کودەتای تیکتۆکچییەکان

 
جاران؛ کە دەڵێم جاران، باسی زۆر کۆن ناکەم، یادگەتان ناگێڕمەوە بۆ ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوو، ئەو ساڵانەی ئەدەبیات و هونەر و زمان و کوردایەتی و کوردبوون لە ئەوجی سەرکەوتندا بوو. باسی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دەکەم؛ ئەو سەردەمەی ئەگەر کەسێک بیویستایە کۆمێنتێکی ناشیرین بنووسێ، تەنها یەک شوێنی شک دەبرد، دیواری ئاودەستخانەی مزگەوتەکان، ئەویش بە ئاشکرا نا، بە دزی مەلا و مجێوری مزگەوتەوە. 
 
بەڵام ئێستێ بەشێکی زۆری خەڵکی سەرقاڵی کۆمێنت نووسینن و هەندێک بە ئاشکرا و بە بەرچاوی دنیاوە کۆمێنتی وەها دەنووسن ئینسان رووی نایەت بیخوێنێتەوە! کار لە کۆمێنت دەرچووە. دوای پەیدابوونی فەیسبووک و پاشان سناپ و تیکتۆک... قوڕەکە خەستتر بووەتەوە، لە سایەی بازاڕە رەشەکەی تیکتۆکەوە لایەکی ئەم وڵاتە بووە بە قۆشمەچی و بینەری چاکیشیان هەیە. جا کۆمەڵێک لەو خەڵکانە بوون بە پاڵەوان، ئەمما چ جۆرە پاڵەوانێک! خۆیان پێ کەسایەتییە، لە سایەی زۆر لەم خولیاقەتە نەگبەتەی کورد و بەشێک لە میدیاکانەوە داشیان سوارە و گرەوەکەیان لە رۆشنبیران و خۆێندەواران بردووەتەوە و لە گێمێکی دیکەی یارییەکەدا دەرزەنێک گۆڵ لە سیاسییەکانیش دەکەن. ئەوەتانێ بێ باکانە خۆیان بۆ پەرلەمان ئامادە کردووە! جا کار وابڕوا لە ئایندەیەکی نزیکدا قەوارەی تیکتۆکچی و بەرخۆلەکانی سناپ دەست بەسەر پەرلەمان و وەزارەتەکانیشدا دەگرن و ئەوەی چەند ساڵە ئۆپۆزسیۆن خەونی پێوە دەبینێ و دەستی پێی ناگات، ئەوان هەر بەلایک و کۆمێنت وا خەریکە پێی دەگەن و باڵەخانەی پەرلەمان دەگرن، بۆ نا! هێزێکی گەورە و زەبەلاح پاڵپشتیان دەکەن. دەزانن ئەو هێزە کێیە؟ میدیاکانە، هەڵبەت بەشێک لە میدیاکان، نەک هەموویان.
 
چ رۆژێکە تێیکەوتووین بەشێکی زۆری میدیای کوردی بە مایکەکانیانەوە بە دووی ئەو تیکتۆکچیانەوەن تاوەکو دیداریان لەتەکدا ساز بکەن! قسەی رۆشنبیرەکان بۆ ئەو جۆرە میدیایانە نەک هەر گرنگ نییە، بەڵکو بە یەک تووری قوڕاوی نایکڕن، چون بۆ خۆیان نە ئەهلی هونەرن و نە کتێب دەناسن، یا لەبەر بەژن و باڵایان، یا بە تەسکییەی پشتوێن پانێک لە پێچی کەناڵێکدا جێگایان بووەتەوە.
 
ئەمەی ئەمڕۆ لەم وڵاتەی ئێمەدا روودەدات کار لە مەترسی دەرچووە، تێیکەوتووین و بە خۆمان نازانین، یا دەزانین و خۆمان لە گێلی دەدەین. ئایندەش بۆ ئەوانە، ئەوە نییە کەناڵە گەورەکانی دەسەڵات بۆ گەمژەکردنی خەڵکی و ونکردنی دزی و فزی ئاغاکانیان سەرقاڵی گەورەکردنی ئەو لەشکرە تیکتۆکچییەن، لە کۆتاییدا هەر ئەو لەشکرە بەرەبەیانییەک لەهێکڕا هێرش دەکەنە سەر باڵەخانەی دەوڵەت و بە کودەتایەکی عەنتیکە دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرن و وەسەلام.
 
ئیدی کەس گوێ لە خوتبە و خەتابەی پڕ لە فشە و فیشاڵی شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ و عومدەی بازاڕی رەشی ئەمڕۆ ناگرێ، لە سایەی میدیای کۆمێنت پەرستەوە کتێبەکانیش جگە لە نووسەرەکان مەگەر ئەوانەی هەڵەچنیان کردووە بیخوێننەوە. ئیدی دنیا دنیای تیکتۆکچییەکانە، بەرەو پەرلەمان و وەزارەت دەڕۆن و ناگەڕێنەوە، مامۆستای قوتابخانەش... بە شەریفی حسێن پەنایی بڵێن نەگیراوە لە بەندیخانە، بەڵکو لە ماڵەوە خۆی بەند کردووە و لەبەر قەرزاری رێی بازاڕ و سەیرانی دەشت و دەری لێ گیراوە. ئەی بتڕەژم میدیای خۆڵەمێشی مودێرن چ لافێک لێ دەدەی! بە قسان جەزیرەی عارەبان و سی ئێن ئێن بە تۆزی کەوشەکانت.