كۆتایی مانگی هەنگوینیی گۆڕان و پارتی

(1)

ساڵی رابردوو، بەشێك لە پارتی (نەك هەمووی) بەو ئومێدەی كە بزووتنەوەی گۆڕان دەتوانێ دوای تاڵەبانی ببێ بە شەریكی حوكمیان لە كوردستاندا، دوای 22 ساڵ گەورەترین دابەشكاریی دەسەڵاتیان لەگەڵ هێزێكی دەرەوەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا كرد. بزووتنەوەی گۆڕان كە پێشتر لە 2009 تا  2013 لە پەرلەماندا رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەكیی دەگێڕا، دوای هەڵبژاردنەكانی ئەیلولی 2013 بە قورساییەكی زۆرەوە چووە ناو حكومەت و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی دیكەشی پەلكێشی ناو حكومەت كرد. ئەو كەشوهەوای حكومەتی نیشتمانیی بنكە فراوانە بۆ كوردستان گەلێك پێویست بوو، چونكە كوردستان لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا تووشی قۆناغێكی دژوار هات و هاوكات داعشیشی هاتەسەر.

دوای نزیكەی 5 ساڵ لە ململانێ و بەربەرەكانێی نێوان پارتی و گۆڕان، قۆناغێك دەستیپێكرد كە جێگای ئیرەیی و رەخنەی یەكێتی نیشتمانی بوو، ئەگەرچی بیرۆكەی بەشداركردنی گۆڕان لە حكومەتدا سەرەتا لای یەكێتییەوە سەرچاوەی گرت، بەڵام لە ئەمری واقیعدا ئەو بەشدارییەی گۆڕان، ئەوانی لەشەریكی سەرەكییەوە كردە یەكێك لە شەریكەكان.

یەكێك لە گەورەترین تاقیكردنەوەكانی شەریكەكانی پارتی لە حوكمڕانیدا، مەسەلەی مانەوەی مەسعود بارزانییە لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا و بۆ پارتی وەك مەسەلەی مان و نەمان وایە. پارتی ئامادەیە هەموو پۆست و دەسەڵاتێك لە پێناوی درێژەدان بەو پۆستە فیدا بكات. بە دیوێكی دیكەشدا هەموو جۆرە هاوپەیمانییەكی نوێ دروست بكات كە زامنی ئەو مانەوەیە بێت و هەموو رێككەوتنەكانی پێشووش هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر رێگریی لێبكەن.
 
لای پارتی مەسەلەی مانەوەی بارزانی و جۆری هەڵبژاردنی (كە پارتی هەموو هەڵبژاردنێك و بەدیلێك لەدەرەوەی بارزانی و خەڵك رەت دەكاتەوە) هێڵی سوورە و، هەڵوێستی لایەنەكانی دەرەوەی خۆی لەسەر ئەم بابەتە پێوەری دۆستایەتی و دووری و نزیكییە. گۆڕان و تەنانەت یەكێتیش بە پێشكەشكردنی پرۆژە و پێداگیری لەسەر گۆڕینی بارزانی و جۆری هەڵبژاردنەكەی پارتییان غافڵگیر كرد. ئێستا پارتی لەگەڵ ئەوەیدا كە سوورە لەسەر هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگیركردنی دەسەڵاتەكانی ئێستای، لە ئەگەری نەهێشتنی رێگە لەبەردەم بارزانیدا بۆ مانەوەی بۆ چوار ساڵی دیكە، نەك رێككەوتنەكانی لەگەڵ گۆڕان هەڵدەوەشێنێتەوە، بگرە بەپێدانی ئیمتیازاتی زیاتر بە یەكێتی و حیزبە ئیسلامییەكان گۆڕان دەخاتە دەرەوەی بازنە.

گرەو لەسەر بارزانی
(2)
پێشكەشكردنی پرۆژە لای حیزبە ركابەرەكانی پارتی بووەتە بابەتی موزایەدەی سیاسی. لایەنەكان كە دەزانن پارتی بەچی سەغڵەت دەبێ، دەزانن چۆن هەم ئیمتیاز لە خۆی وەربگرن و هەمیش لە دەرەوەی ئەو لە ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی ئیمتیازاتی پێ وەربگرن. سەرباری ئەوەی گۆڕان دوای پێشكەشكردنی پڕۆژەكەی بەڵێنی بە پارتی دابوو كە پرۆژەكەی بۆ هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان بكشێنێتەوە (كە نەیكشاندەوە) و، یەكێتی و حیزبە ئیسلامییەكانیش بەڵێنیان بە پارتی دابوو كە پرۆژە پێشكەش نەكەن، بەڵام ئیدی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووەتە كەرەستەیەكی سیاسیی زۆر بەپێز.

گۆڕان هەست دەكات ورووژاندنی ئەو بابەتە پاكانەیەكی باشە بۆ ئەو هەموو رەخنانەی لەبارەی بەشداریی لە حكومەتدا لێی دەگیرا و دەنگدەرەكانی نائومێد كردبوو. هاوكات ئەوەش بەدەرفەت دەزانێ كە لە غیابی سەركردایەتیدا، پاشماوەی یەكێتی بەتەواوەتی بباتە ژێر باڵی خۆیەوە. چونكە شكانی ئاكپارتی لە توركیا و سەركەوتنە یەك لەدوای یەكەكانی بەرەی ئێرانی لە ناوچەكەدا، بە شكستی پارتی و بارزانی لە هاوكێشە ناوخۆیی و ئیقلیمییەكاندا تەرجومە دەكرێت، یان وێنا دەكرێت. رەنگبێ هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كە یەكێتی بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی پارتی و كوردستان، پرۆژەیەك پێشكەش بكات و لە كاروانەكە بەجێ نەمێنێ، كە ئەگەر بە مەنتقی لە پرۆژەكەی یەكێتی بڕوانرێ، ئەوا نە شیش بسووتێ و نە كەبابە. هەم دڵی پارتی راگیراوە و هەمیش هی ركابەرەكانی. بەڵام تا ئەم لەحزەیە پارتی ئەویشی پێ قەبوڵ نییە و هەموو هەڵبژاردنێك لە دەرەوەی دەنگی خەڵك رەت دەكاتەوە و ئەگەر پێویست بكات هەموو جۆرە شەڕێكیشی بۆ دەكات. چونكە پارتی پتر لەوەی مەسەلەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات بزانێ، جیا لەو هەموو رێككەوتن و دابەشكاریی پۆستەی لە كوردستاندا لە نێوان هێزەكان هەیە، بە پیلانێكی دەزانێ بۆ رێگرتن لە خەونی سەربەخۆیی كوردستان و پێیوایە كە لانیكەم دەبێ چوار ساڵی دیكە شەریكەكانی ئەو دەرفەتە بە بارزانی بدەن.

شەكرەكەی حاجی ئەحمەدی
(3)
جیا لەو بەیاننامە توندەی پژاك لە دژی بزووتنەوەی سیاسی و چەكداریی رۆژهەڵاتی كوردستان، پەیوەست بە رووداوەكانی ئەو دواییەی كێلەشین دەریكردووە و بۆنی خوێنی لێدێت، سەرۆك یان هاوسەرۆكی ئەو رێكخراوە ئاپۆچییە (كە تاپۆی كاری سیاسی و سەربازیی هەر چوار پارچەیان لە باخەڵدایە)، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا قسەیەك دەكات كە پیاو بە بیستنی لەشەرمان ئارەقە دەكات. ئەو كە لە رابردوودا ئیدیعای ئەوەی دەكرد سەرۆك ئاپۆ هەزار كتێبی لەسەر سیستەمی فیدراڵی نووسیوە و ئەو هەموویانی خوێندووەتەوە (لە دیمانەیەكدا لەگەڵ VOA) خۆی لێبووە بە دۆن كیشۆتێك كە سێرڤانتسەكەی پەكەكەیە. حاجی ئەحمەدی دەڵێ: "حیزبەكانی رۆژهەڵات قوونی شەڕكردنیان نەبووە!" بەڵام ئەگەر وابێت، ئەدی بۆ لە 2011 دا پژاك كە لەخت و خۆڕایی و ئەو كاتەی بارەگاكانی باوكی (پەكەكە) لە ورمێ و شارەكانی دیكەی رۆژهەڵات ئاوەڵا بوون، (قوونەشەڕی) لەگەڵ ئێراندا دەكرد و بەو (قوونەشەڕانە) ئێرانی لە قووڵایی كوردستانی باشوور جێگیر كرد؟ مەحاڵە وەڵامی ئەو پرسیارەشی پێبێت.