ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی تورکیا پێش دەستبەکاربوونی ترەمپ
تورکیا پێش دەستبەکاربوونی ئیدارەی ترەمپ نیازی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی هەیە بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا ئامادەکاری بۆ دەکات لە ئەنجامی ئەوەیە کە هەریەک لە ئەمریکا و رووسیا پابەندی ئەو رێککەوتننامانە نەبوون (رێککەوتننامەی ئەنقەرە و سۆچی) کە لە ساڵی 2019 بە جیا لە نێوان تورکیا-ئەمریکا و تورکیا-روسیا واژۆ کران. هەرچەندە ئامادەکارییەکان زیاتر بۆ باکووری سووریان، بەڵام هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە پلانی ئۆپەراسیۆنەکە.
رێکەوتننامەی ئەنقەرە
بە مەبەستی راگەیاندنی ئاگربەست بوو بۆ ماوەی 120 کاژێر بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە باکووری سووریا کە لەژێر ناوی (ئۆپەراسیۆنی بەهاری ئاشتی) لە 9ی ئۆکتۆبەری 2019 دەستی پێکردبوو. ئەو رێککەوتننامەیە لە 17ی ئۆکتۆبەری 2019 لە نێوان تورکیا و ئەمریکا لە شاری ئەنقەرە لە سەردەستی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆ کرا. ئۆپەراسیۆنی بەهاری ئاشتی بە هاوبەشیی سوپای تورکیا و سوپای نیشتمانیی سووریا (پاڵپشتیکراوی تورکیا) لە باکووری سووریا بەڕێوەدەچوو دژی ئەو پێکهاتە سەربازییەی کە بە ناوی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ناوچەکە هەیە. ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە دوورخستنەوەی هەسەدە بوو بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر و دروستکرنی ناوچەیەکی "ئارام" بۆ گەڕاندنەوەی 3.5 ملیۆن پەنابەری سووریایی لە تورکیا بۆ ئەو ناوچانە. لە بەرامبەردا ئیدارەی ترەمپ ئابڵووقە ئابوورییەکانی سەر تورکیا هەڵبگرێت. ئەو رێککەوتننامەیە لە 13 مادە پێکهاتبوو.
رێککەوتننامەی سۆچی
ئەو رێککەوتننامەیە لە 22ی ئۆکتۆبەری 2019 لە نێوان تورکیا و رووسیا لە شاری سۆچیی رووسیا لە نێوان ئەردۆغان و پووتین واژۆ کرا. ئامانج لەو رێککەوتنامەیە، راگەیاندنی ئاگربەست بوو لە ئۆپەراسیۆنی بەهاری ئاشتی لە باکووری سووریا بۆ ماوەی 150 کاژێر، تا هەسەدە لە ناوچە سنووریەکانی نێوان تورکیا و سووریا، هەروەها لە مەنبج و تەل رەفعەت بۆ 30 کیلۆمەتر دوور بخرێنەوە. ئەو رێککەوتننامەیە لە 10 مادە پێکهاتبوو. لەگەڵ دەرەنجامەکانی رێککەوتننامەی ئەنقەرە، دواجار وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە 23ی ئۆکتۆبەری 2019 کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکانی بەهاری ئاشتی راگەیاند.
هەردوو رێککەوتننامەکە تەنیا چەند ئامانجێکی سیاسی و سەربازی بەدیهێنا. بەڵام بۆ تورکیا زۆرێک لەو ئامانجە سەربازییانەی کە هەیبوون، بەدی نەهاتن. ئەو دوو رێککەوتننامەیە بەشێوەیەکی زارەکی نەبوو، بەڵکو لەسەر کاخەز لەسەر ئاستی باڵای دەوڵەت واژۆ کراوە. دوای پێنج ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو دوو رێککەوتننامەیە دا، تورکیا پێی وایە نە ئەمریکا نە رووسیا پابەندی ئەو رێککەوتننامەیە نەبوون، چونکە ئامانجی دوور مەودای هەردوو رێککەوتننامەکە، دەرکردن و دوورخستنەوەی هەسەدە بوو لە باکووری سووریا، بەتایبەتیش لەو ناوچانەی کە هێزەکانی ئەمریکا و رووسیای لێ جێگیر کراوە. بۆیە تورکیا پلانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی هەیە. ئێستا بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی کە هێشتا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هەسەدەی لێیە، بەتایبەتیش تەل رەفعەت، مەنبج، کۆبانێ و قامشلۆ، بۆ قووڵایی 30 کیلۆمەتر لە سنووری وڵاتەکەی دووریان بخاتەوە. ئەردۆغان هەفتەی رابردوو لە لێدوانێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە داهاتووێکی نزیکدا سوپای تورکیا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەو ناوچانە پاکدەکاتەوە کە لەو پشتێنە پارێزراوەی تورکیا ئامانجیەتی لە سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا. ئامانجێکی دیکەی دوورمەودای ئەو ئۆپەراسیۆنە کە ئەردۆغان و سەرچاوە سەربازییەکانی تورکیا ئاماژەی پێدەدەن ئەوەیە کە سەرچاوەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هەسەدە بکرێنە ئامانج، ئەوانەش، قامشلۆ و دێرەزوور، شنگال و چەند ناوچەیەک لە پارێزگای سلێمانی. واتا ئامانجی تورکیا ئۆپەراسیۆنی داهاتوو دا لە پشتەوەی قووڵایی 30 کیلۆمەترە لە سووریا و هەرێمی کوردستان.
ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە لە سووریا
هەر یەک لە تەل رەفعەت، مەنبج، کۆبانێ، و قامشلۆ ئامانجی سوپای تورکیا دەبێت لە ئۆپەراسیۆنی داهاتوو دا. تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنەی دژی هەسەدە، لە رووی سیاسییەوە رووبەرووی هەریەک لە رووسیا و ئەمریکا دەبێتەوە. دەستپێکی ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا بۆ رۆژئاوای فورات دەبێت، کە ناوچەکانی تەل رەفعەت و مەنبجی لێیە، لەوێ کاریگەریی سوپای رووسیا هەیە. ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ، نوێنەری رووسیا بۆ کاروباری سووریا هەفتەی رابردوو لە لێدوانێکی فەرمی دا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دیکە لە باکووری سووریا لەلایەن تورکیاوە بە هەنگاوێکی باش نابینن و قبووڵی ناکەن. رووسیا نایەوێت تورکیا ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات. بەڵام رووسیا ناتوانێت رێگری لە تورکیا بکات. پێش ئۆپەراسیۆنەکانی بەهاری ئاشتی لە 2019 رووسیا هەمان هەڵوێستی تووندی هەبوو، بەڵام نەیتوانی رێگری لە تورکیا بکات. بۆ ئەمجارەش بە هەمان شێوە. رووسیا مەرامی نێوەندگیری هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا. ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا، زیان بەو هەوڵانە دەگەیەنێت. چونکە مەرجی سەرەکیی سووریا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، کشانەوەی سوپای تورکیایە لە باکووری سووریا. موخاتەبێکی دیکەی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی داهاتوو دا ئەمریکایە. چونکە لە رۆژهەڵاتی فورات تا سنوورەکانی عێراق سەربازانی ئەمریکای لێیە کە هاوبەشێکی گرنگی هێزە کوردییەکانن، لەوانەش یەپەگە و هەسەدە. هەسەدە لە سەردەمی ترەمپ پاڵپشتی زیاتری کراوە و ئێستا لە رووی ژمارەی سەربازی و تەکنیکی سەربازی لەچاو پێشوو بەهێزترە. لەنێوخۆی تورکیا پرسیاری ئەوە دەکرێت ئایا تورکیا دەتوانێت بەبێ رەزامەندیی رووسیا و ئەمریکا ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات؟ بە واتایەکی دیکە، بەبێ رەزامەندیی ئەمریکا و رووسیا لێکەوتەی ئەو ئۆپەراسیۆنە چی دەبێت لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی تورکیا و رەوشی ئابووری وڵاتەکەی؟ رووسیا سەرقاڵی شەڕی ئۆکراینایە و رەنگە هەڵوێستەکانی زیاتر لە رووی دیپلۆماسییەوە بن. لە رووی سەربازیەوە ئێستا هێندە لە توانایدا نییە بەربەست بۆ تورکیا دروست بکات. ئەمریکاش لە قۆناخی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتە، بەڵام ئەمریکا زۆرجار بەربەست بووە بۆ تورکیا لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە سووریا. نموونەی ئەوەش هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەڕێکی دیکەی ئۆپەراسیۆن لە باکووری سووریا لە 2022 بوو کە ئەمریکا رێگر بوو لەو ئۆپەراسیۆنە. ئەوجارەشیان ئەمریکا دەبێتە بەربەست. بەتایبەتیش دوای ئالوگۆڕی ئیدارەی ئەمریکا و هاتنی ئیدارەی ترەمپ. ئەو ناوانەی پێشنیازکراون لە ئیدارەی ترەمپ لە ماوەی رابردوودا دژی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بوون. تەنانەت بەشێکیان دژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکان لە سووریا. ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەربەستێکی گرنگە بۆ تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی داهاتوو. بۆیە تورکیا دەیەوێت پێش دەستبەکاربوونی ئیدارەی ترەمپ، ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ نێو خاکی سووریا ئەنجام بدات.
ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە لە هەرێمی کوردستان
تورکیا لە هەماهەنگی لەگەڵ هەولێر و بەغدا رازییە. بەتایبتەتیش دوای دانوستاندنەکانی شاندی باڵای سیاسی و سەربازیی بەغدا و ئەنقەرە. دانانی خاڵی سەربازی لەنێو ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا تا رادەیەک پەکەکەی لە چالاکی خستووە. بەڵام هێشتا تورکیا گلەیی لە ئیدارەی سلێمانی و جێبەجێنەکردنی رێکەوتننامەی شنگال هەیە. چونکە تورکیا، ئیدارەی سیاسیی سلێمانی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) بە پاڵپشتیکاری پەکەکە و هەسەدە دەبینێت، هۆکاری سەرەکیی ئابڵووقەی سەر سلێمانیش لەلایەن ئەنقەرە ئەو پاڵپشتییەیە. هەروەها سستی لە جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی شنگال بۆ وەدەرنانی پاشکۆکانی پەکەکە، نیگەرانییەکی دیکەی تورکیایە. تورکیا سلێمانی و شنگال بە خاڵی گواستنەوەی یارمەتیی دارایی، سەربازی و مرۆیی پەکەکە و هەسەدە دەبینێت. بۆیە کە باس لە بەئامانجگرتنی سەرچاوەکانی پەکەکە و هەسەدە دەکرێت، سلێمانی و شنگال لەنێو ئەو رەشنووسەن کە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا پێشکێش بە ئەردۆغان دەکرێن. بەڵام تورکیا هیچ کاتێک بیر لەوە ناکاتەوە کە بە قووڵایی زیاتر لە 30 کیلۆمەتر سەرباز دابەزێنێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنی داهاتووی تورکیا دا پێشبینی دەکرێت، تەنیا ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانییە بۆ سەر ئامانجەکان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان.
تورکیا لە ئۆکتۆبەری 2023وە سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ئۆپەراسیۆنی داهاتوو. لە مانگی ئۆکتۆبەری 2024یش ئامادەکارییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنەی تەواو کرد و دەستی بە ناردنی کاروانی سەربازی کردووە بۆ خاڵە سەربازییەکانی لەنێو خاکی سووریا. وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە لێدوانێکی فەرمی دا ئاماژەی بەوە کرد کە هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ پاراستنی سنوورەکانی تورکیا دەیگرنە بەر. ئێستا ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا لە قۆناخێکدایە کە وەکو ئەردۆغان دەڵێت "شەوێکیان لەناکاو دێین".