درەنگە سەرۆک، زۆر درەنگە!

 
لە بیست ساڵی رابردوودا، هەرگیز وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، وەک ئێستای جۆ بایدن لاواز نەبووە و سووکایەتیی پێنەکراوە! ئەمریکای جۆ بایدن، نەک هەر رکابەرەکانی سووکایەتیی پێدەکەن، بەڵکو دۆستەکانیشی، بە ئیسرائیلی بنیامین نەتەنیاهوو و سعودیەی بن سەلمان و ئیماراتی بن زایدیشەوە سووکایەتیی پێدەکەن و یاری بە پرۆژە، پێشنیار، داواکاری و چاوەڕوانییەکانی دەکەن.
 
باشترین و نزیکترین نموونەش پرۆژەکەی کۆشکی سپی بوو سەبارەت بە ئاگربەستی هەنووکەیی لە غەززە. سەرۆکە لاوازەکەی کۆشکی سپی پێیوابوو کە هەر ئەوەندەی ئەمریکا پرۆژەیەک پێشکێش بکات، ئیتر ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بێ مەرج واژۆی بۆ دەکەن و لەسەر هەڵوێستە مێژووییەکەی سوپاسی دەکەن. بۆیە کاتێک چین و رووسیا ڤیتۆی دەخەنە سەر و پرۆژەکەی بلۆک دەکەن، تێدەگات لەوەی کە لەرزۆکییەکانی، لێکدژیەکانی و پاشەکشە گەورەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، چ زیانێکی گەورەی بە نێوبانگ و سامبۆلیزمی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیاندووە.
 
هەر لە دۆخێکی وادایە کە سەردانە یەک لەدوای یەکەکانی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی سەرۆکە لاوازەکە، هیچ سودێک و هیچ دەرەنجامێکی کۆنکرێتیی نییە، نە لای وڵاتە عەرەبییەکان نە لای ئیسرائیل و پێشوازییەکانی خەریکە تەنها فۆرمێکی پرۆتۆکۆلی وەردەگرن. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی گەیشتوون، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهوو، زۆر بە ساردی پێشوازیی لێکردووە و بەسەر راوەشانێک کۆی تێبینییەکانی سەرۆکە لاوازەکەی کۆشکی سپی لەسەر پەلاماردانی رەفەح پێچاوەتەوە و پێیوتوە: بە تەنهاشبێ پەلاماری رەفەح دەدەین! نەتەنیاهوو پێیوایە بەبێ وردوخاشکردنی رەفەح ناتوانێت ئامانجەکەی بەدیبێنێت کە بریتییە لە تێکشکانی حەماس. گرفتەکە لەوەدایە لەم شارە یەکجار بچووکەدا ملیۆنێک و 200 هەزار فەلەستینی گەمارۆدراون و مەترسیی برسیەتییەکی گەورەیان لەسەرە و دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا برسییەتی هەزاران کەس لەم شارەدا بکوژێت. 
 
کارەساتی فەلەستینیەکان لەوەدایە کە تراژیدییەکانیان، لە نەکبەوە تا گەمارۆی رەفەح، وەک کارتی فشار لەلایەن زلهێزەکانی سیستمی جیهانی و سیستمی هەرێمایەتییەوە بەکاردەهێنرێت و لەم بەکارهێنانەشدا ئەوەی بە هەند وەردەگیرێت، بەهیچ شێوەیەک بەرژەوەندیی فەلەستینیەکان نییە، بەڵکو بەرژەوەندی خودی ئەو زلهێزانەیە. بۆ نموونە کاتێک رووسیا و چین پرۆژەی ئاگربەستی ئەمریکی لە ئەنجوومەنی ئاسایش ڤیتۆ دەکەن، لەبەر ئەوە نییە کە لە بەرژەوەندیی فەلەستینیەکان و غەززاویەکان و رەفەحیەکاندا نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە شکست بە ئەمریکا بێنن و سووکتری بکەن لەبەردەم جیهاندا، گەرنا لە بنەڕەتدا هەم رووسەکان و هەم چینییەکان دەیانەوێت تا زووە ئاگربەستێک لە غەززەدا دروستببێت.
 
تراژیدیای سەرۆکە لاوازەکەی کۆشکی سپی لەوەدایە کە شانسی ئەوەشی نییە لە بەرامبەر ڤیتۆی مۆسکۆ و پەکیندا ناڕەزایی دەربڕێت و باس لەوە بکات کە کارێکی نائەخلاقییان کردووە یان دیسانەوە بەناوی پڕنسیپی مافی مرۆڤ و ئاشتیی نێوان گەلان و دیموکراسی و پارێزگاریکردن لە گیانی پاکی مناڵانی غەززەوە، رەخنە لە مۆسکۆ و پەکین بگرێت، چونکە خودی ئیدارەکەی جۆ بایدن، سێ جار ڤیتۆی دژ بە ئاگربەست لە غەززە بەکارهێناوە!
 
لەوەش زیاتر، ئەو چەکانەی کە منداڵانی فەلەستینیان پێدەکوژرێت لە غەززە و گەمارۆیان خستووەتە سەر رەفەح و ژیانیان لێ کردووە بە دۆزەخ، ئەمریکین و بەبێ پشتیوانی سەربازیی ئەمریکا ئەستەمە ئیسرائیل بتوانێت بەو شێوەیە مامەڵە بکات. واتە بایدن میسداقیەتی ئەوەشی نییە کە لە رکابەرەکانی تووڕەببێت یان تاوانباریان بکات، چونکە لە هیچ دۆخێکدا کەسیان بە قەدەر ئەو لە کوشتنی منداڵانی غەززەدا تێوەنەگلاون.
 
لێرەوە، سەرۆکە لاوازەکەی کۆشکی سپی، لە هەموو ئاستەکاندا باجی لێکدژی و ناڕوونی و سیستمی مامەڵەی لەگەڵ ئیسرائیل و فەلەستیندا بە قورسی دەدات. جۆ بایدن باش دەزانێت ئەو ئیدارەیەی کە ئێستا حکومەتی ئیسرائیل بەڕێوەدەبات، نەک هەر راستڕەوەکانن، بەڵکو راستی راستڕەوەکانن و وەزیریان هەیە کە بە ئاشکرا باس لە شەرعییەتی جینۆسایدکردنی تەواوی فەلەستینیەکان دەکات، وەزیری دیکەیان هەیە باس لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە کەرتی غەززە دەکات! بەڵام لە هەمان کاتدا، جۆ بایدن بەردەوام دەڵێت: پشتیوانی ئێمە بۆ ئیسرائیل بێ قەید و شەرت و کراوەیە. ئێستا کە لەژێر فشاری ئەمریکییەکاندایە، بەتایبەتی گەنجانی ئەمریکی و زانکۆکان و چەپی دیموکراتەکان، دەیەوێت فشار بخاتە سەر بنیامین نەتەنیاهوو بۆ راگرتنی جەنگ! بەڵام درەنگە سەرۆک، زۆر درەنگە، تۆ کاتێک گەیشتویت کە چیتر دۆستە هەرە نزیکەکانیشت حسابت بۆ ناکەن، چونکە پێیانوایە پاش چەند مانگێکی تر، ئیتر دەبیت بە سەرۆککۆماری پێشوو!
 
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە ئاژانسی فەرەنسی بڵاویانکردوونەتەوە، لە 22ی ئەم مانگەدا و تەنها چەند کاژێرێک پێش پێشوازیکردن لە وەزیری دەرەوەی سەرۆکە لاوازەکەی کۆشکی سپی، ئیسرائیل، هاوپەیمانە مێژووییەکەی ئەمەریکا، 800 هێکتار زەویی فەلەستینی بە فەرمی خستە سەر خاکی ئیسرائیل و کاتێک کە ئەنتۆنی بلینکن گەیشتە تەلئەڤیڤ ئەم هەواڵەیان پێ راگەیاند. واتە هەر لە فڕۆکەخانە پێیانگوت: بەخێربێی سەرچاو، بەڵام ئێمە چیتر گوێت بۆ ناگرین و ئەوە دەکەین کە پێمانوایە لە بەرژوەندیی ئیسرائیلدایە.
 
لە هەلومەرجێکی ئاوادا، چیتر واشنتۆن میسداقیەتی ئەوەی نییە کە خۆی بە چەتری کۆکەرەوەی ئیسرائیلیەکان و فەلەستینیەکان بزانێت و باس لە چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەلەستینیەکان و ئیسرائیلیەکان بکات. چیتر دۆستەکانی ئەمریکا، لە سعودیەکانەوە بیگرە تا دەگاتە میسریەکان، ناتوانن متمانە بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەن و ناچارن بەوەی کە رێگای دیکە بۆ پاراستنی خۆیان بدۆزنەوە. ئەمە دەکرێت زەنگێکی وریاکردنەوەش بێت بۆ باشوور و رۆژئاوای کوردستان کە رەنگە کاتی ئەوە هاتبێت پیاداچوونەوەی فراوان بۆ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتە یەگرتووەکانی ئەمریکادا بکەن، پێش ئەوەی کە کەشتییەکە قەراخی دەریا بەجێبێڵێت!