پەتای درۆ

بەهاری ساڵی 2006 تازە لە ئەڵمانیاوە گەڕابوومەوە كوردستان، هاوڕێیەكی رۆژنامەنووس پێیگوتم  لێرە ژیان سەختە، ئێمە لە بەیانییەوە تا ئێوارە درۆ دەكەین، شەویش لە ژێر لێفە لەگەڵ ژنەكانمان درۆ دەكەین. بەڵام من بڕوام نەكرد و گوتم هەر كەس لەخۆیەوە سەیری دونیا دەكات.

بیرم نایەتەوە كەی یەكەمجار درۆم كردووە، بەڵام دڵنیام لە قۆناغی سەرەتایی خوێندنەوە لە قوتابخانە فێری درۆ بووم، لەو كاتەوەی دەیانگوت دارا دوو داری دی، دارا مرد و سیستەم بوو بە سوێدی، كەچی ئەو دارانەی هەر نەدی. كە مامۆستای بیركاری خاوەنی هیچ بیرێك نەبوو، تەنها بۆ پاسەوانی بەردەرگای زیندان باش بوو، دەستەكانی سوور دەكردمەوە بە لێدان، لە ماڵەوە بۆ دایكم نەدەگێڕایەوە.

لە ترسی ئەو پاسەوانە ماوەیەكی زۆر خۆم لە مەكتەب دەدزییەوە، ئەگەر باسی دارەكەی مامۆستای بیركاریم بكردایە دایكم دەیگوت تۆ كە چوویتە قوتابخانە ئێمە بە مودیری مەكتەبمان گوتووە گۆشتی بۆ ئێوەو ئیسقانی بۆ ئێمە. دوای ئەوەی كەمێك تێگەیشتم، ناچار بووم هەندێك جار درۆ بكەم بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆم بكەم.

هەرگیز حەزم لە درۆ نەبووە، بەڵام نەموێراوە راستییەكان وەك خۆیان بگێڕمەوە. لەناو خێزان و كۆمەڵگەی كوردیدا ئەگەر راستیش بڵێی هەر گومانت لێدەكەن. لەوانەیە راستییەكان هەندێك جار ژیانمان لێ بكەنە دۆزەخ، بۆیە ئەو درۆیانەی كە كردوومن درۆی سپی بوون و ئازاری كەسم نەداوە، ئەگەر ئازارێكی هەبووبێ تەنها بۆ خۆم بووە.

لەم دواییانەدا بۆم دەركەوت كە هەموومان درۆ دەكەین و هەستەكانمان لە قوڕی درۆ دروستكراون. كابرا تا 2003 بەعسی بووەو دوا سەموونی لەگەل سەددام لەتكردووە، كەچی ئێستا خۆی بە خاوەنی خەباتی شاخ دەزانێ و دەڵێ خەت مائیل بووم.

رەوشی پەروەردە مەترسیدارە، هەمووان درۆ دەكەن و منداڵان فێری درۆ دەكەن. كەس بڕوای بە كەس نەماوە، خەڵك بەڵێنی زۆر بەیەكتر دەدەن و جێبەجێی ناكەن. هەمووانیش پێتدەڵێن باوەڕ بەكەس نەكەی. باشە ئەی قوڕی كوێ خەستە بیكەین بەسەری خۆماندا؟

جاران خەڵك لە رەوشێكی زۆر مەترسیداردا خەباتی نهێنییان دەكردو بڕوایان بەیەكتری هەبوو، كەچی لەم ئازادییەی ئەمڕۆدا خەڵك متمانەیان بەیەكتر نییە. حیزب لە پێناوی بەدیهێنانی زۆرترین دەنگ بەڵێنی درۆ بە جەماوەر دەدات.

ئیسلامی سیاسی بەڵێنی حۆری و غیلمان لەو دونیا بە خەڵك دەدەن و بەناوی خوداوە درۆ لەگەڵ خەڵك دەكەن. سۆسیال دیموكراتەكان بڕوایان بە هیچ بنەمایەكی دیموكراسی نییە. درۆ وەك دووكەڵی جگەرە بە هەناومانەوە نووساوە. بۆیە لەمەودوا هەركەس دەبێ كار لەسەر خۆی بكات و دان بەوەدا بنێ كە درۆی كردووە و خۆی لەنەخۆشیی درۆ بپارێزێت بۆ ئەوەی ژینگەیەكی تەندروست بۆ نەوەكانی داهاتوو بەرهەم بهێنین. ژینگەیەك خاڵی لە پەتای درۆ.