ماکرۆن ئەڵمانییە؟

 
دیاردەیەک ئەم هەفتەیە سەرنجی زۆر کەسی راکێشاوە. ئەویش ئەوەیە کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە ئەڵمانی قسەیکردووە. ئەوە بۆیە سەرنجڕاکێشە چونکە فەرەنسی بەوە بەنێوبانگن کە هەمیشە حەزدەکەن بە زمانی خۆیان قسە بکەن. جا کەسێک سەرۆکی فەرەنساش بێت دووجار زۆرتر پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات. 
 
لەلایەکی دیکەشەوە قسەکردن بە ئەڵمانی بۆ ئەوانەی ژێردەستیی ئەڵمانیای نازییان چێشتووە هێشتاش هەستیارە لە ئەوروپا. کەچی ئەو ماکرۆنەی چەندین جار لەبەردەم مایکەکەی من قسەی بۆ رووداو کردووە، لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بە زمانی ئەڵمانی قسەیکرد! رەنگە زۆر کەس بڵێن: تۆ بڵێی ماکرۆن لە بنەڕەتدا دایکی یان باوکی ئەڵمان نەبێ؟ وەڵامی من بۆ ئەو بەڕێزانە "نا"یە. بەڵام دەبێ تێبگەین چۆن مەزنیی مرۆڤێک بەسەر سیاسەتی ئەڵمانیا و ئەوروپاوە ماکرۆنی ناچار کرد بە ئەڵمانی قسە بکات. چیرۆکەکەی سەرنجڕاکێشە و بەکورتی بۆتان باس دەکەم. 
 
ئەم هەفتەیە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا رێوڕەسمێکی رێزلێنان بۆ سیاسەتمەدارێکی زۆر تایبەت هەبوو. کەسێک کە ئەوکاتەی دەگوترا ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا بەهێزترین سیاسەتمەدار و ژنی ئەوروپایە، هەمیشە ئەوەش دەگوترا وۆلفگانگ شۆیبلە بەهێزترین پیاوی ئەوروپا و دووەمین بەهێزترین کەسایەتیی سیاسیی ئەڵمانیایە. 
 
رێوڕەسمەکەی پەرلەمان بۆ یادکردنەوەی کۆچی دوایی شۆیبلە بوو، کە کۆتایی ساڵی رابردوو ئەم دنیایەی بەجێهێشت. لە رێوڕەسمەکەدا جگە لە ماکرۆن، هەریەکە لە ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و مێرکلیش ئامادە بوون. هاتبوون رێز لە پیاوێک بنێن کە زۆرتر لە 50 ساڵ پەرلەمانتاری ئەڵمانیا ببوو و پەنجەمۆری بەسەر زۆر رووداوی گرنگی ئەڵمانیا و ئەوروپاوە هەبوو.
 
من زۆر جار شۆیبلەم بینیوە و قسەم لەگەڵی کردووە. دوایین جار ئەو کاتە بوو کە سەرۆکی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بوو. کاتێک قسەم لەگەڵی دەکرد دەمزانی بەرامبەر سیاسەتمەدارێک راوەستاوم کە جگە لەوەی نیو سەدەیە کاریگەریی بەسەر سیاسەتی ئەڵمانی و ئەوروپییەوە هەیە، بەڵام هەر ئەو کەسەشە کە وایکرد پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە ئاسایی ببنەوە. ئەوانەی شارەزای مێژووی دامەزراندنی یەکێتیی ئەوروپان دەزانن کە ئاشتبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە یەکێتییەکەی دروستکرد. جگە لەوەش شۆیبلە هەم وەک وەزیری ناوخۆ و هەم وەکو وەزیری دارایی ئەڵمانیاش رۆڵی گەورەی هەبوو لە رەنگڕێژکردنی سیاسەتە نێوخۆیی و داراییەکانی یەکێتیی ئەوروپا. 
 
کەسایەتیی شۆیبلە وای لە ماکرۆن کرد کە بە ئەڵمانی قسە بکات و یادی بکاتەوە. ئەو پەیامەشی بۆ دنیای دەرەوە، بەتایبەتیش کوردستان، تێدابوو کە مرۆڤی مەزن بە بیرکردنەوەی مەزن و هەوڵی مەزن بۆ ئاشتی و سەقامگیری دەکەونە ئەو پێگەیەوە کە شۆیبلە تێیکەوت. ماکرۆن و شۆلتز و مێرکل بۆیە لە تەنیشت یەک دانیشتن و یادی ئەو مرۆڤە گەورەیەیان کردەوە چونکە دەیانزانی لە رێوڕەسمێکی ئایندەبینێکی پراگماتیست دانیشتوون. مرۆڤێک کە کاتێک رۆیشت ئەڵمانیا کەسایەتییەکی دەوڵەتمەدار و ئەوروپا پایەیەکی گرنگ و فەرەنساش دۆستێکی دڵسۆزی لەدەستدا. 
 
شۆیبلە زۆر قسەی سەرنجڕاکێشی هەن کە رەنگدانەوەی بیرکردنەوە مەزنەکانین. مەرج نییە مرۆڤ لەگەڵی کۆک بێ، بەڵام لێرە لە ئەوروپا گەنگەشەیان لەسەرە. بۆ نموونە ئەو پێیوابوو ئەوروپا تەنیا ئەوکاتە لە ئەمریکا و رووسیا بەهێزتر دەبێ کە چەکی ئەتۆمیی هەبێ. 
 
چیرۆکی وۆلفگانگ شۆیبلە وانەیەکی گرنگی بۆ سیاسییەکانی کوردستانیش تێدایە. ئەویش ئەوەیە کە مادام کەسانی وەک شۆیبلە توانییان ئەوروپایەکی پڕ لەو هەموو ناکۆکی و جەنگە بگەیێننە یەکێتییەک، یەکخستن و یەکگرتوویی کورد زۆر ئاسانە، بەمەرجێک سەرکردەکانمان لەجیاتی بیرتەسکی بیانەوێ شۆیبلە بن و کۆکەرەوە بن نەک پەرتەوازەکار! چونکە ژیان دەرفەتێکە بۆ ئەنجامدانی کاری مەزن و وەک شۆیبلە بە جوانی گوتوویەتی: "خۆشبەختانە ناتوانین وابکەین نەمر بین!"