كوشتن لەسەر جیاوازیی بیروباوەڕ؛ هەڕەشە جیدییەكەی سەر پێكەوەژیان

خواناس گەنجێكی چەمچەماڵە، شانۆکار و ئەکتەر و وێنەکێش و دەرهێنەری شانۆ بووە، رۆژی پێنجشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2023، لەنێو بازاڕی چەمچەماڵ کوژرا. 
 
رۆژی هەینی 23ـی حوزەیران، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی تۆمەتباری کوژرانی خواناس وریای بە ناوی (هـ. ک. ع.) راگەیاند و گوتی، "تۆمەتبار لەدایکبووی ساڵی 1995ـە و دانیشتووی چەمچەماڵە".
 
ئەوەی زۆر كوشتنەكەی قورس كردووە و كاردانەوەی زۆری لێكەوتووەتەوە، ئەو بەشەی روونكردنەوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، كە تێیدا هاتووە "تۆمەتبار هۆکاری کوشتنەکەی بۆ جیاوازیی بیروڕای ئاینی گەڕاندەوە و دانی ناوە، کە چەندجارێک گفتوگۆیان کردووە و لێکتێنەگەیشتن روویداوە".
 
دوای كوشتنی خواناس، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەند كۆمێنتێك بڵاوكرانەوە لەلایەن خەڵكانێك كە "رەوایەتی بەو كوشتنە دەدەن"، ئەو خەڵكانە دەڵێن، خواناس سووكایەتی بە خوا و پێغەمبەر و پیرۆزییەكانی ئایین كردووە و، شایانی ئەوەیە بكوژرێت. من، نازانم ئەو كۆمێنتانە چەند راستن، بەڵام ئەوەی بە روونی دیارە لە گۆرانییەك بەشداریكردووە بەناوی (تەمام تەمام)، کە ئەگەر هەستی زۆرینە مسوڵمانی کورد لەبەرچاو بگیرێت، نابێ بەمجۆرە باسی پیرۆزییەکانی بکرێت.
 
رووداوەكە زۆر گەورە و قورسە، لەبەرئەوەی كوشتنە لەسەر جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی، پێشتر لەسەكۆ نێودەوڵەتییەكان، هەمیشە شانازیمان بەوە دەكرد لە كوردستاندا كەس لەسەر جیاوازی بیروباوەڕ نەكوژراوە، بەڵام خواناس كوژرا. 
 
لە رۆژی 7-3-2022 خاتوونێك بەناوی (ماریا سامی) كوژرا، لەسەرەتای كوژرانەكە وا بڵاوکرایەوە هۆكاری كوژرانەكەی گۆڕینی ئایین بووە، بەڵام دواتر ئەو هۆكارە بەناڕاست زانرا، ئەگەر ماریاش لەسەر جیاوازی بیروباوەڕ نەكوژرابێت، ئەوە روونە كە خواناس لەسەر ئەو بابەتە كوژراوە. 
 
كوشتن لەسەر بیروباوەڕ پێشهاتێكی ئێجگار مەترسیدارە، چونكە گرنگترین دەستكەوتی ئێمە كە "ئازادی ئایینی و پێكەوەژیانە" دەخاتە بەردەم پرسیارەوە. 
 
ئازادییەكی ئایینی ناتەواو
 
هەرێمی كوردستان هەنگاوی گەورەی لە مەیدانی ئازادی ئایینی و پێكەوەژیان بڕیوە، لێرە پەیڕەوانی هەشت ئایین بە فەرمی ناسێنراون و ئایینداری خۆیان دەكەن، خەڵك رێز لە بیروباوەڕی یەكتر دەگرن، بەشێوەیەكی گشتی جیاوازی ئایینی نەبووەتە كێشە بۆ هەڵگری بیروباوەڕە جیاوازەكان، بەڵام لە راستیدا ئەو ئازادییە ناتەواوە، چونكە ئازادییەكە بۆ ئەوانەیە لەسەر ئایینی باوك و دایكیان ماونەتەوە، ئەوانەی ئایینیان بە میرات بۆ ماوەتەوە و بەردەوامن لەسەری، بەڵام بۆ ئەوانەی ئایینیان دەگۆڕن، كێشە هەیە و كێشەكان ئایینی و كۆمەڵایەتی و یاسایین. 
 
لەڕووی ئایینییەوە ئەوانەی ئایینەكانیان دەگۆڕن بە (هەڵگەڕاوە) و (دەرچوو) لەو ئایینانە ئەژمار دەكرێن، ئیتر لەو كۆمەڵگە ئایینییە دادەبڕێندرێن، بەشێک لە شوێنکەوتووانی ئەو ئایینانە جۆرێك لە رەوایەتی بەكوشتنیان دەدەن. لە ئیسلامە باوەكەی كوردستان رەوتە جیاوازەكانی نێو فەزای موسڵمانان بەگشتی كۆكن لەسەر ئەوەی هەڵگەڕاوە (مورتەد) حوكمی كوشتنە، كەسێكیش سووكایەتی بە هێما و درووشمەكانی ئیسلام بكات، بەهەمان شێوە دەبێت بكوژرێت، بەڵام وەك ئەوەی جەختی لەسەر دەكەنەوە، لە وردەكاری كوشتنەكە و ئەو كەس و لایەنەی بەو كارە هەڵدەستێت، ناكۆكن، زۆرینەیان هاوڕان لەسەر ئەوەی قەزا و دەسەڵات بەو كارە هەڵدەستێت، هەشیانە دەڵێت هەر كەسێك بتوانێت، با بیکوژێت.
 
تەنیا ئیسلامییە رۆشنهزرەكان لەگەڵ ئەوەدان هەڵگەڕاوە نەكوژرێت، وردەكاری هەردوو را جیاوازەكە و بەڵگەكانیان زۆری دەوێت و لە وتارێکی دیكەدا دەكرێت باسی ئەوە بكەم.
 
لە رووی كۆمەڵایەتییەوە، پەیڕەوانی ئایینەكانی كوردستان وەك یەكن و لەیەك بەرەن دژی ئەوانەی ئایینیان دەگۆڕن، ئەوان حاشا لەو كەسە دەكەن، كە واز لە ئایینەكەی دەهێنێت و لەباشترین حاڵەتدا هیچ جۆرە مامەڵەیەكی لەگەڵدا ناكەن و بێكەس دەمێنێتەوە، هاوسەرەكان لێکدی جیا دەكرێنەوە، بێبەش دەكرێن لە منداڵەكانیان، میراتیش وەرناگرن، لە خراپترین حاڵەتیشدا كۆتایی بە ژیانی دەهێنن، هەردوو نموونەش لە كوردستاندا لەناو پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەكاندا هەبوون.
 
لەرووی یاساییشەوە ئەو بابەتە ئەگەر لە ئایینەكانی دیكەوە بێت بۆ سەر ئیسلام؛ ئەوە رێگە پێدراوە، بەڵام بەپێچەوانەوە بەتاوان ئەژمار كراوە، لەگەڵ جیاكردنەوەی خێزان لێی و هەژماركردنی منداڵەكانیش بە ئیسلام و بێبەشكردن لە میرات و ... هتد.
 
بەمشێوەیە دەردەكەوێت، ئازادیی ئایینی لە پراكتیكدا ناتەواوە، هەر ئەوەشە وایكردووە خەڵكانێك بیروباوەڕی گۆڕاویان بە نهێنی بهێڵنەوە و، نەوێرن بە ئاشكرا ناسنامەی باوەڕیان ئاشكرا بكەن.
 
دژەكان 
 
بەشێك لەوانەی باوەڕیان دەگۆڕێت، بەدەنگێكی بەرز گوزارشت لەو باوەڕە دەكەن، كە تازە وەریان گرتووە، جا ئایینێكی دیكە بێت یان بێ ئایینی، ئەوان بە ئاشكرا دەكەونە بەرەی دژ بە باوەڕە كۆنەكەیان، هەندێكجار پەرچەكرداریان بەرامبەر ئەو باوەڕە كۆنەیان ئەوەندە تووندە، سووكایەتی بە باوەڕە كۆنەكەیان دەكەن. 
 
كۆمەڵگەش بەرامبەر ئەوانە دەبنە دوو بەش، بەشێكی زۆر كەمیان هانیان دەدەن، بە رێچکەشكێن و ئازادیخواز و چاونەترس و بوێر ناوزەدیان دەكەن و چەپڵەیان بۆ لێدەدەن، لە راستیدا قوڕمیشیان دەكەن بۆ ئەوەی زیاتر تووند بن و زبرتر هێرش بكەنە سەر ئیسلام و موسڵمان و پیرۆزییەكانیان. 
 
بەرەی دووەمی كۆمەڵگەش زۆرینەی موسڵمانە کە دەبنە دژیان، بە "كافر، مولحید، بێ دین، میكرۆب و..هتد" وەسفیان دەکەن، وەك شێرپەنجە وێنایان دەكەن و هانی یەكتر دەدەن لەناو ببرێن، لەناو ئەو بەرەیەدا هەیانە موسڵمانێكی نەرمە، بەهیچ شێوەیەك ناكەوێتە رق و هاندان دژیان، بگرە هەوڵی دیالۆگی هێمن و نزای گەڕانەوەیان بۆ دەكات. 
 
لە راستیدا هەردوو بەرەكە لە كەیسی (خواناس)ـدا هەن، خەڵكانێك كە هانی ئەو گەنجەیان داوە، درێژە بەو سەنگەرگرتنە دەدەن لە ئیسلام، خەڵكانێكیش كە شەو و رۆژ لە گوتاری ئایینییەکانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسی شەرعیبوونی كوشتنی مورتەد و ئەوانەشی سووكایەتی بە ئایینی ئیسلام دەكەن، بەمەش ناڕاستەوخۆ هانی خەڵك دەدەن دەستیان بچێنە خوێنی یەكتر.
 
لەو كەیسەدا، هەردوولا تاوانبارن، ئەوانەی زۆر بە خراپی ئازادی ئایینیان قۆستووەتەوە و هێرشی ناڕەوا دەكەنە سەر ئیسلام و ئایینەكان، هانی گەنجە خوێنگەرمەكان دەدەن بۆ ئەو سووكایەتییە و دەستیان لەپشت دەدەن، تاوانبارن، چونكە هەم سووكایەتی بە پیرۆزییەكانی ئایین بەپێی یاسا قەدەخەیە، هەمیش گەنجێكی نامۆ وەك نێچیر فڕێدەدەنە بەردەم شێرێكی برسی، پێویستیش ناكات کە نێچیرەكەیان پەڕ و باڵی كرا و هەلاهەلا كرا، چاوی خۆیان بنووقێنن و خۆیان وا نیشان بدەن، كە نە بایان دیوە و نە باران. 
 
ئەوانەشی گوتاری تووند ئاراستەی كۆمەڵگە دەكەن، لەو كەیسەدا تاوانبارن، ئەوان شەرعیەت دەدەنە كوشتنی هەڵگەڕاوە و دژە ئیسلامەكان كە سووكایەتی دەكەن، چونكە ئەوان گەنجێكی خوێنگەرم و ناحاڵی لە ئایین پڕ دەكەن لە رق، وای لێدەكەن هەندێكجار كەسی وەرگر ئیتر تا سەر گوێ بۆ مامۆستاكەشی شل نەكات، بەڵكو بەهۆی گوتارە تووندەكەوە هەڵدەچێت و چاوەڕێی یاسا ناكات، یانیش باوەڕی بە یاساكە و دەسەڵاتی قەزاییش نییە تا چاوەڕێیان بكات، چونكە هەر ئەو مامۆستایە لە بۆنەی دیكەدا بە روونی فێری كردوون كە لێرەدا حوكم بە قورئان ناكرێت و حاكمەكانیش كافرن و دەسەڵاتیش بەشدارە لەو سووكایەتیكردنە، سەرەنجام ئەو وەرگرە فەریكە موسڵمانە سادە و ساویلكەیە، خۆی دەچێت كەسی بەرامبەر دەكوژێت و شانازیش بەو كارەیەوە دەكات و پێیوایە بەهەشتی بۆ خۆی مسۆگەر كردووە. 
 
رەگ و ریشەی مێژوویی 
 
ئەوە یەكەمجار نییە لە هەرێمی كوردستان خەڵك بە بیانووی لادان لە دین بكوژرێت، بەڵكو لەوەتەی هەرێمی كوردستان دامەزراوە، جاروبار ئەو حاڵەتانە روویانداوە، ئەوانە بەشێكن لەو دۆسیانەی كە بەهۆی جیاوازی باوەڕەوە كوژراون:
 
- مامۆستا سەلاح هەورامی، یەكێك لەمنەوەرە دیارەكان كە مامۆستا بوو لە كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی سەلاحەدین، رۆژی 13-3-1995 لەبەردەم كۆلێژی ئاداب کوژرا. 
 
- شاپر عەبدولقادر و قابیل عادل، دوو سەركردەی دیاری حیزبی كۆمیونیستی كرێكاری بوون، رۆژنامەیەكیان دەردەكرد، باڵەخانەكەیان لە نزیك باڵەخانەی پەروەردەی هەولێر بوو، رۆژی 18ـی نیسانی 1998 تیرۆر كران.
 
- تیزابكردن بە قاچ و قوڵی ئافرەتی (سفور) لەناو بازاڕی هەولێر لە نەوەتەكانی سەتەی رابردوو.
 
لەراستیدا هەردوو بەرەكە مەترسی جیدین لەسەر كوردستان و ئازادی ئایینی و پێكەوەژیان، ئەوانەی سووكایەتی بە هێما ئیسلامییەكان دەكەن، ئەوانەشی كە گوتاری پڕ لە رق و كینە ئاراستەی خەڵك دەكەن، بەرهەمی هەردووكیشیان بەڕوونی دیارە، هەركەسێك ئەو چەند رۆژە سەرنجێكی سۆشیاڵمیدیای كوردستان بدات، دەبینێت كە چۆن بەشێکی موسڵمانان دەستخۆشی لەو گەنجە بكوژە دەكەن، كوشتنەكەی بەڕەوا دەبینن، بەمەش راستەوخۆ هانی هەر گەنجێکی دیكە دەدەن هەمان رێچكەی بكوژی خواناس بگرنەبەر و، ببنە ئەستێرەی سۆشیاڵمیدیا. 
 
لێرەوە پێویستە سەرجەم دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان بە زوویی بێنە سەرهێڵ و رێگری لەو مەترسییە جیدییە بكەن و نەهێڵن تەشەنە بكات. دەکرێت لە رێگەی پەروەردە، فەرمانگە حکومییەکان و میدیاوە هەڵمەتێک بۆ بنەبڕکردنی تووندڕۆیی دەستپێبکرێت، هەم بۆ سوکایەتی بە ئایین و پیرۆزییەکانی و کوشتنیش، سزایەکی یاسایی تووند بسەپێنن.