ئایا پارتی کورسیی دیکە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەباتەوە؟


هەرچەندە هەندێک لە شرۆڤەکاران و تەنانەت لە مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دەڵێن "دوای جیاکردنەوەی دەنگی سندووقە کێشەدارەکانی رۆژی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، پارتی لە نەینەوا کورسییەکی دیکە بە مسۆگەری دەباتەوە"، بەڵام بەپێی داتاکان ئەمە مەحاڵە، مەگەر پەرجوویەک رووبدات.
 
هەرچەندە پارتی لەدوای ژماردنی دەنگی وێستگە کێشەدارەکان، 9,776 دەنگ چووەتە سەر دەنگەکانی لە نەینەوا و کۆی گشتیی دەنگەکانی بووەتە 137,714 دەنگ، بەڵام لە بەرامبەردا یەکێتیش 3,566 دەنگی لە نەینەوا زیاد کردووە و کۆی گشتیی دەنگەکانی گەیشتووەتە 49,505 دەنگ.
 
بەپێی سیستمی سانتلیگۆ بۆ هەژمارکردنی دەنگەکان، نرخی دوایین کورسی 15,313 دەنگ بوو، کە کورسیی دووەمی یەکێتی بوو، ئەمەش دوای دابەشکردنی ئەنجامی بەرایی کۆی دەنگی یەکێتی (45,939) بەسەر ژمارە 3دا. لە کاتێکدا بەهای کورسیی پێنجەمی پارتی کە کۆی دەنگی پارتی لە دەنگدانی گشتیدا (127,938) دابەشی 9 کرابوو، 14,215 دەنگ بوو. بەمەش بەهای کورسییەکەی یەکێتی لە بەهای کورسییەکەی پارتی بە (1,098) دەنگ زیاترە.

 

 

 
بۆچی 10 هەزار دەنگەکە فریای کورسییەکەی پارتی ناکەوێت؟
 
دوای زیادکردنی دەنگی وێستگە کێشەدارەکانی رۆژی دەنگدانی تایبەت بۆ سەر ئەنجامی بەرایی 94.4٪ی دەنگدانی گشتی، کە 19ی ئەم مانگە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کۆی دەنگەکانی پارتی لە نەینەوا دەبێتە 137,714 دەنگ، دەنگی یەکێتیش دەبێتە 49,505 دەنگ. کاتێک بەپێی سیستمی سانتلیگۆ دەنگەکانی پارتی دابەشی (9) دەکرێن، چونکە کورسیی پێنجەمی لە خانەی (9) گیرساوەتەوە، ئەوا بەهای کورسییەکەی پارتی دەبێتە 15,302 دەنگ، لە بەرامبەردا بەهای کورسیی دووەمی یەکێتی دەبێتە 16,502 دەنگ، بەمەش پێگەی کورسییەکەی یەکێتی بەهێزترە و ئەستەمە لێی کەمبکرێتەوە.

 

 
 
چ کاتێک پارتی کورسیی پێنجەم دەبات؟
 
بەپێی سیستمی سانتلیگۆ، بۆ ئەوەی پارتی کورسیی پێنجەم ببات، پێویستی بە پەرجوویەکە، ئەویش زیادبوونی دەنگەکانییەتی بۆ 148,520 دەنگ. کاتێک ئەو ژمارەیە دابەشی (9) دەکەین بەهای کورسیی پێنجەمی پارتی دەبێتە 16,502.2 دەنگ، بەمەش بە چەند پۆینتێک کورسیی دووەمی یەکێتی بۆ پارتی دەچێت و ژمارەی کورسییەکانی پارتی دەبنە پێنج کورسی.
 
ئەمەش کاتێک روودەدات کە پارتی لە دەنگە ژمێردراوەکانی وێستگە کێشەدارەکانی نەینەوا 10,806 دەنگی دیکە بهێنێت.