یەکێتی و پارتی بۆ وادەکەن؟
پێشتر بەپێى زانیاریی دزەپێکراوى ناو کۆبوونەوەکان و هەندێ لێدوانى ناڕاستەوخۆى بەرپرسانى پەیوەندیدار لەنێو هێزى پێشمەرگە، هەست بەوە دەکرا کە هاوپەیمانان و وڵاتانى دۆستى کوردستان نیگەرانن لەوەى نەتواندراوە هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە هێزێکى حیزبییەوە بکرێتە هێزێکى نیشتمانى. ئەوەش دەگوترا نیگەرانییەکانیان گەیشتووەتە ئاستى ئاگادارکردنەوەى دەسەڵاتدارانى هەردوو حیزبەکە کە ئەگەر بەو شێوازە هەر بەردەوامبن، کاریگەریى لەسەر پشتیوانییەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى دەبێت بۆتان.
روونە کورد گوێى بە هۆشدارییەکانیان نەداوە بۆیە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ئاستێکى باڵادا و بە دەنگێکى بەرز و لەپێش چاوى راى گشتى جیهانى ماتیو مکفارلن، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژى داعش، کورد واتەنى داى لە بنى کولەکەکە و بە راستەوخۆ ئەوەى راگەیاند، ئەگەر حکومەتى هەرێمى کوردستان نەتوانێت چاکسازییەکانى و پابەندییەکانى خۆى بە گوێرەى یاداشتنامەکە جێبەجێ بکات، وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا ناتوانێت لە پێشکەشکردنى هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانى بەردەوام بێت.
فەرماندەکەى هاوپەیمانان لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەیدا گوتى، نەبوونى وەزیرى پێشمەرگە دامەزراوەکەى لاوازکردووە و پرۆسەى یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى وەستاندووە. بۆیە هانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەدەین وەک نیازپاکى و پابەندییەکانیان وەزیرێک بۆ وەزارەتى پێشمەرگە دەستنیشان بکەن.
نەک هەر جێگەى پرسیارە، بەڵکو مایەى سەرسوڕمانیشە، پارتى و یەکێتى بۆ وادەکەن؟ لەکاتێکدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى چەک دەدەن بە پێشمەرگە، مەشق و راهێنانیان پێدەکەن و مووچەى بەشێک لە پێشمەرگەیش دەدەن. لە بەرانبەردا داوایەکى قورسیان لە پارتى و یەکێتی نییە، پێیان دەڵێن ئەو هێزە چەکدارەى هەتانە و سەر بە ئۆرگان و بەرپرسە حیزبییەکانى ناو حیزبەکانتانن، بیانخەنە سەر حکومەتەکەى هەردوولاتان و سەر بە بەرپرسە حیزبیەکانى ناو حکومەتەکەتان بن. کەچى ئەم دوو حیزبە ئامادەنین ئەوەبکەن. یەکێتى حیزبى ماڵى مام جەلالە، کوڕى مام جەلال سەرۆکى تیمى یەکێتییە و جێگرى سەرۆکى حکومەتە، بەڵام یەکێتی ئامادە نییە هێزە چەکدارەکەى بخاتە ژێر فەرمانى ئەوەوە. پارتى حیزبى ماڵى بارزانییە و کوڕى بارزانى سەرۆکى تیمى پارتى و سەرۆکى حکومەتە، کەچى پارتى ئامادە نییە هێزە چەکدارەکەى بخاتەژێر فەرمانى ئەوەوە. کار گەیشتبێتە ئەوەى ئەمریکا پێیان بڵێت، ئەگەر ئەمە نەکەن هاوکارییەکانتان دەبڕین و رەنگە پشتتان تێبکەین، کەچى گوێ بە هۆشدارییەکان نادەن.
هەر بەڕاستى نەک جێى تێڕامانە، بەڵکو مایەى ئەوەیە گومان بکرێت هۆکارى شاراوە لەپشتى ئەم هەڵوێستانەوە هەن. لەکاتێکدا هەردوولا دەزانن بە تێکەڵکردنى پێشمەرگە و یەکخستنیان لە چەند لیوایەکى هاوبەشدا، ماناى ئەوە نییە هێزە چەکدارەکەیان لەدەستچووە. لە سەرەتاى نەوەتەکان بەشێک لە هێزەکانیان تێکەڵکرد و لیواى هاوبەشیان پێکهێنابوو، بەڵام ئەو رۆژەى بۆ شەڕى دژ بە یەکدی پێویستیان پێبوو بە نیو سەعات لە بەریەک هەڵوەشانەوە. تەنانەت دواى پرۆسەى ئاشتى و دواى تێکەڵکردنەوەى حکومەت و رێککەوتنى ستراتیژیى نێوانیشیان، ئەو هێزانەى لەژێر چاودێریی هاوپەیمانانیش یەکخرابوون و بۆ شەڕى داعش پڕچەککرابوون، لە 16ـی ئۆکتۆبەردا بینیمان چەند بەخێرایى لەیەک جیاببنەوە.
ئێستاش ئەگەر لەژێر هەر گوشارێکدا و لەژێر هەر ناوێکدا هێزە چەکدارەکان تێکەڵکەن، لە هەر چرکەساتێکدا ناکۆکییان بگاتە ئاستێک کە هەست بە هەڕەشە و مەترسى بکەن بۆ سەر یەکدی، هێزەکان دەچنەوە ماڵەباوان. تێناگەم لەبەرچى ئەم بابەتەیان کردووە بە کێشە، کێشەیەک کە خەریکە ئاکامەکەى بە پشتتێکردنى دۆستەکانى کورد بشکێتەوە. ئایا رەوا نییە گومانى ئەوە بکرێت ئامانج لە دروستکردنى ئەم کێشەیە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە ئەمریکا و هاوپەیمانان وردەوردە لە کوردستان نائومێد بن؟
وەزیرى پێشمەرگە نە دەستى لەکارکێشاوەتەوە، نە متمانەى لێوەرگیراوەتەوە، بەڵام وا بۆ دوو ساڵ دەچێت دەوام ناکات، وەک دەگوترێت "رێگەى پێنادەن بچێتەوە سەر کارەکەى". هەفتەى رابردوو لە میدیاکان بڵاوکرایەوە کە وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى کە لەسەر پشکى بزووتنەوەى گۆڕانە لە حکومەت ماوەى سێ هەفتە پشووى وەرگرتووە و هەمان رۆژ وەزیرى دارایى کە لەسەر پشکى هەمان حیزبە بەوەکالەت ئەو وەزارەتەشى وەرگرت. نەدەکرا وەزارەتى پێشمەرگەش بەوەکالەت بەڕێوەببرێت و نەبێتە سەرچاوەى نیگەرانیی هاوپەیمانەکان لە هەرێمى کوردستان.
هەرچەندە پێدەچێت ئاستى نیگەرانى و نائومێدبوونى ئەمریکا و ئەو وڵاتاتەى کۆمەک بە هێزى پێشمەرگە و هەرێمى کوردستان دەکەن لەسەر خراپەکارییەکانى دیکە بێت و ئەمەى پێشمەرگەیان کردبێت بە پاساو. ئەگینا خۆشیان دەزانن ئەم هێزە چەکدارەى لە کوردستان هەیە بنەماى ئەوەى نییە بکرێتە هێزێکى نیشتمانى، چونکە لە بنەڕەتەوە لەسەر بنەمایەکی حیزبى و بۆ حیزب دروستکراوە، نەک بۆ نیشتمان. پێشتر زۆر هەوڵدرا و سەرکەوتوو نەبوو. هاوپەیمانەکانیش بەشێوەى فەرمى لە دەستپێکى شەڕى داعشەوە بە چەک بە مەشق و راهێنان و تەنانەت بە کۆمەکى دارایش هاوکاریى ئەم هێزە دەکەن، لە دەستپێکى ئەم پرۆسەى پشتیوانییەوە لە هەوڵى ئەوەدان ئەم هێزە چەکدارە لە دەستى حیزب دەربهێندرێت و بخرێتە دەستى حکومەت، بەڵام هەوڵەکانیان بێئاکام بووە. تەنانەت ئەگەر لەبەر دڵ و لەسەر داواى ئەوانیش تێکەڵ بکرێن، لە چرکەساتە هەستیارەکاندا بە نامەیەکى مۆبایلى بەرپرسێکى حیزبى لەیەک جیادەبنەوە و دەبنەوە ئامرازى دەستى حیزبەکان.
ئەگەر هاوپەیمانان خوازیارى ئەوەبوون لە هەرێمی کوردستان هێزێک هەبێت سەر بە حیزب نەبێت، تەنیا ئەو کۆمەکە دارایى و چەک و پێداویستییە سەربازییانەى ئەمریکا داویەتییە هەرێمی کوردستان بەس بوو بۆ ئەوەى لە دەرەوەى ئەم دوو هێزە حیزبییە هێزێکى نیشتمانى دروستبکرێت، بەڵام هاوپەیمانان ئەوەیان نەکرد، لە رووى چەکدارییەوە هەر ئاویان کردووەتە ئاشى بەهێزکردنى پارتى و یەکێتییەوە. ئاگایان لە هەموو وردەکارییەک هەیە، ئەوەش دەزانن چەند لەو چەک و کەرەستە سەربازییانەى داویانە بە هێزە هاوبەشەکانیش چەندیان لەلایەن هەردوو حیزبەکەوە براون، بەڵام هەر گوێیان پێنەداوە و بەردەوام بوون لە پشتیوانیکردنى پێشمەرگە.
هەرێمى کوردستان دووجار کەوتووەتە بەردەم هەڕەشە و مەترسى راستەقینەوە،(شەڕى ئەنسار ئیسلام و شەڕى داعش)، لە هەردوو ئەو مەترسییەدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکان بە فریاى کوردستان کەوتوون. ئەگەر بە کۆمەک و پشتیوانیی ئەوان نەبووایا پێشمەرگە بە تەنیا نەیدەتوانى رووبەڕووى ئەو هەڕەشانە ببێتەوە. ئێستاش ئەگەر لە ترسى ئەمریکا و هاوپەیمانان نەبێت، هێزە هەرێمایەتییەکان هەر رۆژە و هێز و گرووپێک دژ بە کوردستان دروست دەکەن و دەینێرنە سەرمان. واتا هێشتا ئەوەى سەقامگیری و ئارامیی کوردستانى راگرتووە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانین، بۆیە نابێت رێگەبدرێت ئەگەر لە بێباکییانە یان هەر هۆکارێکى دیکە، ئەم دوو هێزە ببنە هۆکارى پشتتێکردنى ئەم دۆستتانەى کورد.