌ره‌بستان نه‌وتی ژێرزه‌وی هه‌نارده ده‌كا و، ئیسرائیل ''وزه‌ی زانیاری''، واته وردهكاڵای دیجیتاڵی، پڕۆگرامه كۆمپیوته‌رییه‌كان و تێكنۆلۆژیای نه‌رمئامێر.
ناسێنه‌ی ئایینی و ده‌وڵه‌تێكی سێكۆلار
یه‌كێك له سه‌رنجڕاكێشترین خاڵه‌كانی دیكه‌ی چیرۆكی ده‌وڵه‌تی جوو، هه‌ڵهێنجانی حوكمڕانییه‌كی سێكۆلار و عەلمانییه له هه‌ناوی مێتۆلۆژیا و باوه‌ڕ و ئیراده‌ی قهومێكهوه كه ناسێنه‌ی خۆی له ئایین وه‌رگرتووه. ئه‌مه‌ش یه‌كێك له‌و خاڵانه‌یه كه ڕه‌نگه فه‌زڵه‌كه‌ی هه‌ر بۆ تیۆدۆر هێرتزل بگه‌ڕێته‌وه. هێرتزل، جگه له كتێبی ''ده‌وڵه‌تی جوو''، كتێبێكی گرینگی دیكه‌شی هه‌یه به‌ناوی ''ته‌ل ئه‌ڤیڤ''. (شاری ته‌ل ئه‌ڤیڤ-ی ئیسرائیل، هه‌ر له‌م كتێبه‌وه ناونراوه). ته‌ل ئه‌ڤیڤ له زمانی عیبریدا واته ''گرده به‌هار''. ناوی ڕاسته‌قینه‌ی كتێبه‌كه‌ی هێرتزل ''سه‌رزه‌مینی كۆن- نوێ'' یه. له‌و ڕۆمانه یۆتۆپیاییهدا هێرتزل، ده‌وڵه‌تێكی جوو وێنا ده‌كا كه ئاوێته‌یه‌ك ده‌بێ له كولتووری جوو لەگەڵ نه‌ریته جوانه ئه‌وروپاییه‌كان. ده‌وڵه‌تی ئه‌و خه‌ڵكه جووهی هێرتزل وێنای ده‌كات، ده‌وڵه‌تێكی دینی نییه، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ی ڕێز بۆ ئایین داده‌نێن. ئه‌و ده‌وڵه‌ته فره‌زمان ده‌بێ و عیبریش زمانێك ده‌بێ له ڕیزی زمانه‌كانی دیكه‌دا. هێرتزل هه‌ر بیریشی بۆلای ئه‌گه‌ری به‌گژیه‌كداچوونی جوو لەگەڵ عه‌ره‌ب نه‌چووبوو! له‌خه‌یاڵگه‌ی هێرتزلی باوكی زایۆنیسمدا، عه‌ره‌ب و جوو دوو جیرانی به‌خته‌وه‌ری ناو ''جڤاكێكی نوێ'' ده‌بوون. گه‌لۆ؛ زایۆنیسته‌كان چه‌ند وه‌فایان بۆ ئه‌م خه‌ونانه‌ی باوكی ئایدیۆلۆژیی خۆیان هه‌بووه؟
چی له جوو فێر نه‌بین؟
له‌ڕاستیدا، ده‌وڵه‌تی جوو زۆر شتیشیان هه‌یه كه ده‌بێ لێیانه‌وه فێر نه‌بین! له هه‌مووی گرینگتر سیاسه‌تی چه‌وتیان له ئاست مافی گه‌لی فه‌له‌ستین و به‌هه‌ده‌ردانی ئه‌و هه‌موو وزه‌یه له ململانێی دوو گه‌لی دێرینی دراوسێ و هاوڕه‌گه‌زدا! كاتی خۆی، دێرێك واڵكۆت-ی براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبێلی ئه‌ده‌بیات گوتبووی؛ ''کوشتاری جوو له‌شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌مدا، گرینگ‌ترین ڕووداوی سه‌ده‌ی بیسته‌مه''. خۆ ڕه‌نگه ڕاستییه‌كی تاڵتر له‌و قسه‌یه‌ی مێژووناسی گه‌وره‌ی ''مێژووی شارستانێتییهكان''، ئاڕنۆڵد تۆینبی- دا هه‌بێ كه گوتوویه‌تی؛ "کاره‌ساتی مێژووی هاوچه‌رخی جوو ئه‌و راستییه‌یه که ئه‌وان له بری وه‌رگرتنی وانە له کوێره‌وه‌رییه‌کانی خۆیان، هه‌مان ره‌فتاریان له گه‌ڵ عه‌ره‌ب كرده‌وه که نازییه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وانیان کردبوو!''.
ده‌مه‌وێ بڵێم؛ چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی جوو، چ له ده‌وڵه‌تسازیدا و چ له ده‌وڵه‌تداریدا، ده‌بێ له‌و پنته‌دا ماڵاوایی لێ بكه‌ین كه سیاسه‌تی جوو، خیانه‌تی له خه‌ونه جوانه‌كانی ناو یۆتۆپیای ''گرده به‌هار''ی، باوكی خۆی كرد!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ