ئەمریكا و پەكەكە پاش شەڕی داعش

22-07-2015
هێمن خۆشناو
نیشانەکردن هێمن خۆشناو
A+ A-

هەماهەنگیی نێوان ئەمریكا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە رۆژئاوای كوردستان، لە سنووری لێدان و لاوازكردنی داعشدا ناوەستێ وەكو هەندێك كەس بۆی دەچن، بەڵكو لە هەناوی ئەو هەماهەنگییەدا رێككەوتنێك لەدایك دەبێت كە ئامانجەكەی رووخاندنی رژێمی ئەسەد دەبێت. 

 پەكەكە بە درێژایی مێژووی خۆی ئەمریكای وەكو دوژمنێكی سەرەكی تەماشا كردووە. ئامادە بووە بەشداریی هەر هاوپەیمانییەك لەدژی ئەمریكا بكات، چونكە پەكەكە شەڕی لەدژی توركیا دەكرد كە وەكو پاسەوانێكی متمانەپێكراو بوو لە ناوچەكەدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا.

ئەم دوژمنایەتیەی پەكەكە بۆ ئەمریكا بە گرانی لەسەری شكایەوە، پەكەكەی خستە ناو لیستی تیرۆر و بووە هۆكاری سەرەكی بۆ دەستگیركردنی ئۆجەلان لە ساڵی 1999. ئەمەش نیشانی دەدات كە ئەمریكا چەندە جددی بووە لە دوژمنایەتیكردنی پەكەكە.

پاش دەستگیركردنی ئۆجەلان دەرفەتی بەخۆداچوونەوە بۆ پەكەكە رەخسا بۆئەوەی دەستبەرداری ململانێی ئایدیۆلۆژیی بەسەرچوو ببێ كە دەبووایە لە ساڵانی نەوەتەكاندا ئەم هەنگاوە بنێ. 

ئەمەش زەمینەی خۆش كرد بۆ ئەوەی گۆڕانكارییەكی كز لە پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و پەكەكە رووبدات. لەگەڵ رووخانی رژێمی سەدامیش، بەتایبەتی لەو كاتەی حكومەتی ئاكەپە رێگەی نەدا سوپای ئەمریكا خاكی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر عێراق بەكاربهێنێ، ئاستەنگە دەروونییەكان لەنێوان پەكەكە و ئەمریكا توانەوە. 

پاشانیش ئاگربەستی پەكەكە لەگەڵ توركیا و گۆڕینی گوتاری بەرامبەر ئەمریكا كاریگەریی چۆنایەتی لە مامەڵەكردنی پەكەكە لەگەڵ دۆسیەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەمریكا دروستكرد. 

رەهەندێكی دیكە كە وایكرد ئەمریكا هەڵوێستی خۆی لەبەرامبەر پەكەكە بگۆڕێت، ئەوە بوو كە پەكەكە لەو قۆناغەدا توانی هێز و پێگەی خۆی بپارێزێ. هەرچەندە پەكەكە لە ساڵانی دوای 2004 لە قۆناغی بەرگریی كارا گەڕایەوە دواوە و چووە قۆناغی بەرگریی پاسیڤ، بەڵام دروستكردنی درێژكراوەیەك بۆخۆی لەهەر چوار وڵاتی ناوچەكە كە دواتر بوونە گۆڕەپانی گرنگترین شەڕی ئەو سەردەمە، ستراتیژناسانی ئەمریكای وا لێكرد بەهەڵوێستی خۆیاندا بچنەوە. 

راپەڕینە جەماوەرییەكانی تونس، میسر و لیبیا و پاشانیش گەیشتنی گوڕی راپەڕینەكە بۆ سووریا دەرفەتێكی مێژوویی و چارەنووسسازی بۆ پەكەكە رەخساند. پەكەكە بۆ قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە هەموو ئامادەكاریەكی فكری، تەكتیكی و مەیدانی كردبوو. هەر زوو دەرفەتەكەی قۆستەوە و بە خێرایی دەستپێشخەری گۆڕانكارییەكانی خستە دەستی خۆی و بووە كاریگەرترین هێزی سەربازی لەدژی تیرۆریزمی داعش كە رووبەڕووی عێراق و سووریا دەبووەوە. 

لەگەڵ یاخیبوونی توركیاش هیچ دەرفەتێكی دیكە لەبەردەم ئەمریكا نەما تەنیا ئەوە نەبێت هەماهەنگی لەگەڵ پەكەكە بكات. هەرچەندە ئەمڕۆ پەیوەندی ئەمریكا و پەكەكە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش لێكدەدرێتەوە، بەڵام چەندین ئاماژەی دیكە هەن كە نیشانی دەدەن پەیوەندیەكانی هەردوولا سنووری لێدانی داعش دەبەزێنێت، گرنگترینی ئەوانە: 

- پەكەكە كێشمەكێشی ئایدیۆلۆژی بەسەرچووی تێپەڕاند. 

- نزیكبوونەوەی رێككەوتنی ئەمریكا و ئێران كە رۆڵی ستراتیژیی توركیا لەناوچەكە كەمدەكاتەوە. 

- ئەگەر بارودۆخی مەیدانی بگۆڕێت پەكەكە لەهەر هێزێكی دیكە زیاتر كارا و كاریگەر و ئامادەیە.
 
- كرانەوەی كورد بەڕووی دیموكراسی لەناوچەكەدا ئاستەنگی هەرە سەرەكیە بۆ بەرپەرچدانەوەی 
تیرۆری نێودەوڵەتی.

پەكەكە، لەگەڵ دامەزراندنی تا ساڵانی 2000 بەردەوام وەكو دوژمنێك سەیری ئەمریكای دەكرد، لەبەر ئەمە زۆر بەجدی لێكۆڵینەوەی لەسەر سیاسەت، ویست و داخوازی و ئسلوبی ئەمریكا كردووە. 

بە پێچەوانەی هەرێمی كوردستان كە بەردەوام دۆستی ئەمریكا بووە و بە پێویستیان نەبینیوە بزانن سیاسەتی ئەمریكی پێویستی بەچییە. بۆیە پەكەكە ئەمڕۆ دەتوانێ لەگەڵ ئەمریكا هەڵبكات و هاوسەنگییەك لەنێوان بەرژەوەندی خۆی و بەرژەوەندی ئەمریكا دروست بكات.

لەبەر ئەمانە، هەماهەنگی ئەمریكا و پەكەكە لەدوای داعش، بۆ پەیوەندی ئەمریكا و پەكەكە دەگۆڕێت و یەكەم ئامانجی ئەو رێككەوتنەش رووخانی رژێمی ئەسەد و رێگەگرتن دەبێت لەوەی سووریا ببێتە لیبیا. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە