ئیستەنبووڵ دۆزەخی ساڵپا

 
یەڵماز گونەی ھاوشێوەی یەشار کەمال و ئەحمەد کایا و... ساڵانێک خزمەتی ئەدەبیات و ھونەری تورکی کردووە، ھەر ئەوان نا، زۆربوون ئەو خوێندەوار و رۆشنبیرانەی کورد بەھۆی قەدەخەی زمانی کوردییەوە بەرھەمەکانیان بە تورکی پێشکەش کردووە و بەناچاریی خزمەتی ئەدەبیات و زمانی تورکیان کردووە. سەرباری ئەوەش ھەمیشە و تا لە ژیاندا بوون و لە سنووری تورکیادا ژیاون، نەحەساونەتەوە و سفت و سوێی کوردبوون ئازاری داون و گەرینەکێکی تۆقێنەر لوولی کردوون و لە لێڵاودا ونی کردوون.
 
ئەحمەد کایا لەسەر ئەوەی گوتی گۆرانییەک بە کوردی دەڵێم. کەوتە بەر نەفرەتی تورکان و ئەو ھەڤۆکەی کایا چ عەرەبەدەیەکی دروستکرد!. ئەو پیاوەی تەمەنێک خزمەتی ھونەر و گۆرانی تورکی کرد لەسەر وشەیەک خرایە زیندانەوە و ئاقیبەتیش لە زێدی خۆی نەحەسایەوە و بەرەو ئەورووپا کۆچی کرد و لەنێو خەبسین و ژانی دووریدا سەری نایەوە. یەشار کەمالیش لەسەر بەرھەمەکانی رووبەڕووی گەلێک کۆسپ و گاشە بووەوە و زۆریان جەزرەبەدا.
 
سەرباری ئەو خزمەتە زۆرەی گونەی بە ھونەر و ئەدەبی تورکی، کە خاوەنی زیاتر لە سەد بەرھەمە لە سینەمای تورکیدا و ھەموو ئەو بەرھەمانەش لە ریزی سینەمای تورکیدا ئەژمارکراون. ھەموو ئەو خەڵاتەی پێی بەخشرا چەند بۆ کورد و بۆ خۆی جێی شانازی بوو، ئەوەندەش تورکان پێی خەنی بوون، چون دەیانگوت تورکێک خەڵاتی وەرگرتووە. چون بەرھەمەکانی وەک ھونەری تورکی حسابی بۆ کراوە، ئەگەرچی باسوخواسی کورد و ژیانی کوردەواریی کردووە، بەڵام بۆ ھەموو کارێکی ھونەری و ئەدەبی زمان گرنگە، بە چ زمانێک ئەو بەرھەمە بنووسرێ و چێ ببێ ئەوەیان حساب دەکرێ. گونەی بلیمەت و مەعلان بە دنیای سینەما لەو تەمەنە کەمەی ژیا کۆمەڵێک بەرھەمی نەمری پێشکەش بە سینەما و ئەدەبیات کردووە و ھەر زوو ناو و ناوبانگی گەیشتە ئەورووپا و دەستی بە خەڵاتە جیھانییەکانی سینەما گەیشت. زۆرن ئەو سینەماکارە ئەورووپیانەی لەبن باندۆری ئەم ھونەرمەندە بەلەباریکەی کورددان و ھێشتاش کاریگەریی لەسەر نەوەی نوێی سینەما ھەیە. گونەی وەک دەرھێنەر و وەک سیناریست و ئەکتەر و رۆماننووس زۆر بە باشی لە جیھانی رۆشنبیرییدا جێگەی خۆی کردووەتەوە. سەرباری ئەو خزمەتە گەورەیە، زۆر لە بەرھەمەکانی لە زینداندا نووسیوە و ئامادەی کردووە تاوەکو کاری لەسەر بکرێ. تا ئەو کاتەی لە تورکیا بوو ژیانی وەک ژیانی ھەر مرۆڤێکی کورد لە مەترسیدا بوو، ئەویش وەک ساڵپای کارەکتەری رۆمانەکەی ھەمیشە لەبەردەم مەترسی پۆلیسدا بووە. بەڵام پێبەست و کەلەپچە کۆڵی پێ نەدا و بەردنگانێی لەگەڵ دوژمندا کرد.
 
گونەی لە یەکی نیسانی 1937 لە گوندێکی نزیک ئەدەنە لە باوک و دایکێکی کورد لەدایک بووە، باوکی میوزیکژەن بووە. گونەی لە 1984 دوور لە نیشتمان و زێدی خۆی لەنێو خدۆک و خربۆتدا، شێرپەنجە رۆحی لە کەلەشی دەرکرد و لە پاریس و لە خاکی غەواراندا سەری نایەوە. واتە 47 ساڵ ژیاوە، لەو ژیانە کورتەدا و لەو دۆخە خراپەی کورداندا ئازایەتییەکی بێ وێنەیە ئەو ھەموو بەرھەمەی پێشکەشی سینەما و ئەدەبیات کردووە. لەگەڵ ئەو ھەموو گاشە و چەڵەمەیەی لەسەر رێگای بووە، ھێشتاکێش لە ھەموو سینەماکارەکانی تورکیا زووتر ناو و ناوبانگی بە دنیادا بڵاوبووەوە. 
 
ئەم رۆمانە ھونەرمەند و نووسەری کورد گونەی بەناچاری بە تورکی نووسیوێتی چون ئەو سەردەمە نەک کوردی نووسین، کورد گوتنیش قەدەغە بووە. جا ئەو بە ناچاری بە تورکی نووسیوێتی و پاشان رۆمانەکە لەلایەن وەرگێڕی عەرەب فازڵ جتگرەوە کراوە بە عەرەبی و مامۆستا حەمەکەریم عارفی خۆمانیش لە عەرەبییەوە وەریگێڕاوە بۆ کوردی. ئەمەش قوڕبەسەری کوردبوون. ئەگەر ژێردەستەیی و ستەمی داگیرکەران نەبوایە دەبوو ئێمە ئەم شاکارانەی نووسەرانی خۆمان بە کوردی بخوێنینەوە، نەک بەو چەشنە و بەو حەیسەوبەیسەیە بگات بە خوێنەری کورد.
 
رۆمانی ساڵپا 
 
ساڵپا وەک تەکنیک زۆر ورد و زیرەکانە کاری تێکراوە، گونەی بەو پێیەی خۆی دەرھێنەرێکی مەعلان بووە بە دنیای سینەما، زۆر بە جوانی کاری لەسەر کردووە. لە رووی درامییەوە کارەکە سەرکەوتووە. دیمەن و وێنەکانی زۆر بە جوانی کێشاوە، وەک لە سەرەتادا دەڵێ "نووکی زمانی بە سەر ددانەکانیا ھێنا، تامێکی مەیلەوتاڵی بۆگەنی ئاوێتە بە تۆنێکی شێدار ھەڵدەقوڵا و لە قووڵایی کەپوویەوە زاری گرت..."
 
گونەی وەک کارەکتەریش زۆر بە باشی محەمەد ساڵپای ئەکتەری سەرەکی رۆمانەکەمان پێدەناسێنێ و رەھەندەکانی کارەکتەر لە کەسایەتی محەمەد ساڵپادا بە باشی جێبەجێ کراوە. نووسەر رەھەندی فیزیکی، واتە شێوە و شکڵی ساڵپای ئاڵدووز کردووە. ھەیکەلی کارەکتەرەکەی بە باشی نیشانداوە. رەھەندی دەروونی ساڵپاش لەبەرچاوە و بۆ ئەم رەھەندەش دەروونی کارەکتەرەکەی شیکردووەتەوە، تەنانەتە لەسەرەتای رۆمانەکەدا لە زاری ساڵپا خۆیەوە فیکر و بیروبۆچوونەکانی بەیان دەکات، کە کوڕێکی گەنجی گوندنشینە و خوێندەوارە، لەبارەی سۆسیالیزمەوە خوێندوویەتییەوە و کەسێکی رۆشنبیرە. ساڵپا لە گوندەوە بەرەو کۆنیا چووە و لەوێشەوە بەرەو ئیستەنبووڵ. محەمەد ساڵپا وەک لە رۆمانەکەدا ھاتووە لە جزمی عەمەوە تا سارتەر و لە قورئانەوە تا مارکس، ھەر کتێبێکی دەخوێندەوە رێک دەکەوتە ژێر کاریگەرییەوە. ئەمە دەلالەت لەوە دەکات ساڵپای تازە پێگەیشتوو وەک ھەر گەنجێکی دیکە ھێشتا بیر و فیکری خۆی تێر و تەسەل نەکردووەو جارێک لە قۆناغی ماقبوون و سەرسووڕماندایە. نووسەر سەرەتا باس لەو گەڕان و کنەوپشکنینەی ساڵپا دەکات، کە دەیەوێت تێبگات، بزانێ، شت فێربێ، وەڵامی پرسیارەکانی دەست بکەوێت.
 
ھەروەھا رەھەندی کۆمەڵایەتی ساڵپای شیکراوەتەوە و خراوەتە بەردیدی خوێنەران، کە کوڕێکی خەڵکی بۆزکڕی سەر بە شاری کۆنیایە و نووسەر باس لە ژیانی کۆمەڵایەتی خێزانی ساڵپا دەکات، کە خەڵکی بوزکڕن، باوکی ساڵپا پێڵاودرووە و لەگەڵ کوڕەکانی لە دووکان پێڵاو چێ دەکەن و دەیبەنە بازاڕ دەیفرۆشن.
 
گونەی بە ناساندنی کەسایەتی سەرەکیی رۆمانەکەوە نەوەستاوە، لە پاڵ ساڵپای کوڕدا ساڵپای باوکیش دەناسێنێ، وێنەی تووڕەبوون و ساردبوونەوەی باوک نیشاندەدات. وەک لە رۆمانەکەدا دەیخوێنینەوە باوکی محەممەد ساڵپا ئەو کاتانەی بازاڕی نییە و بەرھەمەکەی کەسات کەوتووە و کەس لێی ناپرسێ چەند تووڕە و تۆسنە، بەڵام وەکی دیکە کەسێکی میھرەبانە. ھەروەھا لە ناساندنی قژلوول و پۆلیسی ئیستەنبووڵیشدا نووسەر زۆر بەوردی کاری لەسەر کارەکتەرەکان کردووە و وەک خۆیان دەیانناسێنێ، پۆلیس وەک پۆلیس، گەنج وەک گەنج و... ئەمەش دەلالەت لە زیرەکی و شارەزایی گونەی دەکات لە ھونەری گێڕانەوەدا و ھەروەھا شارەزای کۆمەڵگای تورکی بووە. 
 
لە قۆناغێکی دیکەی ژیانی محەممەد ساڵپادا، کە باوکی بۆ درێژەدان بە خوێندن دەینێرێ بۆ کۆنیا لەوێ کوڕێکی گەنجی ھاوتەمەنی خۆی دەناسێ بە ناوی قژلوول. گونەی بۆ کەسایەتی قژلوولیش زۆر زیرەکانە کەسایەتییەکەی ناساندووە. قژلوول چەند بەھێزبووە و چۆن کاریگەری لەسەر محەمەد ساڵپا داناوە، ساڵپا ساڵانی منداڵی ھەمیشە لەبەردەم ترس و بیمدا ژیاوە و سەرچاوەی ترسەکەی تووڕەیی باوکی بووە، بەڵام قژلوول ئەو ترسەی دەشکێنێ و فێری دەکات چۆن ئازایانە بەر بە گاشە و کێشەکان بگرێ.
 
کاتێک محەممەد ساڵپا و قژلوول وەک دوو گەنجی تازە پێگەیشتوو لە کۆنیاوە بەرەو ئیستەنبووڵ دەڕۆن. لە شارێکی گەورەی وەکو ئیستەنبووڵدا دەکەونە بەردەم زەبری پۆلیسەوە. ئیدی ئیستەنبووڵ بۆ ساڵپا و قژلوول دۆزەخێک بوو. دیسانەوە نووسەر زۆر بەوردی باس لە پۆلیس دەکات. کەسایەتی پۆلیسی تورکی دەناسێنێ، کە چەند بێ رەحم و تامسار و خوێنتاڵن. دەشێ ئەمە کاریگەریی ئەو ساڵانەی ژیانی خودی گونەی بێ کە لە زینداندا ئەم رۆمانەی نووسیوە.
 
بە گشتی ھەم لە رووی کارەکتەر و کارەکتەرسازییەوە زیرەکانە کاری لە رۆمانەکەدا کردووە و ھەم لە رووی درامیشەوە بەھەمان شێوە زۆر بەوردی کاری تێدا کردووە. لە سەرەتای رۆمانەکەدا ساڵپا بە مەنەلۆگ قسان دەکات. بەڵام وردە وردە لە قۆناغەکانی دواییدا دیالۆگ دێتە ئاراوە. دیالۆگەکانی ساڵپا لەگەڵ قژلوول و پۆلیس و لەگەڵ ئەو خەڵکە ھەژارانەی لە ئیستەنبوڵ دەیانناسێ. دیالۆگ رۆڵی خۆی دەگێڕێ. دیالۆگەکان گوزارشت لە کەسایەتییەکانی ناو رۆمانەکە دەکەن، پۆلیسە جنیۆفرۆشەکان بە زاری خۆیان، تاریفی خۆیان دەکەن و ساڵپا و قژلوویش بەو دیالۆگەی لەسەر بیری چەپ باس لە ژیانی خۆیان و خەڵکی تورکیا دەکەن. 
 
سەبارەت بە شوێن و کاتی چیرۆکەکە گونەی ھەر لەسەرەتاوە کات و شوێنی چیرۆکمان بۆ دەستنیشان دەکات. گێڕەوەی سەرەکی کە ناوبەناو جڵەوی گێڕانەوە دەگرێت بە دەستەوە دەڵێت "ئەم حەمە ساڵپایەی کوڕی عەبدولڕەحیمە چییە و دەکاتە کێ؟ خەڵکی گوندی خۆجای سەر بە باژێرۆکی بۆزکڕی شاری کۆنیایە و لە ساڵی 1946 لەدایکبووە و خوێندنەوە و نووسین دەزانێ، ھیچ پێشینەیەکی خراپی نییە." بڕوانن، ئەم ھونەرمەندە مەعلانە بە دوو سێ رستەی سەرەتا چۆن کات و شوێن و دەستپێکی ژیانی ساڵپا و کەسایەتییەکەی نیشاندەدات. بە رستەیەک خوێنەر پەلکێش دەکات بۆ سەر شەقامی ژیانی ساڵپا. ئەوەی لە زەینی ساڵپادایە گێڕەوە دەیخاتە بەردیدەی خوێنەر، دەستپێک و سەرنامەی رۆمانەکەش بە ئاراستەیەکی فیکری و فەلسەفیدا دەڕوات و لەبارەی ژیان و بیرکردنەوەی ساڵپاوە. لەسەرەتای رۆمانەکە بەر ئەم جۆرە رستانە دەکەوین:" نە ساڵپا بەبێ زەمەن ھەڵدەکات و ھەیە و نە زەمەن بەبێ ساڵپا ھەیە." یان دەنووسێ: "پانتۆڵەکەی ساڵپا و پانتۆڵەکەی زەمەن." ساڵپا ھەر لەسەرەتای رۆمانەکەوە گەلێک بابەت و مژار بە مێشکیدا گوزەر دەکەن و چیرۆکەکە دەبەنە دنیای بازرگانی بێویژدان و دەسەڵاتی خۆسەپێنەوە. ساڵپا بیر لەوە دەکاتەوە ئەوانە کێن پێلاوی سەد و پەنجا لیرەیی بە دوو سەد و نەوەت لیرە دەفرۆشن...
 
لەپاڵ ئەو رستانەشدا بەر گەلێک رستەی شیعریی و مانادار دەکەوین، بۆ نموونە ساڵپا دەڵێ "بەفرەکەیە، خەریکە دەتوێتەوە... ھەتاو بەتواندنەوەی بەفر فێرە..." یان ھەندێکجار بەناڕاستەوخۆ ھەندێک رستەی نووسیوە گوزارشت لەو ستەمە دەکات کە دەوڵەتی ئەو سەردەمەی تورکیا بەرانبەر بە کورد کردوویەتی وەک دەڵێ: "رقێکی قووڵ لە ناخیا ھەڵایسا و گوتی: ئەی بێ شەرەفینە دار لەگەلەکەمان دەبڕن و شەرمیش ناکەن." ئەگەرچی نووسەر ناوی کوردی نەبردووە، نەک لەم رستەیەدا بگرە لە تەواویی رۆمانەکەدا بەلای مەسەلەی کورددا نەچووە. بەڵام ئەو رستە ناڕاستەوخۆیە جوان جوان دیارە گوزارشت لەو ستەمە دەکات، کە لە کورد کراوە.  ئەمما گونەی کوڕی رۆژگارێکی سەخت و ناخۆشی تورکیابوو، زۆر ئەستەم بووە بتوانی بڵێی کوردم. بۆت نەبووە بڵێی کوردم. ئەو عەیامە لای تورکەکان شتێک نەبووە بە ناوی کوردبوونەوە و تەنھا ناوھێنانی کورد بەس بووە بۆ ئەوەی تورکەکان بیکەن بە ھەرا و زەنا و عەربەدەیەک ئەوسەری دیارنەبێ. زۆر درەنگتر لە کۆتایی نەوەدەکاندا کاتێک ئەحمەد کایا گوتی گۆرانییەک بە کوردی دەڵێم تووشی چی بوو!. ئەو رستەیەی گونەی ئەو دیالۆگەی رۆمانی بەفری ئۆرھان پاموکم بیر دەھێنێتەوە کە لە گفتوگۆی نێوان لاوە کوردەکەی سەر بە کۆمەڵە کوردییەکان و رۆژنامەنووسە پیرە ئازەرییەکەدا لەبارەی تورکیاوە هەیە. پیرە ئازەرییەکە فێڵبازانە دەڵێ ئەو میللەتە کامەیە کە باستان کرد؟ بەڵام لاوە کوردەکە وەڵامی ناداتەوە و بە بێدەنگی لە شوێنی خۆی دادەنیشێت. رۆژنامەنووسە بە تەمەنەکە بە کوڕەکەی کە لە تەنیشتییەوە دانیشتووە دەڵێ:" دەترسێ!."  لە درێژەی گفتوگۆی ناو رۆمانەکەدا ھاتووە :" ھەندێک لە وەڵامدا گوتیان مافی خۆیەتی بترسێ، چونکە ئەو وەک ئێوە بۆ حسابی دەوڵەت کار ناکات." بەدەر لەم رستانە دەچمە سەر بابەتێکی زیندوو کە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا عوسمان بایدەمیر لە بەرسڤی ئەو ژنە تووڕە و تۆسنەی پەرلەمانی تورکیادا کاتێک دەپرسێ بەڕێز بایدەمیر کوردستان لە کوێیە؟ بایدەمیر دەست لەسەر دڵی دادەنێ و دەڵێ ئا لێرەدایە. ئەم وەڵامە چەند ئازایانە و جەسوورانەیە ئەوەندەش ژیرانەیە، چون تاوەکو ئەمڕۆش لە تورکیادا قسەکردن لەسەر سنووری جوگرافیای کوردستان قەدەغەیە. لە دەستووری تورکیادا کێشانی ھێڵی سنووریی تاوانی پارچە پارچەبوونی تورکیایە. راستە ئەم ساڵانەی دوایی شتێک ماف دراوە بە کورد، بەڵام ئەوەی ھەیە مافی زمان و کولتوور و ... زۆرکەمە و ئەمە دەبوو چل بۆ پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا بە کورد بدرایە. ئەو عەیامەی کەسایەتییەکی وەکو گونەی و یەشار کەمال بەو ھەموو ناوبانگەوە ھەیانبووە نەیانتوانیوە ئەو ھێڵە ببەزێنن. بەو دواییانە کاتێک ئۆرھان پاموک رۆمانی بەفری نووسی، تێیدا باسی لە رەوشی ئاڵۆزی تورکیا کرد تەقینەوەیەکی گەورەبوو بۆ تورکێک باس لە کوردانی قارس و پەکەکە بکات. ئەمما پاموک نەترسانە چیرۆکی تورکیایەکی پڕ لە ئاریشە و ئاژاوەی نووسییەوە.
 
چیرۆکی ساڵپا
 
لێرەوە دێمە سەر چیرۆکی رۆمانەکە، چیرۆکی ساڵپا ھێدی ھێدی لە بۆزکڕەوە دەست پێدەکات. نووسەر ورد و ژیرانە، قۆناغ بە قۆناغ ژیانی ساڵپا دەگێڕێتەوە، لە بوزکڕ چۆن ژیاوە، لەتەک باوکی و براکانی کاری کردووە و کەم و زۆر کاری کردووە، چون منداڵ بووە باوکی زۆر زەحمەتی نەداوە.  ئەم بەشەی رۆمانەکە قۆناغی ژیانی منداڵی ساڵپا و خێزانەکەی و ژیانی بۆزکڕە، لە قۆناغێکی دیکەی ژیانیدا ساڵپا بۆ خوێندن دەنێردرێت بۆ کۆنیا، ئەو شارەی سەر بە بۆزکڕە، لێرەوە ساڵپا دەکەوێتە نێو ژیانی راستەقینەوە، لە ماڵ دوور دەکەوێتەوە. ئیدی ساڵپا منداڵە چڵمن و پەلۆخ و خەشۆکەی جاران نییە و گەورەبووە و بە تەنھا دەژی و گەنجێکی خوێنگەرمە و عاشقە، لە کۆنیا وەک خوێنکار کۆمەڵێک گەنج دەناسێ، ھەر لەوێ بۆ یەکەم جار عاشق دەبێ، وردە وردە لەگەڵ ژیانێکی تازەدا پەرە بە بیری خۆی دەدات و ئیدی زاری پڕ دەبێ لە وشەی ئازادی، کرێکار، سۆسیالیزم، ھەژاریی... و وتارەکانی چەتین ئاڵتان و رۆمانە کۆمەڵایەتییەکانیان دەخوێنێتەوەو پێی وابووە بە باشی لە سۆسیالیزم حاڵی بووە. ئەو کوڕە زیتەڵەی لە کۆنیا دەیناسێ "قژلوول" دەرگای ژیانێکی تازەی بۆ دەکاتەوە و لە بیری تەسک و نەفامی دەریدەھێنێ و بەرەو دنیای تازە پەلکێشی دەکات. لێرەوە ئیدی بێ ترسی باوک لە کۆنیا بۆ یەکەم جار لە قەحپەخانەدا ژن دەبینێ کە ئەو کات خوێندکاری ئامادەیی بووە. بەم چەشنە ساڵپا کەوتە ژێر باندۆری قژلوولەوە. ھەر لەسەر رێنوێنی قژلوول لە کۆنیاوە بەرەو ئیستەنبووڵ بەڕێکەوتن. 
 
لە قۆناغێکی دیکەی ژیانی ساڵپادا، گێڕانەوە لە کۆنیاوە دەپەڕێتەوە بۆ شوێنێکی گەورەتر و بەرینتر. ئەو شوێنە ئیستەنبووڵە، ئیستەنبوڵ ئەو شارە گەورە و بەرینەی ھەست دەکەیت دنیایە بە بچووکی. ئەستەنبوڵ رێک دنیایە، شارێکی گەورە و بەرین و قەرەباڵغ، لاییدە تێیدا ون دەبێ و تەرکەزا و نابەڵەد بەشەقامەکاندا دەخولێتەوە. شارێکی گەورە و بەرین چەند سەدەیەک پایتەختی ئیمپڕاتۆڕییەتێکی گەورەی وەک عوسمانلی بووە.
 
ئیدی ساڵپا و قژلوول نەترسانە و چاوقایمانە وەک دوو گەنجی لاییدە روو لە ئیستەنبووڵ دەکەن. قژلوول دەڵێ :"فاتیح تەمەنی بیست و یەک ساڵ بوو کاتێک ئیستەنبووڵی فەتح کرد." ئەم رستەیە وەک ھێزێک بۆ رۆح و ورەی خۆی دەیڵێت، یانی ھا ئێمەش ھاتووین بۆ ئیستەنبووڵ و دەمانەوێت فەتحی شارەکە بکەین و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەین. بۆیە نەترسانە روو لەو شارە گەورەیە دەکەن و ئەوەی لە خەیاڵی خۆیاندا بنیاتیان ناوە، دۆستێکە لە ناوچەی تەقسیم، کاتێک دەگەنە ئیستەنبووڵ ئەو دۆستەی ئەوان بۆی دەگەڕێن نییە و نایدۆزنەوە. 
 
لێرەوە بەدبەختی و نەھاتی روویان تێدەکات، لە ئیستەنبووڵێکی گەورە و بەریندا نابەڵەد دەخولێنەوە، نە دۆستێک و نە کەسێکی میھرەبان نادۆزنەوە تا لەو دۆخە خراپە رزگاریان بکات، ئیدی ئەوان نەبوون بەو فاتیحەی ئیستەنبووڵی فەتح کرد، بەڵکو بوون بە دوو گەنجی گیرفان بەتاڵ و بێ ئەنوا. بەو تۆزە پارەیەی پێیان مابوو پەنیر و کولێرە دەکڕن و لە پاڵ ئۆتۆمبێلێکدا دەیخۆن، تاوەکو لەپڕ خاوەنی ئۆتۆمبێل وەک دێوەزمە ھەڵدەکوتێتە سەریان و دەڵێ ئێوە دزن و ھاتوون کەپی تایەی ئۆتۆمبێلەکەم بدزن، ئیدی لە ھەموو لایەکەوە بە شەق و بۆکس دەکەونە وێزەیان، کەسێک ھاوار دەکات ھەر ئەمانەبوون پاسکیلەکەی سەفوەتیان دزیوە. وای میرۆ چۆنیان تێھەڵدەدەن!. خەڵکەکە بەوەشەوە ناوەستن لای پۆلیس شکایەتیان لێ دەکەن و پۆلیسیش دێوێکی دیکە بوو بۆ گیان ئەوان. ئیدی بەکەلەپچەکراوی بۆ بەندیخانەیان دەبەن و لەوێش وەختێک پۆلیسەکان دەزانن غەوارەن سەرباری ئەوەی زۆر بەخراپی ئەشکەنجەیان دەدەن تەرانە شەپسەی زۆریان پێدەکەن. 
 
یەڵماز گونەی لەم بەشەی رۆمانەکەدا جۆرێک باس لە پۆلیسی ئیستەنبوڵ دەکات، خوێنەر ناتوانێ رقیان لێ ھەڵنەگرێ، ئەمە کاریگەریی ئەو قۆناغەی ژیانی گونەیە کە خۆی لە زینداندا بووە و مامەڵەی پۆلیسی تورکی بینیوە. ساڵپا و قژلوول وەک دوو گەنجی لاییدە دەکەونە بەر شەقی پۆلیسی ئیستەنبووڵەوە، پۆلیس بەبێ ئەوەی رێگە بدات قسە بکەن دەکەونە ئەشکەنجەدانیان، بە جۆرێک ئەشکەنجەیان دەدەن، کە ئیتر ھیچ مەجالی تێدا نییە دەبێ بڵێن بەڵێ ئێمە دزین. کاتێک ساڵپا بە زمانی پاڕانەوە دەڵێت ئێمە دزیمان نەکردووەو لە پاڵ ئەو ئۆتۆمبێلەدا نانمان خواردووە. پۆلیسەکە ئەوەندەیتر دەکەوێتە گیانی، بەوەشەوە ناوەستێ بەڵغەمێک دەکاتە دەمی ساڵپاوە، ئەو بەڵغەمە بە جۆرێک گەرووی دەگرێ قەت قەت لە بیری ناچێتەوە ئەو ستەمە، ئەو ئازارە پیسە. ئیدی لە زەین و بیری ساڵپادا ئیستەنبووڵ جگە لە بەڵغەمێک ھیچی دیکە نەبوو، ئەو ئیستەنبوڵە گەورە و بەرینەی لە ھەموو شوێنێکی دنیاوە خەڵک بە تامەزرۆییەوە رووی تێدەکەن، لای ساڵپا بەڵغەمێک بوو. بەڵغەمی پۆلیسێکی جەللادبوو لە گەروویدا، تەنانەت دوای ئازادکردنیشیان، تا کۆتایی رۆمانەکە ھێڵنجی ئەو بەڵغەمەی ئەدا. بۆ ساڵپا و قژلوول ئیستەنبووڵ دۆزەخێک بوو تێیدا نکت بوون.  
 
دەمەوێت لێرەدا لەبارەی پۆلیس و دەوڵەتەوە بدوێم، گونەی بە باشی پۆلیسی دەوڵەتی ناسیوە، پۆلیس و یاسا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ گومانلێکراودا دەکەن کە تاوانبارە. ھەربۆیە ئەگەر دیقەت بدەین ھەمیشە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم کودەتادان، چون سستەمی ئەم وڵاتانە وەھایە، چەک بەدەست ھێزە، دەسەڵاتی ھەیە، پۆلیس دەتوانێ سزای خەڵکی بدات و دەسەڵات لە پێناوی مانەوەی خۆیدا پاڵپشتی پۆلیس و ھێزی سەربازیی دەکات. بۆیە لە تورکیاش وەک زۆر لە وڵاتانی رۆژھەڵات شەڕ و ئاژاوە و کودەتا ئامادەیی ھەیە. وڵات ھەمیشە لە دۆخێکی لڤۆکدایە. گونەی دەیەوێت بڵێت ئەو بەڵغەمەی پۆلیسێک کردییە گەرووی ساڵپاوە نموونەیەکە لە ھەزاران نموونەی دیکە. لە دوای ئازادبوونیانەوە ساڵپا دەیەوێت ئەو زوڵمە لەبیر بکات، بەڵام قژلوول لەبیری ناکات، بیر لەوە دەکاتەوە لە رێگای ئەو دەستوورەی لە تورکیادا ھەیە سکاڵا لەو پۆلیسانە بکات کە بە خۆڕایی ئازاری داون. کەوایە ساڵپا رێگای میانڕەوی و پێشکەوتنی گرتووە، دەیەوێت خەڵکی بە میانڕەوی و بە شێوەیەکی ھێمن بگۆڕێت بۆ خەڵکێکی مۆدێرن و پێشکەوتووخواز. ئەمما قژلوول سوورە لەسەر تۆڵەکردنەوە، خۆ ئەگەر سکاڵاش بکات ھیچ بە ھیچ ناکات، کەوایە بیر لە بژاردەیەکی دیکە دەکاتەوە، لەگەڵ ھەموو قژلوولەکانی دیکەی تورکیا بیر لە کودەتا دەکەنەوە، ئەم بەشە لە رۆمانەکەدا نییە، بیر و خەیاڵی زەینی خۆمە و پێموایە قژلوول ئەگەر سکاڵاش بکات، بێسوودە، کەوایە لەگەڵ ستەملێکراواندا بیر لە کودەتا دەکاتەوە. ئەگەر دیقەت بدەین ئەم رۆمانە نووسەر لە ساڵی 1973 لە زیندان تەواوی کردووە و چیرۆکەکەش پڕە لە ستەمکاری و نادادی. بۆیە دوای نووسینی ئەم رۆمانە و لە ساڵی 1980 نادادی و ستەم دەسەڵات بەزەبری ھێز دەگۆڕێ و بە سەرۆکایەتی کەنعان ئیفرین کودەتای سەربازی دەکرێ. ئەو دەسەڵاتەش کە گونەی لە سایەی تاریک و رەشیدا زیندانی کراوە لە ساڵی 1971 بە کودەتا ھاتووەتە سەر حوکم.
 
ساڵپا و قژلوول دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر بەھۆی پۆلیسێکەوە کە خەڵکی کۆنیایە و ھاوشاری خۆیانە رزگاریان دەبێ. شەوکەتی کۆنیالی فریایان دەکەوێت و لە دەست ئەو پۆلیسە غەدارانە رزگاریان دەکات. بەڵام پاش چی؟! ھیلاک و شەکەت لە زیندان دەچنە دەرێ و لەو شارەگەورە و بەرینەدا نازانن بۆ کوێ بچن و روو لەکوێ بکەن. ئیدی وەک دوو گەنجی ھەژار و برسی بە دووی کاردا دەگەڕێن و کار کار کار... کاری قورس و تاقەتپڕوکێن قۆفیان دەکات. گونەی لەو بەشەی رۆمانەکە، کە کۆتایی چیرۆکەکەیە باس لە ژیانی کرێکار و خەڵکانی ھەژار دەکات لە ئیستەنبووڵدا چۆن دەژین و بیریان لەلای ژیانێکی تازەیە و کۆتایی رۆمانەکە لە زاری ساڵپاوە ئەمەیە :" ساڵپا لە دڵی خۆیدا دەڵێ :(جەماوەر، تەڤگەر، قوتابخانەی تەڤگەری جەماوەریی.) لەنێو ئاپۆڕای خەڵکیدا ون دەبێ و ھەزاران گڕکان لە دڵیدا، لە ئاگاییدا، لە گۆشت و ئێسقانیدا ھەڵگرتووە... تا لەناو ئەو جەماوەرەدا بتوێتەوە... تا ببێت بە کەسێکی پێشکەوتووخواز... تا ھەم خۆی بگۆڕێ و ھەم خەڵکانی دیکەش بگۆڕێت.) ئەم چەند رستەیە قفڵی رۆمانەکەیە. 
 
پەیڤ و رامان
 
گەرینەک: گێژاو
عەربەدە: ھەرا و بەدخوڵقی، قسەکردن بەدەنگی بەرز
خەبسین: سەرگەردان
پێبەست: زنجیر، قەیدوبەند
بەردنگانێ: ململانێ
خدۆک: غەمگین
خربۆت: بێھودە
کەلەش: جەستە
کەسات: بێ رەواج
تامسار: رەزاگران
سەرنامە: پێشەکی
پەلۆخ: پیس و چڵکن
خەشۆ: گەوج، دەبەنگ
تەرکەزا: ئاوارە، پەڕاگەندە
شەپسە: تەشقەڵە
تەڕانە: گاڵتە و حەنەک
قۆف: کووڕ، چەمانەوەی پشت
لڤۆک: لەرزۆک، ناسەقامگیر
نکت: ون، نکتبوون، ونبوون