رووداو 'یەکەمی بێ رکابەر' نییە
دروشمە نێودارەکەی رووداو ئیدی ئێکسپایەر بووە، چیدیکە ئەو دروشمە بۆ دۆخی رووداو گونجاو نییە. رووداو ئەوکاتە یەکەمی بێ رکابەر بوو کە یەکەم: یەکەم بوو، دووەم: رکابەری نەبوو.
دروشمی یەکەمی بێ رکابەر تاوەکو ماوەیەکیش بەر لە ئێستا بۆ رووداو دروست بوو، بەڵام ئێستا ئیدی دەبێت پێیدابچینەوە چونکە رووداو چیدیکە "یەکەمی بێ رکابەر"ی جاران نییە.
خەڵاتەکان
کە لە رێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ستیڤی بۆ باشترین بەرنامە لەسەر ئاستی میدیای جیهانی دا لەگەڵ هاوکارانی خۆشەویستم ئاڵا شاڵی و بڕوا کیانی دانیشتبووین، لەسەر مێزەکەمان چەند میدیا و کۆمپانیایەکی هەرە بەنێوبانگی دنیای لێبوون، یەکێک لە میوانەکان کە ژنێکی بە دایباب مەکسیکی بوو و لە بەریتانیا لەدایکببوو سەرنجێکی جوانی هەبوو، کارۆلینا سەرکەوتنی رووداوی زۆر بەلاوە گرنگ بوو لە ناوچەیەک کە پڕی ئاڵۆزییە، دۆخێکی سیاسیی کوڵاوی هەیە و ئازادیی رۆژنامەڤانی کۆسپی گەورەی لەبەردەمن، ئەو دەیگوت رووداو بەڕاستی نموونەیەکی باڵایە و جێگەی شانازییە.
خەڵاتی ستیڤیی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2023 و خەڵاتی وێبیی ئەم دواییەش جارێکی دیکە رووداوی بردەوە سەر شانۆی کێبڕکێ جیهانییەکانەوە و شانازیی نوێی بۆ خۆی، کوردستان و میدیای کوردی تۆمارکرد.
سرووشتی رووداو و ئامانجە گەورەکەی رووداوڤانان بەردەوام پڕۆژەکە هەڵدەدەنە ئاسمانی بەرزی میدیای جیهانی، وادیارە لەوێش رووداو ئەستێرەیەکی گەشە و لە درەوشانەوە بەردەوامە.
دژایەتیی رووداو
تۆ بڵێی ئەگەر لەسەر ئاستی کوردستانی دا رووداو پاڵپشتییەکی مەعنەوی و سیاسیی باشتر بکرێت و، بە لابردنی بەربەستەکانی بەردەمی سەرقاڵ نەکرێت چ سەرکەوتنێک تۆمار بکات؟
بایکۆتکردنی رووداو و کۆسپ دروستکردن بۆی رووداوی گەورەتر کرد و بازنەی بینەرانی لە ملیۆنییەوە گۆڕی بۆ ملیاری، ئیدی ئێستا ئێمە کە ملیۆنان بینەرمان هەیە هەر باسیشی ناکەین، باس باسی ملیارییە.
رووداو لە یەک شەودا 25 ملیۆن بینەری هەبوو لە رووماڵی "هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل"، لە رووداوە جەرگبڕەکەی حەمدانییەدا لە لە چوار رۆژدا 150 ملیۆن بینەری تەنیا لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیادا هەبوو، هەر باسیشمان نەکرد.
کێبڕکێ لەگەڵ رووداو
لە هەرێمی کوردستان کاتێک میدیا بۆ کێبڕکێ لەگەڵ رووداو دروست دەکرێت دوو جار هەڵە دەکرێت؛
هەڵەی یەکەم:
بە هەمان رووخسارەکانی رووداو دەیانەوێت کێبڕکێکە ببەنەوە و خۆیان ناتوانن ئەستێرە دروست بکەن. ئەوان وادەزانن دەتوانن بە بردنی رووخسارەکانی رووداو گەلە ئەستێرەیەک دروست بکەن، بێ ئاگان لەوەی تەنەکان لە هەموو شوێنێک ئەستێرەنین و ئەستێرەکانیش لە هەموو ئاسمانێک نادرەوشێنەوە.
هەڵەی دووەم: بە تیمی راهێندراوی رووداو خۆیەوە دێنە نێو کێبڕکێکەوە.
کاتێک میدیایەک دروست دەکرێت، وامەزانن خەڵک لەگەڵ ئێوە لەبەردەمی دانیشتووە، ئەمە دۆخێکی دەروونیی تایبەتە و دەبێت لێی بە ئاگا بێنەوە، چونکە خەڵک چاوی لەسەر شاشەیەکی دیکەیە.
بەرد لە جێی خۆی سەنگینە
کەناڵەکانی دیکە پێش دەستبردن بۆ رووخسارە دیارەکانی رووداو دەبێت بە باشی ئەم چەند دێڕە بخوێننەوە؛ کورد کە دەڵێت 'بەرد لە جێگەی خۆی سەنگینە'، ئەمە قووڵاییەکی هزری، کولتووری و مێژوویی هەیە، هەست و نەستی تاکی کورد پڕی ئەو بڕوایەیە.
ئەوانەی بە حیسابی خۆیان کێبڕکێ لەگەڵ رووداو دەکەن وادەزانن کە رووخسارێکی رووداو دەبەن لای ئەوان بە هەمان سەنگینییەوە دەردەکەوێتەوە، ئاخر بینەری ئێوە هەر ئەو کوردەیە کە پێیوایە بەرد لە جێگەی خۆی نەبێت سەنگ و قورسایی لەدەستدەدات. مەگەر کەناڵەکەتان بە زمانی فەرەنسی پەخش دەکات؟
کەشتیی ئاسمانی
کەشتیی ئاسمانیتان بینیوە کە هەڵدەدرێت؟ ئەو هێزو وزە خەیاڵییەی کە لە ژێرەوە کەشتییەکە بەرەو ئاسمان هەڵدەدات تەنیا رووداو هەیەتی، بۆیە کەشتییەکانی دیکە پێش هەڵدان دەکەونە خوارەوە، دەکەونە خوارەوەی چی خۆ هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاسمان!
ئامۆژگارییەکی خۆڕایی
میدیا بە بەخشینەوەی ڤێللا و ئوتومبێلی جامڕەش و پاسەوانی تایبەت دروست نابێت، میدیا پێویستی بە کرێکارییەکی چڕ و پڕە، پێویستیی بە سادەیی و چوونە نێو خەڵکە، پێویستی بە ئاگایی و لەخۆبردووییە و پێویستیی بە ئازادی و دەستکراوەییە.
کەسێک کە ئامانجی یەکەمی لە کاری میدیایی دا بەدەستهێنانی دەستکەوتی دارایی بێت ناتوانێت دەستکەوتی پیشەیی و مەعنەوی گەورە بەدەستبێنێت، بەتایبەتیش کە هەر زوو دەستی گەیشتە ئامانجە کەسییە داراییەکانی بۆچی میدیای سەرکەوتووتان بۆ دروست بکات؟ "ئەوە ئەگەر لە بنەڕەتدا توانای ئەوەیان هەبێت"
ئاسمانە جوانەکەی رووداو
دەزانن بۆچی دروشمی "رووداو یەکەمی بێ رکابەرە" بۆ ئێستا گونجاو نییە؟ چونکە ئەو دروشمەی رووداو بۆ کوردستان و میدیای کوردی داهێندرا، دروشمەکە ئەوکاتە بۆ رووداو گونجاو بوو کە کێبڕکێکەی لەسەر ئاستی میدیای کوردی بوو، یەکەم بوو و رکابەریشی نەبوو، ئێستا هەمان دروشم بۆ نێو میدیای کوردی هەر گونجاوە، بەڵام ئێستا کە کێبڕکێیەکی جیهانی دەکات، رووداو رکابەری هەن، رکابەرەکانی دەزگای میدیایی و تەکنەڵۆژیای گەورەی جیهانە.
حاڵی رکابەرەکانی رووداو
هەر بۆ نموونە رکابەرە جیهانییەکانی رووداو لە خەڵاتی وێبی و تێلی ئەمانەبوون؛ CNN, Microsoft, NASA, Google و چەندین دەزگای گەورەی دیکەی دنیا. دەزانن جیاوازیی نێوان رووداو و بۆ نموونە CNN لە کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتی وێبی چەند بوو؟ رووداو %60ی خاڵەکانی بەدەستهێنابوو و کۆمپانیا هاوبەشەکەی CNNتەنیا %12ی هەبوو، هەموو رکابەرە جیهانییەکانی رووداو بەیەکەوە %39ی خاڵەکانی پێشبڕکێکەیان بەدەستهێنابوو، بزانە حاڵی رکابەرەکانی رووداو لە جیهانیشدا چۆنە. ئەوەش لەبەرئەوەی بینەرەکانی رووداو زۆر دڵسۆزن بۆ رووداو.
ئێستا ئیدی رووداو یەکەمی بێ رکابەر نییە، رکابەریی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی میدیایی و ناوی کوردستان و ناوی رۆژنامەڤانی کوردستانییە.