ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ئاماژەکان
ئەم هەڵبژاردنە دەکرێت سەرەتایی قۆناخێکی تازە لە پڕۆسەی سیاسی و ململانێی حیزبی لە هەرێمی کوردستاند بهێنێتە کایەوە، کە هێشتا سیماکانی روون نین! راستە، بە ئەگەری زۆرەوە دیسان یەکێتی و پارتی لە هەڕەمی حکومەت و دەسەڵات دا دەمێننەوە، بەڵام ئاستی ململانێکان و فۆڕمی بانگەشە و دەرکەوتنی هێزی نوێ، کە بتوانن سنووری جیوگرافیای سیاسیی هێزە کلاسیکییەکان ببەزێنن، هەموویان ئاماژەی نوێن و بەشی خۆیان کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکەن.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 20ـی ئۆکتۆبەر، دەکرێت ئەم ئاماژانەی خوارەوەی لێ بخوێندرێتەوە:
بۆشاییەکی سیاسی و حیزبی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە لە دوای ئاوابوونی خۆری بزووتنەوەی گۆڕان، هێشتا پڕنەکراوەتەوە. هەمیشە نزیکەی سەدا 30٪ـی دەنگەکان دەنگی خۆڵەمێشین و یەکلاکەرەوە نین بۆ هیچ لایەک، هەر ئەمەش وایکردووە ببنە موفاجەئەی هەڵبژاردنەکان، جارێک بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و جارێکی دیکە بۆ نەوەی نوێ و چەند لایەنێکی دیکەی وەک رەوتی هەڵوێست، بەڵام ئەم دەنگانە بە بەردەوام موڵکی هیچ لایەنێک نین. زۆربەشیان هی ئەو گەنجە بێکار و خوێندەوارانەیە، کە ساڵانە زانکۆ و پەیمانگەکان تەواودەکەن، بەڵام لە بازاڕی کاردا جێگەیان نابێتەوە. ئەم دەنگدەرانە بزووێنەری دەنگی توڕە و داگیرکەری سۆشیاڵ میدیان.
هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە دیسان دەریانخست رۆڵی هێز، جوگرافیای سیاسی، سامانی سیاسی و پێگەی حکومەت کاریگەریی زۆریان لەسەر قەبارە و رێژەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان هەیە، هەریەکە لە پارتی و یەکێتی توانیان سوودی زۆر لەم پێگەیە وەربگرن.
بەکارهێنانی میدیا و سۆشیاڵ میدیا و بەڕێوەبردنی کەمپەینی هەڵبژاردن، کاریگەریی زۆریان لەسەر پێگەی لایەنە سیاسییەکان هەبوو. یەکێتی، پارتی و نەوەی نوێ، ئەو سێ هێزە بوون، کە سوودی زۆریان لەو پێگەیە بینی. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە میدیا و سۆشیاڵ میدیا کاریگەری زۆریان لەسەر رای گشتی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
هەندێک هێز هەبوون، کە رێژەی دەنگەکانییان لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵک و هەندێک لایەنی سیاسیدا نەبوون، دوور نییە ئەمە کۆتا ئامادەبوونیان بێت لە مەیدانی سیاسی لەو 4 ساڵەدا، وەک بەرەی گەل، کە دوور نییە بەهەمان رێگەی پارتەکەی دکتۆر بەرهەمدا بڕوات.
پارتی و یەکێتی، لەوە دەرچوون جیابوونەوەی کەسایەتییەک یان سەرکردەیەکیان کاریگەری لەسەریان هەبێت، ئەوە بە روونی بە یەکێتییەوە دیار بوو، کە جیابوونەوەی لاهور جەنگی و چەند سەرکردەیەکی دیکە، هیچ کاریگەرییان لەسەر قەبارەی یەکێتی نەبوو. ئەمە بۆ پارتی و نەوەی نوێش راستە، کە جگە لە سەرکردە یەکەمەکانیان، بازنەی دووەم هیچ کاریگەریی لەسەر حیزبەکان نییە.
ئاوابوونی رۆڵی مەکتەب سیاسییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا، دەتوانم بڵێم زۆربەی لایەنەکان، مەکتەب سیاسییەکانیان هیچ رۆڵ و سەنگێکیان لەم هەڵبژاردنانە نەبوو، ئەوەی رۆڵی هەبوو؛ سەرۆک و جێگرەکان بوون، ئەمە دەکرێت لە ئاییندەدا زەقتریش ببێتەوە.
یەکێتی (ی. ن. ک.)، مەترسیی یەکخستنەوەی حیزب و رێکخستنەکان و کوتلەگەریی تێپەڕاند، تاوەکو ئەوپەری مەرکەزیبوون و یەک دەستبوون، جیابوونەوەی لاهوور جەنگی، هیچ کاریگەریی لەسەر پێگەی یەکێتی دروست نەکرد.
ئەو حیزبانەی ئۆرگانی حیزبی و رێکخستنیان هەبوو، سەرکەوتووتر بوون لە حیزبە بێ ئۆرگانەکان، بۆ نموونە هەریەکە لە یەکێتی، پارتی و نەوەی نوێ و ئیسلامییەکانیش کە خاوەن ئۆرگان و رێکخستنی حیزبین، دۆخیان لە رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل باشتر بوو، سەرەڕای بوونی هۆکاری دیکەش.
خەڵک زیاتر وابەستەی لیستەکان بوون تا بەربژێرەکان، مەبەستم لێرە سەرۆک حیزبەکانیشە، بەربژێرەکان بەشێوەیەکی گشتی کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنەکان نەبوو، خەڵک جۆر و توانای بەربژێری لەلا گرنگ نەبوو، ئەوەندەی لیست، حیزبەکە و سەرۆک حیزبەکەی لا گرنگ بوو، بۆیە ئەو لایەنانە دەنگی باشیان هێنا کە لیست و سەرۆکی بەهێزیان هەبوو.
ئەم هەڵبژاردنە دەریخست لایەنە ئیسلامییەکان ناتوانن نوێنەرایەتی یان سەرکردایەتیی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بکەن لە هەرێمی کوردستاندا، زۆرینەی دەنگدەرانی خۆڵەمێشیش ئیسلامییەکان وەکو ئۆپۆزسیۆن نابینن، بۆیە بە دوای لیست و لایەنی دیکەدا دەگەڕێن، کە ئەمجارەیان نەوەی نوێ و رەوتی هەڵوێست بوون.
دەتوانین بڵێین بەشێوەیەکی گشتی، خەڵک و لایەنە سیاسییەکانیش کەمترین ناڕەزاییان لەسەر شێواز و ئەو لایەنە هەبوو، کە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی دەکرد، ئەویش کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بوو. راستە کۆمەڵێک کێشەی تەکنیکی هەبوون، بەڵام ئەمجارە متمانە بە کۆمیسیۆن زۆر زیاتر بوو لە جارەکانی پێشوو. ئەمەش رەنگە بۆ ئەو گرێ مێژووییە بگەڕێتەوە، کە دەڵین کورد بێگانەی زیاتر قبوڵە سەرکردایەتیی بکات نەوەک کوردێکی دیکەی هاوزمان و هاونیشتمانیی خۆی.
ئەگەر پێشتر پاساوێک هەبووبێت کە دەنگی پارتی و یەکێتی دەنگی راستەقینەی خۆیان نییە، ئەم جارە هیچ بوارێک بۆ ئەو پاساوە نەمایەوە و دەرکەوت؛ ئەو دوو لایەنە پێگە و جەماوەری خۆیان هەیە و ئەنجامەکانیشیان لە هی ساڵانی پێشوو نزیک بوون. دەرکەوتنی قەبارەی لایەنەکان بەتایبەتیش بۆ هەردوو حیزبی حوکمڕان، زۆر گرنگ بوو لەو قۆناخەدا، بەتایبەت کە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەو دوو لایەنە بوو، ئەمە بۆ خەڵک و لایەنەکانی دیکەش سەرەتای قۆناخیکی دیکەیە، کە دوور نییە لەمەودوا ببێتە مەرجێک بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.
هەرچەندە پێکهێنانی حکومەت لەوانەیە کاتێکی زیاتر بکێشێت، بەڵام دیسان یەکێتی و پارتی بە ناچاری دەبێت پێکەوە حکومەت پێکبهێنن، چونکە بژاردەکانی بەردەمیان لەمپەری گەورە لەبەردەم ئاییندەی پڕۆسەی حوکمڕانی و پێگەی سیاسی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا دروست دەکەن، بەڵام پێشبینی دەکرێت دیسان هەردوولا داوا لە بەشێک لە لایەنەکانی دیکەش بکەن کە بەشدار بن لە حکومەت بەتایبەت ئیسلامییەکان و بەرەی گەل و کۆتاکان. هەرچەندە چالاکترین حکومەت لەو قۆناخەدا وا باشە کە تەنیا پارتی و یەکێتی دروستی بکەن، هێزەکانی دیکەش وەک ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە، بەڵام دیارە هەریەکە لە پارتی و یەکێتی نایانەوێت ئەو هەموو لایەنە بە ئۆپۆزیسیۆنی بمێننەوە. ئەمە جگە لەوەی بەشێک لەو لایەنانەش لەوانەیە حەز یان پێویستیان بە بەشداری لە دەسەڵات و بەرکەوتنی خێری حوکمڕانی بێت.