وا بزانە ئەمریكا بوونی نییە!!

24-06-2014
عەبدولڕەحمان سدیق
A+ A-
لەپەڕاوی یادەوەری رۆژانەمدا هەندێك شتی سەرنجڕاكێش یاداشت دەكەم بەكورتی، یەكێك لەوانە ئەم ناونیشانە بوو (بەجۆرێك هەڵسوكەوت بكە وابزانە ئەمریكا بوونی نییە)، ئەمە ناونیشانی بابەتێك بوو كە (تارق عەبدولحەمید) لەبەرواری (2/1/2013)دا لە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)دا نووسیبووی، پاش ئەوەی بینی ئەمریكای ئۆباما دەستەوەستانە لەئاست یارمەتیدانی دۆستەكانی، بەپێچەوانەی روسیا و ئێرانەوە كە هەموو شتێك بۆ دۆستەكانیان دەكەن.

ئەو نووسیبووی "ناڵێم سەر لەسەری ئەمریكا بدەو دژی بوەستە، بەڵكو دەڵێم هەڵەی ئەگەر چاوەڕێی ئەمریكا بكەی. ئەمریكا مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا دەكات، ئەمڕۆ كاری خۆت بكە، ئەمریكا مامەڵە لەگەڵ رۆژی دووەمدا دەكات، ئەمە بۆ 10 ساڵ دەچێت ئەمریكا وای لێهاتووە".

من ئێستا كە سەیری ئەو چەند دێڕەم كردەوە، بینیم زۆر لە وڵاتانی وەك روسیا و ئێران و توركیاو سعودیە و ئیمارات ئاوا دەكەن و ئەمریكاش مامەڵە لەگەڵ رۆژی دووەمی سیاسەتەكانیاندا دەكات.

ئەمریكا لەعێراقدا سەركەوتوو نەبوو لەوەی ویستی و دەیویست، چونكە ئەمریكا ویستی عێراق (كلیل) بێت بۆ كردنەوەی (قوفڵ)ە گەورەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەعێراقەوە دیموكراسی بۆ دەوروبەر بنێرێت، بەڵام ئێستا عێراق خۆی بووە بە(قوفڵ) و كلیلیشی لای ئەمریكا نەماوە.

ساڵی پار گۆڤاری (فۆرن پۆلیسی) ئەمریكی نووسیبووی: 

 "عێراق دەتوانێت ببێتە كلیل بۆ خراپترین ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بەو مەرجەی:

یەكەم: سەركەوتوو بێت لەرێكخستنەوەی كاروباری نێوماڵی خۆی.

دووەم: پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی بەئەنجام بگەیەنێت.

سێیەم: ئەو سیاسەتی پەراوێزخستنەی ئەوانی دی وەلا بنێت كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیڕەوی دەكات".

بەڵام بۆ هەموو چاودێرێكی سیاسی دیارە كە عێراق لەماوەی 11 ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت لەرێكخستنەوەی كاروباری نێوماڵی خۆی و نەشیتوانیوە لەسەر زەمین و لەواقیعدا پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی بەئەنجام بگەیەنێت، بەردەوامیش درێژە دەدات بە سیاسەتی پەراوێزخستنی ئەوانی دی كە لەلایەن خودی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پەیڕەوی دەكرێت. 

كەواتە كاتێك ئەو سێ مەرجەی بوون بە(كلیل) نایەتەدی، ئەوا دیارە كە مەرجەكانی بوون بە(قوفڵ) هاتووەتە دی. 

ئێستاو لەدوای تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر پرۆسەی رووخاندنی رژێمی سەددام و هاتنە ئارای عێراقی نوێ، ئەم عێراقەی ئێستا ساڵانە بەپلەی دووەم و سێیەم دێت لەسەر ئاستی جیهاندا لەخراپترین شوێنێك بۆ ژیان و لەگەندەڵی و لە لەسێدارەدانی مرۆڤدا ، بۆیە ئێستا لەهەموو كات زیاتر و بەپێی هەر چوار كردە ماتماتیكییەكە كە (لێكدان) و (لێدەركردن) و (كۆكردنەوە) و (دابەشكردن)ە، پرۆسەی دابەشكردنی عێراق بۆ سێ یان زیاتر لە سێ هەرێمی فیدڕاڵ یان كۆنفیدڕاڵ یان دەوڵەتی جودا، بەردەوامە بەهەنگاوی خێرا و بەشێوازی توند.

 بۆیە كاتێك ئەم پێكدادان و (لێكدان)انەی ئێستا بەردەوام دەبێت ، بۆ دەركردن و (لێدەركردن)ی كەمینەی شیعە لەهەر شوێنێكی عێراق و گەڕانەوەیان بەرەو ناوەڕاست و باشوور و هەڵاتن یان گەڕانەوەی كەمینەی سوننەش بۆ رۆژئاوای عێڕاق و هەڵاتن و گەڕانەوەی كەمینەی كوردیش لەباشوور و ناوەڕاستی عێڕاقەوە بەرەو كوردستان.

بەم شێوەیەش دوای تەوابوونی (لێكدان) و (لێدەركردن)ەكە، دواتر هەر پێكهاتەیەك لەناوچەكانی خۆیاندا (كۆدەبنەوە) و سەرئەنجام (دابەشكردن)ی عێراق دەبێتە داوای پێكهاتەكان خۆیان نەك (بایدن)!!

ئەمڕۆ ئەم شەڕی هەمووان لەدژی هەمووانە، ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە كولتووری دیموكراسی بەئاسانی ناڕوێت لەخاكێكی وشكی وەك عێراقدا و وا بەخێراییش نایەتە بەرهەم.

بینیتان دەسەڵات لای زۆرینەی شیعەوە درایە هاوپەیمانیی نیشتمانی و لەویشەوە درایە دەستی دەوڵەتی یاسا و لەویشەوە بۆ لای كەسی سەرۆك وەزیران. ئیدی لێرەوە مانایەك بۆ حكومەتی شەراكەت نەما، كە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەش جۆرێك لەبێ ئومێدیی هاتە ئاراوە، بۆیە ئەمڕۆ دەوڵەتانی ناوچەكە و  پێكهاتەكانی عێراق هەوڵ دەدەن خۆیان كاری خۆیان بەدەستی خۆیان ئەنجام بدەن و ئەگەر ئەمەش بەردەوام بێت، ئەوا ژمارەی بانگخوازان بۆ ئەگەری دابەشكردنی عێراق رۆژ لەدوای رۆژ لە زیادبووندا دەبێت. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە