ستراتیژیەتی ئێران لە بەرامبەر جەنگی غەززەدا

21-10-2023
عادل باخەوان
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە تا ئەمڕۆ، ئێمە لە یەکێک لەو ساتەوەختە دەگمەنانەدا دەژین، کە تێیدا ئیسرائیل دیوێکی دیکەی خۆی بە جیهانی دەرەوە دەناسێنێت. دیوێکی لەرزۆک، لاواز، شڵەژاو و بریندار، تاڕادەیەکیش دەست و پێ بەستراو بەهۆی ژمارەیەکی ئێجگار بەرزی دیلەکانییەوە.

 

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە وردی چاودێریی ئەم لەرزۆکی و بریندارییەی ئیسرائیل دەکات و بە چەندین میکانیزمی جیاواز هەوڵدەدات سوودی لێ وەربگرێت و فشاری زیاتر بۆ سەر ئەو برینە بهێنێت، بۆ ئەوەی زۆرترین خوێنی لێ بچۆڕێت، بەبێ ئەوەی ئازارەکە بگاتە سنوورێک کە چیتر بۆ ئیسرائیل قبوڵنەکرێت و بەناچاری پەلاماری ئێران بدات. 
 
واتە عەقڵی ستراتیژیی ئێرانی، تا ئەم ساتەوەختە، بە دوو ئاڕاستەدا کاردەکات؛ ئاڕاستەی یەکەم بریتییە لەوەی بە هەموو جیهان بڵێت، لە دوور و نزیکەوە، تاران هیچ جۆرە بەشدارییەکی نەبووە لە ئامادەکردن و جێبەجێکردنی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. تەنانەت خودی رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سێ رۆژ پاش ئەم هێرشە بەڕاشکاوی گوتی 'کۆماری ئیسلامی، هیچ دەستێکی لە ئامادەکردن و جێبەجێکردنی (هێرشەکەدا) نەبووە.'
 
بەڵام لە هەمان کاتدا و هەمان رابەری گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە 17ـی ئۆکتۆبەردا بەڕاشکاوی ئاماژە بەوە دەدات ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامبن، هیچ کەسێک ناتوانێت رێگە لە بەرەی (موقاوەمە) بگرێت کە تێکەڵ بە جەنگەکە نەبن و چەندین بەرەی دیکە لە ئیسرائیل نەکەنەوە. ئەمەش ئاڕاستەی دووەمە کە ستراتیژیەتی ئێرانی لەسەر دادەمەزرێت.
 
لەنێوان ئەم دوو ئاڕاستەیەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران یاریەکی ئێجگار زیرەکانە و ورد دەکات. هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانی لەوەدا بێت گوتاری دەستتێوەرنەدان و بێئاگایی خۆی تۆخبکاتەوە، بەتایبەتی لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تەواوی ماکینەی دیپلۆماسی و راگەیاندنی خۆی بۆ سازدەدات. هەرکاتێکیش بەرژەوەندییەکانی لەوەدا بێت رووناکیی زیاتر بخاتە سەر پابەندبوونی بە پرسی فەلەستین و رووبەڕووبەنەوە لەگەڵ ئیسرائیل، چەندین میکانیزم بۆ پێکانی ئەم ئامانجە بەکاردەهێنێت. هەروەک چۆن دەکرێت لەیەککاتیشدا لەسەر هەردوو هێڵەکە کاربکات، بەبێ ئەوەی رووبەرەکانیان تێکەڵ بە یەکتری بکات.
 
بۆ نموونە لە کاتێکدا باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆی تواناکانی بەکاردەهێنێت بۆ ناساندنی ئاڕاستەی یەکەمی ئێران بە جیهان، لە هەمان کاتدا سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: ئەگەر تاوانەکانی رژێمی سەهیۆنی لە غەززە بەردەوامبن، کەس چاوەڕوانی ئەوە نەکات کۆماری ئیسلامیی ئێران بتوانێت رێگە لە بەرەی مقاوەمە بگرێت کە تێکەڵ بە جەنگەکە نەبن!
 
لێرەوە، راستە لەم جەنگەدا هەزاران هاووڵاتی مەدەنی لە هەردوو دیوی سنووری نێوان ئیسرائیل و فەلەستین دەبنە قوربانی و رۆژانە خوێنی سەدان بێ تاوان دەڕژێت و ئەمەش کارەساتێکی گەورەی مرۆییە، بەڵام ئەوەش راستە کە کولتووری ساردی دەوڵەت لە ئێراندا، ئەم جەنگە وەک یارییەکی زیرەکانەی نێوان خۆی و ئیسرائیل دەبینێت و ئەوەی بۆی گرنگە، رژانی خوێنی بێگوناهەکان نییە، بەڵکو تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵە لە ئیسرائیل. 
 
ئەگەر لای ئێرانییەکان پەلامارەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر، سەرکەوتنێکی گەورە بووبێت لە بەرامبەر ئیسرائیل، لە ئێستاو ئێرەدا، سەرکەوتن بریتییە لەوەی ڕێگە لە داگیرکردنی غەززە بگرێت و دۆخەکە بەجۆرێک لە ئیسرائیل ئاڵۆزبکات، کە نەتوانێت بڕواتە نێو غەززە و ئەگەر داگیریشی کرد، کۆڵان بە کۆڵانی غەززەی لێ بکات بە دۆزەخ، رێک وەک عێراقی پاش 2003ـی ئەمریکییەکان.
 
لەم ئاستەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەموو ئێرانییەک روونتر گوزارشت لەم ستراتیژییەتە دەکات. ئەو لە یەک کاتدا ئاماژە بەوە دەدات، گریمانەی کردنەوەی چەندین بەرەی جەنگ لە دژی ئیسرائیل بە کراوەیی ماوەتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا رووناکیش دەخاتە سەر ئەوەی بەرەی (موقاوەمە) فەرمان لە ئێران وەرناگرێت و خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیەتی.
 
لەنێوان ئەم دوو گوتارەدا، ناوچەیەکی خۆڵەمێشی هەیە، کە هەمیشە کۆماری ئیسلامیی ئێران پارێزگاری لێدەکات. لەنێو ئەم ناوچەیەشدا کە لێوانلێوە لە هاوکێشەی ئاڵۆز، مۆتەکەیەکی دیکە لەسەر سنگی سیاسی ئێرانە: نابێت دۆخەکە بە ڕادەیەک تێکبچێت، کە مەترسی لەسەر هەژموونی تاران لە عێراق، لوبنان، سووریا و یەمەن دروستببێت! نابێت دۆخەکە بگاتە ئاستێک، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەتوانێت چیتر کۆنترۆڵی بکات و لە دوا وەرزدا، بە شکستی کۆماری ئیسلامی کۆتاییپێبێت! داگیرساندنی ئاگرەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نابێت بە سووتانی مێزەری ئایەتوڵڵاکانی ئێران کۆتاییپێبێت. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.