بۆچی کۆرۆنا لە (قوم)ـەوە گەیشتە ئیتاڵیا؟

 
 
ستێفان ھێل براوەی خەڵاتی نۆبڵی کیمیای ساڵی 2014 دەڵێ: "بە شک دەکەوم، ئەگەر ھەمووان یەک بۆچوونیان ھەبێت".
 
*
خاڵی جێگەی پرسیار لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یان نەخۆشیی کۆڤید-19 ئەوەیە کە بۆچی ئەو ڤایرۆسە لە چینەوە کە نزیکەی شەش هەزار کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە، وا بە ئاسانی و پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ دراوسێکانی چین، بەو شێوەیە بە ئێراندا و بەتایبەتیش بە قوم کە تەنھا 140 کیلۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە و ناوەندی بڕیاری شیعەی سیاسییە لە ئێراندا، بڵاو بکرێتەوە؟ ئینجا چۆن لە منارەکانی قومی ئیسلامییەوە گەیشتە کۆلیزیۆمی رۆما؟
 
کاربەدەستانی ئێرانی پێشتر ئەوەیان راگەیاند کە بەھۆی بوونی نزیکەی 700 خوێندکاری ئایینی لە زانکۆی ئایینیی ئەلموستەفای ئێرانی، ئەم ڤایرۆسە گوێزراوەتەوە بۆ قوم. ئەڵبەتە دیار نییە کە چەند کەس لەو خوێندکارانە خەڵکی ووھان بوونە، بەڵام قسەی عەلیڕەزا ئەعرافی کە بەڕێوەبەرە لە زانکۆی ئەلموستەفا ئەو قسەیە بە درۆ دەخاتەوە کە رایگەیاندبوو لە ماوەی رابردوو (واتا پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە) تەنھا دوو کەسی دیکە لە چین وەرگیراون و ئەوانیش لە تاقیکردنەوە پزیشکییەکان دەرچوونە! کەواتا نھێنیی ئەو وەزعە چییە؟ بۆچی ئێران وا گرفتار بوو؟ بۆ وا بە خێرایی گەیشتە ئەوروپا؟
 
*
میخائییل لوویدڕێز، رۆژنامەنووسی ئەڵمانی لە 2017 کتێبێکی ھەیە بە ناوی "ئەوەی با بچێنێت، زریان دەدروێتەوە". لوویدڕێز ساڵانێک پەیامنێری ھەفتەنامەی Die Zeit بووە کە لە ھامبورگ دەردەچوو. پووختەی کتێبەکە باسکردنە لە دەستێوەردانەکانی رۆژئاوا لە کاروباری رۆژھەڵاتی نزیک و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و، باس لە دەرئەنجامە شوومەکانی ئەو دەستێوەردانانە دەکات کە بەرھەمەکەی، تیرۆر، داڕمانی وڵاتان و سەرھەڵدان و سەرکەوتنی ھێزە ئیسلامییە تووندڕەوەکان بووە. لوویدڕێز کودەتای ساڵی 1953ـی ئەمریکی و بەریتانییەکان لە دژی حکومەتە ھەڵبژێردراوەکەی محەممەدی موسەدیق (کە پابەندی بەھا دیموکراسییەکان بوو) لە ئێران بە سەرەتای کارەساتێک دەستنیشان دەکات کە ئینقیلابی 1979 و، دواتر داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن سۆڤییەت و ئەو شەڕە بە وەکالەتەی لێکەوتەوە کە رۆژئاوا لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی لە دروستکردنی گرووپگەلی جیھادی تاوەکو 11ـی سێپتەمبەر و ھەموو شەڕەکانی دواتر تاوەکو دەرکەوتنی داعشی لێکەوتەوە. ئەوە بەرھەمی ئەو بایە بوو کە چاندیان.
 
*
ئێران و چین دوو براوەی ھیستریای کۆرۆنان لە جیھاندا؛ ھەردووکیان کار لەسەر ئامانجێکی ھاوبەش دەکەن. چین باڵادەستیی خۆی لە دروستکردن، بڵاوکردنەوە و خۆدزینەوە لە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە نیشاندا. پشکی کۆمپانیاکانی ئەوروپای لە بۆرسەی چین بە نرخێکی زۆر ھەرزان کڕییەوە و بە پێی مەزەندەکان 200 ملیاریان قازانج کرد. بۆ ئێرانیش شەڕێکی دوو لایەنە بوو، شەڕێکی بیۆتیرۆریزم (زۆر بەھێزتر لە شەڕی مەیدانیی قاسم سولەیمانی و داعش) لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپییەکان و سەرڕاستکردنی شەڕی داھاتووی رژێمی کۆماری ئیسلامی لەناوخۆی خۆی کە بە بڵاوکردنەوەی ئەم ڤایرۆسە، بتوانێ تەسفییە حیساباتی ناوخۆییی خۆی بۆ دوای نەمانی خامنەیی لە قازانجی موجتەبای کوڕی یەکلابکاتەوە. 
 
مردنی ئەو ھەموو کاربەدەستە باڵا ئایینەییەی ئێران کە بڕیار لەسەر رابەری داھاتووی ئێران دەدەن بە سودفە نییە. ھەزاران تەرمی خۆپێشاندەرانی ناڕەزاییەتییەکانی چەند مانگ پێش ئێستاش کە لە ساردخانەکاندا مابوونەوە بەخاک بسپێرێت و، بەم شێوەیە سەرباری ھەموو ئابڵوقە و گەمارۆکانی ئەمریکا و ئەوروپا درێژە بەژیان بدات. ئەگەر ئەمریکا ئیفلاسی بە ئێران کردبێت، ئەوا ئەمڕۆ کۆرۆنا وایکردووە کە 30%ـی ئەمریکییەکان بێکار بن! ئەوەش واتا ئیفلاسی ترەمپ لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو.
 
*

 

قوم و پەکین پێکەوە کار لەسەر کەمکردنەوەی نفوزی ئەمریکا لە عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. ئێران لایەنی سیاسی و چینیش بازاڕی جیھان و عێراقی بەلاوە مەبەستە. ئەو دەروازەیەی کە عەبدولمەھدی بۆ چینییەکانی کردەوە، دەبێ بە کراوەیی بمێنێتێەوە. ئینجا ئەوروپا سزادەدەن و ناچاریان دەکەن کە رێکارگەلێک بگرنە بەر کە پتر لە نیو سەدەیە بەلایایاندا نەچوونە. 
ئێران سپۆنسەری گواستنەوەی ئەو بەڵایە بوو بۆ ئەوروپا و بۆئەوەی کەس شکی لێ نەکات، بە تایبەتیش بۆ وڵاتێک گواستییەوە کە خاوەنی یەکێکە لە گەورەترین سیستەمەکانی تەندروستیی ئەوروپا و جیھان. ماھان ئێیر سەلامەت بێت!
*
پرسیاری سەرەکی: ئەرێ لە سووریا چ باسە؟ کەس پرسیاری ئەوەی کردووە؟
 
ئەوەی دیکەی با بۆ خوێنەر بەجێبمێنێت.