هەولێر لە سایەی هێرشی ئێران و بێدەنگی هاوپەیمانەکانی دا

22-01-2024
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
 
بەرایی
 
هێشتا کاردانەوەکان بەرامبەر هێرشەکەی هەولێر بەردەوامن، لەنێو ئەوانەش دا هەڵوێستی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و تورکیا لەوانی دیکە سەرنجڕاکێشترن کە دەشێ لە چوارچێوەی دۆخی گشتی ناوچەکە و عێراق دا تەماشایان بکرێت. لەوبارەیەشەوە گرنگترین ئەو پرسیارانەی کە دەشێ وەڵام بدرێنەوە ئەمانەن:
 
1. بۆچی سیستەمی بەرگری مووشەکی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لەکاتی هێرشی مووشەکە بالیستیکییەکەی ئێران دا تەنیا خۆیانی پاراست و ئەو مووشەکانەی نەتەقاندەوە کە تەنیا چەند کیلۆمەترێک لەولایانەوە لە ماڵی هاووڵاتییەکی سیڤیلی دان؟
 
2. بۆچی تورکیا لەهێرشەکەی ئێران بێدەنگ بوو؟
 
3. عێراق چی دەکات و کاریگەری هێرشەکەی هەولێر لەسەر پێگەی حکومەتی ئێستا چ دەبێت؟
 
یەکەم: کاردانەوەی ئیدارەی بایدن و هاوپەیمانان
 
بێگومان یەکێک لە پڕ مشتومڕترین هەڵوێستەکان، هەڵوێستی ئیدارەی ئێستای ئەمریکایە. لە دوای هێرشەکە، دەستبەجێ بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند کە هیچ زیانێک بەر ئەمریکییەکان و کۆنسوولخانەی ئەمریکای ئێستا و ئەوەش کە لە ژێر دروستکردن دایە نەکەوتووە. کاردانەوەکانی دواتریش بەو ئاراستەیە رۆیشتن کە ئەمریکا ئەوە وەک "هێرشێکی بێباکانە" ناودەبات و بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک. شتێکی جیاواز کە ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس گوتی، ئەوەبوو کە لەگەڵ عێراق و ئەوانی دیکەدا کار بۆ بەرپرسیارکردنی ئێران دەکات لە بەرامبەر ئەو ناسەقامگیرییانەی کە دروستیان دەکات. لەراستی دا هەڵوێستەکەی ئەمریکا لەوەی حکومەتی عێراق کەمتر بوو کە هێرشەکەی بە "رەفتارێکی دووژمنکارانە" ناو بردبوو. 
 
هەریەک لە بەریتانیا و فەرەنساش ناڕەزایی تووندیان لە دژی هێرشەکە پیشاندا، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بۆچی دەبێ سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمریکی و هاوپەیمانان بۆ هێرشی مووشەکە بالیستیکییەکەی ئێران تەنیا بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە بەکاربهێنرێت کە خۆیانی لێ یە، بەڵام تەنیا شەش کیلۆمەتر لەولاتر بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی بەکارنەهات؟
ئەوەش لە کاتێکدا کە سیستەمی بەرگری مووشەکی پاتریۆت لە سنووری زیاتر لە ١٠٠ کیلۆمەتر  دا دەتوانێت وەڵام بداتەوە. لە ساڵی 2020دا  لە پاش هێرشی مووشەکە بالیستیکییەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد، ئەمریکا سێ سیستەمی بەرگری مووشەکی پاتریۆت، سی – رام و سیستەمی ئەڤێنجەری لە عەین ئەسەد و فڕۆکەخانەی هەولێر دانا، بەڵام هۆکاری بەکارنەهێنانەکەی بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەکاتی هێرشەکەی ئێران، ئەو پرسیارە دەورووژێنێ کە ئایا ئەمریکا لە کاتی هێنانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هەولێر بەڵێنی بەلایەنێک یان وڵاتێک داوە کە تەنیا شوێنەکانی خۆیانی پێ بپارێزێ و بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان بەکاری نەهێنێت؟ لە بیرمان نەچێت کاتێک کە لە نێوەڕاستەکانی ساڵی رابردوودا، لیژنەی هێزە چەکدارەکان، پشتیوانیی پێشنیارێکی دان بەیکن ئەندامی کۆماریخوازی کۆنگرێسی کرد بۆ هەموارکردنی رەشنووسی بودجەی بەرگری 2024 کە تێیدا داوای پێدانی سیستەمەکەی بە هەرێمی کوردستان کردبوو،  ئێران داوای روونکردنەوەی لە عێراق کردبوو.
 
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە لە مانگی ئاداری ساڵی 2022دا، لە دوای هێرشی مووشەکە بالیستیکییەکانی ئێران بۆ سەر ماڵی شێخ باز، جاک سولیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا گوتبووی کە ئێمە خەریکی راوێژکردنین لەگەڵ حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن سیستەمی بەرگری مووشەکییان بۆ پاراستنی شارەکانی خۆیان دەستکەوێت. نزیکەی ساڵێکی پێچوو ئەوە سەرینەگرت، بەڵام ئێران جارێکی دیکە هێرشی کردەوەو هێشتا هیچ خشتەیەکی کاتیی راگەیێندراو نییە بۆ وەرگرتنی ئەو سیستەمە. هێشتا دیار نییە ئەو خاوە خاوکردنە لە پێدانی سیستەمی بەرگری مووشەکی بەهۆی سیاسەتەکانی بایدن بوو بۆ مامەڵە لەگەڵ ئێران یان لەبەر ئەوە بووە کە عێراق نەیویستووە.
 
 ئێستاش کە کۆنگرێسی ئەمریکا پاڵپشتی لە پێدانی ئەو سیستەمەی بە هەرێمی کوردستان کردووە بەدەر لەوەی کە لەوانەیە وەک جاران بکەوێتە بەر تێنبینییە سیاسییەکانی ئیدارەی بایدن، ماوەیەکیشی پێویستە بۆ راهێنانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر چۆنیەتی دامەزراندن و بەکارهێنانی، بۆیە بە لایەنی کەمەوە تاوەکو شەش مانگی داهاتووش هەر وەک قسەی سەر کاخەز دەمێنێتەوە. ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە و سیاسەتەکانی ئێران، کاتێکی زۆرە. 
 
بێگومان سیاسەتی وەڵامنەدانەوەی ئەو هێرشانەی کە بۆ غەیری ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەکرێن، پێچەوانەی سیاسەتی دەستوەردانی مرۆیی ئەمریکایە کە لە نەوەتەکان و  لە کاتی شەڕی داعشیش پەیڕەوی کرد و بایەخێکی یەکجار گرنگی هەبووە بۆ کورد، بەڵام هەڵوێستی ئیدارەی ئێستای واشنتن، ئەو پرسیارەی دروستکردووە کە ئایا ئەو سیاسەتە گۆڕاوە؟بێگومان لەبەر زۆربوونی هێرشە درۆنییەکان دەکرێ چاوەڕوانییەکی وەها لە ئەمریکا نەبێت کە بتوانێت بەرپەرچی هەموو هێرشێک بداتەوە، بەڵام وەڵامدانەوەی هێرشی مووشەکی ستراتیژی بالستیکی کە ئاستێکی بەرزتری هەڕەشەی سەربازی تێدایە، جیاوازترە.
 
دووەم: هەڵوێستی تورکیا
 
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین کاردانەوەکان بەرامبەر هێرشەکەی هەولێر لە تورکیاوە بوو کە دوو رۆژ دواتر، دوای هێرشی ئێران بۆ نێو خاکی پاکستان و هێرشی پێچەوانەی پاکستان بۆ نێو خاکی ئێران بڵاویکردەوە ، بەیاننامەیەکی کورتی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە هەریەک لە عێراق، پاکستان و ئێران کردبوو کە دان بە خۆیاندا بگرن و کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن . هەندێک لە رووخسارە میدیاییەکانی نزیک لە نەریتخوازەکانی ئێران، هەر لە شەوی هێرشەکەی سەر هەولێردا باسی ئەوەیان کردبوو کە لێدانی هەولێر و بنکەکانی (هەیئەی تەحریری شام) و (حیزبی تورکستانی شەرقی) لە ئیدلب پەیامێکی بۆ تورکیاش تێدایە. رەنگە ئەو رستەیە زیادەڕۆیی تێدابێت، بەڵام خۆنەبانکردنی  تورکیاش لە هێرشەکەی سەر هەولێر کە دەشێ وەک تاقە شوێنێک بێت کە جێگەی هەژموونی زۆری ئابووری و سیاسی ئەنکەرە بێت لە عێراقی ئەمڕۆدا، نیشانەی پرسیاری لەسەرە. لە مانگی ئابی 2023دا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی هەولێری کرد و بەدیدارە زۆرەکانی، دیمەنی دۆستایەتییەکی قووڵی لەگەڵ هەولێر پیشاندابوو.
 
بە ئەگەری زۆر، تورکیا بەهۆی شەڕی غەزەوە نایەوێت سیاسەتێکی پێچەوانەی ئێران بگرێتەبەر. تورکیا تەنانەت پشتگیری لە سیاسەتی حوسییەکان لە دژی هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە دەریای سوور کردبوو. پاساوی ئێران بۆ هێرشەکەی هەولێر هەبوونی بارەگای مۆساد بوو کە ئێستا تورکیاش گرفتی لەگەڵ هەیە، بۆیە لەوانەیە یەکێک بڵێت کە هۆکاری بێدەنگبوونەکە، بۆ تێگەیشتن لە ورد و درشتی رووداوەکە بووە، بەڵام تەنانەت دوای ئەوەش کە دەرکەوت ماڵێکی سیڤیل کراوەتە ئامانج کە ژن و مناڵیشی تێدابووە، کۆنسوولی تورکیاش لە هەولێر گوتی کە پێشڕەو دزەیی دەناسی و زۆر خەمبارە بۆی، دیسان هیچ گۆڕانکاریەک رووینەدا. پێدەچێت هۆکاری گەورەتر ئەوەبێت کە تورکیا ئێستا لەلایەک گرفتی پڕچەکبوونی یۆنانی هەیە لەکاتێک دا ئەمریکا هێشتا فڕۆکەی ئێف١٦ی بەو نەداوە یان هێشتا نەیتوانیوە ئەڵمانیا رازی بکات کە فڕۆکەی یۆرۆفایتەری پێبدات. ئەمەش وەک هۆکارێک بۆ تێکچوونی باڵانسی هێز لەگەڵ یۆنان سەیر دەکات. بۆیە رەنگە نەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران تێکبدات ئەویش لە کاتێکدا گرفتی لەگەل ئیسرائیلیش هەیە. لەوانەیە خاڵێکی دیکە پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە هەبێت.
 
 ساڵی 2020 ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئەوکاتەی ئێران لە عێراق لە دژی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە چیای گارەی پارێزگای دهۆک کاردانەوەی پیشاندا. ساڵی ٢٠٢١یش زۆر لە گرووپە شیعییەکانی عێراق دژی بنکەی سەربازی تورکیا و ئۆپەراسیۆنەکانی بوون لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە دوای پێکهێنانی حکومەتی سوودانی، ناڕەزاییەکان و هەروەها ژمارەی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەی سەربازی تورکیا لە زیلکان کەمی کرد. تورکیا لە 2022ەوە هێرشەکانی لەسەر پەکەکە و کادیرانی ئاستی ناوەندی ئەو حیزبە لە دەڤەری سلێمانی چڕکردووەتەوەو ئێرانیش لە 2022ەوە ئەوە سێیەم جارە بە مووشەکی بالیستیکی هێرش دەکاتە سەر سنووری هەولێر. رەنگە تورکیا ئەوەی لە پێش چاوبێت کە ئەگەر کاردانەوەیەکی لە دژی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر هەبێت، لەوانەیە ئێرانیش لەبارەی هێرشەکانی تورکیا لە  هەرێمی کوردستان و ناوچەی سلێمانی قسەی هەبیت کە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا لە هێڵێکی زیاتر لە ٥٠ کیلۆمەتریدا لەنێوان چیای مەتین لە پارێزگای دهۆک و چیای شیرین لە پارێزگای هەولێردا چڕببنەوە کە هەردوو دۆڵی گرنگی گەلی زاپ و گەلیی باڵندە لە خۆ دەگرێت. 
 
 
سێیەم: هەڵوێستی عێراق
 
هەرچەند ئێستا خەریکە گوتاری فەرمی عێراق لە دژی هێرشەکەی ئێران نەرم دەبێتەوە، بەڵام لە سەرەتاکاندا دەستەواژەی وەک" هێرشی دووژمنکارانە" و " وەڵامدانەوە"و رەتکردنەوەی گوتاری فەرمی ئێران سەبارەت بەوەی کە ماڵە بە ئامانجگیراوەکە بارەگای مۆساد بووبێت، ئێرانی تووشی تەنگاوییەکی گەورە کرد و ئەوەش ناڕەزاییەکی لەنێو خەڵکیش دا دروستکرد. دوای هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر و بەو دواییانەش عەین ئەسەد، شەپۆلێکی رەخنە و تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی ئەمنی و سیاسی وەک فوئاد حوسێن، قاسم ئەعرەجی و یەحیا رەسووڵ لەلایەن گرووپە وەلائییەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق دەستیپێکرد و حکومەتیش لێداونی سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکان لە راوێژکارەکان قەدەخە کرد، کە نیشانەیەکی ئاشکرای کاریگەری کاردانەوەکانە لەسەر جەماوەر. بە ئەگەری زۆر، کاردانەوەکانی عێراق لەڕووی یاسایی، سیاسی و ئابوورییەوە شتێکی گەورەیان لەدژی ئێران لێ ناکەوێتەوە، بەڵام لە داوی خۆپیشاندانەکانی تشرینەوە، ئەوە دووەمین گورزی کاریگەرە کە لە وێنای ئێران لە عێراق کەوتبێت.
 
 پێچەوانەی ئەوەی کە باس دەکرێت، بەهۆی هێرشەکەی هەولێرەوە ئەگەری لادانی سوودانی لەدوای هێرشەکەی هەولێر کەمتر بووەتەوە، چونکە لادانی سەرۆکوەزیران لەم کاتەدا دەتوانێت گرژییەکی دیکە لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لەنێو لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت دروست بکات. بەتایبەتی لە کاتێکدا کە گرفتەکانی هەولێر و بەغدا، کێشەی حەلبووسی - مالیکی لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هێشتا ماون. ئەمە بێجگە لەوەی کە رەنگە لە داوی مالیکی و عەبادی، سوودانی یەکێک لەو بەرپرسە دەگمەنانەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێت کە ئەمریکا و دنیای دەرەوە دەتوانن مامەڵەی لەگەڵ بکەن. ئەوەش بۆ ئەو ساتانەی کە حکومەت داوای کشانەوەی ئەمریکا دەکات بایەخی بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی زۆرە. هەڵبەت رەنگە گوشارەکان لەسەر کەسانی دیکەی وەک وەزیری دەرەوە، یان یەحیا رەسووڵ زیاتربن. هەوڵیش دەدەن کە ناڕەزاییەکانی هەرێمی کوردستانیش بە گوشاری جیاجیای وەک بودجە و دنەدانی ناڕەزایی نێوخۆیی کەم بکەنەوە.
 
کۆتایی
 
هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە کە هەر شوێنێک گومانی بارەگای مۆسادی لێدەکرێت، هاوکاری بەغدا بکات تاوەکو لە کاژێری سفردا لێی بکۆڵنەوە و بەوەش هەموو ئەو پڕوپاگەندانەی پووچەڵ کردووەتەوە کە دەکرێن. لە راستی دا ئەگەر تاران هەر سووربێت لەوەی کە هێرشەکەی لەبەر مۆساد کردووە، ئەوا دەکرێ بڵێێن ئەوە ئەنجامی زنجیرەیەک شکستی هەواڵگرییە بۆ ئەو وڵاتە کەوا بەم دواییانە هەر لە کوژرانی فەرماندەکانی سوپا و تەقینەوەکانی نێو ئێران و زانیاری هەڵە سەبارەت بە هەولێر دەگرێتەوە. ئەو گوتارانە کە باس لەوە دەکەن کە گوایە ئێران بۆ پیشاندانی توانای مووشەکی و هێزی خۆی ئەو کارەی کرد، بەشێکە لە ماکینەی پڕوپاگەندەیی، ئەگینا لەکاتێکدا کە هەموو جیهان دەزانێت ئێران مووشەکی دوورهاوێژی هەیە و دەتوانێت لە ئیسرائیلیش بدات، ئیدی چ پێویست بە پیشاندانەوەی ئەو هێزە لە شوێنێکی وەک هەولێر هەیە. خۆ ئەگەر بگوترێت کە بابەتەکە پەیوەندی بە نیشادانی هێزەوە هەیە، ئەوا لە پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە رۆژهەڵاتییەکانیشدا، هەروەها لە بنەما پیرۆزە ئایینییەکانیش دا، هیچ شانازییەک نییە بۆ پیشاندانی زۆرداری بەسەر لایەنێکدا کە لەڕووی هێزەوە هاوتای تۆ نییە و لایەنێکی شەڕ نییە لەگەڵت. 
 
لە راستی دا هێرشەکانی ئێران نەک تەنیا بۆ کوردستان بەڵکوو بۆ پاکستانیش ئەو کاریگەرییەی نەبوو کە بەرپرسانی تاران بە دوایەوە بوون. پاکستان دەمودەست و بە خێرایی، وەک خۆی وەڵامی دایەوە. بگرە وەک بڵێی بەیاننامەکەی ئێرانی کۆپی کردبێ، رێک هەمان ئەو پاساوانەی هێنایەوە کە تاران لە کاتی هێرشەکەیدا باسی کردبوون. دیارە عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاکستان بەراورد ناکرێن کە هێزێکی ئەتۆمییە و سوپایەکی گەورەی هەیە، هێرشەکەی هەولێر رای گشتی عێراق و کاردانەوەی دامەزراوەکانیشی کردە دوو بەش، بەڵام کاردانەوەکان بۆ ئێران شتێکی چاوەڕواننەکراو بوون. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو بۆ هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی هاوپەیمانەکانی بوو کە چاوەڕوان دەکرا بە شێوەی دیکەبێت. ئەوەش جێگەی هەڵوەستەیەکی زۆر و فرەلایەنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سیروان رەحیم

سلێمان شا و شێخ سەعیدی پیران؛ دوو دیوی یەک چیرۆک

بەرامبەر بە رێزگرتن لە گۆڕی سلێمان شا و دیرۆکی ئەو گۆڕە، سەتان ساڵ پاش مردنی سلێمان شا، و سەت ساڵ لەمەوبەر، دەسەڵاتدارانی نوێی تورکیا، ساڵی 1925 شێخ سەعیدی پیران لە دار دەدەن. رۆژی 29ی 6ی 1925 لە ئامەد شێخ سەعید لە دار دەدرێت، بەڵام بەدرێژایی سەت ساڵ و تاوەکو ئێستاش کەس نازانێت گۆڕی شێخ سەعیدی پیران لە کوێیە.