بەردی بناخەی خۆیبوون لە قامشلۆ دانراوە
کاتێک لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەم دا، شاری بەرلین کەوتە دەست هاوپەیمانان بەتایبەتیش سوپای سوور، یەکەم ئەفسەری سوپای سوور کە چووە نێو شارەکەوە کوردێکی سۆڤیەتی بوو بە ناوی (سیامەندۆڤ)، شارەکە بە تەواوی خاپوورکرابوو، بەڵام لە ماوەیەکی کەم دا دەست بە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی کرا، ئێستا دوای زیاتر لە حەفتا ساڵ بەرلین یەکێکە لە شارە جوانەکانی ئەورووپا و جیهان، تەنیا شتێک کە وەکو سیمبوولێک ماوەتەوە و وێرانبوونی دوای جەنگی پێ دەناسرێتەوە، هێشتنەوەی بەشێک لە دیواری بەرلین و سەرقەبرانی جووەکان و مۆنیومێنتی سوپای سوورە.
ئەو شارە لەسەر دەستی کۆچبەران و کرێکارانی بیانی سەرلەنوێ دروستکراوەتەوە، هەربۆیە باوەشی بۆ سەدان هەزار بیانی کردووەتەوە، لەنێویاندا هەزاران کورد لە کوردستانەوە روویان لە ئەڵمانیا کردووە. یەکێک لەو کوردانە پیاوێکی بەتەمەن و سەرسپییە، کەسایەتییەکی مشتومڕهەڵگری رۆژئاوای کوردستانە، کورد گوتەنی سەرێکی هەبووە و هەزار سەودا، ئەویش سەلاح بەدرەدینە، ئێمە لە هانۆڤەر دیدارمان لەگەڵ دانابوو.
لە شاری هانۆڤەر لە قاوەخانەی ئەو هۆتێلەی لێی دەماینەوە دەستمان بە تۆمارکردنی بەرنامەیەکی دوور و درێژ کرد. پیرێژنێکی قیرسیچمەی ئەڵمانی خاوەنی ئەو شوێنە بوو، باخچەیەکی جوانی بچکۆلە کەوتبووە پشتەوەی هۆتێلەکە، لە دوای کاژێر 10:00ی بەیانییەوە ئیتر ساڵۆنی نانخواردنەکە کە زۆریش گەورە نەبوو کەسی لێ نەدەمایەوە، هاوکارانم (هەرێم و رەنجە) دەیانکردە نیمچە ستودیۆیەکی بچکۆلە کە بۆ کارەکەی ئێمە یەکاویەک بوو، ئەگەر پیرێژنە ئەڵمانییەکە لێ بگەڕایە، ئاخر لە پڕێکدا پەیدا دەبوو و پرتە و بۆڵەیەکی لێوە دەهات و دەڕۆیی.
زۆر شتم لەسەر سەلاح بەدرەدین بیستبوو و خوێندبووەوە، ئەو قسەکەرێکی باش و شارەزایەکی باشی مێژووی کوردستانە، بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان و سووریا. وەکو خۆی دەڵێت باب و باپیرانی راستەوخۆش نەبێت بەشدارییان لە شۆڕشی شێخ سەعید دا کردووە کە لە ساڵی 1925 بەرپا کرا، بەڵام تووشی شکستێکی واهات کە تائێستاش کاریگەری لەسەر رۆحی مێژووی کورد هەر ماوە. ئاخر ئەوە یەکەم جار بوو سەرکردەیەکی کورد بە ئاشکرا لە سێدارە بدرێت، دەرگای قەدەخەکردنێکی بێ ئامان بەسەر زمان و فەرهەنگەکەیدا بکرێتەوە. لە پڕ بڕیاری نەبوونی نەتەوەیەک بدرێت، بێگومان کارەساتی بەدوادا دێت.
ئیدی لەوێوە وەکو سەلاح بەدرەدینیش باسی دەکات، هەڵوەشانەوە، دابەشبوونی عەشیرەت و ماڵباتەکانی کورد دەست پێدەکات، ژمارەیەکی زۆر لە عەشیرەت و ئەو ماڵباتانەی بەشداری یان پشتیوانی شۆڕشی شێخ سەعیدیان کردبوو، بۆ مانەوەی خۆیان پەنایان بۆ رۆژئاوای کوردستان بەتایبەتیش قامشلۆ برد کە تازە وەکو شار خۆی دەناساند. سەلاح بەدرەدین باسی هێڵی شەمەندەفەری ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانیی یەکەم دا دەکات کە شاری قامشلۆ و نسێبینی لە یەک جیاکردەوە، کوردیش ناوی ئەو سنوورەیان نا، بنخەت و سەرخەت.
سەبارەت دامەزراندنی کۆمەڵەی خۆیبوون کە رابەرایەتیی شۆڕشی ئاراراتی لە نێوان ساڵانی 1927– 1930 دا کرد، سەلاح بەدرەدین موکڕیی خۆی لەسەر ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەو کۆمەڵەیە لە قامشلۆ یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی کردووە، پاشان لە بەیرووت کۆنگرەی بەستووە و وەکو کۆمەڵەیەکی سیاسی خۆی ناساندووە. بەدرەدین بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی باسی بیرەوەریەکانی مەلا ئەحمەدی نامی دەکات کە شاعیرێکی نێوداری ئەو سەردەمە بووە و خۆی ئەندامی خۆیبوون بووە و دەڵێت: "خۆیبوون بە دوو قۆناخ دامەزراوە، قۆناخی یەکەم لە قامشلۆ لە ماڵی قدور بەگ یەکەمین کۆبوونەوە کراوە، قدور بەگ یەکێک بووە لە بەگە نێودارەکانی شاری مێردین، لەو کۆبوونەوەیەدا 32 کەس بەشدارییان کردووە، هەنگاوی دووەم لە ساڵی 1927 لە ناوچەی (بیحەمدون) لە لوبنان بووە و لەوێ کۆنگرە دەبەستن و ژمارەیەک ئەرمەنیش بەشداری تێدا دەکەن، دیارە ئەرمەنییەکان لەلایەنی داراییەوە هاوکارییان کردووە، هەروەها لە رێگەی راگەیاندنەوە دەنگی خۆیبوونیان دەگەیاندە خەڵک و دنیا".
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە بەیاننامەی دامەزراندنی خۆیبوون دا باسی کۆبوونەوەی قامشلۆ نەکراوە، دیارە بەهۆی ئەوەی فەرەنسییەکان لەو دەڤەرە دەسەڵاتداربوون، هەروەها فەرەنسییەکان ئاگاداری جموجۆڵی کورد بوون لە ناوچەکەدا، بۆیە نەیانویستووە دڵی تورکیا لە خۆیان بڕەنجێنن، لەبەرئەوە شوێنی دامەزراندنی خۆیبوون لە لاپەرەکانی مێژوو دا بە لوبنان تۆمارکراوە.
ئەوەی کە کوردی بۆ نموونە باشوور یان رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارییان لە دامەزراندنی خۆیبوون دا کردووە یان نا، سەلاح بەدرەدین دەڵێ چەند کەسێک بەشداریان کردووە، بەڵام وەکو دامەزرێنەر نا بەڵکو وەکو میوان، ئەوانەی بەشدارییان کردووە دیارە بۆ سەردان لە لوبنان بوون و بە رێکەوت بەسەر کۆنگرەی خۆیبوون دا کەوتوون، بەڵام ئەوەی کە خۆیبوون خۆی گەیاندووەتە بارزان و دەڤەری سلێمانی قسە هەڵناگرێت.
سەلاح بەدرەدین لەسەر ئەو بڕوایەیە کە شێخانی بارزان بەتایبەتی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، کۆڵەکەیەکی گرنگی شۆڕشی سیاسی بووە لە کوردستان، بە دیوەکەی دیکەدا بەدرخانییەکان کۆڵەکەیەکی سەرەکی شۆڕشی فەرهەنگی بوون.
لە درێژەی هەڤپەیڤینەکەم لەگەڵ سەلاح بەدرەدین دا باسی دیدارێکی ژەنەراڵ بارزانی و خالید بەگداش لە مۆسکۆ دەکات، خالید بەگداش یەکەم سکرتێری حیزبی شیوعی سووریا بووە، ئەو خۆی وەکو نەتەوە کورد بووە، بەڵام وەکو کوردێک سکرتێر نەبووە و تەنانەت بۆ خۆخۆشەویستکردنی لەلای عەرەب، بە هەموو توانایەوە دژی نەتەوەییەکان وەستاوەتەوە بەتایبەتی ئەو کوردانەی کە هەڵگری بیری نەتەوەیی بوون.
کاتێک باسی دەستووری سووریا دەکەین کە پاشان دەبێتە مارەکەی شێخ هۆمەر و لە ملی کورد دەئاڵێت، باسی چەند کوردێک دەکات کە بەناوی نیشتیمانی و دژە ئیمپریالیزم لەلایەک ودەربڕینی وەفاداری بۆ ئایین دەستیان لە نووسینی دەستووری سووریا دا هەبووە کە هەمووی لە خزمەت نەتەوەی عەرەب و عروبە دا بووە.
زۆرجار کورد لە سووریا لە سەردەمی جیاوازدا بوونەتە ئەندامی پەرلەمان و تەنانەت سەرۆکوەزیریش، بەڵام ئەوان هیچ کاتێک نەیانتوانیوە بە ناوی کوردەوە قسە بکەن یان پشتیوانی لە نەتەوەکەیان بکەن، بەڵکو زیاتر بەدوای بەرژەوەندییە کەسێتییەکانیانەوە بوون و خۆیان کردووەتە پاشکۆی عەرەب و بەعس زۆربەی جاریش نکۆڵیان لە رەچەڵەکی خۆیان کردووە.
هەر لە پەیوەندی بەم باسەوە لە وتارێکی دیکەدا باسی پەیوەندییەکانی کورد و چەپی عەرەب و فەلەستینییەکان دەکەین، ئایا عەرەفات چۆن باسی ژەنەڕاڵ بارزانی کردووە! بێگومان رووداوی زۆر زیاتریش لە (پەنجەمۆر)دا دەبینن.