سەفەر بەرەو شەڕ

گەمارۆی جزیرە لەلایەن سوپای تورکیاوە درێژەى هەبوو، ئەنجامەکەى ئەوکات شەهیدبوونى 22 هاووڵاتى سڤیل بوو، لەو رۆژانەدا و لە گەرمەی ئاڵۆزییەکاندا سەردانی باکووری کوردستان و تورکیام کرد.

شەوی پێنجى ئەیلوول گەیشتمە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل، سنوور بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە شاری جزیرەی باکووری کوردستان، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە داخرابوو. دەگوترا لە نێوان سوپای تورکیا و تەڤگەری گەنجانی وڵاتپارێزی شۆڕشگێڕ (YDG-H)، شەڕ هەیە و حکومەت جزیرەی گەمارۆ داوە.

دوای دوو رۆژ چاوەڕوانی، کاژێر 18ی رۆژى 7ى ئەیلوول دەروازەى ئیبراهیم خەلیل کرایەوە و ئاودیوی باکووری کوردستان بووم، بەڵام رێگای سلۆپی- جزیرە داخرابوو، بۆیە لەوێ مامەوە.

بەیانی چوومە ناو شار، رێگا نەکرابووەوە، شۆفێرى تەکسییەک پێیگوتم "جزیرە بووەتە غەززە، کەس بۆی نییە لەماڵەوە بێتە دەرێ، نان نییە، ئاو، کارەبا، مۆبایل و ئینتەرنێتیش پچڕاوە".

دوکاندارێکیش دەیگوت "سەربازانی سوپای تورک کچێکی تەمەن 10 ساڵانیان شەهید کردووە و رێگە نادەن تەرمەکەی بەخاک بسپێردرێ، بنەماڵەکەی دوو رۆژە تەرمەکەیان لە بەفرگردا داناوە".

دواى نیوەڕۆ رێگاکە بۆ ماوەى نیو کاژێر کرایەوە، تەکسییەکم گرت بەرەو ئامەد.

 لە دوو کیلۆمەتری جزیرەدا چەندین دەبابە و زرێپۆش و دەیان سەربازی سوپا جێگیر کرابوون، ویستم وێنە بگرم، بەڵام شۆفێرەکە رێگەى نەدا، گەیشتینە ناو شاری جزیرە، دەبابە و زرێپۆشەکان لە هەموو شوێنێک دەبینران، سەربازەکان سەنگەریان گرتبوو، هیچ هاووڵاتییەک نەدەبینرا، دەنگی تەقە دەهات، لەنێو زۆربەی کۆڵانەکاندا خەندەق لێدرابوون، یان بە ئۆتۆمبێَل و گاشە بەرد گیرابوون.

شوێنەوارى شەڕ بەسەر دیوار و ئۆتۆمبێلەکانەوە دەبینرا، گەیشتینە بەرزاییەکانی شار، لە چەند شوێنێک سەربازی قەنناس بەدەستم بینی کە سێرەیان گرتبوو. 

شۆفێرى تاکسییەکە کاسێتێکى خستە نێو تەسجیلى ئۆتۆمبێلەکەى و دەنگى گۆرانیى شۆڕشگێڕى لە بڵندگۆی ئۆتۆمبێلەکەوە بەرز بووەوە. شوفێرەکە دەیگوت "هەموو سوپاى دنیامان بێتە سەر، چۆک دانادەین".

شەو گەیشتمە ئامەد، شار میلیتاریزە کرابوو، لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکارانی زانکۆی دیجلە دانیشتم، یەکێکیان سەبارەت بەشەڕ دەیگوت "ئاکەپە زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستداوە، ئەوەش لە چاوی کورد دەبینێت و ئێستاش دەیەوێ تۆڵەمان لێ بکاتەوە".

لە گەراجی ئامەدەوە هیچ پاسێک بەرەو شارەکانى تورکیا نەدەڕۆیشت، چونکە رەگەزپەرستە تورکەکان هێرشیان دەکردە سەر پاسی کوردەکان، رێگە لە شاندی هەدەپە گیرابوو کە بچنە ناو شاری جزیرە، زیاتر لە 200 بارەگای هەدەپە لەلایەن تورکە رەگەزپەرستەکانەوە هێرشیان کرابووە سەر، لە ئەنجامی هێرشی گەریلاکانی پەکەکەشدا دەیان سەربازی تورک کوژرابوون.

رۆژی 9ی ئەیلوول بە فڕۆکە چوومە ئیستانبوڵ، گەنجێکی خەڵکی وان هاوسەفەرم بوو، دەیگوت "بەهۆی ناوچە قەدەغەکراوەکانەوە خەڵک ناتوانن بچنە سەر کار و مەزراکانیان، منیش لەکارگەیەک کارم دەکرد، لەگەڵ ئەو شەڕە خاوەنەکەی دایخست و ئێستا بێکارم". 

لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک سواری تەکسی بووم بۆ مەیدانی تەقسیم، بەڕێکەوت شۆفێرەکە کورد دەرچوو، دەیگوت "کوڕێکم لە ناوچەی گەڤەر سەربازە، کە تلەفۆنمان بۆ دێت دڵەخورپە دەمانگرێت و ناوێرین وەڵام بدەینەوە، ئێمە ئاشتیمان پێویستە نەک شەڕ".

کە گەیشتمە مەیدانی تەقسیم، تورکە رەگەزپەرستەکان لەدژی کورد خۆپیشاندانیان دەکرد، لامدا بۆ شەقامی ئیستیقلال، تەنیا سەد مەتر خوارتر دوو گەنجی کورد سروودی شۆڕشگێڕییان دەگوتەوە، لەوێ گەیشتمە ئەو باوەڕەى کە ئاشتى بەمزووانە ئەستەمە.