بەشوودانی کچی بچووک و هاوسەرگیریی پێشوەختە

22-09-2024
A+ A-
 
پرسی تەمەنی گونجاو بۆ "شووکردن"ی کچ، یان پرسی "باڵغبوون" قسە و باسی زۆری لەسەرە، ئاخۆ چ قۆناخێکە؛ بە واتایەکی دیکە کچ لە چ تەمەنێک باڵغ دەبێ، یان چ تەمەنێک گونجاوە بۆ شووکردن؟ ئەگەر لەڕووی حوکمەوە گرێبەستەکە لە هەر تەمەنێکەوە ئاسایی بێت، ئەی لەڕووی کردارییەوە چ ماوەیەک گونجاوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری و گواستنەوە؟ رەزامەندیی کچ تا چەند پێویستە و شەریعەت لەم بارەوە چ دەڵێت؟ رۆڵی سەرپەرشتیار–وەلی- مەرجدارە یان یەکلاکەرەوەیە؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری دیکەی پەیوەست بەم بابەتە، یەکێکە لەو پرسانەی جێی مشتومڕ و راجیایی زۆری زانایانی فیقهی ئیسلامییە، کە مەبەستمە رۆشنایی بخەینە سەر و رەهەند و روئیاکان بەرچاو بخەین و دەرەنجامێک دیاری بکەین. 
 
لە راستیدا راجیایی زانایان لە ئەنجامی ئەوەوە دروست بووە، کە لەم چوارچێوەیەدا دەقێکی راشکاو نییە بۆ دیاریکردنی ئەم حاڵەتە، لە هەمان کاتیشدا پرسەکە بەپێی شوێن و ژینگە و لایەنی فیسیۆلۆژی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، بە هەڵێنجان و ئیجتیهادکردن لە چوارچێوەی هەندێ دەقی پەیوەندیدار، بە لەبەرچاوگرتنی لایەنی زانستی و بارودۆخ و تایبەتمەندیی رێساکان و هەلومەرجی واقیعی و ژینگەیی ئیجتیهاد کراوە، لێرەوەیە پرسی باڵغبوون و پرسی تەمەنی گونجاو بۆ بەشوودان وەکو دوو شتی تا رادەیەک لێک جیاواز و پەیوەست بە یەکەوە باس دەکرێن؛ بەشێک لە زانایان بلۆغبوون دەکەنە پێوەری شیاوی و ئاساییبوونی شووکردنی کچ، بەشێکیشیان لەگەڵ گەیشتنە بلۆغ مەرجی دیکەیان داناوە.
 
بەپێی بۆچوون و رای زۆرینەی زانایان، باڵغبوونی کچ بەستراوەتەوە بە دەرکەوتنی نیشانەکان نەک ساڵ، واتە لەبەر ئەوەی حاڵەتەکە بەپێی کەس و شوێن جیاوازە، بەستراوەتەوە بە دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک: کەوتنە عادە و ئیحتیلام و موولێهاتن.. هتد، بەڵام لە حاڵێکدا ئەگەر نیشانەکان دەرنەکەوتن ئەوە زۆربەی زانایانی مەزهەبی شافیعی و حەنەفی و حەنبەلی؛ وەک دڵنیایی تەمەنی 15 ساڵیان وەک تەمەنی باڵغبوون دیاریکردووە، بە بۆچوونی هەندێ لە زانایانی مەزهەبی مالیکی تەمەنی 16 و 17 ساڵی و لای زۆرینەشیان تەمەنی 18 ساڵی بە دیاریکردنی تەمەنی بلۆغی بە گونجاو دانراوە، لە هەموو حاڵەتەکان و بەپێی بۆچوونی مەزهەبە فیقهیەکان کچی خوار تەمەنی باڵغبوون بە منداڵ هەژمار دەکرێت.
 
سەبارەت بە تەمەنی گونجاو بۆ بە شوودانی کچ؛ دیسان راجیایی و بۆچوونی جیاوازی فیقهی لەم بارەیەوە هەیە، هەموو ئاراستەکانیش بەرژەوەندیی کچیان بە پلەی یەک رەچاو کردووە، چونکە لەلایەک پەیوەندی بە ماف و کەرامەتی خودی کچەوە هەیە، لەلایەکی دیکەیش کچ بناغەی پێکهێنانی ژیانی هاوسەرییە، کە دەیان ئەرک و ماف و بەرپرسارێتی بەهۆی ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتییەوە دێنە ئارا، بۆیە ئامادەیی و گونجاوێتی کچ بۆ چوونە ناو ئەم پرۆسەیە دەبێ جێی بایەخی هەموو لایەک بێت، هەروەک شەریعەتی ئیسلام گرنگی زۆری بەم هەنگاوە داوە و لە چوارچێوەی فیقهی ئیسلامی دەیان بنەما و پێوەر و رێنمایی و ئامۆژگاریی تایبەت بە پێکهێنانی خێزان و ماف و رێزگرتنی ئافرەت و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ دیاریکردووە، بۆ ئەوەی لە ئەنجامی شایستەیی تەواوەوە چارەنووسی پێکهێنانی خێزان ئاسۆی روون بێت و سەرکەوتووانە بەو ئامانجانە بگات کە بۆی دامەزراوە. 
 
لەبەر ئەوەی دەقێکی راشکاو نییە رێک تەمەنی بەشوودانی کچ دیاری بکات، کە ئەمەش بێ حیکمەت نییە! بەڵام ناڕاستەوخۆ هەندێ بەڵگە هەن ئاماژەی دروستی و نادروستیی ئەم بابەتەیان هەڵگرتووە، بۆیە زانایانی فیقهی ئیسلامی بە سەرنجدان لەو بەڵگانە لەڕێی هەڵێنجان و ئیجتیهاد و بەراوردی دەقەکان، بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی بەشوودانی کچی بچووک بۆ دروست بووە، کە بەشێکیان رێگەیان داوە کچی بچووک مارە بکرێ و بەشێکی دیکەیش بەلایانەوە دروست نییە، بەشێکیشیان مەرجداریان کردووە، هاوکات بابەتەکە هەم پەیوەستە بە سەرپەرشتیار-وەلی- هەمیش کۆمەڵێک مەرج و لێکدانەوە و وردەکاری لەو نێوەدا قسەوباسی لێوە کراوە، کە رەنگە لە وەها نووسینێک ئەو دەرفەتە نەبێت بە درێژی باسی لێوە بکەین، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێن سێ بۆچوونی سەرەکی هەن بەم شێوەیەی خوارەوە:
 
1- دروست نییە کچی بچووک مارە بکرێت، مەگەر بە ئیزنی سەرپەرشتیار نەبێ - باوک یان باپیر- لای مەزهەبی شافیعی و، تەنها باوک لای مەزهەبی مالیکی و حەنبەلی. 
 
2- دروستە کچی بچووک مارە بکرێت لەژێر سەرپەرشتیی باوک یان باپیر یان کەسە نزیکەکانی، بەڵام گرێبەستەکە بەپێی نزیکی سەرپەرشتیار-وەلی- دەگۆڕدرێت، واتە ئەگەر بە ئامادەیی باوک یان باپیر بەشوودرا گرێبەستەکە دەچێتە سەر، ئەگەر بە سەرپەرشتی کەسانی دیکە بوو ئەوە پەیوەست دەکرێت بە رەزامەندیی کچەکە خۆی دوای گەورەبوونی، ئەمەش بۆچوونی مەزهەبی حەنەفیە.
 
3- دروست نییە کچی بچووک مارە بکرێت، تا بلۆغی نەبێت و ئیزنی لێ وەرنەگیرێت؛ جیاوازی نییە سەرپەرشتیاری-وەلی- باوک بێت یان کەسەکانی دیکە، ئەگەر مارەکرا ئەوە حوکمی جێبەجێکردن دەگەڕێتەوە بۆ خودی کچەکە و لەکاتی بلۆغبوون سەرپشکە لەوەی پێی رازییە یان نا، ئەمەش بۆچوونی سوفیانی سەوری و قەتادە و تاووس و ئیبن شبرمە و ئەبوبەکری ئەسەمم و عوسمانی بەتتیە.
 
لە ئەنجامی ئەو سێ بۆچوونە دەگەینە ئەو راستییە، کە زانایان ئەگەرچی لەڕووی تیۆرییەوە بەلایانەوە ئاساییە کچ مارە بکرێ، بە مەرجێک لەژێر فەرمانی سەرپەرشتیارەوە بێت، بەو پێیەی باوک لەڕووی سۆزی باوکایەتی ئەو مافەی هەیە و بەرژەوەندیی کچ لەبەرچاو دەگرێت، بەڵام لەڕووی عەمەلیەوە واتە کاتی گونجاو بۆ گواستنەوەی کچەکە مەرجی دیکەیان داناوە و رێی تێ ناچێت بە گچکەیی بگوازرێتەوە، زانایانی فیقهی ئیسلامی کە دەڵێن دروستە وەک گرێبەستی مارەبڕین کچ مارە بکرێ بە پشت بەستن و تێگەیشتن لەم دوو بەڵگەی خوارەوەیە:
 
یەکەم: خوای گەورە دەفەرموێ: (وَاللَّائِي يَئِسْنَ مِنَ الْمَحِيضِ مِنْ نِسَائِكُمْ إِنِ ارْتَبْتُمْ فَعِدَّتُهُنَّ ثَلَاثَةُ أَشْهُرٍ وَاللَّائِي لَمْ يَحِضْنَ) الطلاق:4. واتە: ئه‌و ئافره‌تانه‌ى كه‌ نائومێد بوون له‌ عاده‌ى مانگانه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كانتان، ئه‌گه‌ر كه‌وتنه‌ گومانه‌وه‌ كه‌ ئاخۆ عاده‌ى مانگانه‌يان مابێت يان نا، ئه‌وه‌ سێ مانگ چاوه‌ڕێ بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌هۆى كه‌م ته‌مه‌نيه‌وه‌ هێشتا نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ عاده‌وه‌، ئه‌وانيش سێ مانگ چاوەڕێ بكه‌ن.
 
دووەم: ئەو فەرموودەیەی لە دایکی ئیمانداران حەزرەتی عائیشە (ر.خ) گێڕدراوەتەوە؛ کە دەفەرموێ: (أن النبي - صلى الله عليه وسلم- تزوجها وهي بنت ست سنين، وأدخلت عليه وهي بنت تسع) رواه البخاری ومسلم. واتە: پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) عائیشەی لە تەمەنی 6 ساڵی مارەکردووە و لە تەمەنی 9 ساڵیش گواستوویەتییەوە.
 
لەم سۆنگەوە زانایانی فیقهی ئیسلامی لە ئەنجامی سەرنجدان و تێڕوانین و تێگەیشتن و لێکدانەوە و هەڵێنجان لەم دوو بەڵگەی سەرەوە بۆچوون و راجیایی زۆر گەڵاڵە بووە، بەوەی بەڵگەی یەکەم کە ئاماژەیە بۆ ئەو کچانەی هێشتا عادە نەبوون دەقێکی راشکاو نییە؛ بەڵکو دەکرێ ئایەتی (وَاللَّائِي لَمْ يَحِضْنَ) بچووک و گەورە بەتایبەت ئەوانەی کەوتنە سووڕی مانگانەیان دواکەوتووە یان هەر نەکەوتوونەتە سووڕی مانگانەوە بگرێتەوە، چونکە عیددە دوای گواستنەوە و تەڵاق دێتە جێ؛ ئەمەش بۆ کچی بچووک نەگونجاوە، باشتر وایە شرۆڤەی ئایەتەکە بە ئاراستەی تەمەنی گەوران لێکبدرێتەوە نەک کچانی بچووک.
 
سەبارەت بە بەڵگەی دووەم کە دایکمان عائیشە (ر.خ) لە تەمەنی شەش ساڵی مارە کرابێ و لە تەمەنی نۆ ساڵی گوازرابێتەوە، لەوەشدا لێکدانەوەی زۆر هەیە، کە بە شێک لە زانایان وای بۆ دەچن ئەمە بەڵگەیەکی راشکاوە لە دروستی مارەبڕینی کچ لە تەمەنی بچووکی لەلایەن باوکیەوە، هەروەک ئیمامی نەوەوی لە شەرحی موسلیمدا کۆدەنگیش لەم بارەوەیە نەقڵ دەکات و دەفەرموێت: (وأجمع المسلمون علی جواز تزويج الأب بنته البكر الصغيرة لهذا الحديث).
 
لە دیوێکی دیکەوە زانایان لە چوارچێوەی لێکدانەوەی زانستی و بەراوردکاری و تاوتوێی ئەم بەڵگەیە و بەڵگەکانی دیکە، بۆچوونی تایبەتیان لەسەر ئەم فەرموودەوە هەیە، کە دەکرێ لە دوو خاڵ باسی بکەین:
 
یەکەم: ئەم فەرموودەیە کە باس لە مارەبڕینی حەزرەتی عائیشە (ر.خ) دەکات، تایبەتمەندیی پێغەمبەر بووە (درودی خوای لەسەر بێت) نەک تەشریع، هەروەک زۆر شتی دیکە هەبووە تایبەت بووە بە خودی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لەبەر کۆمەڵێک هۆکار حیکمەتی تێدا بووە، ئەگەرچی بەپێی توێژینەوەی نوێ باس لەوەش دەکرێ تەمەنی عائیشە هێندە بچووک نەبووبێت، بەو پێیەی بەشێکی عیلم لەو وەرگیراوە، ئەمەش بۆ تەمەنی منداڵ کارێکی ئاسان نییە.
 
دووەم: دەڵێن ئەم فەرموودەیە لەڕووی حوکمەوە نەسخ بووەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەم زەواجە لە قۆناخی سەردەمی مەککە و پێش هیجرەت بووە لەلایەک، لە لایەکی دیکەیشەوە کۆمەڵێک بەڵگە و فەرموودەی دیکە هەن، کە ئەو راستییە دەسەلمێنن و باس لەوە دەکەن؛ پێویستە کچ ئیزنی لێوەربگیرێت ئینجا بە شوو بدرێت، لەوانە:
 
1- پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێ: (لا تُنْكَحُ الْأَيِّمُ حَتَّى تُسْتَأْمَرَ، وَلَا تُنْكَحُ الْبِكْرُ حَتَّى تُسْتَأْذَنَ، قَالُوا: يَا رَسُولَ اللَّهِ، وَكَيْفَ إِذْنُهَا؟ قَالَ: أَنْ تَسْكُتَ. مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ. واتە: بێوەژن مارە ناکرێ تاوەکو بڕیاری لێ وەرنەگیرێت و، کچیش مارە ناکرێ تاوەکو ئیزنی لێ وەرنەگیرێت، پرسیان ئیزنی چۆنە؟ فەرموی: ئەوەیە بێدەنگ بێت. یان دەفەرموێت: (الثَّيِّبُ أَحَقُّ بِنَفْسِهَا مِنْ وَلِيِّهَا، وَالْبِكْرُ تُسْتَأْمَرُ، وَإِذْنُهَا سُكُوتُهَا) رواه مسلم. واتە: بێوەژن لە سەرپەرشتیاری شیاوترە بۆ بڕیاردانی خۆی، کچیش رەزامەندی لێ وەردەگرێت و رەزامەندییەکەشی بێدەنگ بوونە.
 
2- پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) مارەبڕینی بێ رەزامەندی وەرگرتنی رەتکردووەتەوە، وەک خەنسا کە ئافرەتێکی ئەنساری بێوەژن بوو دەگێڕێتەوە: (أنَّ أباها زَوَّجَها وهي ثيِّبٌ فكَرِهَت ذلك فجاءت رسولَ اللهِ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم فذكرت ذلك له فَرَدَّ نِكاحَها) رواه البخاری. واتە: ئەو دەڵێ باوکی لە پیاوێکی مارە کردووە، ئەویش پێی ناخۆش بووە، بۆیە هاتووەتە لای پێغەمبەر و پێی گوتووە، ئەویش مارەبڕینەکەی هەڵدەوەشێنتێتەوە. 
 
3- دایکی ئیمانداران عائیشە دەگێڕێتەوە: (جاءَتْ فتاةٌ إلى رسولِ اللهِ -صلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ- فقالت: يا رسولَ اللهِ، إنَّ أبي زوَّجَني ابنَ أخيهِ يرفَعُ بي خَسيسَتَه، فجعَلَ الأمرَ إليها، قالت: فإنِّي قد أجَزْتُ ما صنَعَ أبي، ولكنْ أردْتُ أنْ تَعلَمَ النِّساءُ أنْ ليس للآباءِ منَ الأمرِ شيءٌ) رواه النسائی. واتە: کچێک هاتە لای پێغەمبەر و گوتی: باوکم منی لە برازاکەی مارە کردووە، تا کەمایەتی خۆی پێ لابدات، منیش زۆرم پێ ناخۆشە. پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) فەرمانەکەی دایە دەست کچەکە - واتە سەرپشکە لەوەی رازی دەبێت یان نا- ئەویش گوتی: ئەوە رێگەمدا بەو کارەی باوکم بەس ویستم ئافرەتان فێر بکەم لەوەی باوکان بێ رەزامەندی ئەوان ناتوانن کارێک بەزۆری بکەن.
 
4- ئەو فەرموودەیەی ئیبن عەباس دەگێڕێتەوە، کە دەفەرموێ: (أنَّ جاريةً بِكْرًا أتتِ النَّبيَّ صلَّى اللَّهُ علَيهِ وسلَّمَ، فذَكَرت أنَّ أباها زوَّجَها وَهيَ كارِهَةٌ فخيَّرَها النَّبيُّ صلَّى اللَّهُ علَيهِ وسلَّمَ) رواه أبو داود. واتە: کچێک هاتە لای پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) گوتی: باوکم لە کەسێکی مارە کردووم و منیش پێم ناخۆشە، پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) کچەکەی سەرپشک کرد لەوەی رازی دەبێت یان هەڵیدەوەشێنێتەوە.
 
لە کۆی ئەو فەرموودانەی خستمانەڕوو، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە رەزامەندیی کچ پێویستە، مەعلومیشە ئەمە کاتێک دێتە دی کە ئەو کچە خۆی ناسیبێت و فام و تێگەیشتنی شتەکانی هەبێت، ئەگەرنا کچی نافامیدە و بچووک کوا ئیزن لێوەرگرتنی سوودی هەیە! کەواتە ئەگەر گرێبەستەکە لەڕووی تیۆرییشەوە دابمەزرێت، ئەوە لەڕووی کردارییەوە رێگە نادرێت بگوازرێتەوە تاوەکو بلۆغی نەبێت و رەزامەندی لێوەرنەگرێت و شیاوی جەستەیی تێدا دروست نەبێت، ئەگەر کچەکە دوای ئیزن وەرگرتنی رازی نەبوو مافی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی هەیە، چونکە بەپێی ئەو فەرموودانەی باسمان کردن لە پرۆسەی زەواجدا رەزامەندیی کچ شتێکی رەمزی و رۆتین نییە، بەڵکو ئەسڵ و بناغەیە.
 
لەناو زانایانی کورد و ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بە سەرنجدان لەو فەرموودە و بەڵگانەی سەرەوە، لە روانگەی ئەوەی فەتوا بەپێی شوێن و زەمان گۆڕانکاری بەسەر دادێت، لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەو سەردەمە و شێوازی ژن و ژنخوازی و ئاڵنگاری و لێکەوتەکانی لەناو کۆمەڵگە و رەچاوکردنی بەرژەوەندیی خێزان و ئافرەت، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا مارەکردنی کچ لە تەمەنی بچووکی و هاوسەرگیریی پێشوەختە، بە باش و پەسند نازانێت و داوا دەکات ئەم عادەتە قەدەخە بکرێت.
 
هەروەک لە ژمارە (31و32)ی گۆڤاری (دەنگی زانا) کۆنووسی تایبەت بەم پرسە لە کۆبوونەوەی 20ی 5ی 1999م بڵاوکراوەتەوە و دەقی فەتوایەکە دەڵێت: "دوای گەنگەشە و سەرنجدان لە هەڵسوکەوتی هەندێ سەرپەرشتیار لەم سەردەمە، کۆکبووین لەسەر ئەوەی ئەم عادەتی کچ بە شوودانە لە تەمەنی منداڵی تەرك بکرێت، چونکە هەم کێشەی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە و رەچاوی بەرژەوەندیی کچ ناکرێ لەو جۆرە مارەبڕینە پێشوەختانە، هەمیش بۆ ئەوەی دەرفەت نەدرێت کچی بچووک مارە بکرێت؛ ئەگەر لە تەڕەف – سەرپەرشتیار- باوک و باپیریشیەوە بێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

دوورخستنەوەى کەرکووک لە هەولێر و سلێمانى

عێراق بەشێک لەو رێکارانەى کە دانیشتووانى ئەو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زیاتر وابەستەى بەغدا دەکات، یان وا دەکات هەولێر و سلێمانى لە کەرکووک دووربخاتەوە، هەر بە کورد خۆى جێبەجێى دەکات. تەماشا بکەن هەر بڕیارێک لە حکومەت یاخود یاسایەک لە پەرلەمانى عێراق لە بەرژەوەندیی کورد بێت، چەند لەمپەر و گرفتی دەخرێتە بەردەم، بەڵام ئەوەى دواجار ئاو بکاتە ئاشى ئەو ئامانجە ستراتیجییانەى بەغداوە بە ئاسانى تێپدەپەڕێنن.