ژینگەو كێڵگەكانی مین

25-05-2014
عەبدولڕەحمان سدیق
A+ A-
عەبدولڕەحمان سدیق

لەڕووی مێژووییەوە دەتوانرێت ئاماژە بەوە بدرێت كە عێراق لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە تووشی كێشەی چاندنی مین بووە و دواتریش لە ساڵانی شەستەكان و حەفتاكاندا حكومەتی ناوەندی لە دژی شۆڕشەكانی گەلی كوردستان ژمارەیەكی زۆری لە مین لە كوردستاندا چاندووە.

پاشان لە ساڵانی نێوان 1980 - 1988داو لە شەڕی عێراق و ئێراندا ملیۆنەهای دیكە چێندراون، ئەمە جگە لە شەڕی عێراق- هاوپەیمانان لە ساڵی 1991 كە ژمارەیەكی زۆری دی لە مینی جۆراوجۆر هاتوونەتە چاندن. لەم هەموو ماوەیەشدا ئەم كارە پێشێلكردنێكی ئاشكرای رێككەوتننامەی قەدەغەكردنی بەكارهێنانی مین بووە.

دوای ئەوەش كە بەشی بەدواداچوونی مین و كێشەكانی وەك دامەزراوەیەك لە عێراقدا لە وەزارەتی پلاندانان و هاوكاریی گەشەپێدانەوە خرایە سەر وەزارەتی ژینگەی عێراق، بەپێی ئامارە فەرمییەكانی وەزارەتی ژینگەی عێراقیش لە مارسی 2012دا، مین لە 15 پارێزگای عێراقدا رووبەری زیاتر لە 1700 كیلۆمەتر دووجای گرتووە بە كۆی 25 ملیۆن مین.

ئەمە وێڕای ملیۆنان بۆمب و رۆكێت و كەرەستەی جەنگیی نەتەقیو كە هەڕەشە لەگیانی زیاتر لە 2117 كۆمەڵگە و نشینگەی مەدەنی دەكات كە نزیكەی 2 ملیۆن و 700هەزار كەسیان تێدا دەژیت.

بەپێی ئامارەكانی دەستەی نیشتمانی بۆ كاروباری مینیش، لە عێراقدا نزیكەی 10232 كێڵگەی مین هەیە كە نزیكەی 3782 كێڵگەی لە كوردستاندایە.

زیانەكانی مین بە شێوەیەكی گشتی بریتییە لە:

یەكەم: دژ بە ژیانی مرۆڤە، چونكە ساڵانە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان و چالاكانی بواری هەڵگرتنەوەو پووچەڵكردنەوەی مین گیان لەدەست دەدەن یان بریندار دەبن.

دووەم: لەڕووی ژینگەشەوە مین هۆكارێكی پیسبوونی خاكە و دەبێتە رێگرێكی سەرەكی لە بەردەم پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی خەڵك بۆ گوندەكانیان.

سێیەم: رێگرە لەبەردەم دروستكردنی رێگەوبانی نوێ.

چوارەم: دەبێتە هۆی پەكخستنی ناوچەكانی كشتوكاڵكردن.

پێنجەم: رێگرە لەبەردەم دامەزراندنی كارگەی نوێ و پڕۆژەكانی كارەبا و رووناككردنەوە بەهۆی نەتوانینی چەقاندنی تاوەری نوێ.

شەشەم: رێگرە لەبەردەم هەڵكەندنی بیری ئاوی نوێ و كردنەوەی كەناڵەكانی ئاودێری.

حەوتەم: دەبێتە هۆی راگرتنی پڕۆسەی پشكنین و گەڕان بەدوای دۆزینەوەی نەوت و دۆزینەوەی كانزا جۆراوجۆرەكانی دیكەدا.

هەشتەم: بەشێوەیەكی گشتی مین رێگرە لەبەردەم ژینگە و پەرەپێداندا و هۆكارێكە بۆ هەژاركردنی وڵات لە گشت ئەو بوارانەی ئاماژەمان پێكردن.

وەزارەتی ژینگەی عێراق پێویستە لەپاڵ رووپێوكردنی رووبەری ئەو كێڵگانەی مین و دیاریكردنی ژمارەی تەواو و دەرخستنی جۆرەكانی و دۆزینەوەی نەخشەكانی چاندنی ئەو ژمارە زۆرەی میندا، سوود لە بە ئەندامبوونی عێراق وەربگرێت لە رێككەوتننامە جیهانییەكانی قەدەغەكردنی بەكارهێنانی مین. رێككەوتننامەی ئۆتاوا كە لە ساڵی 2006دا پەرلەمانی عێراق رەزامەندی نیشاندا لەسەر بەئەندامبوونی عێراق تێیدا و بەپێی ئەم رێككەوتننامەیەش دەبێت عێراق لەساڵی 2018دا لە تەواوی مینی هەڵگیراو و چێنراو پاك بكرێتەوە.

*نووسەر و رۆژنامەنووس و یەكەم وەزیری ژینگەی عێراق لەدوای رووخانی رژێم.
 asidiq1962@yahoo.com

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە