(برینا رەش)ی ئاپێ موسا عەنتەر ساڕێژ نابێت!

 
بەسەرهات و چیرۆکەکانی ژیانی ئاپێ موسا عەنتەر کۆتاییان نایێت. خەریکی مۆنتاژکردنی بەرنامەیەکم لەگەڵ دیجلە عەنتەر کە لە گوندەکەی خۆیان ستیلیلە ساڵی رابردوو تۆمارمان کردووە. ماڵەکەی ئاپێ موسا کراوەتە مۆزەخانەیەک و هەموو شتە تایبەتەکانی تێدا پارێزراون. رۆژانە خەڵک سەردانی ئەو شوێنە دەکەن کە بووەتە بەشێک لە فەرهەنگی گوندی ستیلیلە و ناوچەکە، کە زۆر دوور نییە لە نسێبین. 
 
بنخەت و سەرخەت
 
خۆی چیرۆکی دابەشکردنی نسێبین و قامشلۆ کە هەردووکیان یەک شار بوون و کراونەتە دوو بەش، سنوورەکەیان بە (بنخەت و سەرخەت) ناسراوە، تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە ئەو دەستەواژانە تەنیا کورد بەکاریان دەهێنێت، ئەوەش خۆی لە خۆیدا مانای ئەوە دەگەیێنێت کورد ئەو سنوورانە ناپەژرێنن کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم لە ناوچەکەدا کێشران و گەلی کوردیان پارچە کردووە. بەلای کوردەوە سنوورەکان تەنیا کێشانی خەتێکە، هیچ نرخ و بەهایەکیان نییە، بۆیە لەو دابەشکردنەدا، نسێبین کەوتووەتە سەرووی خەتەوە(باکوور) و قامشلۆش کەوتووەتە خوارووی خەتەوە بنخەت(رۆژئاوای کوردستان)، بەڵام لە کردەوەدا وەک ئەوەیە بە خەنجەرێک جگەری مرۆڤێک بکەیت بە دوو لەتەوە، چونکە سنوورەکە کراوەتە سەربازخانەی دوو دەوڵەتی ناکۆک کە تەنیا لە یەک شتدا کۆکن، ئەویش دژایەتی کوردستانە. سەردەمانێک تورکیا و سووریا بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزایی کورد، ساڵانە بەتایبەتی لە کاتی جەژنەکانی رەمەزان و قوربان دا رێگەیان بە خەڵکی ئەمبەر و ئەوبەری سنوور دەدا بۆ پیرۆزبایی سەردانی یەکتر بکەن یان لەنێوان تەلە دڕکاوییەکانەوە بە ئیشارەت و بانگکردن پیرۆزبایی جەژن لە یەکتری بکەن، رەنگە شتی وا لەهیچ وڵاتێک دا رووینەدابێت! کەچی تائێستاش نەبووەتە خەمێکی گەوەری خۆمان و مرۆڤایەتی، دەنا دەبوو ئەو چیرۆکە کەتواریانە (واقیعیانە)، ببوونایەتە هەوێنی دروستکردن و نووسینی دەیان چیرۆک و رۆمان و فیلمی سینەمایی، ئەگەر ئەمە خەمی نەتەوەیەک نەبێت و نەمان بزوێنێت، دەی دەبێت چی بمانبزوێنێت؟  
 
موختاری ژن
 
دایکی موسا عەنتەر یەکەمین ژنە کە بەشێوەیەکی فەرمی دەکرێت بە موختاری گوند، ئەمەش بۆ ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی باکووری کوردستان شتێکی تایبەت و تانەت سەیر بووە، چونکە گۆمەڵگەکە بەتەواوی پیاوسالاری بووە، سەرۆک خێڵ و ئاغا و بەگەکان دەسەڵاتداربوون. دیجلە عەنتەر دەڵێت: داپیرم موختارێکی بە دەسەڵات و رێزلێگیراو بووە و کەس لە قسەی دەرنەچووە.
 
حەماڵێکی دێرسم
 
ئاپێ موسا عەنتەر هەر لە تافی لاوێتییەوە درک بە نەهامەتی گەلەکەی و زاڵمێتی داگیرکەر دەکات، بەتایبەتی زۆر لە خەمی کۆمەڵکوژیی دێرسم دا بووە، بۆیە بەردەوام گوێی بۆ چیرۆکی دێرسمییەکان گرتووە. دیجلە عەنتەر دەڵێت: رۆژێک باوکم بە رێکەوت چاوی بە حەمباڵێکی گۆج کەوتووە، بە سیمایدا دەزانێت کە کوردە، بۆیە دەچێتە بنکڵێشەیەوە، ئەویش بەسەرهاتێکی دڵتەزێنی بۆ دەگێڕێتەوە. کابرای حەماڵ لەکاتی کۆمەڵکوژی دێرسم دا سەربازی سوپای تورکیا دەبێت، کاتێک دەبینێت چۆن خەڵکی دێرسم لەلایەن سەربازانی تورکەوە کۆمەڵکوژ دەکرێن، هەست بە بێدەسەڵاتی خۆی دەکات، دەیەوێت خۆی لەو خەوەناخۆشە رزگار بکات، فیشەکێک دەنێت بەدەستی خۆیەوە و خۆی بریندار دەکات، دوای ئەوە دەستی گۆج دەبێت و لە سەربازی رزگاری دەبێت، ئیتر دوای ئەوە لەلایەک خەمی دێرسم و لەلایەکی دیکەوە خەمی  پەیداکردنی نان دەنێت بە کۆڵییەوە و لە کوچە و کۆڵانەکانی ئیستەنبووڵ دا خۆی بزر دەکات. دوای گێڕانەوەی چیرۆکە تراژدیەکەی، موسا عەنتەر دەستە گۆجەکەی ماچ دەکات.
 
عەنتەر و بەسێ خانم 
 
موسا عەنتەر وەکو دیجلەی کوڕی دەڵێت پیاوێکی چەپ بووە، بەڵام کوردایەتی کردووە بۆیە تورکەکان بە ناسیۆنالیستێکی سەروشکی کوردیان لە قەڵەم داوە، بەشێکیش لە کورد بە کابرایەکی چەپ و کۆمۆنیست و لەدین دەرچوو لەقەڵەمیان داوە، بەڵام وەکو شاعیر دەڵێت ئەو هەر ئەوکەسە بووە کە خۆی زانیویەتی. 
 
دیجلە عەنتەر باس لەوە دەکات کە چۆن باوکی لە قوتابخانەی ناوەندی بەردەوام لەگەڵ تورکە نەژادپەرستەکاندا کەوتووەتە کێشەوە، تەنانەت ئەتاتورکیش لە مەسەلەکەوە دەگلێت. کاتێک خوێندکارە تورکەکان جنێوی ناشیرین بە دایکی سەرکردەی کورد (عەلی شێر و بەسێ خانمی ژنی دەدەن)، موسا عەنتەر حەماس دەیگرێت و جنێو بە دایکی ئەتاتورک دەدات، بۆیە شکاتی لێدەکەن و دەیگرن. بە رێکەوت لەوکاتەدا ئەتاتورک سەردانی شاری ئەدەنە دەکات و مەسەلەکە دەبیستێت، دیارە نایەوێت هۆکاری جنێودانەکە بگاتە دادگا و ناوی عەلی شێر (یان بەشێوەیەکی دیکەیش باس دەکرێت گوایە تورکەکان جنێویان بە دایکی سەید رەزای دێرسمی داوە) بێنەوە ناو ناوان، داوا دەکات موسا عەنتەر ئازاد بکەن.   
 
برینا رەش 
 
هەروەک چۆن ئاپێ موسا لە دوای کۆمەڵکوژی دێرسم یەکەم جار بە زمانی کوردی شیعرێک دەنووسێت، پێدەچێت یەکەم نامیلکە بە زمانی کوردی هەر ئەو نووسیبێتی، ئەویش لە کوێ لە زیندان. (برینا رەش)، شانۆنامەیەکە باسی کێشە و نەهامەتییەکانی کورد دەکات کە بەدەستی دەوڵەتی تورکیا خوڵقێنرابوون، من پێشتر لە وتارێکی دیکەدا لەسەر نێوەڕۆکی برینا رەش ئەمەم نووسیوە:" لە رێگەی ناردنی بنەتۆوی گەنمی ژەهراوییەوە و لە رێگەی ئاغا و خەڵکانی خۆفرۆشی کوردەوە ئەو گەنمە ژەهراوییە دەچێندرا و پاشان دەکرایە ئارد و خەڵکی هەژار و بەلەنگازی کورد بەکاریان دەهێنا، لە ئەنجامدا برینێکی رەش لەسەر جەستەی خەڵکەکە پەیدا دەبوو، بە سەتان منداڵی کورد بوونە قوربانی خۆراکی نانی گەنمی ژەهراوی، ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتانی کورد دووچاری نەزۆکی بوون، خەڵک بەو نەخۆشییەیان دەگوت برینا رەش". 
 
دیجلە عەنتەر باس لەوە دەکات کە چۆن بە دزییەوە دەستنووسی شانۆنامەی کتێبی (برینا رەش)یان هێناوەتە دەرەوە، ئەو شانۆنامەیە لەسەردەمی خۆیدا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، هێشتا نێوەڕۆکی شانۆنامەکە لە فۆڕمی نوێ و جیاوازدا لە کوردستان دووبارە دەبنەوە. 
 
کوردایەتی لەجیاتی حیزبایەتی
 
هەرچەندە ئاپێ موسا هەڵگری بیروباوەڕی چەپ بووە، ماوەیەک ئەندامێکی چالاکی پارتی کرێکارانی تورکیا بووە، بەڵام نەبووەتە ئەندامی هیچ پارتێکی کوردی، لەگەڵ ئەوەی هاوڕێیەکی نزیکی فایق بوجاک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا بووە، تەنانەت کاتێک پێکەوە لە ئیستەنبووڵ خوێندکاربوون، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیان ئاڵایەکی کوردستان (کەسک، سوور، سپی و زەرد) دروست دەکەن، ئاڵاکە لە دەمانچەیەکەوە دەپێچن و سوێند دەخۆن تاوەکو دەمرن وەفاداربن بۆ خاک و نەتەوەکەیان و خەباتی بۆ بکەن.
 
نابێت سنوور ببەزێنیت
 
بەهۆی سەرکێشیەکانییەوە، دەوڵەتی تورکیا، پاسپۆرت نادەنە موسا عەنتەر، رێگەی چوونە دەرەوەی تورکیای لێ قەدەخە دەکەن، تاوەکو مردیش پاسپۆرتیان پێنەدا. تەنانەت دانیاڵ میتران و فرانسوا میتران بە شەخسی داوەتی فەرەنسای دەکەن، بەڵام هەر رێگەی پێنادەن. موسا عەنتەر و جگەرخوێن ئەم لە سەرخەت و ئەو لە بنخەت، تامەزرۆی دیداری یەکتر دەبن، رێکدەکەون کە لەنێو شەمەندەفەرێکدا کە بەناو خاکی باکووری کوردستان دا دەڕوات یەکتری ببینن، ئیدی لە یەکێک لە فارگۆنەکاندا بۆ ماوەی چەند کاژێرێک دیدارێک ساز دەکەن و پێکەوە دەبن، هەرچەندە لە دیداری یەکتری تێرنابن، بەڵام بەناچاری خاترخوازی لەیەک دەکەن. دەبێت چەند بە حەسرەتەوە باسی سنوور و وڵات و ئازادیان کردبێت؟
 
وڵاتێکی نوێ
 
یەکێک لە تایبەتمەندی و بلیمەتییەکانی ئاپێ موسا عەنتەر ئەوەبوو، دادگاکانی کردبووە جێگەی گاڵتەپێکردن و جێگەی گاڵتەوگەپ. بەردەوام لەگەڵ دادوەر و داواکاری گشتی دا لە کێشمەکێشمدا بووە. موسا عەنتەر ماوەی 12 ساڵی ژیانی خۆی لە زیندان دا بەسەر بردووە، هەرجارە و بە بیانوویەکەوە گرتوویانە، جار هەبووە تەنیا لەسەر دێرە شیعرێک بە کوردی دادگاییکراوە. جارێک لەگەڵ دادوەرێک دەبێتە دەمەقاڵەیان، دادوەر پێیدەڵێ: تۆ دەتەوێت وڵات پارچە پارچە بکەیت؟
 
موسا عەنتەر لەوەڵام دا دەڵێت: کام وڵات؟ جەنابی دادوەر رێگەم بدە با نەقڵێکت بۆ بگێڕمەوە بۆ ئەوەی باشتر لە یەکتری تێبگەین! جارێک ژنێک منداڵێکی نەخۆشی دەبێت دەیباتە لای دکتۆرێک، دکتۆرەکە لە ژەنەکە دەپرسێت کێشەی چییە؟ ژنە لە وەڵام دا دەڵێت، دکتۆر گیان ئەم منداڵەی من کەڕ و لاڵە، چاوی باش نابینێت، دەستەکانی ئیفلیج بووە و ناتوانێت بە باشی بە رێگەدا بڕوات، لیستێک نوقسانی منداڵەکەی بۆ ریز دەکات! دکتۆرەکە دەڵێت زۆر باشە، فەرموو دادە بڕۆ لەو ژوورەدا خۆت رووتبکەرەوە و پاڵکەوە! ژنە دەڵێت ئاخر دکتۆر خۆ من نەخۆش نیم، منداڵەکەم نەخۆشە! دکتۆر دەڵێت دەزانم، بەڵام ئەم منداڵەی تۆ بەمن چارەسەر ناکرێت، باشترە منداڵێکی دیکە دروست بکەین! ئاپێ موسا بە دادوەرەکە دەڵێت ئەو وڵاتەی تۆ باسی دەکەیت وەکو ئەو منداڵەیە، باشتر نییە ئێمەش سەرلەنوێ وڵاتێکی دیکە بنیات بنێینەوە کە وڵاتی هەمووان بێت و لە وڵات بچێت؟ 
 
بەداخەوە ئاپێ موسا عەنتەر لە تەمەنی سەرووی حەفتا ساڵی دا، کە سەرگەرمی بانگەشەی سەرلەنوێ دامەزارندنی وڵاتێکی نوێ بوو، بەدەستی چەند خۆفرۆشێکی کورد بە دنەدانی دەستگای گرووپی ئەرگەنەکۆن کە گرووپێکی رەگەزپەرستانی تورک بوو لەنێو سوپا و دەزگای هەواڵگریی تورکیادا لە نێوەڕاستی شاری ئامەد تیرۆرکرا، بەڵام یادو یادەوەرییەکانی بەردەوام لە هزری وڵاتپارێزان دا دەمێننەوە، وەکو دارچنارەکانی باخچەکەی بەردەوام بە ناخی ئاسماندا هەر بەرەو بەرزایی دەچن.