پارتی لە قەیراندایە
لە نێوان كۆنگرەی سێزدەی پارتییەوە تا ئەمڕۆ پارتی سێ هەڵبژاردنی چارەنووسسازی ئەنجامداوە، لە هیچ یەك لەو هەڵبژاردنانە پارتی نەیتوانییوە لەبەرامبەر ركابەرەكانیدا سەركەوتنێكی ئەوتۆ بەدەستبێنێت كە شایانی باس بێت و لە زۆر رووشەوە لە پاشەكشەدا بووە، بەڵام هیچ یەك لەوانە نەبوونە فاكتەر و پاڵنەرێك كە حزب بیر لەوە بكاتەوە كە دەبێ بەدوای هۆكارەكانی نووشستی و شكستدا بگەڕێت. بزانێ لە كوێ هەڵەی كردووە و پێویستی بە راستكردنەوەیە؟
پارتی لە گۆنگرەی سێزدەوە لە قەیراندایە، قەیرانێكی قووڵ كە هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستی تەقینەوە. 23-ی حوزەیران بۆ پارتی دەبێ زەنگێكی وشیاركەرەوە بێت كە مێتۆدەكانی خۆی لە سیاسەتدا بگۆڕێت.
قەیرانی یەكەم: جۆر و شێوەی بەڕێوەبردنی پارتییە. پارتی لە دوای لەدەستدانی خەڵكێكی زۆر لە سیاسی و تێكنۆكراتە شارەزاكانی نەیتوانی لە ئاستی رێكخستن، ئیدارە و سەركردایەتیدا، (چەند كەسێك نەبێ كە بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن) خەڵكی دیكە دروست بكاتەوە. ئێستا پارتی لە چەند ئاراستەی جیاوازەوە بەڕێوە دەبرێت كە بە هیچ شێوەیەك مەكتەبی سیاسی و ئەندامانی سەركردایەتیی ئەو حزبە لە داڕشتنی سیاسەت و هێڵە گشتییەكاندا بەشدار نین. تەنها جارناجار دەتوانن پشتیوانی لە ئاراستەیەك بكەن. مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی لە سۆنگەی بوونی بنەمالەی بارزانی پشتیی خۆیان لێكردۆتەوە و دەڵێن تا ئەوان هەبن، كیشەمان نییە! بەشی زۆریان خەریكی تیجارەتن. مەعلومە كە دوو شووتی بەدەستێك هەڵناگیرێت! پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ هەر خۆی بە ماڵی بارزانییەوە هەڵواسیوە، بەڵام لە زۆربەی قۆناغە هەستیارەكاندا، لەپاڵ كاریگەریی ماڵی بارزانی كەسایەتی و سیاسەتمەداری شارەزاشیان لە پشت بوونە كە توانیویانە مانەوەی پارتی و جەوهەری كاری سیاسی و رێكخستن زامن بكەن، بەڵام ئەمڕۆ ئەو كەسانە لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناكەن.
قەیرانی دووەم: بریتییە لەوەی كە هیچ سیاسەتیك قابیلی لێپێچینەوە و رەخنە لێگرتن نییە. هەموو خۆیان تەسلیمی تیئۆریی موئامەرە كردووە. زۆربەی سەركردایەتی خەریكی ئیشی دیكەن و كەمترین بەشدارییان لە بڕیاردا هەیە، لە هەموو تەنگژەكاندا، ئارگۆمێنتێكی زۆر ئاسانیان پێییە كە ئەویش(تیئۆریی موئامەرەیە لەسەر پارتی و بارزانی) دەستی دەرەكی، نەیارانی بارزانی و دوژمنانی دەوڵە تی كوردی لە پشت مەسەلەكانن. ئەوە واریدە كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كەس نازانی دەستی كێ لەناو باخەڵی كێدایە، بەڵام خۆ دەستی دەرەكی لەسەر سندووقی دەنگدان ناتوانێ دەنگی هاووڵاتی بگۆڕێت!؟ خۆ كاتێك پارتی لەگەڵ تەوژمێكی ئیقلیمیدا هاوڕایە و كاری بۆ دەكات، بۆ دەبێ نزیكترین حزب كە یەكگرتووی ئیسلامییە لە بەرەی موخالیفی پارتیدا بێت؟ چۆن دەبێ لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان ئیئتیلافی حوكمڕانی ببەستی، بەڵام تازە بە بیرت هاتبێتەوە كە مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سیستەمی حوكمڕانی پاشنەی ئاشیلتە؟!
قەیرانی سێیەم: پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو حزبێكی سیاسی لە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستاندا، بە هۆی بنەماڵەی بارزانییەوە پشتی لە حزبایەتیی ئاكتیڤ كردووە، چونكە پێیانوایە هەر كێشەیەك بێتە سەر رێگا بە حیكمەتی بارزانی چارەسەر دەبێ. ئەوە زۆر هەڵەیە كە پارتی لەسەر حیسابی بارزانی سیاسەتی كردووە، چونكە كاتێك هەموو باشییەكانی ئەو رەوشە دەكرێتە دەستكەوتی بارزانی و موڵكی پارتی، ئەوا هەر ئەو كاتەشە كە بەرامبەرەكانی هەموو خراپە و كەموكوڕییەكانیش بۆ بارزانی و پارتی دەنووسن. پارتی لەوەیاندا تەماشاچییەكی موقەسیرە. ئەگەر ماڵی بارزانی ئەو ئینسیاتیفەیان لە حزب ستاندۆتەوە ئەوا غەدریان لە مێژووی پارتی كردووە، چونكە وتەیەكی رەحمەتی مستەفا بارزانی هەیە كە دەڵێ:"قوتابیان لە هەموو شۆڕێكدا سەرە رمن" كەچی ئێستا پارتی ماڵی بارزانیی كردۆتە سەرە رم! كەوابێ چ تەبریرێك بۆ مانەوەی ئەو سەركردایەتییەی ئێستا هەیە كە لە كاتی قەیراندا، توانای مواجەهەیان نییە؟
قەیرانی چوارەم: توانەوەی وردە وردەی پارتییە. پارتی خەریكە وەك شێربەفرینەی بەر هەتاو دەتوێتەوە. لە هەڵبژاردنەكانی ١٩٩٢ ەوە تا ئیستا پارتی رووەو بچووكبوونەوەیە تا گەورەبوون. لەو كاتەوە چوار هەڵبژاردن كراوە، تا ئێستا كێ لە پارتی پرسیوە بۆ دەنگی هەموو حزبەكانی بەرامبەری زیاد دەكات، بەڵام هی پارتی نەك هەر زیاد ناكات، بگرە كەمیش دەكات! پرسراوە كە بۆچی لە هەولێر لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی وڵاتی بەناو عێراق، مەلا عەلی باپیر بەقەدەر سێیەكی دەنگەكانی پارتی دەنگی هێنا؟ پرسراوە كە بۆچی پارتی لە سلێمانی هەر لە دواوەیە؟ پرسراوە كە بۆچی پارتی لە دهۆك دەنگی زیاد ناكات و...هتد.
قەیرانی پێنجەم: ناكارامەیی ئۆرگانەكانی حزب، بە تایبەتیش راگەیاندن و رێكخستن. لەماوەی رابردوو پارتی چەندی لە پێشمەرگە سەرف كردبێ هێندەشی لە راگەیاندن خەرج كردووە(رەنگبێ ساڵانە خۆی پتر لە یەك ملیار دۆلار بدات، واتا بودجەی كەناڵی ئەلجەزیرە) بەڵام ئایا راگەیاندن توانیویەتی چەند كەس بۆ پارتی بێنێتە سەر سندووقی دەنگدان؟ یان سەرشەقام؟ راگەیاندنێك كە خەڵكی پارتی تاقەتی تەماشاكردن و خوێندنەوەی نەماوە، كادیرەكانی مووچە لە پارتی وەردەگرن و پێیان شەرمە بڵێن پارتین! كە بەناوی پارتیشەوە قسە دەكەن، بایی ئەوەندە ئارگۆمێنتیان پێ نییە كە بتوانن بەرامبەر تیرۆریستێك قسە بكەن. خیانەت و خۆفرۆشی لە ناو هەموو بزووتنەوەی كوردیدا هەیە كەچی بەس پارتی تاوانبارە، سیستەمی بنەماڵەیی، فەساد و بەرتیلخۆری لە بەرامبەرەكانی پارتیدا بە زیادەوە هەیە، كەچی بەس پارتی پێی تاوانبارە! ئەوە دەلالەتە لەوەی كە پارتی نەیتوانیوە لە رێگەی راگەیاندنەوە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ئەو نەوەیە هەبێ كە لەدوای راپەڕین درووست بووە. رێكخستنی پارتی كە بەس بەناو هەیە، لە ئاستی خوارەوەیدا وەكو ناوچە و رێكخراو و ئەوشتانە، تەژێی خەڵكی جەمەدانی بەسەری دیشلەمەخۆرن كە تا ئێوارە خەریكی موعامەلەی سەیارە و عەرزن و، ئێوارەش یان لە مەعرەزن یان لە نووسینگەی عەقارات! بەوانە كەس نابێتە پارتی.
قەیرانی شەشەم: تەمسیلی پەرلەمانییە. لەوەیاندا چەند گەنجێكی شارەزا نەبێ، ئەوی دیكەی فیدراسیۆنی عەشیرەتەكانە و، پێوەر بۆ هەڵبژاردن و كاندیدكردنی ئەو كەسانە نە شارەزایی سیاسییە، بگرە ئیمتیازە. سەیری ئەندامانی یەكەم پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی بكەن و بەراوردیان بكەن لەگەڵ ئێستا ئەوجا دەبینن چ كارەساتێكە. بۆیە ئەوەی 23ی حوزەیران چاوەڕوانكراو بوو. لە سەر ئاستی بەغداش هەر وایە.
قەیرانی حەوتەم: سوود وەرنەگرتن لە كەڵەكەبوونی سەرمایەیە. لەوەیاندا لەجیاتی ئەوەی بەخێر بشكێتەوە بۆ پارتی، بەپێچەوانەوە گەورەترین زەڕبەی لێداوە. ملیاردەرەكانی ناو پارتی كە لەسەر حیسابی ئەو خەڵكە بوونەتە دەوڵەمەند، نەیتوانیوە ببێتە دەرگایەك بۆ ئەو گەنجانەی پارتی كە موحتاجی ئیشن و لەباتی ئەوان خەڵكی بیانی دامەزرێندراون، خەڵكێكی بێ رابردووی بەدناو پێی دەوڵەمەند بوونە و رق و بێزاریی خەڵكی لێ كەوتۆتەوە. ئەگەر زەرفییەتی وەرگرتن لەكەرتی گشتی سنووردار بێت، ئەوا دەكرێ لەكەرتی تایبەت ئەو دەرفەتە هەبێ، بۆیە كاردانەوەی ئەو گەنجانە ئەگەر ئەوە نەبووبێ كە بچن دەنگ بەلایەنێكی ئیسلامی یان گۆڕان بدەن، ئەوا نەچوونە دەنگ بە پارتیش بدەن و ئارگۆمێنتەكەیان ئەوە بووە:"كێ دەیخوا با ئەو بچێ دەنگ بدات."
قەیرانی هەشتەم: خۆبەكەمزانینی ئەندام و كادیرانی پارتییە. ئەم خۆبەكەمزانییە، دەرئەنجامی ناكارامەیی، گەندەڵی و چاوشۆڕیی بەشێكی زۆر لە سەركردایەتیی پارتییە، بەرامبەر بە ماڵباتی بارزانی و تەشەنەی كردووە بۆ ناو ئەندام و كادیرانیشی. جاری جاران ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی لە پلە نزم و سەرەتاییەكانی حزبایەتییەوە سەردەكەوتن، بەڵام ئێستا تەمەللوق و زمانلووسیی سەركردایەتی ئەوانیان لەخەڵك دابڕیوە و، خەڵكی بێورەیان لە جەماوەری خۆیان درووست كردووە.
دیدار لەگەڵ ماڵباتی بارزانی بووەتە خەون و بەرپرسانی پارتیش ئەوەندەی خەریكی دیدار و دیتنن لەگەڵ ئەوانەی جوێنیان پێدەدەن، ئەگەر ئەوەندە خەریكی دیتنی خەڵكی خۆیان بان ئێستا پارتی بەو حاڵە نەدەگەیشت.
بە كورتی ئەوانەی سەرەوە مشتێكن لەو خەروارە قەیرانەی كە ئێستا بەهۆی پارتییەوە، بەرۆكی خۆیان و ماڵی بارزانیان گرتووە و، ئەگەر بە خێرایی چارەسەری گوونجاویان بۆ نەدۆزرێتەوە و، لە هۆكارە بنچینەییەكانیان نەكۆڵدرێتەوە، ئەوا زۆر مەترسیدار دەبێ. پارتی پێویستی بە خوێنی تازە و پێداچوونەوەیەكی ورد هەیە لە داڕشتنەوەی سیاسەتی ناوخۆیی خۆی، دواتر لە حكومەت و پەیوەندی لەگەڵ حزبەكاندا. پێویستە بەوەدا بچێتەوە كە لە سیاسەتی ئیقلیمیدا ئەگەر دەستكەوتەكەی نەوت بووبێت، ئەوا لە مەسەلەی رۆژئاوا و داعش گورزی گەورەی بەركەوتووە.
چووتە بن بارێكەوە كە لەو زرووفەی ئێستادا و بەو شێوەیە لە حزبایەتیكردن ئەستەمە بتوانێ بەرگەی ئەو هەموو گووشارە بگرێت.