داهاتووی گرژییەکانی عێراق و ئیسرائیل؛ شەڕ دەبێت؟

24-11-2024
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
ئەگەری هێرشی ئیسرائیل لانیکەم بۆ سەر شەش گرووپی چەکداری عێراقی، ئەویش لەدوای نامەیەکی وەزیری دەرەوی ئەو وڵاتە بۆ باربارا ڤودوارد، سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بووەتە مژارێکی گەرم. پرسیارە ملیۆنییەکەی ئێستا ئەوەیە؛ ئایا ئیسرائیل هێرش دەکات یان نا؟ ئیسرائیل گوتوویەتی لەبەر زیادبوون و کاریگەربوونی هێرشەکانی گرووپەکانی" موقاوەمەی ئیسلامەی لە عێراق" مافی بەرپەرچدانەوەی هەیە. ئەمەش لەکاتێکدایە دوایین شتێک کە ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق بیەوێت، شەڕە، کە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا وڵاتەکەی بەرەو هەڵبژاردن دەبات و کەڵکەڵەی پرۆژەی گەورەی ئابووری - سیاسی و مانەوەی لە پۆستەکەی لەسەردایە. هەرچەند فاکتەر و ئەکتەری دیکەش رۆڵیان هەبوو، بەڵام ئەو لە 2024ـدا سەرکەوتوو بوو لەوەی ئاگربەستێکی نافەرمی لەنێوان ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکان رابگەیێنێت و چارەسەرێکی مامناوەندی بۆ پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بدۆزێتەوە. لەسەر کێشەی نێوان ئیسرائیل و گرووپەکانی موقاوەمەی ئیسلامیش، لانیکەم توانیبووی گرووپە بەشدارەکانی نێو حکومەتەکەی لەو پرسە بەدوور بگرێت، تەنانەت ئەگەر بە رواڵەتییش بێت. کەوابێ پرسیاری دیکەش ئەوەیە؛ بۆچی لەم کاتەدا، ئیسرائیل ئەو سکاڵایەی کرد؟
 
پاساوی سکاڵاکەی ئیسرائیل و کاردانەوەی عێراق
 
پاساوی سەرەکیی ئیسرائیل بۆ ئەو سکاڵایەی لە عێراقی کردووە، ئەوەیە گرووپە چەکدارەکان کە بە دیاریکراوی ناوی شەش دانەیانی هێناوە (کەتائیبی حیزبوڵڵا، سەیدوشوهەدا، نوجەبا، عەسائیبی ئەهلی هەق، ئەنساروڵڵا ئەلئەوفیا و بەدر) لە سێپتەمبەری ئەمساڵەوە هێرشەکانیان زیادکردووە، ئاستی هێرشەکانیشیان بەرزکردوونەتەوە. باسی لەوەش کردووە بەپێی ماددەی 51ـی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی هەیە بەرگری لە خۆی بکات. سەرەڕای ئەو قسەیەی ئیسرائیل، بابەتی زانراو ئەوەیە تەنیا سێ دانە لەو گرووپانە باسی هێرش کردنە سەر ئیسرائیلیان کردووە، ئەوانی دیکە خۆیان لەوە بەدوور گرتووە، لەبەرئەوەی تێکچوونی دۆخی عێراق لەبەرژەوەندیی ئەو حکومەتە دا نییە کە خۆیان بڕبڕەی پشتەکەیان پێکهێناوە. بەگوێرەی هەندێک لە سەرچاوەکان، موقاوەمەی ئیسلامی عێراق لەماوەی نێوان 20ـی نۆڤەمبەری 2023ـوە تاوەکو 20ـی نۆڤەمبەری 2024، بەگشتی 312 جار باسی هێرشی خۆی بۆ سەر ئیسرائیل کردووە، لانیکەم 89 دانەیان پشتڕاست کراونەتەوە.  ئاماری دیکەش باسی زیاد بوونی ژمارەی هێرشەکان بەتایبەتی لە مانگی ئۆکتۆبەردا دەکەن، کە بەگوێرەی جاران سێ هێندە زیادی کردووە. هەڵبەت ئەمەش واتای ئەوە نادات هەموو هێرشەکان لە خاکی عێراقەوە کرابن.
 
ئیسرائیل گوتوویەتی بە دیاریکراوی بە درۆنی شاهیدی 101، سەییاد و موشەکی کروزی رەعد351 'هێرشمان کراوەتە سەر' درۆنی سەییاد بە مەودای 100کم و مووشەکی رەعدی 351ـیش 350 کم دەڕوات، هەرچەند دەکرێ درۆنێکی وەک شاهید 101 لە شوێنێکی دوورتریشەوە بهاوێژرێت، کە دەوری 700 کم بڕبکات. بەو پێیەی لە نزیکترین شوێنەوە، دەوری 300 بۆ 350 کم مەودا لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەریەک لەو چەکانە چەنێ بڕدەکەن، دەکرێ گومانی ئەوە بکرێت زۆربەی ئەو ‌هێرشانە لە شوێنێکی نزیکی سنوور، یان لەنێو خاکی سووریاوە کراون. وەزیری دەرەوی ئیسرائیلیش لە نامەکەیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی ماددەی 17ـی بڕیاری 1546ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی دەکات لە ساڵی 2004، کە دەشێ وەک بەڵگەی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی نوێ لە دوای 2003ـوە سەیر بکرێت. بەگوێرەی ئەوەش، یەکێک لە مەرجەکانی دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عێراق، رێگرتن لە پەڕینەوەی گرووپی چەکدار بۆ ناوەوە و دەرەوەی عێراق بووە. لەوانەیە هەر ئەوەش هۆکاری ئەوە بێت، حکومەتی عێراق لەم رۆژانەدا جەختێکی زۆر لە پاراستنی سنوورەکانی دەکاتەوە. لە 15ـی ئەم مانگە، وەزیری بەرگریی عێراق سەردانی فەرماندەیی نەینەوای کردووە و رۆژی بەرلەوەش، سنووری سووریای بەسەرکردبووەوە. رۆژی 21ـی ئەم مانگەش، خودی سەرۆکوەزیران سەردانی فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی سنووری کرد و باسی لە مەترسییەکانی شەڕی ناوچەکەی لەسەر عێراق کردووە. 
 
لە راستیدا سنووری عێراق و سووریا بایەخێکی جیۆسیاسیی گرنگی بۆ لایەنە جیاوازەکان هەیە. بۆ ئێران و گرووپەکانی میحوەری موقاوەمە ئەوە کۆردیدۆرێکی وشکانییە کە دەتوانێت لە سێ دەراوزە و رێگەی شنگال - رەبیعە، قائم و ئەلوەلیدەوە بەنێو سوریادا بگاتە سنوورەکانی لوبنان و ئیسرائیل و دەریای مەدیتەرانە. سنووری شنگال - رەبیعە بەهۆی هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کراوە نییە، هەرچەندە بەپێی هەندێک زانیاریی نافەرمی، لە ساڵانی رابردوودا لایەنی کوردی لە سووریا، پێشنیارێکی رەتکردبووەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاریی ئەمریکا و ئۆپۆزیسیۆنی سووری، تەواوی سنووری عێراق - سووریا تووندوتۆڵ بکات. ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رێگرتن لە بەریەککەوتن لەگەڵ ئێران و هێزەکانی موقاوەمەی ئیسلامی. هەبوونی ئوردن و بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش وایکردووە هاتووچۆی شەڕکەر و کەرەستەی شەڕ لە سنوورەکانی قائم و ئەلوەلید چەندەی مومکین بێت، ئەوەندەش کاریکی ئاسان و بێ مەترسی نەبێت. ئێستاش کە ترەمپ گەڕاوەتەوە، یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان داهاتووی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە سووریا. ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە، ئەگەری رێککەوتنی لایەنە کوردییەکانی سووریا لەگەڵ ئەسەد زیاتر دەبێ، کە ئەوەش دەتوانێت رێگە بۆ کرانەوەی بەشی باکووری ئەو کۆریدۆرە وشکانییە بۆ ئێران و گرووپەکانی میحوەری موقاوەمە بکاتەوە کە گرنگییەکی حەیاتی بۆیان هەیە، هەرئەوەش یەکێک لەو هۆکارانە بوو کە نەیانهێشت رێککەوتنی 2020ـی شنگال لەنێوان بەغدا و هەولێر جێبەجێ بکرێت. بۆ ئەمریکا و ئیسرائیلیش ئەو ناوچە سنوورییانە خاڵێکی زۆر گرنگن بۆ رێگرتن لە دەسەڵات و هەژموونی ناوچەیی ئێران. دەشێ بێژین؛ لەدوای توانا مووشەکییەکەی ئێران، هەروەها لە پاش ئەوەی توانای سەربازیی هەریەک لە حەماس و حیزبوڵڵا بەهۆی شەڕەکانی ئەمدواییەوە سنووردارکرا، گرووپەکانی موقاوەمەی ئیسلامی ماتەوزەی ئەوەیان هەیە گرفتێکی ئەمنی گەورە بۆ ئیسرائیل دروستبکەن. ئەویش بەهۆی هەبوونی توانای مووشەکی و درۆن، هەروەها توانای دەستگەیشتنیان بەو کۆردیدۆرە وشکانییەی دەتوانێت لە ئوردن و لە سووریاشەوە بگاتە ئیسرائیل.
 
عێراق چی دەکات؟
 
ئەمە چەندجارێکە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لەوە دەکات نامەکە پاساوێکە بۆ ئەوەی هێرش بکرێتە سەر عێراق و لەدوای ئەوەش یەکسەر کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزاریی ئەمنی رێکخست. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش گوتوویەتی ئیسرائیل بە ڕوونی هەڕەشەی لە حکومەتی عێراق کردووە و سەرکوەزیرانیش خەریکی گرتنەبەری رێکاری کردەنییە بۆ ئەوەی عێراق پەلکێشی ئەم شەڕە نەکرێت. بەڵام ئەو رێکارە کردەنییانە چین؟ 
 
یەکەم: سەرۆکوەزیرانی عێراق هەندێک رێوشوێنی سەربازی گرتووەتەبەر وەک بە بەرپرسیار دانانی فەرماندەکانی هەر ناوچەیەک کە هەر جۆرە سەرپێچییەکی ئەمنییان لێدەکرێت، هەروەها هەوڵی توندوتۆڵکردنی سنووری گرتووەتەبەر، کە دەشێ واتای خواستی زیاتری حکومەت بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵی گرووپە چەکدارەکان، هەروەها باسی لەوە کردووە ئاسمانی عێراق بپارێزرێت. لە راستیدا سەرەڕای خواستی حکومەت، پاڵپشتی ئایەتوڵڵا سیستانی، سەرکردە بەریتییەکانی شیعە و کورد بۆ دوورگرتنی عێراق لە شەڕ، ئەستەمە حکومەت بتوانێت بەتەواوی ئەو گرووپانە کۆنترۆڵ بکات. بەئەگەری زۆرەوە هاوتەریب لەگەڵ ئەوانە، سەرۆکوەزیران هەوڵدەدات هاوشێوەی ئەوەی لەنێوان ئەمریکا و گرووپەکانی موقاوەمەی ئیسلامیدا کردی، ئەو گرووپانە رازی بکات دەست رابگرن. بەڵام رۆژی 19ـی ئەم مانگە، گرووپی ئەولیای دەم وێنەی درۆنێکی لەسەر بەلەمێکی بچووک بڵاوکردووەتەوە کە دیار نییە کوێیە، بەڵام دەشێ وەک پەیامێک بێت بۆ ئەوەی تەنانەت ئەگەر بۆ تەنگەتاوکردنی حکومەت رێگەی وشکانی و سنووری عێراق - سووریاش بەکارنەهێنن، دەتوانن لە دەریاشەوە هێرشی ئیسرائیل بکەن، ئەمەش دەتوانێت واتای درێژەپێدانی هێرشەکان بێت. چونکە تەنانەت ئەگەر بیانەوێ لە ئاستی گرژییەکانیش کەم بکەنەوە، پێویستە بە جۆرێک بیکەن کە لای لایەنگرەکانیان وا دەرنەکەوێت، لەبەر هەڕەشەی ئیسرائیل ئەو کارەیان کردووە. 
 
دووەم: لە رووی سەربازییەوە توانای بەرگریی ئاسمانی عێراق سنووردارە و ئەستەمە بتوانێت بە سیستمی کۆنی رووسی، یان بە راداری فەرەنسی و سیستەمی بەرگریی موشەکی Cheongung-IIـی کۆریای باشوور کە دەیەوێ داینبێت، رێ لە هێرشی ئاسمانیی عێراق بگرێت. بەڵام ئەوەش راستییە کە هەر هێرشێکی گریمانەیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق، فراوان نابێت، چونکە عێراق سنووری وشکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا نییە. هێرشی بەردەوامی ئاسمانییش بە ئاسمانی وڵاتی دیکەدا کارێکی ئاسان نابێت. ئەمە جگە لەوەی بەرەیێکی نوێی شەڕ لە رووی سایسی و سەربازییەوە زیانی بۆ ئەو وڵاتەش هەیە. هەروەها بەلەبەرچاگرتنی نموونەکانی رابردوو لە ئێران، عێراق، سووریا و لوبنان، رەنگە ئەستەم نەبێت پێشبینی بکەین لەوانەیە میتۆدی بەئامانجکردنی کەسەکان، پەیڕەو بکات. 
 
سێیەم: هەوڵێکی دیپلۆماسی و میدیایی چڕ بۆ رێگرتن لە پەلکێشانی شەڕ بۆ عێراق هەیە. لە راستیدا لەوەشدا کۆمکاری عەرەبی کارێکی گەورەی پێناکرێت وەک چۆن نەیتوانیوە بۆ غەززە و لوبنان کارێکی ئەوتۆ بکات. ئەوەی دەتوانێت لەوەدا رۆڵ ببینێت ئەمریکایە و ئەویش بەهاتنی ترەمپ بەبێ مەرجی خۆی، کارێکی زۆر گەورە ناکات. هەڵبەت ئەوانەش سەرناگرن ئەگەر یەکانگیرییەکی گشتی نێوخۆیی لە عێراق دا نەبێت. بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە لایەنە شیعەکان لەماوەی داهاتوودا هەوڵدەدەن لە ناکۆکییەکانی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کەم بکەنەوە.
 
لە کۆتاییدا دەشێ بێژین؛ ئەگەری پەلکێشانی شەڕ بۆ عێراق زۆرە، ئەگەر گرژییەکانی ناوچەکە بەردەوام بن. عێراق دابڕاو نییە لەوەی لە ئەورووپای رۆژهەڵات، لە غەززە و لوبنان یان لەنێوان ئێران و ئیسرائیل دا روودەدات. بۆیە بەشێوەیەکی گشتی، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە، گەرمبوونەوەی باسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و بەردەوامیی گرژییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی نێوخۆیی عێراق، لەوانەیە بەغدا بتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی هەندێک هەنگاوی کردەیی بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕ بنێت، بەڵام ئەستەم دیارە ئەوە هەتاسەر بێت و، دواجار ئەو شەڕە هەر دەگاتە ئێرە، ئەگەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەردەوام بن. چونکە نهێنییە ئاشکراکە ئەوەیە بەپێی واقیع، لە بابەتی شەڕ و ئاشتی دا حکومەت تاکە لایەنی بڕیاردەر نییە. 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سیروان رەحیم

سلێمان شا و شێخ سەعیدی پیران؛ دوو دیوی یەک چیرۆک

بەرامبەر بە رێزگرتن لە گۆڕی سلێمان شا و دیرۆکی ئەو گۆڕە، سەتان ساڵ پاش مردنی سلێمان شا، و سەت ساڵ لەمەوبەر، دەسەڵاتدارانی نوێی تورکیا، ساڵی 1925 شێخ سەعیدی پیران لە دار دەدەن. رۆژی 29ی 6ی 1925 لە ئامەد شێخ سەعید لە دار دەدرێت، بەڵام بەدرێژایی سەت ساڵ و تاوەکو ئێستاش کەس نازانێت گۆڕی شێخ سەعیدی پیران لە کوێیە.