دیموكراسیی نه‌خوێنده‌واره‌كان
كێ ده‌توانێ بیسه‌لمێنێ دیموكراسی بۆ هه‌موو كه‌سێك و له هه‌موو شوێنێك و سه‌رده‌مێكدا باشترینه؟ له‌نێوان مۆراڵ و سیاسه‌تدا، كێشه و گفتوگۆیه‌كی ئاڵۆز هه‌یه. زۆرجار ئه‌وه‌ی له‌ڕووی سیاسییه‌وه دروسته، له‌ڕووی مۆراڵه‌وه هه‌ڵه‌یه، ئه‌وه‌ش كه مۆراڵی و ئه‌خلاقییه، له‌ڕووی سیاسییه‌وه راست نییه.
فه‌یله‌سوفه سیاسییه‌كان، به بیركردنه‌وه له سیاسه‌ت هه‌وڵیانداوه وەڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌نه‌وه؛ چی پێویسته بكرێت بۆ رێكخستنی ژیانی مرۆڤ له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگاكاندا؟ چی باشترینه بۆ كۆمه‌ڵگا و بۆ مرۆڤایه‌تی؟ له‌وسه‌ری راسته‌وه بۆ ئه‌وسه‌ری چه‌پ، زۆرن ئه‌و قوتابخانه فیكری و فه‌لسه‌فیانه‌ی باوه‌ڕیان وایه كه ئه‌وان ده‌مێكه وەڵامی ئه‌و پرسانه‌یان داوه‌ته‌وه و چاره‌سه‌ر هەر خۆیانن. واتا له‌ناوه‌وه‌ی خۆیاندا به یه‌قین گه‌یشتوون، به‌ڵام له ئاستی گشتی و خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگاكاندا، دانپێدانانی كۆتاییان به‌ده‌ستنه‌هێناوه. لەڕووی بابه‌تییه‌وه هه‌ڵگری ناوه‌ڕۆكێكی به‌هایی و خودپهسەندن، به‌ڵام له‌ڕووی خودی و دانپێدانانه‌وه خاوه‌نی متمانه و باوه‌ڕی ته‌واوی خه‌ڵك نین.
بۆیه هه‌رچه‌ند له‌ناوه‌وه‌ی خۆشیاندا هه‌ڵگری به‌ڵگه و لێكدانه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی به‌هێز و واقیعی بن، به‌ڵام به‌بێ ئیعتیرافی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگا به هێزی به‌ڵگه و شیكردنه‌وه‌كانیان، هیچكات به یه‌قین ناگه‌ن و هه‌ر به رێژه‌یی ده‌مێننه‌وه. ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزم، دیموكراسی و فاشیزم، ئیسلامی و جیهادیزم؛ هه‌موویان هه‌ڵگری تێگه‌یشتنێكی به‌هایی و خودپهسەندن و خۆیان به وەڵام و كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه گه‌ردوونییه‌كانی مرۆڤ ده‌زانن، به‌ڵام هێزی كۆنترۆڵكردنی ئه‌و گه‌ردوونه و مرۆڤایه‌تییان به ته‌واوه‌تی له‌ده‌ستدا نییه، یان به ته‌نها له ده‌ستی یه‌كێكیاندا نییه.
یه‌كێك له گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و تێگه‌یشتنه سیاسی و فه‌لسه‌فیانه بۆ رێكخستنی ژیانی مرۆڤ دهستهوهستاوییانه له ئاست جێبه‌جێكردنی ئه‌و ناوه‌ڕۆكانه‌ی كه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن. بۆ نموونه؛ هه‌موویان باسی یه‌كسانی ده‌كه‌ن، یه‌كسانیش پرسێكی وجودییه بۆ مرۆڤ و كۆمه‌ڵگاكان، به‌ڵام گرفته‌كه له خودی ئه‌و یهكسانییهدایه. چۆن؟ كاتێك ده‌ڵێین یه‌كسانی، ئایا مه‌به‌ستمان له كامه یه‌كسانییه؟ یه‌كسانی له ئاستی یه‌كتریدا، یه‌كسانی له ئاست یاسادا، یه‌كسانی له سامان و داهاتدا، یه‌كسانی له ماف و ئازادی‌دا، یان یه‌كسانی له به‌ده‌ستهێنان و دابه‌شكردنی داهاتدا؟ چۆن مرۆڤه‌كان ده‌توانن له به‌ده‌ستهێنانی ساماندا یه‌كسان بن؟ كام سیسته‌م توانیویه‌تی تا ئێستا داهات و سامان به یه‌كسانی له‌نێوان هه‌موواندا دابه‌ش بكات؟ كه‌واته؛ ئه‌گه‌ر یه‌كسانی و خواست بۆ یه‌كسانی به‌رزترین به‌ها و خواستی گشتی بێت، ئه‌وا وه‌دیهێنان و به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و یه‌كسانییه گه‌وره‌ترین كۆسپ و به‌ربه‌ست بووه له‌به‌رده‌م سیسته‌مه سیاسییه‌كاندا.
دیموكراسی؛ وه‌ك حوكمی زۆرینه، وه‌ك به‌شداریی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی هه‌ژار له حوكمڕانیدا، وه‌ك تێپه‌ڕاندنی ده‌سه‌ڵاتی كه‌مینه‌یه‌ك به‌سه‌ر زۆرینه‌ی خه‌ڵكدا، تا ئێستا سه‌رنجڕاكێشترین و به‌هێزترین ئه‌و تێگه‌یشتن و فه‌لسه‌فه و سیسته‌مه سیاسیانه‌یه كه تاقیكراونه‌ته‌وه و به‌رده‌وامیشن. ئه‌گه‌رچی پرسیار و گومان له دیموكراسی، له ئه‌فلاتونه‌وه تا ئه‌مڕۆ هه‌ر هه‌یه و كۆتایی نه‌هاتووه. بۆ نموونه نه‌خۆشێك بۆ چاره‌سه‌ری ده‌بێ چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكات كه بزانێ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی چ جۆره ده‌رمان و گژوگیایه‌كی بۆ پێشنیاز ده‌كه‌ن و ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌ده‌ن تا بیخوات و پێی چاك ببێته‌وه یان ده‌بێ بچێته لای پزیشكێكی پسپۆڕ و شاره‌زا تا رزگاری بكات!
ناكارامه‌یی دیموكراسی له ده‌ستنیشانكردنی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ ده‌ردی كۆمه‌ڵگاكان The Democratic Deficit ؛ ئه‌مڕۆ له گشت جیهاندا، له ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و به‌ریتانیا، خه‌ڵك و شاره‌زایانی رووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره كردووەته‌وه؛ ئایا زۆرینه‌یه‌كی نه‌زان و نه‌خوێنده‌وار، زۆرینه‌یه‌كی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاو به به‌ڵێن و قسه‌ی ره‌نگاو ره‌نگ، چۆن ده‌توانن حوكم بكه‌ن. ئایا ئه‌وه ئه‌و زۆرینه‌یه‌یه كه حوكم ده‌كات، یان نه‌خوێنده‌واری و هه‌ژاریی ئه‌و زۆرینه‌یه‌یه كه‌وا كه‌سانێكی به‌رژه‌وه‌ندیخواز و ناكارامه ده‌نێرێته پێگه‌ی حوكمڕانی و بڕیاردان.
په‌رله‌مانه‌كان، داموده‌زگا نوێنه‌رایه‌تییه‌كان، داموده‌زگاكانی حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت، بۆ وا به‌خێرایی پر ده‌بن له خه‌ڵكی ناكارامه و هه‌ڵپه‌رست و به‌رژه‌وه‌ندیخواز و پۆپۆلیست؟ بۆچی هه‌ر زوو له خه‌ڵك و ده‌نگده‌ری خۆیان داده‌بڕێن و ده‌چنه ناو بیرۆكراسییه‌كی بێ گیان و ده‌بن به خه‌ڵكانێكی یه‌خه سپی و خۆشگوزه‌ران و به‌بێ تێگه‌یشتن له خواستی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك و شه‌قامه‌كانیان، له هۆڵه داخراوه‌كاندا، به نه‌زانی یان به چاوتهنگیی خۆیانه‌وه بڕیار له‌سه‌ر ژیان و چاره‌نووسی میلله‌ته‌كانیان ده‌ده‌ن؟!
دیموكراسی؛ به‌تایبه‌ت له كۆمه‌ڵگا تازه‌پێگه‌یشتووه‌كاندا، له كۆمه‌ڵگاكانی دوای دیكتاتۆری یان دوای جه‌نگ له نموونه‌ی عێراق، خواست و چاوه‌ڕوانیی هه‌ژاره‌كان، خه‌ڵكی ره‌شوڕووت له رێگای حزب و گروپه‌كانی ناوییه‌وه له‌راده‌به‌ده‌ر به‌رز ده‌كاته‌وه. سه‌كۆ بۆ هه‌موو ده‌نگێكی له‌پێشدا كپكراو و سه‌ركوتكراو ده‌ڕه‌خسێنێ قسه بكات و خۆی به‌تاڵ بكاته‌وه. زۆرترین گوتار و لاواندنه‌وه و پێداهه‌ڵگوتن به‌باڵای هه‌ژاری و چه‌وساوه‌كاندا هه‌ڵده‌دا، نه‌خوێنده‌واره‌كان چ وه‌ك ده‌نگده‌ر و چ وه‌ك به‌ربژێر ده‌بن به دیارترین ئه‌كته‌ری سه‌ر شانۆ سیاسییه‌كه‌ی. به‌ڵام له ئابوورییه‌كی داڕماودا، له كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نیی هه‌ڵوه‌شاودا، له نه‌بوونی رۆڵی یاسا و بازاڕدا، له‌پاڵ ئه‌و شه‌ڕه گه‌وره‌یه كه هێزه‌كان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سامان و ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ده‌یكه‌ن، دیموكراسی نابێ وه‌ك تاكه خواست و به‌ها ته‌ماشا بكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت له‌گه‌ڵ ژینگه‌كه‌ی خۆیدا به‌راورد بكرێت. دیموكراسی بۆ ئێمه نه باشترینه نه خراپترین، ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه پێویسته؛ هێندێك سیاسه‌ته؛ قه‌یناكه با ئه‌خلاقیش نه‌بێت، له‌گه‌ڵ هێندێك ئه‌خلاق؛ قه‌یناكه با سیاسیش نه‌بێت.