رۆژهه‌ڵات؛ له‌ جیاوازییەوە به‌ره‌و یه‌كێتی

22-09-2019
ناسر باباخانی
نیشانەکردن رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-

جیاوازیی "ژینگه‌ی سیاسی" ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌، بۆ ئێمه‌ی كورد هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ بووەته‌ هۆی مشتومڕی نێوان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌م دوو دنیا جیاواز و دوو ژینگه‌ ناوێكچووه‌دا ده‌ژین. هۆكاره‌كه‌شی ڕوونه‌، دنیایه‌ك ئازاد و دێموكراتیكه‌ و به‌پێچه‌وانه‌وه‌، دنیایه‌كی تر پڕ له‌ كۆتوبه‌ند و دیكتاتۆرییه‌ت! بۆیه‌ ناكرێ قایل به‌مه‌ بین به‌رده‌وام "شێوه‌ڕوانین"ه‌كان به‌ نیسبه‌ت پرسه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ یه‌ك بێ. به‌سروشتی پتانسییه‌له‌ دێموكراتیكه‌كانی دنیای ده‌ره‌وه‌، مرۆڤی نیشته‌جێی ئه‌م ژینگه‌یه‌ ڕادیكاڵتر و ئاڕمانخوازتر و ئایدیالیستتره‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ دنیایه‌كدا به‌ ناوی ناوخۆ ده‌ژی، له‌به‌ر زه‌بروزه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆر ‌هه‌وڵ ده‌دا خۆبوێرانه‌تر و واقعبینانه‌تر و ڕیالیستتر بجووڵێته‌وه‌.

به‌ واتایه‌كی تر، لێره‌دا ئه‌م دوو مرۆڤه‌ بۆ پرسێكی هاوبه‌ش به‌ حوكمی جیاوازیی ژینگه،‌ یه‌كێكیان ڕادیكاڵه‌ و یه‌كێكیان خۆبوێره‌، یه‌كێكیان ئایدیالیسته‌ یه‌كێكیان ڕیالیسته‌.

به‌ هه‌ڵه‌ نه‌چووبم شه‌هید دكتور قاسملوو له‌ یه‌كێ لە دوایین گرته‌ڤیدیۆییه‌كانی له‌ ناوچه‌ی ته‌رگه‌ڤه‌ر له‌ناو پۆلێك پێشمه‌رگه‌دا ده‌ڵێ: "ئه‌وانه‌ی كه‌ دانیشتوون له‌ ئەوروپا و له‌ به‌غدا و نازانم له‌ كوێ، به‌ڵێ ده‌ڵێن بۆ شه‌ڕ ناكه‌ن و بۆ فڵان ناكه‌ن و... له‌ كه‌مپه‌كانی ئەوروپا دابنیشی و به‌ پێشمه‌رگه‌ بڵێی شه‌ڕ بكه‌، ئه‌گه‌ر پیاوی وه‌ره‌ بۆخۆت بزانه‌ شه‌ڕكردن چییە...
ئه‌وه‌ی شه‌هید دكتور قاسملووش باسی ده‌كا به‌ جۆرێ، ڕێك جیاوازیی ئه‌م دوو دنیایه‌یه‌، من ئه‌م جیاوازییه‌م وه‌ك "كه‌لێن" ته‌عبیر كردووه‌، ئه‌و لێره‌دا باسی دوو سووچی سێكوچه‌كه‌ی خه‌بات ده‌كا كه‌ بریتییه‌ له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و كوردی دیاسپۆرا كه‌ به‌حه‌قیش گله‌یی لێده‌كا! (مه‌به‌ستم له‌ سێكوچكه‌ی خه‌بات: ناوخۆی وڵات، كورد له‌ دیاسپۆرا و هێزه‌ سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌.)

له‌ هه‌مان كاتیشدا ده‌بێ چه‌مكێكی تریش به‌ ناوی "ژینگه‌ی زه‌ینی" وه‌ك هۆكارێكی تری جیاوازی شێوه‌ڕوانینه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ین. بۆ وێنه‌ ئه‌وه‌ زۆر ئاساییه‌ كاتێك كه‌سێكی په‌نابه‌ری هه‌ڵاتوو له‌ چنگی سیستم، کە به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ تووشی زیانی گیانی و ماڵی بووه‌ به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه‌، دژایه‌تی و لارییه‌كی زۆرتری هه‌بێ به‌نیسبه‌ت ئه‌و كه‌سه‌وه‌ كه‌ له‌ناوخۆ ده‌ژی و ڕه‌نگه‌ ته‌نانه‌ت مووچه‌خۆری سیستمیش بێ. له‌ زه‌ینی ئه‌ودا ساتوسه‌ودای دانوستاندن ڕه‌نگه‌ وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ و هێڵی سوور سه‌یر بكرێ و ئه‌میان وه‌ك ده‌رفه‌تێك و كایه‌ی سیاسی لێی بڕوانێ.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م جیاوازییانه‌، له‌ ڕاستیدا ئه‌زموونه‌كانی ڕابردوو پێمان ده‌ڵێن زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ و ناوخۆ وه‌ك ئامانجی دواڕۆژ یه‌ك مه‌به‌ستیان هه‌یه‌، به‌ڵام بێگومان میكانیزمه‌كانیان جیاوازه.

به‌داخه‌وه‌ لە ساتەوەختی ئێستادا به‌پێی نه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌ و واقعبینانه‌ و هه‌روه‌ها دوو تایبه‌تمه‌ندی ژینگه‌ی سیاسی و ژینگه‌ی زه‌ینی "كه‌لێن"ێكی جددی سازبووه‌ كه‌ پێویستی به‌ پڕكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌رچه‌ند ئەم كەلێنانە هه‌ر تایبه‌ت نین به‌ شێوه‌ڕوانینی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ و له‌ زۆر شوێنی تری كۆمه‌ڵگای خۆمان ده‌بینرێن، به‌ڵام ئه‌مه‌یان زۆر جاران دەگاتە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەیەكی مەترسیدار كه‌ خه‌ریكی سازكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی دووجه‌مسه‌رییه‌.

هه‌ر بۆیە دەبێ میكانیزمگەلێك بدۆزرێتەوە بۆ پڕكردنەوەی ئەم كەلێنانە، ڕەنگە بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنیشاندەری بژاردەكانی كۆمەڵگا باشترین میكانیزم بێ لەم زرووفە زەمەنییەدا. بژاردەكان وەك "كارگێڕانی گۆڕان" پێناسە دەكرێن كە تواناییەكی شوێندانەریان هەیە بۆ ئەوەی ڕووداوەكان بۆ لایەكی تایبەت و دیاریكراو بەرن، یان تەنانەت بەر بە ڕوودانی پێشهاتێك بگرن، دیارە مەرج نییە ئەم بژاردانە تەنیا و تەنیا سەركردەی سیاسیی حیزبێك بن، رێك بەپێچەوانەوە بەپێی بارودۆخی ڕۆژهەڵات ئەوە نووسەران، هونەرمەندان، چالاكڤانانی مەدەنی، ڕۆژنامەوانان و ئەدیبانن كە دەتوانن كەلێنەكان پڕبكەنەوە و هاوتەریبییەكی سیاسی بۆ سازدانی گوتارێكی هاوبەش سازدەن.

كێشەیەك كە لێرەدا خۆی دەردەخا، ئەوەیە كە خودی بژاردەكان لە ناوخۆ و لە دەرەوەی سنوورەكانی ڕۆژهەڵات كەلێنێكی مەعریفەیی و ئانتۆلۆژیكیان هەیە، وه‌ك باسمكرد شێوەڕوانینیان بۆ پرسەكان لێك دوورە و ڕەنگە ئەمە گەورەترین مەترسی بێ بۆ سەر دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی.

ده‌بێ دنیای ده‌ره‌وه‌ قبووڵی ئه‌وه‌ بكا كه‌ له‌ناوخۆ هێڵه‌ سووره‌كانن چوارچێوه‌ی كایه‌ سیاسییه‌كان دیاری ده‌كه‌ن و چالاكانی ناوخۆ به‌سه‌ر لێواری هه‌ڵدێردا هه‌نگاو ده‌نێن، هه‌ڵدێری مان و نه‌مان! ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێ كه‌ دایمه‌ پێو‌یست ناكا تۆ وه‌ك چالاكێكی سیاسی ناوخۆ، كاتێ كه‌ ده‌بینی ده‌ره‌تانی ده‌ربڕینی بیری جیاوازت نییه‌ و بووز ناخوا كه‌ به‌ دژی ده‌سه‌ڵاتدا بێیه‌وه‌ وا باشتره‌ بێده‌نگه‌ی لێڕاكه‌ی، دیاره‌ ئه‌مه‌ به‌ هیچ كلۆجێك به‌ مانای به‌رگرتن به‌ ده‌ربڕینی بیروڕای تۆ نییه‌ و ته‌نیا بۆ به‌رگرتنه‌ له‌ قووڵبوونه‌وه‌ی كه‌لێنه‌كان، ئه‌گینا پاشی چل ساڵ مل خێسكردن بۆ ئه‌سڵی پازده‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی به‌باوه‌ڕی من شكاندنی كه‌رامه‌تی خۆت و شكۆی نه‌ته‌وه‌كه‌ته‌!

هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە ئۆپۆزیسیۆنی كورد تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەگشتی ناتوانێ ببێتە هۆی ڕووخانی كۆماری ئیسلامی و تەنانەت ئاڵوگۆڕێكی بچووكیش، ئەزموونی چل ساڵی ڕابردوو سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. كەوابوو بۆ پڕكردنەوەی كەلێنی ناوخۆ و دەرەوە وەك یەكەم هەنگاو پێویستە ڕەخنەیەكی نێوگوتاری لە هەردوولا سازبێ، خەسارناسی بكرێ، خاڵە هاوبەش و جیاوازەكان دەستنیشان بكرێن و دواجار ئەم دوو هێڵە لە دۆخی هاوتەریبی بێنەدەر و لە پنتێكڕا یەكبگرنەوە و ئەم پنتە ببێتە سەرەتای خاڵگۆڕانێك بۆ پڕكردنەوەی ئەم كەلێنانەی باسمان لێوەكردن.

(ڕه‌نگه‌ جۆری په‌یوه‌ندی HDP و PKK وه‌ك نموونه‌ بتوانێ تا ڕاده‌یه‌ك یارمه‌تیده‌ر بێ، هه‌رچه‌ند وه‌باڵی جیاوازییه‌كان وه‌ك دۆخی ئێران و توركیا و ته‌نانه‌ت حیزبه‌كانیش ده‌كێشم.)

لەڕاستیدا دەكرێ قایل بە سێ فەزای تایبەت بین: فەزای ناوخۆی رۆژهەڵات، فەزای دەرەوەی وڵات (حیزبە سیاسییەكانی كوردستان و كوردانی تاراوگەنشین) و فەزای مەجازی. دۆخی ئەم سێ فەزایە بەگشتی لێكتر جیاوازە، رەنگە گەورەترین جیاوازییەكەش ئەوە بێ كە بزووتنەوەی مەدەنی لە ناوخۆ بێ ‌سەرە و ڕەهەندە ڕێكخراوەییەكانی لاوازە، بۆ وێنە ئەو جووڵانەی لەناوخۆ سازدەبن بەردەوام نابن و لەسەر یەك كەڵەكە نابن، ئەو ڕووداوە كۆمەڵایەتی سیاسییانەی ناوخۆ وەك كارگ هەڵدەتۆقن بۆ ماوەیەكی كورت و سەرلەنوێ دادەمركێنەوە، لەلایەكی دیكەوە فەزای دەرەوە تاڕادەیەك لەباری بوونی پلانێكی ستراتیژیك و ڕەهەندی فكرییەوە لاوازە. 

بەڵام وەك خاڵی ئیجابی دەرەوە خاوەنی سیستمێكی ڕێكخراوەیی بەئەزموونە و ناوخۆش پتانسییەلێكی باشی لەباری ڕه‌هەندی فكرییەوە هەیە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی ئەم دوو لایەنە بەهۆی دۆخی دیكتاتۆری لە ئێران نالوێ، بۆیە فەزای سێیەم واتە فەزای مەجازی و سۆشیال مێدیا كە نوێنەرانی هەردوو لای تێدایە، دەتوانێ ببێتە ئاڵقەیەكی بەهێزی پەیوەندیی نێوانیان، شوێنێك كە هەموو لایەك لێكتر گرێدەدا، هەربۆیە ئەركی بژاردەكانی كۆمەڵگا ئەوەیە لەڕێی ئەم فەزایەوە هەوڵی پڕكردنەوەی كەلێنەكان بدا. ئه‌مه‌ش چه‌توون نییه‌، مانگرتنی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ 21ی خه‌رماناندا ئه‌مه‌ی سه‌لماند!

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دانیێل میتێران

ئەگەر ئەمڕۆ دانیێل میتێران لێرەبا

"ئەگەر ئەمڕۆ مەدام میتێران لێرە با، لەگەڵ بەڕێزانی سەرکردەی پارتی و یەکیێتی دادەنیشت و قسەی دڵی هەموومانی دەکرد. پێی دەگوتن: بەرژەوەندییە تەسک و تاکڕەوییەکان بخەنە لاوە، مێژووی خەباتی پێشمەرگە و ئەنفال و کیمیاباران لەبیر مەکەن و بەرژەوەندیی نەتەوەکەتان لە سەرەوەی هەموو شتێک دابنێن"