دەبێ وەڵامیان چی بێ؟

21-12-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-

وڵاتانی ئەوروپا لەسەر سیاسەتێکی هاوبەشی کۆچبەری گەیشتنە رێککەوتن. وەک خۆیان دەڵێن ئامانجی رێککەوتنەکە ئەوەیە کە لەمەودوا بەشێوەیەکی تەندروست کێشەی کۆچبەری چارەسەر بکەن. منیش ئەگەر تەندروست بوومایە، دەبووایە ئەم هەفتەیە لە برۆکسەل بوومایە و ئەو رووداوە گرنگە رووماڵ بکەم. دەبووایە، وەک هەمیشە کردوومە، مایکەکەی رووداو بخەمە بەردەم سەرۆکەکان و لەبارەی مافی کۆچبەران و رووە مرۆڤایەتییەکەی ئەو کێشەیە زۆر پرسیاریان لێ بکەم.
 
پێشئەوەی بۆتان باس بکەم کە دەمویست چییان لێ بپرسم، دەمەوێ دیوە کەمتر زاندراوەکەی رێککەوتنەکەتان بۆ ئاشکرا بکەم. نێوەڕاستی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا بەڕێوەدەچن. راپرسییەکان پیشانیدەدەن کە لە زۆر وڵاتی ئەوروپا پارتە ئەوپەڕی راستئاژۆیە دژە کۆچبەرەکان لەپێشن. وەک چۆن لە هۆڵەندا بینیمان هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیان بردەوە، لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەش لە راپرسییەکاندا ئەستێرەی بەختیان لە هەڵکشاندایە. ئەمە وایکردووە پارتە راستئاژۆ نێوەڕاستەکانی ئەوروپا و سەرکردەکانیان بکەونەخۆ و لەئێستاوە بە رێوشوێنی تووندتر بەرامبەر بە کۆچبەران بەڕە لەژێر پێی پارتە دژە کۆچبەرەکان دەربهێنن. بۆنموونە حکومەتەکەی سەرۆک ماکرۆن لە فەرەنسا توانیی تەوافوقێک لەسەر گۆڕانکارییە نوێکانی یاسای کۆچبەری دروستبکات و لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە تێیپەڕێنێ. هەرچەندە هێشتاش کێشەی ماوە و رەنگە هەندێک بڕگەی بە نادەستووری بزاندرێن. لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپاش ئەو سیاسەتە نوێیەی کۆچبەری کە رێککەوتنی لەسەر کراوە زۆرتر بەدڵی راستئاژۆکانە. بۆیەش چەپەکان لە پەرلەمانی ئەوروپا گوتیان رۆژی رێککەوتنەکە "رۆژێکی رەشە لە مێژووی ئەوروپادا"، بەڵام ئورسولا فۆندەرلاینی سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا پێیوابوو: "لەمەودوا ئەوروپا بڕیار لەسەر چارەنووسی کۆچبەران دەدات نەک قاچاخچییەکان".
 
رێککەوتنەکە زۆر وردەکاریی تێدان کە باشن بۆ یەکێتیی ئەوروپا. بۆنموونە میکانیزمی تێدایە کە چۆن جارێکی دیکە وڵاتێکی وەکو بێلاڕووس نەتوانێ بە کۆچبەران هەڕەشە لە ئەوروپا بکات و کۆچبەران نەبنە قوربانیی گەمە سیاسییەکان، بەڵام هەر بەپێی رێککەوتنەکە لەمەودوا لەسەر سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا هەر کۆچبەرێک کە گەیشت سکرین دەکرێ و لەوە دەکۆڵدرێتەوە کە بەکەڵکی ئەوە دێت داوای مافی کۆچبەری بکات یان نا، ئەگەر بەکەڵک نەهات، یەکسەر دەخرێتە کەمپێکی داخراوەوە و ئامادە دەکرێ بۆ ناردنەوە، رەنگە ناردنەوەکەش بۆ وڵاتێکی سێیەمی نائارام بێ. بۆ وڵاتانی وەکو ئەلبانیا و گاناش هاووڵاتییانیان یەکسەر دیپۆرت دەکرێنەوە. بۆ وڵاتانی دیکەش کە دۆخیان سەقامگیر نییە، عێراق وەک نموونە، لە ماوەی 12 هەفتەدا دۆسێکانیان یەکلایی دەکرێنەوە، ئەگەر بەکەڵکیش هات، دەنێردرێتە وڵاتێکی یەکێتیی ئەوروپا و بە ماوەیەکی کەم وەڵامی داواکارییەکەی دەدرێتەوە. ئەو وڵاتانەی نەیانەوێ کۆچبەر وەربگرن دەبێ پارە بدەنە وڵاتانی سەر سنوور. کەسانی نەخۆش، ئەگەر زاندرا تەنیا لەبەر نەخۆشی هاتوونە، چیدیکە بەئاسانی رێگەیان پێنادرێ بگەنە وڵاتانی ئەوروپا. نەرمی نواندن بەرامبەر منداڵان و ماڵباتەکانیش کەمتر دەبێتەوە. ئەمە و زۆر وردەکاریی دیکە کە لە رێککەوتنەکەدان وایکردووە رێکخراوەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ (بە ئەمنستی و هیومەن رایتس وۆچیشەوە) ئەوپەڕی نیگەران بن لێی و رەخنەی لێ بگرن. 
 
ئەگەر تەندروستیم رێگەی دابووایە لە برۆکسەل بم و پرسیار لە سەرۆک و سەرکردەکان بکەم، لێم دەپرسین: دەزانین کە بەو سیاسەتەشەوە کە ئێستا هەیە دۆخی کۆچبەران لە کەمپە داخراوەکانی یۆناندا چەندە نامرۆڤانە و سەختە، خۆشم رووماڵم کردووە، گەرەنتی چییە لەمەودوا یۆنان یان ئیتاڵیا مامەڵەیەکی مرۆڤانەتر لەگەڵ کەسانی نێو کەمپە داخراوەکاندا بکەن؟ هەروەها دەمپرسی: منداڵان و ماڵباتەکان زۆر جار قوربانیی بڕیاری سەرپەرشتیاری ماڵباتەکەن (کە زۆرتر پیاوانن)، بۆچی دەبێ بەو رێککەوتنە نوێیە ئەوانیش سزابدرێن و سەرلەنوێ بکرێنەوە قوربانی؟ بێگومان ئەوەشم دەپرسی: زۆر کەس دەڵێن ئەم رێککەوتنەشتان چارەسەرێکی کاتی و سڕکەرە، هەستناکەن ئەم قسەیە راستە و دەبێ بە یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی کۆچبەرانیان لێوە دێن کێشەکە چارەسەر بکەن؟ بۆنموونە وابکەن خەڵک لە کوردستان هەمیشە دڵەڕاوکێی بێ مووچەیی و بێکاری و بێ ئایندەیی نەبێ و دیموکراسی و ئازادیی رادەربڕین قووڵتر بکرێتەوە، تاوەکو گەنجانیشی روو نەکەنە رێگەی کۆچی نایاسایی؟ زۆر تامەزرۆم بزانم ئەگەر هاوکارێکی دیکەم لە رۆژانی داهاتوودا ئەو پرسیارانە لەو سەرۆک و سەرکردانە بکات، دەبێ وەڵامەکانیان چی بێ!  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فەرمان ساڵح

پۆدکاستەکانی رووداو ملیۆنین

ئەو ژمارە زۆرەی گو‌ێگر و بینەری پۆدکاستەکانی رووداو ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە وەرگرەکانی تۆڕی میدیایی رووداو شایەنی ئەوەن باشترین بەرهەمیان پێشکیش بکرێت و لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکاندا بە زمانی کوردی و لە داهاتووشدا بە زمانەکانی دیکە ئاشنا بکرێن بە تازەترین پێشکەوتنەکان، رووداو هەمیشە بە یەکەمی دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی وەک میدیایەکی نیشتمانی هەموو زانیارییەکی نوێ لەگەڵ ئێوە بەش بکات.