ئەگەر ئەمڕۆ دانیێل میتێران لێرەبا
نووسینی: * گیلبێرت میتێران و * دکتۆر فرێدریک تیسۆ
مەدام دانیێل میتێران (1924 - 2011) لە زۆربەی وڵاتان بە "دایکی کوردان" ناسراوە. خوالێخۆشبوو خانمی یەکەمی فەرەنسا لە سەرەتای ساڵانی هەشتاوە ئاشنایەتیی لەگەڵ پرسی کورد پەیداکرد، لەو کاتەوە وەکو داکۆکیکار و پارێزەری مافەکانیان خەباتێکی بێ وچانی کردووە.
خەباتی مەدام دانیێل میتێران لە کاتە سەختەکاندا بوو؛ ئەو کاتانەی کورد لە عێراق کیمیاباران دەکران و بەرەوڕووی جینۆسایدی ئەنفال دەبوونەوە، ئەو ببووە دەنگی کورد و کاری دیپلۆماسیی کوردی دەکرد. هەروەها لە تورکیا کاتێک نووسەرانی کورد و هەڵبژێردراوەکانی پەرلەمان و سەرۆک شارەوانییەکان دەخرانە زیندانەوە، ئەو بەوپەڕی شێلگیرییەوە داکۆکیی لێ دەکردن. لەکاتی شەڕی براکوژییش، رۆڵێکی گەورەی لە ئاشتکردنەوەی هێزە کوردییەکاندا بینی.
لە 12ی تشرینی دووەمی 2024، رێوڕەسمێکی شایستە بۆ یادی 100 ساڵەی لەدایکبوونی مەدام دانیێل میتێران لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، بە شێوەیەکی شکۆمەندانە ئەنجام درا.
رێوڕەسمەکە لە حزوری سەرۆک کاک مەسعود بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەت و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و سکرتیری گشتیی فرانس - لیبەرتێ (فۆنداسیۆنی دانیێل میتێران) و چەندان کەسایەتیی کورد و فەرەنسی بەڕێوەچوو. ئەم رێوڕەسمە لەلایەن کۆنسوڵگەریی فەرەنسا لە هەولێر بە هاوکاریی دەسەڵاتدارانی کورد رێکخرابوو. هەر لە هەمان رۆژدا، لە قوتابخانە فەرەنسییەکانی هەرێمی کوردستان، کە لە هەولێر و سلێمانی ناوی خانم دانیێل میتێران-یان هەڵگرتووە، ستایشێکی تایبەت لە خانمی خوالێخۆشبوو نرا.
سەرۆک کاک مەسعود بارزانی لە گوتارێکی شایستە و تایبەتدا ستایشی لە رۆلی مەدام میتێران نا و دووپاتی کردەوە، کورد هەرگیز هەڵوێست و پشتگیرییەکانی ئەو خانمە و گەلی فەرەنسا لەبیرناکەن.
دکتۆر نەزەند بەگیخانی، کە رزگاربووی جینۆسایدی رژێمی بەعسە و ئێستا پرۆفیسۆری میوان و هەڵگری پایەی ڤینسنت رایت-ە لە دانیشگای سیانسپۆ و سکرتێری گشتیی ئینستیتیوتی کوردیی پاریسە، لە گوتارێکی واتاداردا گوزارشتی لە خەون و ئاواتی مەدام میتێران کرد و گوتی:
"ئەگەر ئەمڕۆ مەدام میتێران لێرە با، لەگەڵ بەڕێزانی سەرکردەی پارتی و یەکیێتی دادەنیشت و قسەی دڵی هەموومانی دەکرد. پێی دەگوتن: بەرژەوەندییە تەسک و تاکڕەوییەکان بخەنە لاوە، مێژووی خەباتی پێشمەرگە و ئەنفال و کیمیاباران لەبیر مەکەن و بەرژەوەندیی نەتەوەکەتان لە سەرەوەی هەموو شتێک دابنێن، بە زووترین کات حکومەتێکی یەکگرتووی بەهێز لەسەر بنەمای توانا و پسپۆڕیی کەسەکان پێکبهێنن، متمانەتان بە توانای ئافرەتان هەبێت، پەرلەمان بخەنەوەگەڕ، ئابووریی خۆتان دروست بکەنەوە و هەرگیز جارێکی دیکە شەڕی یەکدی مەکەن."
ئەمانە گوزارشتی راستەقینەن لە خەون و ئاواتەکانی مەدام میتێران. ئەگەر دایکی کوردان لێرەبا ئەمەشی زیاد دەکرد:
"شەڕی براکوژیتان لەبیرماوە؟ هەر بەڕاست ئەم شەڕە بنبڕ بووە ئەمڕۆ؟ سنوورەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی، یان جیاوازیی رەنگی کڵاوەکانی پێشمەرگە چی دەگەیێنن؟ ئایا ئەو پێشمەرگانە هەموویان کوردی راستەقینە نین؟ دایکانی کورد کەم ئازاریان کێشاوە و کەم شین و فێغانیان کردووە؟"
مەدام دانیێل میتێران لە ساڵی 1992 لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان و دواتر لە ساڵی 2009، ستایشی دەستکەوتەکانی کوردستانی عێراقی کرد و باسی لە ئاشتبوونەوە کرد، باسی گرنگیی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیی بۆ هەرێمی کوردستان کرد، باسی لە زەرورەتی رەهای بەردەوامبوونی کورد کرد لەسەر رێبازێکی کوردانە و مرۆڤپەروەرانە، بەرەو ئازادی و یەکسانی و دادوەری.
لێکترازانی هێزە کوردییەکان زۆر ئازاری دانیێل-ی دابوو. من وەکو یەکێک لە نووسەرانی ئەم گوتارە کە کوڕی دانیێل-م و سەرۆکی فۆنداسیۆنی فرانس - لیبەرتێ-م، لە ساڵی 2021 لە دەیەمین ساڵیادی مەرگی دایکمدا، لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان پەیامی دایکم دووپات کردەوە و گوتم، "هێزی ئێوە لە یەکبوونتاندایە، لەو حیکمەتەدایە کە بە ئازادی و سەربەخۆیی مۆدێلی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی بنیات بنێن. دایکم زۆر شانازیی بە ئێوەوە دەکرد.
تکا دەکەین با هەر جێگای شانازیی مەدام دانیێل بن و ئەو میراتە مەزنە زیندوو رابگرن.
* گیلبێرت میتێران کوڕی خاتوو دانیێلە و سەرۆک فۆنداسیۆنی فرانس لیبەرتێ-یە
* دکتۆر فرێدریک تیسۆ، یەکەم کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا بوو لە کوردستان