لێکەوتەی گوشارەکانی بەغدا و کارتەکانی دەست هەرێمی کوردستان

لەدوای ئۆکتۆبەری 2017ـوە خەریکە روانگەیەک لای نوخبەی سیاسی لە بەغدا (زیاتر نوخبەی سیاسی شیعی) زاڵ دەبێت، کە وای دەبینن ئیتر دەرفەتی ئەوە دروستبووە، هەرێمی کوردستان بچێتەوە قاڵبی پارێزگاکان و ئەو دەسەڵاتەی پێشتر هەیبووە، دەبێت سنووردار بکرێت. ئەم روانگەیە پاڵپشتی هەرێمیشی هەیە، بەتایبەت ئێران بەشێکی گەورەیە لە پشت ئەم روانگەیەوە، تورکیاش ئەگەر پاڵپشتی ئەو روانگەیەش نەبێت، دژایەتی ناکات. بۆ ئەم مەبەستەش دەسەڵاتدارانی بەغدا، هەڵبەتە بە هاوکاریی ئێران لەو ساتەوە تائێستا لەسەر سێ ئاستدا گەمارۆی هەرێمی کوردستانیان داوە: ئاستی یەکەم، لێدان لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان لە رێگای دادگای فیدراڵیەوە، کە پێگەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووریی بە هەرێمی کوردستان بەخشیوە لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا. دووەم، لێدان لە کەرتی ئاساییش و ئارامیی هەرێمی کوردستان کە جیاوازیی هەرێمی کوردستان دەردەخات لە بەشەکانی تری عێراق، تا وای لێهاتووە ئێران هەرێمی کوردستانی کردووەتە مەیدانی ململانێ لەگەڵ نەیارانی، لەناکاو بە پاساوی جیاواز هەرێمی کوردستان مووشەکباران دەکات. هەرچی ئاستی سێیەمە بریتییە لە لێدان لە شەرعییەتی دەسەڵات و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوەخۆدا؛ ئەمەش لە رێگەی نەناردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ناڕەزایی جەماوەری لە دژی حکومەتی هەرێم زیاد بکات، ئەو جیاوازییەی لە نێوان بەغدا و هەرێمیش هەیە، نەمێنێت و تائاستێک خەڵک خۆزگە بە گەڕانەوە بۆ سەر بەغدا بخوازێت.
 
راپرسیەکەی ئەم دواییە کۆمپانیای شیکار و بەکارهێنانی لە لایەن رۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حکومەتی عێراق، نموونەیەکی دیاری ئەم روانگەیەیە کە لە سەرەوە باسم کرد؛ بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەم روانگەیە نوخبەوییەی عێراق کە بەشێکی زۆر لە نوخبەی سیاسی شیعە پشتگیری لێدەکەن، لە ئاستی جەماوەریشدا شەقامی باشوورییان کردووەتە دژی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندی دەسەڵات و حوکمڕانی شیعەدایە لە عێراق؟ بێگومان نەخێر، بەردەوامیی ئەم سیاسەتەی عێراق لە ماوەی کورتخایەن و درێژخایەندا چەندین لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر بەردەوامیی حوکمڕانی شیعە لە عێراقی دوای 2003ـدا هەیە، کە لەم نووسینەدا لە چەند تەوەرێک باسیان دەکەم.
 
کەمکردنەوەی دەرفەتی رێککەوتن لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان
 
وەک دەزانین هەرێمی کوردستان دۆخێکی تایبەتی هەیە، پاڵپشتە بە تێکۆشانێکی مێژوویی کە تەمەنی لە تەمەنی خەباتی شیعە لە دژی رژێمی سەدام کۆنترە. کورد، خاوەن پرسێکی نەتەوەییە لە عێراقدا، ناکرێت وەک پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار و بەسڕە سەیری هەرێمی کوردستان بکەین. عێراق ئەگەر حوکمڕانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوەدەست، ناتوانیت سەرکەوتوو بێت، چونکە لەدوای 1991ـەوە دوو نەوە لە هەرێمی کوردستان لەدایکبوون، کە هیچ دەسەڵاتێکی غەیری دەسەڵاتی خۆماڵییان نەبینیوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو لە دەسەڵاتی خۆماڵیش رازی نین تا لە دەسەڵاتێکی نامۆ بە کولتوور و خاک و مێژووی جیاواز. لە راستیدا ئەوەی بەشێک لە خەڵكی هەرێمیش دەڵێت "با بەغدا حوکمی هەرێمی کوردستان بکات"، زیاتر شەپۆلێکی پەرچەکردار و توڕەییە دژی پارتە سیاسییەی کوردییەکان بۆ بەخۆداچوونەوە و چاکسازیکردن و خزمەتگوزاریی زیاتر، نەک ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک عێراقی لێبێت. لە راستیدا خەڵک لە هەرێمی کوردستان چەند مانگێکیش ناتوانن لە دۆخێکی وەک نەینەوا، بەغدا و ئەنبار بژین، کە لە رووی ئاوەدانکردنەوە خزمەتگوزارییەوە چەندین ساڵ لە دوای شارەکانی سلێمانی هەولێر و دهۆکن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم جۆرە گوشارانەی بەغدا وایانکردووە متمانە لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان لەوپەڕی لاوازیدا بێت. بەغدا لە رێگای دادگای فیدراڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت سێرەی لە هەرێمی کوردستان گرتووە بۆ ئەوەی لە پەلوپۆی بخات، بەردەوامبوونی ئەو ململانێیانە کاریگەری نێگەتیڤیان لەسەر پڕۆسەی سیاسی لە بەغداش هەبووە و، وایان کردووە هێزە کوردییەکان ببنە بەشێک لە ململانێی ناوخۆی شیعە لە عێراق، هەندێکجاریش وەک بەربەست بن لەبەردەم پرۆسەی سیاسییدا، وەک ئەوەی لە کاتی دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار لەنێوان یەکێتی و پارتیدا بینیمان، کە کاریگەریی زۆری لەسەر ململانێی ناوخۆی شیعە هەبوو. هەرێمی کوردستان ئێستا زیاتر خۆی بە هاوپەیمانی سوننە دەزانێت تا شیعە هاوخەباتەکانی!  
 
پاڵنان بە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە دوای پاڵپشتی دەرەکیدا بگەڕێت
 
ئەم گوشارانەی بەغدا، وایان لە هەرێمی کوردستان کردووە بە دوای پاڵپشتی هەرێمی و نێودەوڵتیدا بگەڕێت نەک هەوڵی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بدات. نوخبەی باڵادەست و دووربینی شیعە دەبێت ستراتیجانەتر بیر بکەنەوە، چونکە عێراقی شیعی بە بێ پاڵپشتی کورد و سوننە، عێراقێکی لاواز دەبێت و هەمیشە هەوڵی رووخانی دەدرێت. چرکەساتی هاتنی داعش لە 2014 لەڕاستیدا سەردەمی پشتکردنی هەریەکە لە کورد و سوننە بوو لە حکومەتەکەی نووری مالیکی. لە سەرەتای 2003 تاوەکوە 2010 عێراق زۆر بەهێز بوو، چونکە هاوپەیمانیێتی لەنێوان کورد و شیعەدا هەبوو لە حوکمڕانی، نوخبەی سیاسی شیعە دەبێت بزانن کە لە عێراقدا هاوپەیمانیێتی لەگەڵ کورد ئاسانتر و کەمتێچووترە، چونکە کورد وەک پێکهاتەکانی دیکە نین (بۆ نموونە عەرەبی سوننە و تورکمان) کە دەوڵەتی خۆیان لە ناوچەکەدا هەبێت و پاڵپشتییان بکات. دەسەڵاتی زۆرینە شیعە لە عێراقدا ئەگەر وا بەردەوام بن، کورد ناچار دەبێت پشت بە ئەمریکا و ئەوروپا ببەستێت و هاوپەیمانی تورکیا و وڵاتانی کەنداو بێت، نەک عێراق. ئەم مەترسییەی کورد لە راستیدا دەمێکە دەستیشی پێکردووە. ئێستا نوخبەی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەوەندەی متمانە بە تورکیا و وڵاتانی کەنداو دەکەن، ئەوەندە متمانە بە شەریکە کۆنەکانی عێراقی دوای 2003 ناکەن، سەردانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و قەبارەی بازرگانی و پەیوەندەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەم وڵاتانە، گەواهیدەری ئەم راستییەن.      
 
نزیکبوونەوەی هەرێم لە سوننە و وڵاتانی کەنداو
 
لێکەوتەی ئەو گوشارانەی بەغدا، کە لەهەمان کاتدا دەکرێت کارتێکی سیاسیش بن بەدەست هەرێمی کوردستانەوە، بریتییە لە نزیکبوونەوە و بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ سوننەی عێراق. هەرێمی کوردستان لە راستیدا بیری لەوە کردووەتەوە لەمەودوا پشتی سوننە بگرێت بۆ دروستبوونی هەرێمێکی دیکەی فیدراڵ لە عێراق. دروستکردنی هەرێمێکی سوننەنشین دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەتی مەرکەزیی لەبری مامەڵە لەگەڵ یەک هەرێم، سەرقاڵ بێت بە مامەڵە لەگەڵ دوو هەرێم. بوونی دوو هەرێم لە عێراقدا، هەرێمەکان بەهێزتر و حکومەتی فیدڕاڵیش لە ئاست ئەو هەرێمانە لاوازتر دەکات. بەهێزیی هەردوو هەرێمەکەش لەوەوە دەستپێدەکات کە هەریەکەیان پێکهاتەیەکی ئیتنی تێیدا باڵادەست و کاربەدەستە (لە هەرێمی کوردستان کورد باڵادەستن و لە هەرێمەکەی تریش عەرەبی سوننە). خاڵێکی تری بەهێزی ئەم دوو هەرێمە ئەوە دەبێت کە هەردوو پێکهاتە ئیتنیەکە لەهەمبەر حکومەتی مەرکەز و لەناو پەرلەمان و وەزارەتەکانیدا بۆ بەرژەوەندییەکانیان دەنگیان یەکدەبێت و، بەیەک ئاواز کاردەکەن. لە لایەکی ترەوە واتە هەرچەندە ژمارەی هەرێمەکان زۆرتر بن، دەنگی دیکتاتۆریەت کزتر دەبێت و دەسەڵات دەچێتە دەستی چەند لایەنێکەوە نەک یەک لایەن، بەمەش فرەڕەنگی و دیموکراسی بەهێزتر دەبێت لە عێراق. ئەگەر لە سەرەتای دامەزراندنی عێراق تەبەنی سیستەمی فیدراڵی بکرایە، زۆر زەحمەت بوو بەعس شوێن پێی خۆی داکوتێت و کەمینە و ئایینزاکانی تری وەک شیعە بچەوسێنێتەوە و جینوسایدی کورد بکات. 
 
کارتی بەعسییەکان!
 
کورد، هەرچەندە مێژویێکی تاڵی لەگەڵ بەعسییەکاندا هەیە، بەڵام سیاسەتی عەقڵانی ئەوەیە؛ لە سیاسەتدا شتێک نییە بە ناوی دوژمن یان دۆستایەتی تاسەر. بەغدا بەنیازە سەرچاوە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وشک بکات، نە رێگا دەدات هەرێم نەوت بفرۆشێت نە بودجەش دەنێرێت. لە لایەکی تر دەیەوێت هێواش هێواش هەرێم بچێتەوە قاڵبی پارێزگاکانی تری عێراق و وەک کەرکووکی لێبێت، کە مافی گوتنی سروودی نیشتمانی و هەڵدانی ئاڵای خۆشی نەبێت. لەم سۆنگەیە دوور نییە دواجار هەرێمی کوردستان بیر لە کارتی دۆستایەتی هەتا ئەگەر وەک پەرچەکرداریش بێت لەگەڵ کۆنە بەعسییەکان بکاتەوە. ئەگەر هەرێمی کوردستان دەرفەتی هەڵوەشاندنەوەی هەبێت لە عێراقی شیعەکاندا، کە لە دەستووریش جێگیر کراوە، ئەوا یاسای ریشەکێشکردنی بەعسیش دەکرێت هەڵبوەشێتەوە و بەعسییەکان بگەڕێنەوە ناو سیاسەت و پرۆسەی حوکمڕانی، بە دڵنیایەوە بەعسییەکانی ئێستا وەک هەمان بەعسی سەردەمی سەدام رەفتار ناکەن، کە دەوڵەت و حیزب و حکومەت هی خۆیان بوو. ئەمە جگە لەوەی بەشێکی زۆری ئەو سەرکردە بەعسییانە تائێستا لە ناوچەکەدا هەن و چالاکیشیان هەیە، بەڵام تائیستا هەرێمی کوردستان بیری لەم کارتە نەکردووەتەوە. 
 
ئەمەو چەندان پرسی دیکەش، دوور نییە لێکەوتەی ئەو ململانێیە بن ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە گوشارکردن لە هەرێمی کوردستان. بەغدا پێویستە متمانەی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان چیدیکە هەست بە نامۆبوون نەکات لە عێراق، نەوەک پاڵ بە هەرێمی کوردستان بنێت بۆ ئەوەی بیر لە دژایەتی عێراق و فۆرمی جیابوونەوە لە بەغدا بکات، ئەم سیاسەتە رژێمی بەعسیش شکستی هێنا و بە جۆرێک فاکتەری کەوتنی بەشێکی زۆری حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی عێراق، پرسی کورد بووە، شیعە لە هەمووان باشتر لەو راستییە مێژووییە تێدەگەن.