شكستی هاووڵاتی

23-11-2018
رابەر تەڵعەت‎
نیشانەکردن رابه‌ر ته‌ڵعه‌ت
A+ A-


هیچ نه‌ته‌وه‌ و گرووپ و كه‌سایه‌تییه‌ك خاوه‌ن و دامه‌زرێنه‌ری شارستانیه‌ت نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی تا ئه‌مرۆ پێی گه‌یشتووین به‌رهه‌می هه‌وڵ و تێكۆشان و داهێنانی ملیۆنان خه‌ڵكی ئازاده‌. ئازادیش چ وه‌ك چه‌مك و چ وه‌ك به‌ها له‌نێوان هه‌موو شارستانیه‌ته‌كاندا وه‌ك كاڵایه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان مرۆڤایه‌تیدا چاوی لێكراوه‌، مرۆڤه‌ ئازاده‌كان به‌هره‌ و هێز و توانایی له‌ ئازادیی یه‌كتر وه‌رده‌گرن. 

كۆمه‌ڵگای ئازاد ناوه‌ندێكه‌ بۆ كه‌ڵه‌كه‌بوونی مه‌عریفه‌ و زانین، بۆ پێشخستنی بونیادی زانست، چونكه‌ تاكه‌كانی ترسیان له‌ بیركردنه‌وه‌ و ده‌ربڕین نییه‌. یه‌كه‌م پۆلێنبه‌ندیش بۆ جۆری كۆمه‌ڵگاكان له‌ نموونه‌ی؛ كۆمه‌ڵگای ئازاد، دیكتاتۆر، تۆتالیتار، تیۆكراسی و ئاینی یان ئۆتۆكراسی، ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ره‌ڕۆ یان دیموكراسی، له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌ودا و سنووری ئازادیی تاكه‌كانی دامه‌زراوه‌. 

كۆمه‌ڵگا و تاكی ئازاد زۆرترین پشكی له‌ گه‌شه‌پێدان و پێسخستنی شارستانیه‌ت و ژیانی مرۆڤایه‌تیدا هه‌یه‌ و كۆمه‌ڵگای داخراو و سه‌ركوتكراویش بۆخۆی به‌ دواكه‌وتوویی ده‌مێنێته‌وه‌ و گه‌وره‌ترین دواكه‌وتووییش بۆ جیهان به‌رهه‌م ده‌هێنێ.  

ئازادی بۆ گرنگه‌؟ له‌ ئازادیدا ده‌توانین چی به‌ده‌ست بهێنین؟ ئه‌و پرسیارانه‌ن كه‌ ته‌وه‌ر و ناوه‌ڕۆكی بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی و سیاسی كۆن و ئێستایان داگیر كردووه‌ و روویان له‌ قوڵایی تێگه‌یشتن و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌ له‌ خۆی، جا چ وه‌ك تاك یان وه‌ك گرووپ، بۆیه‌ له‌ چه‌ندباره‌بوونه‌وه‌یاندا، گفتوگۆی زیاتر و زیاتر دروست ده‌كه‌ن. 

له‌نێوان ده‌وڵه‌ت و ئازادیدا په‌یوه‌ندییه‌كی مێژوویی پر له‌ كێشه‌ هه‌یه‌. ده‌وڵه‌ت له‌ تێگه‌یشتنه‌ هۆبزییه‌كه‌یدا؛ ئه‌ركی كۆتاییهێنانه‌ به‌ پشێوی و ئاژاوه‌ و شه‌ڕی هه‌مووان له‌ دژی هه‌مووان و چه‌سپاندنی رۆڵی یاسا‌. له‌ غیابی ده‌وڵه‌تدا تاكه‌كان تا ئه‌ندازه‌ی له‌ناوبردنی یه‌كتری سوود له‌ ئازادییه‌كانی خۆیان وه‌رده‌گرن، به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تدا ئازادی ده‌لكێنرێت به‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌. 

لێره‌ به‌دواوه‌؛ په‌یوه‌ندی و ململانێ له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و ئازادی، هاووڵاتیبوون و ده‌وڵه‌ت، ده‌چێته‌ قۆناغێكی پر له‌ ململانێ و پێكدادان و ئاڵۆزییه‌وه‌، ساڵانێكی درێژ ده‌وڵه‌ت وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ژێر ناوی چه‌سپاندنی یاسا و ئاسایشه‌وه‌، رێگه‌ له‌ دروستبوونی هاووڵاتی ده‌گرێت و ئازادییه‌كانیان پێشێل ده‌كات. ناكۆكی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئازادی له‌ فه‌رهه‌نگ و مێژووی سیاسی و هزری گه‌لاندا ده‌بێته‌ مایه‌ی لێكدابڕانی ئه‌و دوو چه‌مكه‌ و یه‌كه‌میان ده‌بێته‌ سیمبولی سه‌ركوتكاری و ئه‌وی دووه‌میشیان ده‌بێته‌ ناونیشانی خه‌بات و به‌ره‌نگاری. 

 رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نموونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ی دواكه‌وتنی له‌دایكبوونی هاووڵاتیی ئازاد و ده‌وڵه‌ته‌. رۆژئاوا دوای نزیكه‌ی دوو سه‌ده‌ له‌ گرژی و ژانی له‌دایكبوونی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێكی به‌رپرسیار، دواجار توانی له‌ پرۆسه‌ی بونیادنانی هاووڵاتیدا سه‌ركه‌وتوو بێت، ده‌سه‌ڵاتێكی سنوورداركراو به‌ یاسا و ده‌ستوور، له‌دایكبوونی په‌رله‌مان و سه‌ركه‌وتنی سیسته‌می نوێنه‌رایه‌تی، یه‌كسان بوو به‌ سه‌ركه‌وتنی هاووڵاتی. له ‌وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عه‌ره‌بیدا، هه‌موو ئه‌و فاكت و مه‌رج و پێداویستیانه‌ی كه‌ ده‌بوو ببنه‌ مایه‌ی سه‌ركه‌وتنی هاووڵاتی، بوون به‌ سه‌رچاوه‌ی شكستی ده‌وڵه‌ت به‌ پله‌ی یه‌كه‌م و پاشان شكستی هاووڵاتی. 

له‌گه‌ڵ شكستی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن له‌ ناوچه‌‌ی ئێمه‌دا، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سه‌ربازی یه‌كه‌م گورزی له‌ هاووڵاتی وه‌شاند و ده‌وڵه‌ت بوو به‌ خاوه‌نی هه‌موو شتێك به‌ مرۆڤیشه‌وه‌، هێزی ده‌وڵه‌ت كۆمه‌ڵگای هه‌ڵلووشی و سه‌روه‌ریی نوخبه‌ی فه‌رمانڕه‌وای زاڵ كرد به‌سه‌ر هه‌موو سه‌روه‌رییه‌كانی تردا. له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیشدا، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ پێش مۆدێرن و ته‌قلیدیانه‌ی پێشوو كه‌ توانییان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سه‌ركوتكاری نوخبه‌ی سه‌ربازی و بنه‌ماڵه‌ییدا رێكبخه‌ن سه‌ریان هه‌ڵدا؛ له‌وانه‌ش ده‌سه‌ڵاتی خێڵ و بنه‌ماڵه‌ و ناوه‌نده‌ ئاینییه‌كان و بیروباوه‌ڕه‌ پیرۆزه‌كان. هه‌موویان ده‌ست له‌ناو ده‌ست به‌ ئاراسته‌ی سه‌ركوتكردنی ئازادی و شكستی هاووڵاتی كاریان كرد. 

شكستی هاووڵاتی له‌ حاڵی ئێستای ئێمه‌دا وڵامگۆی به‌شێك له‌و پرسیارانه‌یه‌ كه‌ رۆژانه‌ به‌ زه‌ینی ئێمه‌دا گوزه‌ر ده‌كه‌ن؛ بۆچی یاساكان ناتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن له‌ گێڕانه‌وه‌ی ماف بۆ مافخوراو؟ بۆچی تاكه‌كان له‌ ئاست پرسه‌ گشتییه‌كاندا كه‌مترین هه‌ستی به‌رپرسیارێتیان هه‌یه‌؟ گرفتی ئینتیما و نه‌بوونی هاووڵاتی سه‌روه‌ر و به‌رپرس، ئه‌نجامی شكستی پرۆسه‌ی دروستكردنی هاووڵاتییه‌ له‌ سه‌د ساڵی رابردوودا، پرۆسه‌یه‌ك هێشتا به‌رده‌وامه‌ و هه‌لومه‌رجی سه‌ركه‌وتنی هاووڵاتی هێشتا دووره‌. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە