حەسەن و حوسێنی قەڵادزێ

 
بیهێنە بەرچاوی خۆت پێنج هەزار کەس، بە خەنجەر و شمشێرەکانیانەوە، بە رق و قینێکی پەنگخواردووەوە، چاوەڕوانن هێرش بکەنە سەر 72 کەس کە لە نێویاندا نەوەکانی محەممەد پەیامبەری موسڵمانان (د.خ)، کوڕەکانی ئیمامی عەلی هەن، واتە حەسەن و حوسێن. دەبێت چ قەسابخانەیەکیان خوڵقاندبێت، دەبێت چ جەورێکیان کێشابێت، پێش ئەوەی گیانلەدەستبدەن، وێنەیەکی خەمبارە، ئاخر ئەوە بۆیە شیعەکان هێشتا فرمێسکیان بۆ هەڵدەڕێژن و وا وێنای دەکەن دەڵێی کارەساتەکە دوێنێ روویداوە، بە دیوەکەی دیکەیشدا شیعەکان بەتایبەتی فارس ئەو تاوانەیان بەکار‌هێناوە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، هەروەها بەرگێکی سیاسی نوێشیان بە بەردا کردووە، کردوویانەتە هۆکارێک بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆیان. 
 
ئەوەی من دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم، کوشتنی ئیمام حوسێن و حەسەن نییە، بەڵکو تراژیدیای دوو برای کورد و چەند خێزانێکی کوردە، براکان ناویان(حەسەن و حوسێنە)، باوکیشیان ناوی حاجی عەلییە، بەڵام ئەوان کوردن. شارەکەی ئەوان بە چیا سەرکەشەکانی قەندیل، مامەندە، کێوەڕەش و ئاسۆس دەورە دراوە.
 
راپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری کوردستان لەم دەڤەرەوە، لە رانیەوە دەستیپێکرد کە سەدان ساڵە دراوسێیەکی بەوەفای قەڵادزێیە، خۆشی و ناخۆشیەکانیان ئاوێزانی یەکتر بووە، خاوەنی سەدان چیرۆکی ناخهەژێنن، سەتان ساڵە چیرۆکەکانیان بۆ یەکتری دەگێڕنەوە، ئاخر کەسی دیکە گوێ لە چیرۆکەکانیان ناگرێت.
 
زۆرجار قەڵادزێ بە شاری دووجار شەهید ناو دەبرێت، بەڵام ئەو شارە چەندین جار شەهید کراوە. لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا، قەڵادزێ چەندین جار بۆردوومان کراوە، هەروەها لە ساڵی 1989 – 1990 بە تەواوی لەلایەن بەعسەوە لەگەڵ خاک دا تەخت کرا، پلانەکە ئەوەبوو کە جارێکی دیکە قەڵادزێ وەک شار سەر بەرزنەکاتەوە، بەڵام بە ماوەیەکی کەم دوای راپەڕینی ساڵی 1991دەستکرایەوە بە دروستکرنەوەی شارەکە، ئەم جارە دڵنیابوون لەوەی کە جارێکی دیکە جل زەیتوونییەکانی حیزبی بەعس بە پۆستاڵەکانیانەوە خاکی شارەکەیان پیس ناکەن. 
 
لە بەختی خەواڵووی کورد، ساڵی 1994 شەڕی ناوخۆی براکان لە قەڵادزێوە دەستیپێکرد، شەڕێک کە تەڕ و وشکی پێکەوە دەسووتاند، شەڕێک کە بە هەڕەشەو گوڕەشە و چاوسوورکردنەوەی زلهێزێکی وەک ئەمریکا نەبووایە، رەنگە دانەدەمرکایەوە، ئەگەر بۆ بەرژەوەندی خۆیشیان ئەوەیان کردبێت، بەڵام هێشتا ئێمە هەر قەرزداری تەوقەکەی مادلێن ئۆڵبراید وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکاین. دیارە بەداخەوە هێشتا شوێنەوارەکانی شەڕی ناوخۆ ماون و نەسڕدارونەتەوە، یان نایانەوێت بیسڕنەوە.  
 
چیرۆکی حەسەن و حوسێنەکەی قەڵادزێ لە رۆژێکی گەرمی هاوینی ساڵی 1994 دەستپێدەکات، سێبەری شەڕی براکان باڵی بەسەر ناوچەکە بەگشتی و قەڵادزێ بەتایبەتی کێشابوو، ئێران وەک دەوڵەتێک چاوی لەسەر مەتەرێزی تۆپە دوورهاوێژەکانی نەدەترووکاند، بۆیە ناوە ناوە بۆردوومانی نێو شار و دەوربەری قەڵادزێی دەکرد، ئامانجەکە خۆشکردنی شەڕی براکان و لاوازکردنی دەسەڵاتی تێکهەڵپڕژاوی کورد بوو، بۆیە لە تۆپبارانکردنەکەدا مەبەستی پێکانی ئامانجێکی دیاریکراو نەبوو، کورد گوتەنی شەلم - کوێرم ناپارێزم، تۆپەکانی ئاراستەی شارەکە دەکرد. 
 
رۆژی 6ـی ئابی 1994 وەک رۆژانی پێشوو خەڵکی مەدەنی بۆ پارێزگاری لە خۆیان لە تۆپباران و شەڕی براکان کە هەر کەسوکاری خۆشیان بوون، پەنایان بۆ ئەو ماڵانە دەبرد کە ژێرزەمینیان هەبوو، ماڵی جووتە برا، حەسەن و حوسێنی حاجی عەلی یەکێک بوو لەو ماڵانەی کە ژێرزەمینیان هەبوو، هەروەها بەهۆی موەلیدە بچکۆلەکەیانەوە دەیانتوانی ئاوی بیرەکەیان دەربێنن و هاوکاری خەڵکی گەڕەکەیان بکەن، دەبوو لە تینوێتی و ترس رزگاریان بکەن. دەوروبەری کاژێر 10ـی بەیانییە، ماڵەکەیان جمەی دێت لە ژن و منداڵ و گەنج و پیری گەڕەکەکەیان، نزیکەی 50 کەس پەنایان بۆ ژێرزەمین و حەوشە گەورەکەیان هێنابوو. وڕەوڕی موەلیدە و دەنگە دەنگی ژن و منداڵ تێکەڵی یەکتری ببوون، سۆندەی ئاوی بیرەکە نۆرەی پێدەکرا و خەڵکەکە تینوێتی خۆیان دەشکاند و خۆیان فێنک دەکردەوە. 
 
چیای جاسووسان شوێنێکی ستراتیژیی سەربازییە، دەڕوانێت بەسەر ناوچەکەدا، مۆڵگەی سەربازان و تۆپهاوێژانی ئێرانی لێیە، هەرکاتێک بیانوویستایە بەبێ هیچ بەرگرییەک یان ناڕەزایی دەربڕینێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان یان هاوپەیمانان کە ئەمریکا سەرپەرشتی دەکردن، تۆپبارانی شارەکەیان دەکرد. وەک ئەوەی مەرگ راپێچیکردبن ژمارەیەک لەو ژن و منداڵانەی کە لە نێو ژێرزەمینەکەدا خۆیان شاردبووەوە، بۆ تینوێتی شکاندنی خۆیان دێنە دەرەوە، لە حەوشەکەدا لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە. 
 
حوسێن کەمێک لە حەوشەکە دوور دەکەوێتەوە بۆ ئەوەی موەلیدەکە بکوژێنێتەوە، لە پڕێکدا وەک ئەوەی بوومەلەرزەیەک لە ماڵەکەیان بدات، تۆپێک، تەنیا یەک گوللەتۆپ لە نێوەڕاستی حەوشەکەیاندا دەتەقێتەوە، وەکو حوسێن دەڵێت، وەک ئەوە وابوو دنیامان بەسەردا بڕووخێت، حەوشەکەمان بووە رۆژی حەشر، دەشتێکی بچکۆلەکراوەی کەربەلا، بەهەر لایەکدا دەمڕوانی پارچەی لاشەی کەسوکار و دراوسێیەکانمان بوو، حەوشەکەمان ببووە گۆلاوێک لە خوێن، کە دواتر بە دەیان تەنکەر ئاو خوێنەکەیان پاککردەوە. بەڵێ لە چرکەساتێکدا خوێنی 21 کەس لە خزم و ناسیاو و داروسێیەکانمان تێکەڵی یەک بوو، بەڕاستی قەسابخانەیەک بوو بۆ خۆی، خوایە جارێکی دیکە رۆژی وا بە چاوی خۆمان نەبینییەوە، خوایە کوردستانی گەورە لە تاوانی وا بپارێزە، حوسێن لە کاتێکدا ئەو قسانەم بۆ دەکات کە دەستەکانی بەرەو ئاسمان بەرزکردوونەتەوە و چاوەکانی پڕبوون لە فرمێسک! 
 
کاتێک لێی دەپرسم، چۆن زانیتان ئەو تۆپانە لەلایەن سوپای ئێرانەوە نراون بە شارەکەوە؟ حوسێن بەبێ بیرکردنەوە دەڵێت: خۆ ئەوکاتە پارتی و یەکێتی خاوەنی چەکی قورس نەبوون، نەخاسمە تۆپی 172 ملیم، پاشان نوێنەرایەتی پۆلیسی نێودەوڵەتی کە بارەگایان لە کوردستان هەبوو، هاتن بۆ شوێنی رووداوەکە، تەنانەت ئەو شوێنەشیان کە تۆپەکەی لێوە هاوێژرابوو دەستنیشان کرد، لە شاخی جاسووسانەوە تۆپەکە هاوێژرابوو! هەرچەندە هەردوو برا، حەسەن و حوسێن داوا لەو لیژنەیەی کە لێکۆڵینەوەکەیان کردبوو دەکەن، کۆپییەک لەو راپۆرتەیان بدەنێ کە ئامادەیان کردبوو، بۆ ئەوەی وەکو بەڵگە پێیان بێت، بەڵکو رۆژێک بێت لە دادگایەکی نێونەتەوەییدا سکاڵا تۆمار بکەن، بەڵام ئەوان رازینابن، هەربۆیە سەرەنجام لەو هەموو بێنە و بەردەیەدا، تاوانەکە پەردەپۆش دەکرێت، ئێستا تەنیا لە یادەوەری بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکاندا ماوەتەوە، هەربۆیە ساڵانە لە 6ی ئابدا بەبێدەنگی لە شوێنی رووداوەکەدا یادی شەهیدەکانیان دەکەنەوە. 
 
ئەم تاوانە تەنیا بە شەهیدکردنی 21 هاووڵاتی و 10 بریندار ناوەستێت، بەڵکو بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکە پاش ماوەیەک مەزاری شەهیدەکان بۆمبڕێژ دەکرێت و لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا کە خەڵکی شار لە خەودا دەبن، مەزارەکە دەتەقێنرێتەوە و نایانەوێت کورد لە گۆڕیشدا ئۆقرە بگرێت. 
 
کاتێک بریندارەکان دەبرێنە نەخۆشخانەکانی رانیە و سلێمانی و چارەسەریان بۆ دەکرێت، یەکێک لە بریندارەکان کە لە پێش چاوی کامێراکان باسی رووداوەکە دەکات، پاش چەند رۆژێک لەلایەن پەرستارێکەوە هەوڵی ژەهرخوارکردنی دەدرێت، بە رێکەوت رزگاری دەبێت.
 
29 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە دڵتەزێنەدا تێپەڕیوە، کەسوکاری قوربانی و بریندارەکان دەڵێن، "تاوەکو دواهەناسەمان ئەو رۆژە لەیاد ناکەین."
 
حوسێن بە حەسرەتەوە دەڵێت: چۆن ئەو چرکەساتەم لەیاد بچێت کە براژنم شەهید بوو، منداڵێکی حەوت مانگانەی لە سکدابوو، بە بەرچاومانەوە هەڵبەز و دابەزی دەکرد، چۆن ئەو چرکە ساتەم لە یاد دەچێت کە حەسەنی برام بەدوای چەقۆیەکدا دەگەڕا سکی ژنەکەی پێهەڵبدڕێت، بەڵکو منداڵەکەی لە مردن رزگار بکات! چۆن ئەو بەیانییەم لە یاد دەچێت کە کچە بچکۆلەکەم دەستی گرتم و بەزۆر بردمی بۆ سەر گۆڕی دایکی، بە کەوچکە چایەک خەریکی هەڵدانەوەی گۆڕەکەی دایکی بوو، بەگریانەوە دەیگوت باوکە، دایکی من لە گۆڕەکەی بۆ دەربهێنە.
 
بەسەرهاتی حەسەن و حوسێن و قوربانییەکانی دیکە، بەسەرهاتێکە لە جۆری بەسەرهاتی حەسەن و حوسێنی ئیمامی عەلی، تەنیا سەردەمەکە و تاوانبارەکان و جێگەی تاوانەکە جیاوازە، کەچی نەک عاشوورایان بۆ ناکەین، بەڵکو هەر بەتەواوی لە یادەوەریماندا سڕاونەتەوە، ئای ئێمە چەند نەتەوەیەکی بێ یادەوەرین، چەند زوو شتمان لەبیردەچێتەوە.