بە جیاوازیەكانمانەوە جوانین

كەسانی دەمارگیر كە پەنجە بۆ مانگ درێژ دەكەن لەجیاتی مانگ تەنیا پەنجەی خۆیان دەبینن.

كۆمەڵگە بە جیاوازیەكانیەوە جوانە، تەنانەت پەنجەكانی دەستمان وەك یەك نین، ئەمەش شتێكی سروشتیە، بەڵام جیاوازیەكان لە كۆمەڵگەی ئێمەدا كێشەن. دووبەرەكی و ئاژاوە دەنێنەوە. ئەم بیرۆكەیە زۆربەی لایەنەكانی ژیانمانی داگیركردووە. كەس رێز لە هەڵبژاردەی ئەوی دیكە ناگرێت و دانی پێدا نانێت، ئەگەر هیچ زەرەرێكی مادی و رۆحیشی بۆ ئەو نەبێت و مافی كەسانی دیكەش پێشێل نەكات.

هەمووان دەیانەوێ وەك یەك بین، ئەگەر كەسێك جیاواز بێت ئەوە هەزار ناووناتۆرەی بۆ دەدۆزنەوە.

ئەم هەڵسوكەوتە نەخۆشە كێشەو دووبەرەكی و هەستی شارچێتی و ناوچەگەری لە نێوان تاكەكانی یەك كۆمەڵگە دروست دەكات، كۆمەڵگە ناچار دەكات ببێتە مێگەل و بەبێ بیركردنەوەو رای جیاواز ژیان تێپەڕێنێ.

رای جیاواز نابێت پەیوەندی تاكەكان بشێوێنێ، بە پێچەوانەوە دەبێ دیالۆگ لە نێوانیاندا دروست بكات نەك ئەوەی جیاواز بێت دادگایی بكرێت. ئەو كەسانەی كە پەنجە بۆ مانگ درێژ دەكەن لەجیاتی مانگ تەنها پەنجەی خۆیان دەبینن.

لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا و لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەم حاڵەتە بە شێوەیەكی زۆر زەق لە میدیاكان و لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بەدی دەكرێت.

لایەنە سیاسییەكان و هەوادارانیان یەكتر قبووڵ ناكەن و هێرشی فەیسبووكی دەكەنە سەر ئەندام و پاڵێوراوی یەكتر بە شێوازێكی دوور لە شارستانیەت و بەبێ رەچاوكردنی مافەكانی مرۆڤ.

هێرشی هەواداران و لایەنەكان بۆ سەر یەكتری ئەوەندەی بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەنگ و شكاندنی كەسایەتیەكانە، نیوهێندە گفتوگۆ و دیالۆگ نییە لەسەر پرۆژە و بەرنامەی كار. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەو حیزبانە كە هەریەكەیان لە پەیڕەو پرۆگرامی خۆیاندا باسی دیموكراسی و مافی مرۆڤ دەكەن و دەڵێن ئێمە لەپێناو بەدیهێنانی خۆشبەختی بۆ مرۆڤەكان دروست بووین، كار بۆ ئەوان دەكەین و ژیانێكی باشتریان بۆ دابین دەكەین و سیستەم و یاسا دەگۆڕین، بەڵێ رەنگە ئەم قسەیە راست بێت، دەیگۆڕن بۆ ئەو شێوازەی خۆیان دەیانەوێ نەك وەك ئەوەی خەڵك دەیەوێ.

لای كەسانی دەمارگیر و دژە دیموكراسی و ناوچەگەرایی هەر بیروبۆچوونی خۆیان پێ راستەو ئەوەی خەڵكی شار و كوڕی گەڕەك نەبێت نرخی نییەو ئەوەی لەگەڵ ئەوان نەبێت خۆفرۆشە، با لە پێناو سەركەوتنی پرۆسەی دیموكراسی و پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی تاكەكان و بەرژەوەندی باڵای خەڵكی كوردستان واز لەم بیركردنەوە سەقەتانە بهێنین و رێز لە جیاوازییەكانی یەكتر بگرین.