شووی كرد و حاشایان لێكرد
خۆشەویستیی كچەكە بۆ كوڕەكە بە جۆرێك بوو، ئامادەبوو هەموو قوربانییەك بدات، یەكێك لەو قوربانیانەش حاشالێكردنی بوو لەلایەن كەسوكارەكەی، بەڵام ئەو كوڕەكەی هەڵبژارد، مادام ئەو بە خواستی دڵی خۆی گەیشت. چش لە حاشای كەسوكار.
ماوەیەك لەمەوبەر كوڕێك سەردانی كردین، نامەی ئەو كچەی پێبوو كە دەیویست بیخوازێ، بەڵام كەسوكاری كچەكە رێگربوون لە بەیەكگەیشتنیان. ئەو كوڕە بەسەرهاتی خۆی بۆ گێڕاینەوە و گوتی: "من دەمێكە ئەو كچەم خۆشدەوێ، هەر بەڕاستیش خۆشم دەوێ و پێی رانابوێرم، چەند جارێك چوومەتە خوازبێنی، بەڵام باوكی بەبێ هیچ هۆكارێك كچەكەم ناداتێ، هەر تەنیا ئەوەندە دەڵێت جارێ كچەكەم بەشوو نادەم، لە كاتێكدا كچەكە تەمەنی ئاسایی شووكردنی تەواو كردووە".
ئەو كوڕە لەگەڵ كچەكە پلانێكیان دانابوو، هاتبوو بۆ ئەوەی بزانێ پلانەكەیان تا چەند یاساییە؟ سەردەگرێ یان نا، پلانەكەشیان ئەوە بوو لەگەڵ كچەكە بچێتە دادگا و بەبێ پرسی كەسوكارەكەی گرێبەستی هاوسەرگیری بكەن، لەوێ بەدوای باوكیدا بنێرن كە كچەكەی شوو بەو كوڕە دەكات و ناگەڕێتەوە لای. بە كوڕەكە راگەیەنرا كە مادام هەردووكتان تەمەنی یاسایی شووكردن و ژنهێنانتان تەواو كردووە، دەتوانن ئەو كارە بكەن، بەڵام دادگا ناتوانێ بانگی باوكی بكات، لەو حاڵەتەدا دەبێ سكاڵا هەبێ، ئینجا بانگی باوكی دەكرێ. وا باشترە رەزامەندی كەسوكارەكەتان وەربگرن، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا كێشەی كۆمەڵایەتیتان بۆ دروست نەبێ. لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێ بانگی باوكی كچەكە بكرێ و ئامۆژگاری بكرێ كە رێ لە شووكردنی كچەكەی نەگرێ.
دوای كوڕەكە، كچەكەش هاتە لامان و گوتی من ئیدی ناگەڕێمەوە ماڵ ئەگەر باوكم رازی بێ یان نا من شوو بەو كوڕە دەكەم. قسەكردن لەگەڵ باوكم بێ سوودە، چونكە بەس من دەزانم چەند رقی لەو كوڕە دەبێتەوە، چەند جارێك پێمگوتووە من شوو بەو كوڕە دەكەم، بەڵام باوكم تەنیا یەك قسە دەزانێ "من جارێ بە شووت نادەم، ناتدەم بەو كوڕە، خێزانەكەیان باش نین و لەگەڵ ئێمە ناگونجێن". بە كچەكە راگەیەنرا كە بەپێی یاسا مافی خۆتە شوو بكەی، بەڵام رەزامەندیی كەسوكارەكەشت گرنگە.
كوڕەكە حەزەری هەبوو لەوەی بكەوێتە ژێر كاریگەریی قسەكانی كچەكە، بۆیە گوتی "من ناتوانم بەو شێوەیە مارەت بكەم، چونكە باوكت هەڕەشەی لێكردووم كە وازت لێ بهێنم، بۆیە حەز دەكەم بانگی باوكت بكەن و لێرە قسەی لەگەڵ بكەن، بەڵكو رازی ببێ و مارەكردنەكە بەبێ كێشە كۆتایی بێ".
بانگی باوكی كچەكە كرا، كاتێك كچەكەی بینی لەگەڵ كوڕەكە هانایان بۆ پۆلیس بردووە، زۆر گلەیی لە كچەكەی كرد كە نەدەبووایە كارەكە بگاتە پۆلیس، كچەكەش گوتی ناچار بووە وا بكات، چونكە قسەی خۆش لەگەڵ ئەو سوودی نەبووە. بۆ باوكی كچەكە روونكرایەوە كە كچەكەی مافی خۆیەتی شوو بكات، ئەگەر رێگری لێ بكات ئەوە بەپێی یاسا تاوانبار دەبی و سزا دەدرێی، بۆیە باوكی كچەكە رازی بوو كچەكەی شوو بە كوڕەكە بكات، بەڵام كارەكە دەبێ بەپێی عورفی كوردەواری بەڕێوەبچێ، واتا سەرەتا ژن بێن داوای كچەكە بكەن، پاشان ئەوان وەڵامیان بدەنەوە و دواتر مەلا بێنن و مارەی بكەن، ئینجا لە دادگا گرێبەست بكەن. باوكەكە كچەكەی پێشكەشی كوڕەكە كرد، بەڵام گوتی حاشاتان لێدەكەم و سەردانتان ناكەم و سەردانیشم مەكەن. كچەكە بەو مەرجەی باوكی رازی بوو، شووی بە كوڕەكە كرد.
بەپێی یاسای باری كەسی، هەر كەسێك رێ لە هاوسەرگیری بگرێ، ئەگەر رێگرەكان لە خزمی پلە یەك بن، ئەوە سزا دەدرێن بە بەندكردن كە لە دوو ساڵ كەمتر نەبێ و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێ.