بۆچی دەبێ تەنیا پیاوان قسە لەسەر پرسەکان بکەن؟

23-07-2023
روەیدا مستەفا
نیشانەکردن ژن
A+ A-
لەکاتێکدا کوردستان بەرەو هەڵبژاردنی داهاتوو هەنگاو دەنێت، پێویستە ژنان دەستپێشخەریی زیاتریان هەبێت بۆ ئەوەی گەرەنتی بەدەستهێنانی مافەکانیان بکەن. نابێ لە سیاسەتدا هێندە سەرەتایی بین کە هەموو گفتوگۆکانمان لەو چوارچێوەیەدا بن ئایا پارتی و یەکێتی رێک دەکەون یان نا؛ ئەو جۆرە گفتوگۆیەش لەنێو کۆمەڵگەدا زیاتر لەلایەن پیاوانەوە دەکرێت.
 
ئەوەی راستی بێت، پارتی و یەکێتی رێکبکەون یان رێکنەکەون، دۆخی ژنان بەشێوەیەکی ئەوتۆ ناگۆڕدرێت. ئەو دوو پارتە پێکەوە کاروباری هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن یان یان وەزیرەکانیان بکشێننەوە، ئەو دۆخە ناگۆڕێت کە کچان و ژنان رووبەڕووی دەبنەوە. کاریگەری رێککەوتنی ئەو دوو پارتە ئەگەر هەشبێت، زۆر بچووک دەبێت. کاتێک سەیری تەلەڤیزیۆن دەکەین یان گوێ لە لێدوانی سیاسی دەگرین، دەبینین زۆربەی گفتوگۆکە لەلایەن پیاوانەوە دەکرێت. پرسیارەکە ئەوەیە؛ ژنان لە کوێی ئەم گفتوگۆیانەدان؟
 
لە دۆخی بەسیاسیی بارگاویکراوی کوردستاندا، مافی ژنان لەمێژە پەراوێزخراوە و کەوتووەتە نێو تاریکیی ئەجێندای پارتە سیاسییە سەرەکییەکانەوە. هەندێک جار نەهامەتیی ژنان تەنیا وەک ئامرازێک بۆ گەمەی سیاسی بەکاردەهێنرێت، لەجیاتی ئەوەی وەک کارێکی لەپێشینەی راستەقینە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. گۆڕینی ئەمە، پێویستییەکی بەپەلەیە.
 
لەنێو خواستە سیاسییەکانی پارتە سەرەکییەکانی کوردستاندا مافی ژنان بەردەوام لە ریزی دواوەدا بووە. رووداوی تراژیدی، وەک تووندوتیژیی دژی ژنان، بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕانە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی بەکارهێنراوە، لەکاتێکدا دۆزینەوەی چارەسەرە کاریگەرەکان بۆ ئەمانە هێشتا دوورە. قۆستنەوەی مافی ژنان بۆ بەرژەوەندیی سیاسی (لەلایەن پارتەکانەوە) وا دەخوازێت، پێداچوونەوەیەکی قووڵ بە چوارچێوەی سیاسیی ئێستا بکرێت بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانیی ژنان بکرێتە کارێکی لەپێشینە.
 
بەرەپێشچوونی راستەقینە لە مافی ژناندا پێویستی بە پشتیوانیی نێوخۆیی هەموو پارتەکانە بەبێ گوێدانە ئەوەی ژنان زیاتر لایەنگر و دەنگدەری کام پارتن. بەداخەوە، بە زەقی دیارە کە هەوڵێکی یەکگرتووی لەم جۆرە لەنێوان پارتە سیاسییەکانی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و پارتەکانی دیکەدا نییە. پێچەوانەی هەرێمی کوردستان، وڵاتانی وەک بەریتانیا نموونەن بۆ پێشاندانی شێوازی کارکردنی پارتەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسە هاوبەشەکان و نەهێشتنی لایەنگری سیاسی لەپێناو بەرژەوەندیی گەورەتردا. ژنانی کوردستان شایستەی لەوە کەمتر نین کە لە بەریتانیا بۆیان دەکرێت. کاری پێکەوەیی زۆر گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی ژنانی کوردستان و بەدەستهێنانی یەکسانیی رەگەزی.   
 
زیادبوونی نیگەرانکەرانەی تووندوتیژیی دژی ژنان لە کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. رووداوی تۆقێنەر، لە مامەڵەی خراپی خێزانییەوە بگرە تاوەکو دەگاتە هێرشکردنە سەریان لە شوێنە گشتییەکان، پیشانیدەدات کە زۆر گرنگە دەستبەجێ کارێک بکرێت بۆ پاراستنی ژنان لە هەر زیانپێگەیاندنێک. تەنیا سەرکۆنەکردن بەس نییە، بەڵکو پێویستە رێوشوێنی یەکلاکەرەوە بگیرێتەبەر و سەرچاوەی پێویست دابین بکرێت بۆ رێگریکردن لە تووندوتیژی و دڵنیابوونەوە لە لێپێچینەوەی خێرای تاوانکاران. بەهێزکردنی ژنان بە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی سەلامەت، یارمەتیی دارایی و تۆڕەکانی پشتیوانی بۆیان، وایان لێ دەکات بەهێزبن بۆ ئەوەی خۆیان لە ژینگەی خراپ بپارێزن.
 
دەبێت شەڕی تایبەت بە مافی ژن لە کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی زامنکردنی سەلامەتیدا نەبێت. ئەو شەڕە پێویستی بە ستراتیژییەکی گشتگیرە کە وەڵامی هەموو ئەو ئاستەنگە جیاوازانە بداتەوە کە ژنان رۆژانە رووبەڕوویان دەبنەوە. بژاردەی چاودێریکردنی منداڵ بە دابینکردنی مووچەیەکی گونجاو دەتوانێت باری سەرشانی دایکانی کارکەر کەمبکاتەوە و رێگەیان پێبدات چالاکانە لە هێزی کاردا بەشدار بن. بە هەمان شێوە، پێزانینی رۆڵی بەنرخی ئەو دایکانەی لە ماڵ دەمێننەوە، هەروەها دابینکردنی مووچە بۆیان، پێویستییەکی بنەڕەتییە. هەبوونی هاندەر بۆ دایکانی کارکەر، وەک نەرمینواندن لە دیاریکردنی کاژێرەکانی کارکردنیاندا و رەخساندنی دەرفەتی یەکسانی کارکردن، دەتوانێت جیاوازی نێوان رەگەزەکان لە شوێنی کار کەمبکاتەوە و سەرئەنجام کۆمەڵگەیەکی فرەلایەنگرتر پێکبهێنێت.
 
بۆ ئەوەی لە گەمە سیاسییەکاندا نەبنە بارمتە، پێویستە ژنان لە ریزی پێشەوەی پرۆسەی سیاسیدا بن و هێزی خۆیان لە هەڵبژاردندا بەکاربهێنن تاوەکو گۆڕانکاری دروست بکەن. گەشتی بەرەو یەکسانیی نێوان رەگەزەکان لە کوردستان پێویستی بە هەوڵی هەمەلایەنەی هێزە سیاسییەکان، سیاسەتمەداران و تەواوی کۆمەڵگەیە. ئەم روانگەیە نەک هەر پێگەی ژن بەهێز دەکات، بەڵکو رۆڵی لە دروستکردنی وڵاتێکی خۆشگوزەرانتر و گشتگیرتر دەبێت.
 
بەڵام لەوە گرنگتر، پێویستە ژنان دەستپێشخەرییان هەبێت و کێشەکانی پارتی و یەکێتی تێپەڕێنن. ژنان دەتوانن دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بقۆزنەوە لە رێگەی زامنکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان و بەدیهێنانی گۆڕانکاری لە سیاسەتدا، وەک دانانی کۆتا بۆ پۆستە وەزارییەکان یانیش دەنگدانی ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا لەسەر بنەمای سیاسەتەکان (ـی پارت و بەربژێرەکان) نەک کەسایەتی.

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.